مەخموور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەخموور
Mexmûr - Makhmur - مخمور
Map
شارۆچکەی مەخموور
وڵات کوردستان
 عێراق
ھەرێمھەرێمی کوردستان
پارێزگاھەولێر
قەزامەخموور
دەسەڵات
 • قایمقامئیبراھیم شیخ اللە ئیبراھیم [١]
بەرزایی
٢٥٤ مەتر (٨٣٣ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٥٠٬٠٠٠
سەرناوی دانیشتوومەخمووری
زمان و ئایین
 • زمانکوردی(سۆرانی و کورمانجی) و عەرەبی
 • ئایینئیسلام (سوننە)
ناوچەی کاتیUTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٤:٣٠ (ھاوین)
تەلەفۆن٠٠٩٦٤

مەخموور یەکێک لە شارۆچکەکانی پارێزگای ھەولێرە و ناوەندی قەزای مەخموورە.[٢] لەرووی جوگرافییەوە شارۆچکەی مەخموور بەدووری(٦٥) کم دەکەوێتە خۆر ئاوای شاری ھەولێر، دووری لە شارەدێی گوێر (٥٣)کم ، لە شارەدێی قەراج (١٤)کم ، لە شارەدێی دیبەگە (٣٠) کم ، لە شارەدێی مەلاقەرە (٢٨)کم ، لە شارەدێی گەیارە (٢٨)کم لەلای رۆژئاوای شارەدێی شەرگات (٦٠)کم دوورە لە لای رۆژھەڵاتی مەخموور شارەدێی سەرگەڕان ھەیە بە دووری (٥٥)کم. چیای بلباس(قەرەچووغ) دەکەوێتە ناوەراستی قەزاکە و زورگەزراویش دەکەوێتە لای خۆر ھەڵاتی باکووری. قەزای مەخموور خاکێکی بە پڕشت و پیتی ھەیە لەروی کشتوکاڵیەوە بەتایبەت بۆ ( گەنم و جۆ) کە لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە پلەی یەکەم دێت، ھەر بۆیە یەکەم و دووەم گەورەترین سایلۆ لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە مەخموور دروستکراوە.[٣]

ناو[دەستکاری]

وشەی مەخموور لە مغمور وەرگیراوە واتای بەھاری ھەیە بە گوڵی جوان و رەنگا ورەنگ ھەروەھا ھەندێکیتر دەڵێن مغمور لە واتایەکیتریش ھاتووە چونکە زەویەکەی نوقم بووە بە ئاو لە کاتی لافاوەکانی لە چیای قەرەچۆغ دەھات لە لایەکیتریششەوە دەڵێن وشەیەکی تورکیە لە قوماشی مغمور وەرگیراوە کە بە تێپەربوونی کات بووە بە مەخموور .

مێژوو[دەستکاری]

مەخموور یەکێکە لە شارۆچکە کۆنەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای ھەولێر و سەرەتای دروستبوونی بۆ سەردەمی چاخە کۆنەکانی بەر لەمێژوو دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام ئاوەدانی و ژیانی مرۆڤەکانی لێ ھەبووە، ئەوەش پاڵپشت بەو پاشماوە مێژوویانەی لە دەڤەرەکە دۆزراونەتەوە. مەخموور ھەمیشە ناوەندی بڕیاردان و حاکمی سنوورەکە و دەوروبەری بووە و دەسەڵاتدارانی سەردەم (مەخموور)یان کردووەتە پایتەختی دەرکردنی بڕیارەکان لە دەڤەرەکە. لەسەردەمی عوسمانییەکان و ئینگلیز لە عێراق، (مەخموور) ناوچەیەکی گرنگ بووە و چەند بنکەیەکی سیاسی و سەربازی لێ دامەزراوە، وەک سنوورێکی گرنگ ڕۆڵی بینییەوە لە ڕووداوە سیاسییەکان و چارەکردنی کێشمەکێشەکان.

مەخموور بە فەرمانی پاشایەتی ژمارە ٤٥٨ لە ١٥ی ئازاری ١٩٢٧ لە پلەی ناحیە بۆ قەزا بەرزدەکرێتەوە لەسەر پارێزگای ھەولێر دەکرێتە (قایمقامییەتی قەزای مەخموور) و (عەبدولرەحمان سەعید بابان) وەک یەکەم قایمقام دەست بەکاربووە. ئەو قەزایە تا ساڵی ١٩٩٦ سەر بە پارێزگای ھەولێر بووە، بەڵام دواتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خرایە سەر پارێزگای نەینەوا کە (١٢٠)کم لێک دوورن.

پڕۆسەی بەعەرەبکردنی مەخموور[دەستکاری]

بەعەرەبکردنی سنوورەکە قەزای مەخموور بەھۆی گرنگی بوونی لەڕووی جوگرافی و سیاسی و نەتەوەیی و ھەبوونی ماددە جۆربەجۆرەکانی سەر زەوی و ژێرزەوییەکەی بە تایبەتی نەوت، بۆیە بەدرێژایی مێژووی ڕژێمە یەک لەدوایەکەکان ھەوڵی زۆریان داوە بۆ داگیرکردنی سنوورەکە. ئەم دەڤەرە بە تەواوی گوند و ناحیەکانی بۆ چەندین جار بەر شاڵاوەکانی تەعریبکردن و ڕاگواستن کەوتوەتەوە، لەگەڵ ھاتنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسیش ئەو سنوورە زیاتر کەوتە ژێر پلانی بەعەربکردن، بەعس تەواوی ھەوڵەکانی بەگڕخست بۆ گۆرینی جوگرافیا و دیموگرافیای سنوورەکە، ھەر لەم ھەوڵە شۆڤینیانەی دا چەند گوندێکی لە ناحیەی قەراج و ناحیەی دیبەگەی دابڕاند و خستییە سەر ناحیەی سەڕگەرانی پارێزگای کەرکووک، سەرەڕای ھێنانی عەرەبی ھاوردە بۆ سنوورەکە و گۆڕینی ناوی گوند و شوێنە گشتییە کوردییەکان بۆ ناوی عەرەبی، ھاوکات قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و کردنی بە زمانی عەرەبی، ھتد… لە دوای ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ ی پڕۆسەی ئازادی گەلانی عێراق و ڕزگاربوونی دەڤەرەکە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی ھەوڵەکانی خۆی خستووەتەگەڕ لەپێناو گەڕاندنەوەی مەخموور بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و لەدوای دامەزراندنەوەی قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکان و یەکە ئیدارییەکان، یەکەم ھەوڵیشی کردنەوەی (بەڕێوەبەرایەتی پەرورەدەی مەخموور) بوو کە خوێندن بکاتەوە زمانی کوردی.

مەخموور و ماددەی ١٤٠[دەستکاری]

«ماددەی ١٤٠» و چاوەڕوانی گەڕانەوە لە دوای پڕۆسەی ئازادی گەلانی عێراق، خەڵکی سنوورەکە لە چاوەڕوانی ئەوە بوون کە قەزای مەخموور بگەڕێتەوە سەر ئیدارەی پارێزگای ھەولێر و جارێکی تر خەڵکە ڕاگوێزکراوەکان بگەرێنەوە گوندەکانیان و حکومەت گوندەکانیان بۆ ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئەو کێشە سیاسی و ئیداریانەی کە حکومەتی نوێی عێراق لەسەر ناوچە بە عەرەبکراوەکانی درووستکرد، بۆیە قەزای مەخمووریش لەم چوارچێوەیە بە ھەڵواسراوی مایەوە و ھەر دوای ماددەی ٥٨ی ئەنجومەنی حکوم و ١٤٠ی دەستووری نوێی عێراقی ئەو سنوورە کەوتە نێوان چوارچێوەی بەرنامەی ئەو ماددانە بۆ ئاسایی کردنەوە و گەڕانەوەی بۆ ژێر ئیدارەی ھەرێمی کوردستان. ھەربۆیەش ئەو نەگەڕانەوەیە بۆشایەکی زۆری ئاوەدانی و درووستکرد و وای کرد خەڵکەکە لە گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانیان بەھۆی نەبوونی ھاوکاری ئاوەدانی سست ببنەوە.

داعش[دەستکاری]

لە ماوەی قەیرانی ٢٠١٤ی داعشدا، شارۆچکەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا، پێش ئەوەی جارێکی دیکە لەلایەن ھێزە کوردییە یەکگرتووەکانەوە وەربگیرێتەوە.[٤] لە وەڵامدا میلیشیایەکی مەدەنی خۆبەخش بۆ بەرگریکردن لە شارۆچکەکە دروستکرا.[٥] دواتر شارۆچکە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ژێر دەستی پێشمەرگە وەگیرایەوە.

لە میانی ململانێی کورد-عێراق ٢٠١٧دا، لە جەرگەی شارۆچکەکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستبوو، بە پشتیوانی حەشدی شەعبی، تاوەکو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە تەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.[٦]

کەمپی ئاوارەکانی مەخموور[دەستکاری]

ھەروەھا لە قەزای مەخموور کەمپی ئاوارەکانی مەخموور ھەیە کە لە ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە.[٧] نزیکەی ١٢ ھەزار پەنابەری کورد، کە لە شەڕی ناوخۆی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا ھەڵاتوون، لەم کەمپە پەنابەرانەدا دەژین.[٨]

جوگرافیای مەخموور[دەستکاری]

لەڕووی جیوگرافییەوە مەڵبەندی قەزای مەخموور بەدووری (٥٦) کم دەکەوێتە خۆر ئاوای شاری ھەولێر، لە باکوورییەوە قەزای دەشتی ھەولێر و قەزای خەباتە و لە باشوورییەوە ڕووباری دیجلەیە، لە خۆرھەڵاتی زێی بچووکە و خۆر ئاوای زێی گەورەیە. لەگەڵ (پارێزگای نەینەوا - پارێزگای کەرکووک - پارێزگای سەلاحەددین) ھاوسنوورە.

چیای بلباس(قەرەچووغ) دەکەوێتە ناوەراستی قەزاکە و زورگەزراویش دەکەوێتە لای خۆرھەڵاتی باکووری. قەزای مەخموور خاکێکی بە پڕشت و پیتی ھەیە لەڕووی کشتوکاڵییەوە بەتایبەت بۆ (گەنم و جۆ) کە لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە پلەی یەکەم دێت، ھەر بۆیە یەکەم و دووەم گەورەترین سایلۆ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە مەخموور دروستکراوە.

شارۆچکەی مەخموور دەکەوێتە سەر ھێلی (٣٥) پانی و (٤٣–٤٤) درێژی و ئاوھەواکەی گەرم و ئاوی ژێرزەوی ناسازە و ناشێت بۆخواردنەوە، بۆیە لەسەرچاوەی زێی گەورە لە پرۆژەی ئاوی (سلتان عبداللە) و دەمارەشیرینی کەندێناوە لەگوندی (گاوەرە) ئاو بۆ مەخمووردابین کراوە. بۆ ناحیەی قەراجیش لە زێی گەورە لە پرۆژەی ئاوی (حاجی عەلی) ئاو دابینکراوە لەگەڵ پڕۆژە ئاوی گوندی (دووانزە ھەوار). بۆ دیبەگەش لە پڕۆژە ئاوی دیبەگە لە گوندی منارەی دەشتی مرکیە ئاو دابینکراوە. بۆ ناحیەی گوێڕ لە زێی گەورە ئاو دابینکراوە. لە ئێستاکەشدا پلان ھەیە لەرێگەی پارێزگای ھەولێر و ڕێکخراوەکانەوە پڕۆژەیەکی تری ستراتیژی ئاو بۆ مەخموور و ناحیەکانی گوێڕ و دیبەگە دروستبکرێت لە سەر زێی گەورە لە گوندی (کوشافناحیەی گوێڕ.

قەزاکە لە دوو دەشتی سەرەکی فراوان پێک دێت (قەراج و کەندێناوە) لەگەڵ بەشێک لە دەشتی شەمامک کە ناوەندی قەزاکە کەوتووەتە بەری قەراج و پتر لە ٢١٠ گوند لەخۆ دەگرێت. سنوری قەزای مەخموور جیا لەوەی ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە، ھاوکات لەرووی بەرھەمە بیناسازی و نەوتییەکانیش دەوڵەمەندە و بەتایبەت لەناحیەکانی دیبەگە و قەراج بەدەیان بیرە نەوت ھەیە و پاڵاوگەی (خورمەڵە)ش کەوتووەتە دیبەگە کە نەوت لەرێگەی کەرکووکەوە بەرەو بەندەری جیھانی ڕەوانە دەکات. بەشێوەیەکی گشتی

ڕووبەر[دەستکاری]

ڕووبەری قەزاکە (٣٥٢٬٠٠٠) دۆنمە و ڕێژەی ٨٪ی کۆی گشتی ڕووبەری پارێزگای ھەولێر پێکدێنێت. ڕووبەری قەزای ناوەندیش (٨٨٠)کم٢. قەزای مەخموور سێ ناحیە لەخۆ دەگرێت ئەوانیش (قەراج"باقرت"، گوێڕ و کەندێناوە"دیبەگە")، لە ساڵی ١٩٩٦یش دوای لکاندنی قەزاکە بە پارێزگای نەینەوا، ڕژێمی بەعس گوندی (مەلاقەرە)ی سەر بە ناحیەی کەندێناوەی بۆ عەرەبە ھاوردە و تەعریب چییەکان بە فەرمانی دیوانی سەرۆکایەتی ژمارە (٢٠٥٨٤) لە بەروای ١٦ی ئەیلوولی ١٩٩٦ کردە ناحیە و ناوی نا(عەدنانییە) ئەوەش بەناوی (عەدنان خەیروللا)ی کوڕە خەزوری دیکتاتۆر سەدام حسێن) بوو کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨لە فرۆکە لە پلانێکی سەدام و بەعس کەوتە خوارە ولە ئاسمانی ئەم گوندە گیانی لەدەست دا. بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و نەمانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی تەعریبچییەکان ئەو ناحیە بۆوە بە گوند، لەئێستادا ھەوڵی زۆر ھەیە کە جارێکی تر بکرێتەوە ناحیە بۆیە ئێستا تەوای ھۆکارەکانی بۆ ئامادەکراوە و چاوەڕێی ھەڵبژاردنی قەزاو ناحیەکانە.

ھاوکات کەمپی کوردەکانی باکووری کوردستان لە بەری خۆرئاوای شارۆچکەکە بەدووری ٣کم نیشتەجێن و لەرووی ئیدارییەوە سەربە مەخموورن و لەلایەن کۆمسیۆنی بالای پەناھەندەکان سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان(unhcr) وحکوومەتی ھەرێم سەرپەرشتی دەکرێن. کە وەک ئیدارەیەکی گشتی بەرێوەبەر و فەرمانگەی ھەیە و نزیکەی (١٢٠٠٠) دوانزە ھەزار مرۆڤی سڤیلی تێدادەژیت کە لە ساڵی ١٩٩٨ وە لەو قەزایە نیشتەجێنە. ئەو کەمپەش تەنھا لەلایەن حکومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێر کاروپرۆژەی بۆ ئەنجامداروە و لەرووی خوێندن و پەرورەدە و تەندروستی و ئەمنی و ھەلی کارەوە حکوومەتی ھەرێم ڕۆڵی بۆیان ھەیە.[٩]

نەتەوەکانی مەخموور[دەستکاری]

لەڕووی نەتەوەیییەوە بەشێوەیەکی سەرەکی زۆرینەی دانیشتوانی سنوورەکە کوردن، بەڵام بەھۆی ھۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتەیەکانەوە چەند گوندێکی عەرەب لەناوچەکە درووست بوون بەتایبەتی لەھەردوو ناحیەی قەراج و ناحیەی گوێڕ و ناوەندی قەزای مەخموور.

ئایین[دەستکاری]

لەڕووی ئاینییەوە خەڵکی سنوورەکە لە ئاین ئیسلامی سوننە مەزھەبن، بەدەیان کەسایەتی و زانای ئاینی لەم سنوورە سەریان ھەڵداوە وەک ڕێبەرێکی ئاینی ڕۆڵیان بینییەوە و چەندین تەکیە و خانەقاش لەسنوورەکە ھەبووە و ھەیە، جێگەی ئاماژە پێدانە دوو گوندی سنووری ناحیەی گوێڕ لە کوردە کاکەیەکانن. لەساڵانی سەدەی نۆزدە جووش لە سنوورەکە ھەبونە، بەڵام دوای دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیل چونەوەی جولەکەکان بۆ ئیسرائیل، ئێستاکەش ئەوان بەردەوام پەیوەندیان بەسنوورەکە ھەیە و سەردانی دەکەنەوە.

وەرزش[دەستکاری]

لەڕووی وەرزشییەوە گەنجانی مەخموور لەرووی وەرزشییەوە خودان جەستەیەکی بتەون و لەگەڵ بڵاو بونەوەی یارییە وەرزشییە فۆلکلۆرییەکان تاکو یارییە جیھانییە باوەکان خودان یاریزانی پێشەنگ بوونە و لەم ڕۆژگارەش یانەیەکی وەرزشیی و ناوەندێک و بنکەیەکی وەرزشی و چەندین یاریگای وەرزشی و یاریگایەکی گەورەی ھەیە. ھاوکات پتر لە ١٥٠ تیپی میللیشی ھەیە. شیاوی گوتنە حکومەتی ھەرێم و ڕێکخراوەکانی لاوان لەروی وەرزشییەوە بایەخێکی زۆریان بەلاوانی سنورەکە داوە ھەر لە دابینکردنی یاریگا و پێداویستییە وەرزشییەکان و ھاوکارییە ماددیی و مەعنەوەیەکانەوە.

کشتووکاڵ[دەستکاری]

لەڕووی کشتوکاڵییەوە خاکی قەزای مەخموور بەشێوەیەکی گشتی زۆر بە پرشتە و خاکێکی قاوەیی و تۆخە و زەویەکانی دێمەکارن و گەنم و جۆ بە پلەی یەک دەچیندرێت و بێستان و شینایشی لێدەکرێت و دەشتێکی کاکی بەکاکی یە ئاو ھەواکەشی نیمچە گەرمەسێرە.

ئاژەڵداریش بنەمایەکی تری کاری کشتوکاڵی و بژێوی جوتیارانی سنورەکەیە کە بەپلەی یەکیش بەخێوکردنی مەڕ و بزن، مانگا و پەلەوریش بەخوێودەکرێت. زەوی دێمی کشتوکاڵی و بەراویشی ھەیە لەسەر زێی گەورە و زێی بچووک. ھاوکات لە ھەردوو زێ سامانێکی زۆری ماسی ھەیە و ڕاودەکرێن.

بەشی ھەرە زۆری کشتوکاڵی بە شێوەی (دێمی) بەپشت بەستن بەئاوی باران تیێدا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەێکی زۆر لە گوندەکان پشت بە بیرەکان دەبەستن بۆ کاری کشتوکاڵ، نموونە گوندی (کونە سیخوڕە) لە دەشتی قەراج بە نزیکی (٧کم) لە سەنتەری شارۆچکەی مەخموور دوورە، ڕووبەری گوندەکە نزیکەی(٥٠٠٠دۆنم) زەویە، بە شێوەی ئاودان لە ڕێگای بیرە پێشکەوتووەکان کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەو گوندانەی کەوتونەتە نزیک زێی بچووک یان زێی گەورە یان نزیک ڕووباری دیجلە، کە بە شێوەی بەراو کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن.

ڕۆشنبیری و کەلتووری[دەستکاری]

لەڕووی ڕۆشنبیری و کەلتورییەوە قەزای مەخموور ڕۆشنبیرییەتی و کەلتورێکی تایبەت مەندی بە خۆیەوە ھەیە و خاوەنی کەلتورێکی دەوڵەمەندە بە حەیران و بابەتە فۆلکلۆرییەکان و ڕۆشنبیرییەکانەوە، مەخموور یان دەشتی کاکی بەکاکی (قەراج و کەندێناوە) بە مەڵبەندی لە دایک بوونی حەیران و بەستە دادەنرێت، ھەربۆیەش گوتەک ھەیە کەدەڵێت «قەراج و کەندێناوە ھەوێنی حەیرانن». چەند کەڵە ڕۆشنبیر و نوسەر و شاعیر و ھونەرمەندی دیاری کورد لەم دەڤەرە لەدایک بوونە و ژیاون، لەم ڕۆژگارەشدا خودان سەدان کەسایەتی دیاری ڕۆشنبیرە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی لایەنەپەیوەندارەکانەوە بایەخێکی تەواوی بەم سنورەداوە ئێستا لەناوەندی سەنتەری قەزا دوو (سەنتەری ڕۆشنبیری) و لەناحیەکانیش سەنتەری ڕۆشنبیری ھەیە.

ئاوەدانکردنەوە[دەستکاری]

لەرووی ئاسایشەوە بەھۆی ھاوسنوور بوونی لەگەڵ پارێزگای نەینەوا و پارێزگای سەلاحەددین و پارێزگای کەرکووک کە لەدوای پرۆسەی ئازادی و بەردەوام کردەی تیرۆرستی لەو شارانە بوونی ھەیە، بەتایبەتی مووسڵ کە مۆلگەی گروپە تیرۆرستەکانە، دەشێت قەزای مەخمووریش شلژانی ئەمنی بەخۆوە ببینێت، بەڵام دڵسۆزی و شەو نخونی کارمەندانی ھێزەکانی ئاسایش پارێزی سنوورەکە بە پاڵپشتی خەڵکی دەڤەرکە، وایان کردوە کە قەزاکە جیابکرێتەوە لەتەواوی ناوچەکانی تری عێراق و ناوچەدابرێندراوەکان لەروی ئارامییەوە. ئێستا قەزاکە ئاسایش و ئارامییەکی تەوای ھەیە وەک ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان. حکوومەتی ھەرێمیش لەم ڕووەوە بایەخێکی تایبەتی بۆ سنورەکە ھەیە و ھاوکاری دەزگاکانی ئاسایش دەکات. لە نێوان دوو ئیدارییەوە بەھۆی لکاندنی بە پارێزگای نەینەوا و کارنەکردنی ئەو پارێزگایە بۆیە مەخموور لەروی ئاوەدانییەوە بێ بەش بووە، لەبەرئەوەی بەشە بودجەی قەزاکە لەلایەن حکوومەتی ناوەندەوە لەسەر پارێزگای نەینەوا تەرخانکراوە مووسڵیش بودجەکە ڕەوانە ناکات و ھیچ دەستێکی ھاوکاریشی نەبووە، تا ئێستا بۆ دەڤەرکە، ئەوەی دەبیندرێت ھەوڵ و کۆششی حکوومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێر و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانە بۆ سنورەکەیان کردوە. بۆیە ئەمڕۆ لەروی ئاوەدانییەوە مەخموور پێداویستییەکی زۆری ھەیە و خەڵکی سنورەکە خوازیاری گەرانەوەی قەزاکەیانن بۆسەر ھەولێر، تا ئەو دایکە دڵسۆزە لەباوەشیانگرێت و دەستی ھاوکاری و ئاوەدانیان بۆدرێژبکاتەوە ناوچەکەیان ببوژێتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]