پیرانشار

پەڕەی semi-protected
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پیرانشار
خانێ
شار
دیمەنێکی شاری پیرانشار
دیمەنێکی شاری پیرانشار
وڵات کوردستان
پارێزگاورمێ
شارستانپیرانشار
ناوچەناوەندی
بەرزایی
١٤٥٠ مەتر (٤٬٧٦٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم١٣٨،٨٦٤
زمان و ئایین
 • زمانکوردیی ناوەندی، (موکریانی)
 • ئایینئیسلام سونی، (شافعی)
کۆدی تەلەفۆن٠٤٤٤٤٢٢

پیرانشار شارێک لە باشووری ڕۆژاوای پارێزگای ورمێ و ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. پیرانشار لە ڕوانگەی دیمۆگرافییەوە، لە ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی زمانی-فەرھەنگیی کوردستان ھەڵکەوتووە. لە ڕووی دابەشکارییەکانی ھەرێمە کوردنشینەکان و تایبەتمەندییەکانی فەرھەنگی، پیرانشار‎ بەشێکە لە ھەرێمی موکریان.

شاری پیرانشار‎ بە پێوانەیی ١٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە کەوتووەتە ٤٥ پلە و ٣٦ خولەکی درێژایی ڕۆژھەڵاتی و ٣٧ پلە و ١٦ خولەکی پانایی باکوور. لە باکووری رۆژاوا لەگەڵ شاری شنۆ بە ٤٧ کیلۆمەتر، لە باکوور شاری نەغەدە بە ٤٧ کیلۆمەتر، لە باکووری ڕۆژھەڵات شاری مەھاباد بە ٧٥ کیلۆمەتر، لە باشووری شاری میراوە بە دووری ٤٥ کیلۆمەتر و ھەروەھا شاری سەردەشت بە ٩٥ کیلۆمەتر و لە ڕۆژاوا لەگەڵ باشووری کوردستان سنووری ھەیە.

ژمارەیی ماڵ و دانیشتوان بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٣٩٥ ی ھەتاوی: خانەوار: ٢٧٦١٧ دانیشتوان: ١٣٨، ٨٦٤ ژن: ٦٨٢٧٤ پیاو: ٦٨٤٠٣ خوێندەوار: ژن ٢٧٥١٦، پیاو ٣٧٩٣٩. نەخوێندەوار: ژن ١٩١٠٧، پیاو ٩٣٤٣.

لێکۆڵینه‌وه‌ کۆنینه‌ناسییه‌کان نیشان ده‌ده‌ن که‌ مێژووی شارنشینی له‌ ده‌شتی پیرانشار که‌ شاری پیرانشار به‌شێکه‌ له‌ ئه‌و، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می برۆنز و سه‌رده‌می ئاسنی پێشامێژوو. شارستانی پیرانشار هه‌شت هه‌زار ساڵ مێژووی شارنشینی هه‌یه‌.[١]

وشەڕەتناسی (ئیتیمۆلۆجی)

ناوی پیرانشار لە یەکێک لە شەخسیەتەکانی شاھنامەی فیردەوسی وەرگیراوە. پیران شەخسیەتێکی تورانیە لە شاھنامەی فیردەوسی، حەماسەنامەی نەتەوەییی ئێران دا. ھەروەھا پیران لە سەرچاوەگەلی دیکە وەک تەبەری و سەعالیبی دا ناوی براوە. بەپێی تەبەری، پیران پادشای خۆتەن و سپەھبۆدی ئەفراسیابی توران بوە. ئەو وەک کەسێکی ژیر و ھۆشمەند ناوی براوە کە ھەول و کۆشیشی ھێنانی ئاشتی بۆ نێوان ئێران و توران بوە. لە سەرچاوە کۆنەکانی ئێرانناسی دا، پیران و ئەغریرەت تەنیا کەسانێکن لە ناو تورانیان دا کە بە خۆشنێوی ناویان ھاتوە. پیران دەورێکی سەرەکی لە داستانی سیاوەش، لە داستانی کەیخوسرەو و داستانی بیژەن و مەنیژە دا دەگێڕێ.

ساڵی ١٣١٥ ھەتاوی (لە کاتی حکوومەتی ڕەزاشا) بە پیشنیاری سەعید نەفیسی نێوی ئەو شارە گۆڕدرا و بوو بە "پیرانشار". ئەساسی ناوگوزاری ئەو شارە بە پیرانشار‎ لە لایەن دەوڵاتی ئێران و سەعیدی نەفیسی ەوە، پیران ی شاھنامەی فیردەوسی بوو کە لە شاھنامەی فیردەوسی دا وەک فەرماندە و سپەھبۆدێکی ھۆشمەند و لێھاتوو دەور دەگێڕێ و تا ببێت بە ئۆلگۆ بۆ پیرانشار‎ وەک شارێکی نیزامی.

ھاوکات لەگەڵ گۆڕینی ناوی پیرانشار‎، شاری سولتان ئاباد بوو بە ئەراک، دوزداب بو بە زاھدان، ئێستەر ئاباد بوو بە گورگان، دێھکورد بو بە شەھری کورد و ساوجبولاغی موکری بوو بە مەھاباد.

مێژوو

لە ناوچەی موکریان و بە تایبەت دەشتی پڕ پیت و بەرەکەتی لاجان و پیران، لێرەوار و لەوەڕگە و کانگا و سەرچاوەی ئاوی زۆر و ھەروەھا کەون بوونی ناوچەکە، بۆتە ھۆی ھەڵدان و پەرەئەستاندنی زیاتری ژیانی مادی و مەعنەوی دانیشتوان و بەم جۆرە گەنجینەیەکی پڕ بایەخیان پێشکەش بە شارەستانیەتی مرۆڤ کردووە ھەروەھا لە سەرەتاوە دەوڵەتەکان، خاوەن دەسەڵاتانی ناوچە و دەرودراوسێکان چاویان برێبووە ئەم خاکە و بە دەیان جار گوندەکانی کاول کران و خوێنی جوتیار و وەرزێران زەوی پێ دێرا.

ئەمجار پاش دامرکاندنی ئاوری رق و کینی داگیرکەران، چەرخی پێشکەوتن و شارستانیەتی وەگەڕ کەوتووەتەوە، برینی بەرەی میراتگر سارێژ بۆتەوە و سەر لە نوێ فەرھەنگ و زانست بایەخی ڕاستەقینەی خۆی پەیدا کردۆتەوە.

شوێنەواری بەجێ ماو لە ناوچەی پیرانشار‎، یادگاری سەردەمی شەڕ و گیانبەخت کردن، پاراستنی کولتوور و فەرھەنگ و مەزەب و ھەروەھا خۆڕاگرتن لە بەرانبەر ھێرشی داگیرکەران دایە.

پیرانشار‎ بەشێک لە موکریانی ئێستایە. ئەم وڵاتە لە ڕۆژگارانی مێژوویی‌دا ناوەکانی "مادی‌بچووک" و "مێد" و "مەیدیا" ناو بانگی دەرکردبوو. ئێستاش ئاسەواری قەڵاکانی پەسوێ، جەڵدیان، گردی مەرقەدی لاوێن، قۆڵی ئاسنگەران لە قەڵاتەڕەشێ و دەیان شوێنی تر یادگاری ئەو سەردەمەیە، ھەروەھا گردەکانی گردئاشەوان، قەرەخدر، قەڵاتی شیناوێ یادگاری دەورانی "ئۆرارتوویی"یان پێوە دیارە.

ھەندێک لە گوندەکانی مێژوویی شارستانی پیرانشار‎ بریتین لە

پەسوێ، جەڵدیان، قوبە، زێوکە، ماشکان، سێڵوێ، گردی کاولان، توان، ئەندێزێ، خورینج، کوندرێ، گردگ سپیان، شنۆزەنگ، لاوێن، گردئاشەوان، لک بن، حوجران، شارستێن، شەختان، باستان بەگ، سەڵۆس، گولەک، کەوپەڕ، سێوی گەدە، ترکەشی بەرەوە، ھەنگەوێ، قەڵاتی مەنگوڕان، قەڵاتی موتاوێ، جەڕان، شیناوێ، قەڵاتەرەش، زێوە، کۆنەلاجان و دێڵزێ.

قەڵات و قەڵاتگە نیشاندەری ئاوایی گەورە و گرینگلە ڕابردودایە. ھەروەک دەزانین قەڵات و قەڵاتگە جێگای بەرز و بڵیندن کە بۆ ئەرکی پاسەوانی و پارێزگاری لە دانیشتوانی قەڵا یان خەڵکی ئاوایی و شار تەرخان کراون و یادگاری مێژوویی ھەر ناوچەیەکن. قەڵاتی جەڵدیان (٥٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین)، قەڵاتی مووتاوێ (٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین)، قەڵاتی شار (٩٠٠ ساڵ بەر لە زایین) و قەڵای پەسوێ گرینگترینی ئەم شوێنەوارانەی ناوچەی پیرانشار‎ن. قەڵات و قەڵاتگە لە دیاردەکانی سروشتی پێک ھاتوون یان بە دەستی مرۆڤ دروست کراون کە بە ناوی "تورەکەرێژ" دەناسرێن.

بەرزایی قەڵاتگە بە مام‌ناوەندی دەگاتە ٣٠ تا ٤٠ میتر و لێکۆڵینەوەکانی کۆنینەناسی پێشانی داوە کە ئەم. شوێنەوارانە پتر لە جارێک کەڵکیان لێ وەرگیراوە و چەندین سەردەمی ژیانی مرۆڤیان بە خۆوە بینیوە

ئەوەی کە ئێستا لە تەنیشت ھەر گوندێک و ئاوایەک قەڵات و قەڵاتگە دەبیندرێ، بەڵگەی زیندووی کۆن بوونی ناوچەی پیرانشارە.

با ئەمجارە باسێکمان ھەبێ لە مەڕ تەپک و گردەکانی ناوچە، لەم جێگایانەی ئاسەواری خۆڵەمێش، شت و مەک و ئامرازی شەڕ یان خواردنیان تێدا دۆزراوەتەوە. ھەندێک لەم تەپک و گردە کۆنینانەی ناوجەی بە ناو "گوڵ تەپە" ناسراون. وشەێ "کوڵ" یان "گوڵ" لە شێوەی پەھلەوی و ئازەری دا ھەرکام مانایەکیان ھەیە لە فارسی‌دا بە مانای ئاور و گڕی ئاگرە و لە زمانی ئازەریش‌دا بە مانای خۆڵەمێش و دە زمانی کوردی‌کۆنیش‌دا مانای"ئاگر" ئەدات.

ھەر بەم شێوەیە "کولحان" سۆبە و "موغاری"یە وشەی "گوڵ" پاشان ئاڵ‌وگۆڕی بە سەردا ھات و وەک "کوڵ" بە کاریان ھێنا.

"کوڵ‌تەپە" نیشانێک لە ئاوری دە خۆیێدا نیھان کردووە و ئاورگەی سەردەمی کۆنی ئەم ئاو و خاکەیە. یادگاری سەردەمێکە کە ئاتەشگایەکی زۆر لەم ناوچەیەدا سەریان بەرەو ئاسمان بەرز کردبۆوە و ئاگر لە لایەن ئاگر پەرەستانی زەرتوشتی جێگای رێز و قەدر بووە.

بێ ھۆ نیە ناوچەکانی لێواری گۆلی ورمێ بە مەڵبەندی ژیان و لە دایک بوونی زەرتوشت پێغەمبەری کوردی ئێرانی دەزانن و بە یەک واتە " سەردەشت"ی ئەمڕۆ بەم شوێنە دائەنێن. کول‌تەپە ئاورگەیەکی بچووک لە سەردەمی خۆی‌دا بووە و ئاوربانان (ئاتۆربان) ئەرکی پارێزگاری لە ئاگریان وەک ھێزی خاوەن تین و گەرما بە ئەستۆوە بووە. خۆڵەمێشی جێماو لە کول‌تەپە بە درێژایی زەمان لە سەر یەک کۆ بۆتەوە و یەپکێکی دێوست کردووە کە ئێستا بە شێوەی "کوڵ‌تەپە" دەیبینین. کول‌تەپە لە تەواری ناوچەکانی دراوسێش دەبیندرێ و مەڵبەندی ئێمەش یەکێک لەم شوێنەوارانەیە.

بەر لەوەی کە زەرتوشت بێتە دونیا، گەلانی ئێران و بە تایبەتی دانیشتوانی دەور وپشتی گۆلی ورمێ ئایینی "مەزداپەرەستی"یان لە نێودا باو بووە و وەک ئامۆزایانی ھیندی، مردوویان لە جێگایەکی تایبەتی دەسووتاند، کە وابوو خۆڵەمێشی نێو کول‌تەپە بەرھەمی سووتانی دار و دەوەن و تەرمی مردۆکانە.

کول‌تەپەی گوندی "سەروکانێ" لە ناوچەی لاجانی پیرانشار‎، یەکێک لەم شوێنە باس‌کراوانەیە کە بیری پیرانی بە ساڵاچوودا دێت کە زەمانێک جێگایەکی یەکجار ئاستەم بۆ ھات‌وچۆ بووە و قامیشەڵێنیکی زۆری لە دەوروپشت‌دا بووە لەم شوێنەدا ئاسەواری کۆنینەی زۆر بە نرخ دۆزراوەتەوە.

دوکتۆر بەھمەن کەریمی ساڵی ١٣٣١١ی ھەتاوی ھاتۆتە لاجان و باسی کول‌تەپەی سەروکانێ دەکات و بە "گولی. تەپە"ی سەروکانێ ناوی دەبا

بەڵام سەبارەت بە ئاورگەکانی ناوچە وا باشە باسی ئاتەشکەدەی "سەری کوورە"ی ناوچەی مەنگورایەتی پیرانشه‌هر‎ بکەین کە بەرانبەر بە گوندەکانی "سەڵۆس" و "وەرمیشان" و لەم لاوە گوندی "گولەک" ھەڵکەوتووە. بەرزایی دوندی کێوی ئاورگەی سەری کورە دەگاتە ٣٦٠٠ میتر لە رێکی دەریاوە و سەرنجی ھەر رێبوار و بینەرێک بۆ لای خۆی رادەکێشێ. بە داخەوە فۆڕمی سەرەکی و راستەقینەی ئاتەشکەدەکە نەماوە و کاتی خۆی وەک تەندوور و کوورەی رەژی ساز کردن چووە. ئێستاش لە بەزایی ئەم جێگایە بەردی سووتاو ھەر ماوە. بە گوێرەی وتەی تێکەڵاو بە ئەفسانە لە لایەن خ‌ڵکەوە، ھاوکات دەگەڵ لە دایک بوونی حەزرەتی موحەممەد (دخ) و شکانی تاقی کەسرا، ئاوری ئەم ئاتەشکەدەیەش خامۆش بۆتەوە. سەری کوورب جێگای عیبادەت و راز و نیازی گەورەکانی زەرتوشتی بووەکە کات و ساتی تایبەتی لە ساڵ بۆ بە جێ ھێنانی ئایینی مەزھەبی و قوربانی کردن کۆ دەبونەوە. یەکێک لە کەسایەتی‌یە مەزنەکانی دەورانی ساسانی بە ناوی"کریتر " لە سەر تاشە بەردێک باسی تەواوی ئاورگەکانی ناوچە دەکات و دەڵێت: من لە سەرانسەری موڵکی ساسانی‌دا ئاوری ئاتەشکەدەکانی " ئاتۆرپاتکان"، " میشان" و.. م گەشاوە راگرت. ئایا ئەم ئاورگەیەی کە کریتر بە ناوی " میشان" باسی دەکات ھەمان سەری کوورەی خۆمان نیە کە. لە نیزیک گوندی " وەرمیشان" ھەڵکەوتووە

با ئەو جار باسێکمان ھەبێ لە مەر گۆڕستانەکانی کەونی ناوچە

سەبارەت بە شێوەی ناشتنی مردوو لە رۆژگارانی مێژوویی‌دا، دەبێ بڵێین لە ھەر سەر دەمێک‌دا رێ و رەسمی تایبەتی خۆی ھەبوە. سەردەمێک کە زەرتوشتی، بیر و باوەڕی مەزھەبی خەڵک بووە، گۆڕێکمان وەبەر چاو ناکەوێ، ھۆی ئەوەیە کە زەرتوشتی‌یەکان مردوویان بە خاک نەدەسپارد بەڵکوو دەیانسووتاند. کە وابوو گۆڕێکی زەرتوشتیمان نیە. دەستەیەک لە گۆڕەکانی ناوچە وەک سەردەمی ئێستا دەچن و کێلی قەبر بۆ نیشانە کردنی قەبر دیاری کراون.

لە نێو ھەندێک لەم گۆڕانە کە بە ھۆی باو باران یان کێشانی ڕیگا و بان لە ناخی گڵ‌دا ھاتونەتە دبر، ئامرازی شەڕ و نەرەکان یان کەرەسەی خواردن دۆزراوەتەوە. ئەم دەستە گۆڕستانە کۆنینانەی ناوچە ھی سەدەی یەکەمی زایینین. لە نیوەی ھەوەڵی سەدەی یەکەمی زایینی‌دا ڕێ و شوێنی ناشتنی مردوو لە نێو کووپەڵە گڵ‌دا بۆتە باو، سەری کووپە پاشان بە تاشە بەرد داپۆشراون و پیورێز کراون. ھەندێک لەو کووپە گۆڕانە ھی سەردەمی دووەمی زایینیە و جاری وایە لە نێویان‌دا قاپ و قاچاخ و..... بیندراوەتەوە.

دەستەیەک لە گۆڕستانەکانی ناو چەی پیرانشه‌هر‎ لە کۆنەوە بە ناوێکی تایبەتی ناسراون و فۆڕمی قەبرەکان نیشاندەری ئەم راستیەن کە سەردەمێک گەلانی تر وەک غەیری کورد و موسوڵمان لەم شوێنەدا نیشتەجێ بوونە، وەک "کێلە کونتی" و "قەبرە قۆچ" لە گوندی زێوکەی لاجان، " قەبرە قەلە" لە گوندی سێڵوێ، " کێلە سپی " لە گوندی دەڵاوان، " گردی قەبران" لە کوندرێ، گۆڕستانی "نوزەڵێ" لە گوندی پەسوێ و گوندی قوبە.....

ئینجا با باڵی بەرزەفڕی خۆمان بەرەو سەردەمێک لێک بدەین کە لەم ناوچەیە بە ناوی "پارسوا" ناسرا بوو. مێژوو لەم بارەیەوە دەڵێ: قەومی پارس لە رەوتی ھاتنیان بۆ ئاسیای نێو ڕاست و میروپوتما (بین‌النھرین) و کوێستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی پارسوادا نیشتەجێ بوون. مینورسکی رۆژھەلات ناسی بە ناوبانگ دەنووسێ: بە بیر و رای من پارسوا دەبێ ھەر ئەو جێگایە بێت کە ئێستا پێی دەڵێن " پەسوە" یان "پەسوێ".

پەسوێ ناوی گوندێکی گەورەی ناوچەی لاجانەو وێدەچێ ئەم گوندەش لە "پارسوا" را ھاتبێ، بە تایبەت کە شوێنی پەسوێ و وڵاتی پارسوا یەک دەگرنەوە.

کاک مەحموود پێدڕام سەبارەت بە ناوی ئەم گوندە بیر و رایەکی جیاوازی ھەیە و دەڵێ دە زمانی کوردی‌دا دەتوانین (س) بە جێگای (ش) بە کار بھێنین و بڵێین پەسوێ یان پاشوێ بە مانای پاش لەوێ "قەڵاتی شا"یە و دەگەڵ مانای پارسوا کە تەنیشت و کەنار دە مێشک‌دا زیندو ئەکاتەوە، یەک دەگرنەوە. ئەڵبەتە ئەوە بیر و بۆ چوونی کاک مەحموود پێدڕامە و بەڵگەی مێژوویی لە دەست‌دا نیە، ئەگینا گوندی پەسوێ و قەڵاتی سا ئێستاش لێک دوورن و بە تایبەت ئەودەم وەسیلەی ھات و چۆ وەک ماشێن نەبووە.....

بەڵگەکانی مێژوویی لە بوونی وڵاتەکانی "مێھری" و "کاراڵا" لە سەر چاوەی چۆمی "زێ"دا ئاگادارمان دەکا کە دەکەوێتە لاجانی ئێستا و بە تایبەتی ناوچەی "بەربنە"ی لاجان. ئەم دوو وڵاتە بچووکە لە گەڵ "پارسوا" ھاو سنوور بوونە.

" ئاشور بانیپال" لە پێنجەمین ھێرشی خۆی‌دا بۆ ولاتانی پارسوا باسی داگیر کردنی چەندین قەڵا و شار لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی مانایی دەکا و دەڵێت: من بەردەوام ھەشت شار و ناوچە لە وانە "قەڵای بوشتۆ"م داگیر کرد پاشان شاری "شوردیرا"م سەر لە نوێ لە چەنگ نەیاران دەرھێنایەوە.

کاک مەحموود پێدڕام قەڵای "بوشتۆ" بە "قەڵاتی شا" لە ناوچەی سەرشاخانی لاجان دەزانێ و شاری شوردیرا بە گوتەی ئەو شارێک بووە لە سەرچاوەی چومی زێی بچووک دا.

بەڵگەکانی مێژوویی باسی پەلاماری "سارگۆنی دووھەم" سای دەوڵەتی ئاشوری بۆ ئەم ناوچەیە دەکات. سارگۆن لە نێوان ساڵەکانی ٧٢٢ تا ٤٥٠ی بەر لە زایین‌ دا حکومەتی بە دەستەوە بووە. مێژوو لەم بارەیەوە دەڵێ سارگۆن لە موسڵ ڕا بەرەو ئێران ھات و لەشکری کێشایە ئەم خاکە. لە رەوتی ئەم لەشکر کێشانەدا خەڵکی وڵاتی مانایی ئارد و شەڕاب و کەل و پەلی تری پێداویستی ئەوانیان دابین دەکرد. سارگۆن لە سولەیمانی کوردستانی ئێراق تێپەڕی و گەیشتە چۆمی زێ‌یە، لەم چۆمە پەریەوە و ئەمجار لە شوێنێکی کە ئێستا بە ناوی پەسوێ و لک‌بن و مەیدان ناسراوە، چل و دوو کەس لە سەرکردەکانی عێل و وڵاتەکانی بچووکی ناوچەی بە خزمەت گەیشت و سەرجەم سارگۆنی دوھەمیان بە مەزن و سەرکردەی خۆیان قەبوڵ کرد و ھەروەھا خەڵات و زێر و ئەسپ و کەرەسەیەکی زۆریان پێشکەش کرد. سارگۆن فەرمانی دا لە سەر دیواری قەڵا و قەڵاتگەکان ئاڵی سەر کەووتن بچەقێنن و ھھروەھا لە کەنار شاری "لاتاش" کە دەکەوێتە نێوان پەسوێ و مەھابادی ئێستا و لە تەنیشت "قەڵای سپی " واتە. قەڵاتی پەسوێ " ئۆللۆسونۆ" سای دەوڵەتی مانایی بەخشی

" ئۆللۆسونۆ" لە لایەن سارگۆنی دووھەمەوە کرابوو بە شای مانایی، بەڵام پاشان لە ئەمر و فەرمانی ئەو دەرچوو تا ئەوەی کە لەم ھێرشەدا سەرلەنوێ ھاتەوە ژێر فەرمانی سارگۆن.

بەڵام لە سەردەمی ھاتنی سپای ئیسلام، ناوچەی ئێستای پیرانشه‌هر‎ بە ناوی " سەڵڵەق" دەناسرا و لەم شوێنەدا کوردەکانی " ھەربانی" نیشتەجێ بوون کە پاشان بە ناوی "راوەندی" و "رەوادی" ھاتنە ئارا. پاش ئەوەی کە وڵاتی کوردستان و ئازربایجان لە دەست خەلیفەکانی عەباسی ھاتنەدەر و ھاروونەڕەشید ھاتە سەرکار، ئیبراھیم ناوێکی کردە وەزیر، ئیبراھیم لە پاشان ھاتە لاجانی ئێستا و دە گەڵ کچی حاکمی ئەودەمی گوندی قەڵاتی مووتاوێ زەماوەندی کرد و کورێکیان بوو بە ناوی "دەیسیم".

دەیسیم تەواوی ئازەربایجان و کوردستانی خستە ژێر چاوەدێری و پاشان دەگەڵ دەیلەمی و لاھیجانی‌یەکانەوە ئێستای باشووری ئێران، تێکەوت بەڵام بە ھۆی خەیانەتی سەرکردەکان، نەیتوانی سەرکەوێ و ناوچەی ئێستای لاجان کەوتە دەستی ئەوان.

وێدەچێ ناوی "لاجان" یان "لاھجان" لە لایەن ڵ دەیلەمی و لاھیجانی‌یەکانەوە داندرابێ ئەویش بە ھۆی زەنوێر و سەرسەوز بوونی ناوچە، ئەگینا لاجان و لاھجان بە مانای شوێن و جێگای پەروەردە کردنی کرمی ئاوریشمە و دەگەڵ تایبەتمەندێکانی ئەمڕۆ و ئەودەمی لاجان یەک ناگرێتەوە.

حوسێن حوزنی موکریانی دەنووسێ: ساڵی ٤٢٩ی کۆچی ئۆغۆرەکانی پێشڕەوی سەلجووقی‌یەکان ھێرشیان ھێنایە سەر عەشایری ھەزیانی بەڵام سەرنەکەوتن. ئۆغۆزەکان دەیان دەست‌درێژی تریشیان بۆ ھەزیانی‌یەکان ھێنا و ئێستاش ناوی گوندەکانی "گردی مرادبەگی"،"قوبادبەگیان"، "بەستام‌بەگ" و "ئوغەن" و.... یادگاری ئەو سەردەمە ھەر ماون.

ئۆغۆز لە لایەن خەلکی ناوچەوە بە "تورکە ڕەشە" ناسراون و ھەروەک دەزانین سلجووقی‌یەکانیش تورک زمان بوون.

لاپەرەکانی مێژووی پیرانشار‎ یادگاری سەردەمی ئیسلام و سوپای عەرەبەکانیشی پێوە دیارە. پتر لە ٣٠٠ چاک و پیر وشەخس و نەزەرگەی ناوچە شاھیدی زیندووی ئەم ئیدیعایەی ئێمەن. بەڵگەی مێژوویی سەبارەت بە ھێرشی سپای ئیسلام بە سەر کردایەتی "خالیدی کوری وەلید" بۆ ناوچەی پیرانشار‎ و گوندی شارستێن لە ناوچەی مەنگورایەتی ئاگادارمان ئەکا و ھەروەھا لە بوونی قەڵای پتەوی ئەم گوندە و شای وڵاتی مەنگورایەتی:مەنجوڕات" دەدوێت. بە یەک وتە گوندەکانی "گردڕەحمەت" و "گردشەیتان" شاھیدی شەڕی نێوان سپای ئیسلام و کوردەکانی ھەزبانی لە لایەکی ترەوە بووە.

پەریخان زۆر بە زیبک و زاکوون بووە لە ھەمان حاڵیش‌دا زۆر کەیفی لە پیاوان ھاتووە تا ئەو رادەیەی کە رێبواران و کەسانێکی خۆشی لێیان دەھات، بانگی دەکردنە دیوەخان داوای دەست تێکەڵ کردنی لێ دەکردن، ئەگەر کابرا رازی بایە ئەوە ھیچ، ئەگەر بەرھەڵستی کردبوایە، فەرمانی دەدا لە نێو چیغ دا بیسووتێنن. سەرئەنجام پەریخان دەگاتە مەحمەڵ ناوێک کە بۆ فرۆشتنی مەڕ و مالات دێتە شار پەریخان خۆشی لێ دێت و لە دوایی‌دا رەگەڵی دەکەوێ.....

ئێمە لێرەدا مەبەستمان لێکدانەوەی فۆلکلۆری نیە. ھەر بۆیە سرنجی خوێنەرانی تامەزرۆ بۆ شریتەکانی تۆمار کراو یان کتێبی "توحفەی موزەففەرییە" نوسراوی ئۆسکارمان رادەکێشین.

ئێستاش لە بەربنە ئاسەواری شاری "قەرە چەلیان" و "قەڵای میر زۆرابخان" و ئاشکەوتی بێژ و بەرانان (بێشوێ) ھەرماوە. کە وابوو وا باشە ھەڵەی خوا لێ خۆش بوو کاک "عەلی حەسەنیانی"ش راست بکەینەوە کە شوێنی روودانی ئەم بەیتە بە بێ بەڵگەیەک و تەنیا بە بیر و بۆچوونی خۆی بە ناوچەی شاروێران و گوندی دەریاز دادەنێ.

سەرەڕای ئەوانە زۆر بەیتی تری کوردیمان ھەیە کە ناوچەی پیرانشه‌هر‎ دەگرنەوە وەک:

کانەبی، خەج و سیامەند، ھەمزەئاغای مەنگوڕ، کاک باپیری مەنگوڕ، شێخ ڕەش و شێخ مەند، سوارۆ، پایزە، ئازیزە و چەندت تر.

مێژووی ناوچەی پیرانشه‌هر‎ لە گەڵ ناوی بڵباسیش تێکەڵاوە. بڵباس مەبەست ناوی پێشووی عەشایری پیران، مەنگوڕ و مامەش لە ئەم دیو و ئەم دیوی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار‎دا بووە. شەڕەفنامە سەبارەت بە بڵباس دەنووسێ: عەشیرەی رۆژەکی بریتین لە ٢٤ تایفە لە ناوچەی خۆیت کۆبوونەوە و دوازدەیان " بڵباس " و دوازدەی تریان بە ناوی "قوالیس" جیا بوونەوە. ئەم سەرچاوەیە ئیتر باسی ئەوە ناکات کە ناوی بڵباس لە کوێ را ھاتووە و بە چ مانایەکە.

یەکەم سەرچاوە کە ناوی بڵباسی تێدا ھاتووە قوڕئانێکی دەس نووسە کە ئاماژەی بە ناوی "مەنسوور کوڕی سادقی. بڵباسی" کردووە

بڵباسەکان ھەردوو دیوی سنوور پەیمانی ھاوکاری ناوچەیان بە یەکەوە بەستبوو، ئەم ھاوکاری‌یە ساڵی ١٢٠٩ی ھەتاوی لە لایەن میر محەممەد، میری گەورەی سۆران لە رەواندز ھەڵوەشایەوە. بڵباسەکان بە دەیان جار لە لایەن دەوڵەتەکانی ناوەندی ئێران و عوسمانی و میرانی بابان و ئەردەڵان و سۆران و موکری پەلامار دراون، بەڵام ھەرکات. وەک ھێزێکی بەرگری، خۆیان نواندووە

لە بەردەنوسی ئاگۆنی دووھەم – شای کاسی– لە ھەزارەی دووھەمی پێش زایین‌دا، ھاتووە کە پەیکەری خودایانی ئەو سەردەمەیان لە ‹خانا›ڕا گەڕاندۆتەوە بۆ بابل کە پێشتر لەوانەیە لە لایەن ھیتییەکانەوە دوای تێکڕووخاندنی بابل پاش گەڕانەوە لە وێیان بەجێ‌ھێشتبێت. لێکۆڵینەوەی شوێنەوارەکانی قەڵاتی شا کە کەوتووەتە سەر کێوی لەندی شێخان – لە کێوە بەرزەکانی پیرانشه‌هر‎ – ئاشکرا دەکات کە یەکەم بەردی بناغەی ئەو قەڵا گەورە و سەرسوڕھێنەرە لە سەرەتاکانی ھەزارەی یەکەمی پێش زایین‌دا لە لایەن ھۆزەکانی دانیشتووی ئەو ناوچەیەدا دامەزراوە و دوایە لە سەردەمی مادەکان‌دا پەرەی پێدراوە. لە سەدەی ٩ی پێش زایین‌دا ناوچەی شارستانیپیرانشاری ئێستا کەوتبۆ ناو سنوری حکومەتی مانناییەکان. وڵاتی ماننا بە ھۆی باری نیزامی و ھاوسێیەتی لەگەڵ حکومەتە گەورەکانی ئۆرارتۆ و ئاشوور زۆر جاران لە تێکھەڵچوونی نێوان ئەو دوو ھیزەدا دەست بە دەست گەڕا. سارگۆنی دووھەم (٧٢٣-٧٠٥ پێش زایین) لە ھێرشی ھەشتەمی خۆی‌دا بۆ ماننا و ئۆرارتۆ بە ناوچەکانی ئێستای پیرانشه‌هر‎ و پەسوێ‌دا گەیشتە قەڵای ماننایی ‹سینی ھینۆ› کە وێدەچێ ھەر قەڵای پەسوێ بێت. ھەر لەو دەمەدا ئۆللۆسۆنۆ، گەورەی ماننایی ئەو ناوچەیە، لە نزیک پەسوێ لەسەر ڕێگای مەھاباد گەیشتە خزمەت سارگۆن و ھاوکاری خۆی بەوی راگەیاند.

زۆر لێکۆڵەر وەک مینۆرسکی ناوی پەسوێی ئێستا وەرگیراو لە ‹پارسۆئا› دەزانن کە لە بەشی رۆژاوای وڵاتی ماددا بووە. ئەو ناوچەیە پاش دامەزرانی یەکگرتوویی ماد و پاشایەتی ھەخامەنشی، ئەشکانی، و ساسانی بەشێک بووە لە وڵاتی ئەوان. بە دەست پێکردنی ھێرشی عارەبە موسڵمانەکان، خەڵکی ناوچەی پیرانشه‌هر‎ بەرەنگاریان کردوون و لەئارادا بوونی چەند گۆڕستانی ئەسحابانی سەرەتاکانی ئیسلام لەو ناوچەیەدا وەک ‹چل شەھیدان› و ‹دایە شێخی› شادەی ئەو وتەیە. لەوانەیە شارۆچکەی ‹بەسوی› کە یاقوتی حەمەوی لە سەدەی ٧ی مانگی‌دا لە نزیک ‹خانی خاس‌بەگ›دا ناوی بردووە ھەر ئەو ‹پەسوێ›ی ئەوڕۆ بێت و لە راپۆرتەکەی‌دا ‹بەسوی› بە شارێکی چووکە ناساندووە کە مووچەی دیوانی ٢٥ ھەزار دیناری ھەبووە و لەوێ‌دا دەغڵ و دان و ترێ و ھێندێک میوە بەرھەم ھاتووە.

جوگرافیا

پیرانشار‎ یەکێکە لە بیست شارستانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژاوا. شارستانی پیرانشار‎ بە رووبەری ٢٤٠٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە کەوتووەتە ٤٥ پلە و ٨ خولەکی درێژایی رۆژھەڵات و ٣٦ پلە و ٤٢ خولەکی پانایی باکوور لە نێوان بەشێک لە زنجیرەکێوەکانی زاگرۆس. بەرزایی لە رێکی دەریاوە ١٨٤٠ میترە و مامناوەندی بارینی ساڵانەی ٣٥٢ میلی‌لیترە. نێوانی پلەی گەرمای ٣٥-٤ پلە و پلەی تەڕایی ٥١% راگەیێندراوە.

دراوسێیەکان: لە باکووری رۆژاوا لەگەڵ شاری شنۆ بە ٤٧ کیلۆمەتر، لە باکوور شاری نەغەدە بە ٤٧ کیلۆمەتر، لە باکووری ڕۆژھەڵات شاری مەھاباد بە ٧٠ کیلۆمەتر، ھەروەھا شاری سەردەشت بە ٩٥ کیلۆمەتر و لە ڕۆژاوا لەگەڵ باشووری کوردستان ھاوسنورە. مەودای ئەو شارە لەگەڵ ناوەندی پارێزگا (شاری ورمێ) ١٢٠ کیلۆمەتر و لەگەڵ پێتەختی ئێران (شاری تاران) ٧٠٠ کێلۆمیتر لە رێگاوەیە.

شارستانی پیرانشار‎ لە ناوچەیێکی کوێستانی‌دا ھەڵکەوتووە و ھەرچەندی بۆ لای رۆژاواوە بڕۆین بڵندایی زیاتر دەبێت. کێوەکانی قەندیل (٣٥٧٨ میتر)، حاجی برایم (٣٥٥٠ میتر)، سوورەداڵ (٣٥٠٣ میتر)، چل بزنە (٣٢٢٦ میتر)، لە بەرزترین چیاکانی ئەو شارستانەن.

لە کوێستانەکانی پیرانشار‎ەوە چۆمی ھەمیشەیی و پڕ ئاو سەرچاوە دەگرن و چۆمەکانی سێڵوێ، لاوێن، بادیناوێ و گەدە تێکەڵاو دەبن و چۆمی بە ناوبانگی زێی بچووک سازدەکەن کە دوای تێپەڕبوون بە ناوچەی میراوە و سەردەشت دا، دەچێتە ناو باشووری کوردستان و دەڕژێتە ناو بەنداوی دووکان.

کەش و ھەوا

کەش و ھەوای پیرانشار‎ لە ھاوین و بەھار دا دڵخواز و خۆشە. مامناونجی دەما لە بەھار دا ١٥٫٢٠، لە ھاوین دا ٢٥٫٢٠، لە پاییز دا ١٠٫٤٠ و لە زستان دا ١٫٦٠ پلەی سێلێسیوسە. لە لێکۆڵینەوەیەکی ٣٠ ساڵە کە لە سەر کەش و ھوای پیرانشه‌هر‎ ئەنجام دراوە، زۆرینەی دەمای موتڵەق ٤٤ پلەی سێلێسیوس، کەمینەی دەمای موتڵەق ٣١- پلەی سێلێسیوس، و ھەروەھا مامناونجی دەمای ساڵانە ١٣٫١٠ پلەی سێلێسیوس بووە. مامناونجی تەڕایی نیسبی لە ٠٦:٣٠ کاتژمێر دا ٦٩% و لە ١٢:٣٠ کاتژمێر دا ٣٨% بووە. مامناونجی بارانبارینی ساڵانە ٤٩٧٫٣ میلیمیتر و زۆرینەی رۆژانە ٦٦ میلیمیتر بووە. مامناونجی ژمارەی رۆژگەلی سەھۆڵبەندان ١١١٫٤ رۆژ بووە و زۆرینەی کاتژمێرگەلی خۆرھەتاوی لە گشت ساڵ دا ٢، ٧٨٦٫٢ بووە.

چنینەی شار و گەڕەکەکان

لە روانگەی خانوو و بیناوە شار پێکھاتووە لە دوو چینی کۆن و نوێ. چینی کۆن کەوتووەتە لای دامێنی کێو و زیاتری ماڵەکان بە خشتی کاڵ و سواغ سازکراون و چینی نوێ لە لای دەشتەوە ھەڵکەوتووە و بە کەلوپەلی ئەوڕۆیی سازکراون. دوو گەڕەکی کۆنەخانێ و زەرگەتەن کە لە گەڕەکە کۆنەکانی پیرانشه‌هر‎ن، سەردەمێک دوو گوند بوون. گەڕەکەکان: خەیام، کۆنەخانێ، ھەوراز، باڵاشار، کاسەکەران، قەپان، دۆڵی قیزقەپان، دۆڵی گراو، زەرگەتەن، جامیعای قەدیم، ئازادی، شارەداری، قودس، ئازادەگان، ئیسارگەران، شارەکی مەنگوڕ، نوختەی A، نوختەی B، نوختەی C، فەرھەنگیانی ١ و ٢ و ٣ و ٤، پاداش، ھەواشناسی، ھێمن، ھەژار، نالی، جێژنی، تەھازادە.

تایبەتمەندییەکانی واله‌ن‌ناسێتی (دێمۆگرافیکس)

زمان

زمانی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە زۆرتر کوردی بە زاراوەی سۆرانی بن زاراوەی موکریانییە. تاق تاق زمانی تورکیشی تێدایە. لە ئیدارە فەرمییەکان دا و ھەروەھا لە قووتابخانە و زانکۆکان دا لە زمانی فارسی کەڵک وەردەگیرێ. بەڵام بۆ لێکدانەوەی وانەکان لە قوتابخانەکان دا لە زمانی کوردی کەڵک وەردەگیرێ ئەگەرچی نوسراوەی پەرتووک و وانەکان بە زمانی فارسیە.

ئایین

تەنیا ئایینێک کە لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیەدا پێش ئیسلام ناسراوە، پەرستنی ئەھورامەزدا بووە. پاش بەرگری لە بەرانبەر ھێزەکانی سوپای ئیسلام، بە پاراستنی زۆربەی داب و نەریتەکانیان بوون بە موسڵمان. زۆربەی ھەرەزۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە ‹موسڵمانی سوننی شافعی›ن و تاق تاق موسڵمانی شیعە یان دینەکانی دیکە تێیدا ھەن.

چنینەی دانیشتووان

ژماری دانیشتووان: ژماری بنەماڵە و دانیشتوانی شارستانی پیرانشار‎ بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٣٩٥ی ھەتاوی: ٢٠٦١٧ بنەماڵە، ١٠٧٦٧٧ کەس دانیشتوو کە لەوان ٥٣٢٧٤ کەس ژن و ٥٤٤٠٣ کەس پیاون. ژماری خوێندەوار: ژن ٢٧٥١٦ و پیاو ٣٧٩٣٩ نەخوێندەوار: ژن ١٩١٠٧ و پیاو ٩٣٤٣. دانیشتوانی شار: ٥٧٦٩٢ کەس.

ھۆزەکان

مامەش: لە بەشی کوێستانی و ئاو و ھەوای خۆشی نێوان مەھاباد، نەغەدە وپیرانشار دا دەژین. پێشینەیێک زۆر کۆنیان ھەیە و لە ھۆزەکانی بەھێزی ناوچەن و لە باکووری پیرانشار‎ و لە دەشتی لاجان‌دا نیشتەجێن. لەگەڵ مەنگوڕ و پیران و دێبۆکری دراوسێن. داب و نەریتیان وەک خەڵکی دیکەی ناوچەیە و زۆرتر وەرزێڕ و ئاژەڵدارن. پیران: ئەو ھۆزە لە ساڵی ١٢٨٠ی ھەتاوی‌دا ھاتنە ناوچە و لە باشوور و رۆژاوای شاردا نیشتەجێن و لەگەل مەنگوڕ و مامەش و دێبۆکری پێوەندی راستەوخۆیان ھەیە. ناوی پیرانشه‌هر‎ وەرگیراو لە ناوی ئەو ھۆزەیە. زۆرتر وەرزێڕن بەڵام ئاژەڵ‌داریش دەکەن. تایبەتمەندییەکانیان وەک ھۆزی مامەشە. مەنگوڕ: لە ھۆزەکانی بە پێشینەی زۆر کۆنی ناوچەیە. لە گوندەکانی نێوان دۆڵ و چۆمی بادیناوێ ھەتا دەشتی وەزنێ نیشتەجێن. شەش تایفەی سەرەکیان ھەیە: ئامان، شەم، زێڕن، خدر، مرۆت، زێن. زۆرتر ئاژەڵ‌دارن و وەرزێڕیش دەکەن. تایبەتمەندییەکانیان وەک ھۆزەکانی دیکەی ناوچەیە.

داب و نەریت

لێرەدا زۆرتر باسی ھێندێک لە دابەکان کە گرینگی مێژووییان ھەیە، دەکەین. چونکە دابە سەرەکییەکانی گەلان، پەیوەستە بە بیر و ھەستی ئەندامەکانی، بە شێوەیێک کە سەرچاوەکانی لە ناخی رۆحی تۆرەمەکان‌ دایە و لە تێپەڕی ساڵانی زۆردا، گرینگ‌ترین ھۆی یەکگرتوویی بیر و رۆح لەناو توێژەکانی جۆراجۆری خەڵکی وڵاتێکە. لەو ناوچەیەدا ژیانی عاشیرەتی و چادر بڵاو بۆتەوە و خەڵکی شارەکان و گوندەکان تێکەڵاویان ھەیە و بە ھۆی کاریگەری لەسەر یەکتر، تایبەتمەندی عێلایەتییان لە دەست داوە، سەرەڕای ئەوە ھێشتا زۆربەی داب و نەریت و جلک و کەلتووری خۆیان پاراستووە. لە پیرانشار‎ دا وەک ھەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، رێز لە دەسپێکی سەری ساڵ و رۆژی نەورۆز دادەنرێت. جەژنی نەورۆز، بۆ ھەموو گەلانی ئێرانی ناسراوە و رێزی تایبەتی لە کەلتووریان‌دا ھەیە. رۆژانی جەژن کە سێزدە رۆژە، بۆ قوتابخانەکان پشوودانە و خەڵک دەچنە سەردانی یەکتر. منداڵانی و لاوان لە رۆژانی جەژن‌دا دەچنە ماڵە خزم و ناسیاوانیان و داوای جەژنانە دەکەن. رۆژی کۆتایی جەژنی نەورۆز، واتا سێزدەی خاکەلێوە، بە رۆژی سروشت و سێزدەبەدەر ناسراوە و خەڵک بە گشتی لە شار دەچنەدەر و رۆو دەکەنە کێو و سەیرانگەکان. جەژنەکانی دیکە سەرچاوەی لە بڕوای ئایینی خەڵک گرتووە وەک جەژنەکانی قوربان، بەرات، رەمەزان و مەولوود. لەو جەژنانەدا خەڵک بە دەبەرکردنی جلکی نوێ و جوان بە خۆشی دەچنە سەردانی یەکتر و جەژنە پیرۆزە لە یەکتر دەکەن. جۆری جلکەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک ناوچەکانی تری موکریانە. پیاوان ‹کەوا و پاتۆڵ› دەبەر دەکەن و ‹پشتێند› لە ناوقەدیان دەبەستن و بەساڵ‌داچووان ‹جەمەدانی›ش لەسەر دەنێن. ژنان کراسێکی سەرتاپێ دەبەردەکەن کە لە ناوقەدی‌ڕا گنجی ھەیە و پشتێند لە ناوقەدیان دەبەستن. لەبن کراسیش ئاواڵ‌کراس (دەرپێ) دەپێ دەکەن و ‹سیخمە› یان ‹کولێجە› لەسەر کراس دەبەر دەکەن و لێچکە لەسەر دەنێن و دەسماڵ بە شان دادەدەن.

گەشت و گووزار و ئاسەوارە کەڤنارییەکان

سروشت

شارستانی پیرانشار‎ سروشتێکی سەرسەوز، چۆم‌گەلێکی پڕ ئاو و ھەمیشەیی، لێڕەواری کوێستانی، کێوەکانی بەرز و پڕ بەفر، بازاڕچەی سەر سنوور، گوندەکانی سرنج راکێش و شوێنەواری میژوویی و جوانی ھەیە و بۆ گەڕان و سەیران خاوەنی جێگای خۆش و سەیرانگەی جۆراوجۆرە. ساڵانە لە وەرزەکانی بەھار و ھاوین‌دا لە ھەموو شوێنەکانی ئێران‌ڕا گەشتیاران بۆ دیتنی سروشتی جوان و سەرسەوزی ئەو ناوچەیە دێن و لە ھەموو وەرزەکانیشدا بۆ سەردانی بازاڕچەکان و کڕینی کەلوپەلی پێویست دێنە ناو شاری پیرانشه‌هر‎. ھەروەھا سنووری فەڕمی حاجی ئۆمەران کە لە نێوان کوردستانی عێراق وپیرانشار دایە شوێنی ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی جۆراوجۆر لە نێوان دوو لای سنورە و شوێنێکی گرینگە بۆ بازرگانان. ناوچەی پیرانشه‌هر‎ بە ھەبوونی سروشتێکی سەوز و دانیشتووانی خوێن گەرم و میوان دۆست و بازاڕچەی سنوری وەک نەقیمەیێک لەسەر ئەنگوستیلەی پارێزگادا دەدرەوشێ. لە گرینگترین شوێنەکانی سروشتی و سەیرانگەکان دەتوانیین ئەوانە ناو ببەین: ئاوھەڵدێری خەرپاپ: کێو و دۆڵەکان و لێڕەوار و چۆمەکانی ناوچەی پیرانشار‎ دەستیان وەیەک داوە ھەتا بە کێشانەوەی تابڵۆگەلێکی جوان و بێ‌وێنە لە سروشت، سەرنجی ھەر بینەر و رێبوارێک راکێشن. یەکێک لەو دیمەنە جوانانە ئاوھەڵدێری خۆڕێن و پڕ ئاوی خەرپاپە کە لەناو لێڕەوارە سەرسەوزەکانی پردانان‌دایە.

سەیرانگەی پردانان ھاوینە ھەوارێکی سەرسەوز و خۆش، ئاو ھەوای پردانان لە ٢٢ کیلۆمەتری باشووری پیرانشه‌هر‎ و لەسەر رێگای پیرانشه‌هر‎ بۆ میراوە دا ھەڵکەوتوون و چۆمی پڕ ئاو و خوڕێنی پردانان کە یەکێک لە سەرچاوەکانی چۆمی زێی بچووکە، جوانییەکەی دووھێندە کردووە. ئەو ھاوینە ھەوارە کە ھەتا بەفرە ھەمیشەییەکانی سنووری نێوانڕۆژھەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان درێژەیان ھەیە، سەرنجی ھەر گەشتیارێکی بۆ خۆ رادەکێشن.

چیای قەندیل

ئەو چیا بەرز و پڕ بەفرە ھەموو ساڵی لە وەرزەکانی بەھار و ھاوین‌دا گەشتیاران و شاخەوانان و وەرزشوانان بۆ لای خۆی رادەکێشێ. سروشتی سەوز و فێنک: ناوچەکانی وەک قەراخ چۆمەکانی زێ و بادیناوێ و لاوێن، لێڕەوارەکان، لەندی شێخان، دۆڵەنێ، بادیناوێ، گەڵی حاجی برایم، ئاوخواردە، دەڵاوان، قەڵاتی شای، کانێ زەرد، زێوکە و... ساڵانە دەکەوێتە ژێر پێی دۆستان سروشت و شاخەوانان. شاخە بەردینەکانی خورینج: زۆربەی گوندەکانی پیرانشه‌هر‎ سروشتێکی بێ وێنە و جوانیان ھەیە و بوونەتە سەیرانگە. یەکێک لەوان، وڵاتی بەردە سێحراوی و جۆراوجۆرەکانی خورینجە کە کەوتووەتە ٢٠ کیلۆمەتری باکووری رۆژھەڵاتی پیرانشار‎ و لەسەر رێگای پیرانشار‎ بۆ مەھاباددایە. لە قەراغ ئەو گوندە، تەپۆڵکەگەلێکی داپۆشراو بە گابەرد ھەیە کە بە شێوازێکی سەرسوڕھێنەر لەسەریەک دانراون، بە جۆرێک کە سەرنجی ھەر رێبوارێک بۆ لای خۆ رادەکێشن و دەڵێی دەستی بەتوانای وەستایێک ئەو بەردانەی ئاوا جوان و رێک‌وپێک تاشیوە ھەتا پەیکەری جۆراوجۆری لێ سازبکات.

جگە لە وانە بازاڕچەکانی ناوشار بۆ کەلوپەلی ناوماڵ، دەنگ و رەنگ، جلکی دەرەکی و کەرەسەی رازاندنەوە بە نرخی ھەرزان ھەموو رۆژی خانەخوێی مسافیران و کڕیارانێکە کە لە تەواوی ناوچەکانی ئێران‌ڕا دێن.

شوێنە مێژووییەکان

لە ناوچەی پیرانشار‎دا ١١٣ تەپۆڵکەی مێژوویی لە لایەن کارناسانی نوێنەرایەتی میراتی کولتووری ئەو شارستانە ناسراوە و تۆمار کراوە کە پێشان‌دەری مێژوویی بوونی ناوچە و پێکھاتن و لەئارادابوونی شارستانیەتی‌گەلێکی بەھێز و پڕشنگ‌دارە وەک شارستانیەتی ماننایی، پارسوایی، ئۆرارتۆ، ماد، زاموا و ئیسلام. لەوناوەدا ھێندێک تەپۆڵکە ھەن کە بە ھەبوونی شوێنەواری مێژوویی زۆر دەبنە جێگای سەردانی لایەنگرانی مێژوو و کولتووری ئەو ناوچەیە کە دەتوانین ئەوانە ناو ببەین: قەڵای شیناوێ (ھەزارەی یەکەمی پێش زایین)، قەڵاتی موتاوێ (٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، قەڵاتی شای (١٥٠٠ ھەتا ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، قەڵای جەڵدیان (٥٠٠٠ ھەتا ٥٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، قەڵای پەسوێ (پێش مێژوو)، بەردەنوسی بەردەمافوورە (گوندی لکبن)، داشان قەڵا (٢٠٠٠ ھەتا ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، تەپکی گرداشەوان و گۆڕستانی زەرگەتەن. دیارە شوێنی مێژوویی زۆر لەو ناوچەیەدا ھەن بەڵام بە ھۆی کار لەسەر نەکردن بێ ناو ماون و نەناسراون.

ناوەندەکانی کەلتوور و ئەدەب و ھونەر

پەڕتووک‌خانەی شارەوانی لە پارکی خەیام، پەڕتووک‌خانە و ناوەندی فەرھەنگی و ھونەری ئیرشاد لە شەقامی سەعدی، زانستگەکان: زانستگەی پەیامی نوور و زانستگەی ئازادی ئیسلامی، ناوەندی بارھێنانی بیری منداڵان و لاوان لە شەقامی بەھەشتی، ئەنجومەنی ئەدەبی چرا لە ھیلالی ئەحمەر.

ئابووری

سەرەڕای ئەوەی‌کە ئەو ناوچەیە بە ھۆی سروشتی دەسکاری نەکراو توانای ھەبوونی ھەموو جۆرە سەنعەتێکی ھەیە بەڵام لەو بوارەدا کارێکی ئەوتۆ نەکراوە. کارخانەیێکی قەندی ھەیە کە لە ٥ کیلۆمەتری شار و لەسەر رێگای پیرانشه‌هر‎- نەغەدە و لە گوندی رزگاری‌دایە. ئەو کارخانەیە بە راسپاردەی وەزارەتی سەنعەتی ئەودەم لە لایەن کومپانیایەکی بلژیکی دامەزرا و تا ئیستا ھەر بەربڵاوتر و گەورەتر بووە و رۆژانە ٢٥٠٠ تۆن چەوەندەر وەردەگرێت و ساڵانە ٣٠ میلیۆن کیلۆ شەکر و ٣ میلیۆن لیتر ئاڵکۆڵی پزیشکی و ١٥ میلیۆن کیلۆ تڵتەی ئیشک دەداتەدەر. ئەو کارخانەیە بە وەرگرتنی ٣٦٥ ھەزار تۆن چەوەندەر لە ساڵ‌دا، پلەی دووھەمی وەرگرتنی چەوەندەری لە ئێران‌دا وەدەست ھێناوە.

ھێندێک کارگەی چووکتریش لە شاردا ھەن وەک کارگەی سازکردنی کەلوپەلی دروێنە و وەرزێڕی، لایلۆن و کەرەسەی نان کردن، ئاشی ئاردی، ئاشی خیز. ھەروەھا لە شارەکی سەنعەتی کە کەوتووەتە ٢ کیلۆمەتری شار و بەرانبەر بە پادگانی پیرانشار‎، کارگەی جۆراوجۆر ھەن وەک کارگەی بەرھەم ھێنانی خۆراکی ئاژەڵ و باڵندە، قەند سازکردن، مزاویک سازکردن، تراشکاری، ساردخانە، شیر پاستۆڕیزە و... بە شێوەیێکی بڵاویش لەناو شاردا چنینی فەڕش، بەڕە، چارشێو، بەرماڵ، کەژوو، سەوەتە و کورتان ھەیە.

بازاڕچەی سەر سنوری پیرانشار‎

بە مەودای ٥ کیلۆمەتر لە شار کەوتووەتە سەر سنوری نێوانڕۆژھەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان و بە بازاڕچە حاجی ئۆمەران و بازاڕچەی تەمەرچیان ناسراوە. ناردن و ھێنانی کەل‌وپەل لە رێگای ئەو بازاڕچەیە وەکوو یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی داھاتی شارستان و پارێزگایە.

کانگە

بە وەبەرچاوگرتنی سروشتی دەست وێنەکەوتووی پیرانشار‎ و کوێستانی بوونی ناوچە و رۆڵی کێوەکان لە سازدانی بەرد، پیرانشار‎ خاوەنی کانگاگەلی دەوڵەمەندی بەردە. زیاتر لە ٨٠%ی کانگەکانی پارێزگای ئازربایجانی رۆژاوا لە پیرانشه‌هر‎. ئەو شارستانە بە ھەبوونی ٦٥ کانی ‹گرانیت› و بەرھەم ھێنانی ساڵانە ٣٠٠ھەزار تۆن بەردی گرانیت یەکێکە لە ناوچە گرینگەکانی ئێران بۆ دەرھێنانی بەردی گرانیت. زۆرتری بەردەکانی بۆ جوانکاری خانوو کە لەپیرانشار دا ھەن گرانیتی رەنگی بە تایبەت گرانیتی سەوزە کە لە جیھان‌دا ناوبانگی ھەیە. جگە لە گرانیت، کانگەی بەردی ‹مەڕمەڕ›یش لە پیرانشه‌هر‎ دا زۆرن.

وەرزێڕی

زەوی شیاوی چاندن، دەشتی پان و بەرین، ئاوی زۆر و بەپێز بوونی زەوی بوونەتە ھۆی ئەوەی کە زۆربەی خەڵکی ناوچە خەریکی وەرزێڕی بن. ئاوی پێویست بۆ وەرزێڕی لە کانیاو و چۆم و چاڵ وەدەست دێت. بەرھەمەکانی وەرزێڕی پیرانشار‎ ئەوانەن: گەنم، جۆ، چەوەندەر، نۆک، گوڵەبەڕۆۆژە، گوڵەگەنم و بەرھەمی باغی وەک گوێز، سێو، قەیسی، خۆخ، توو، ترێ و... لە کاری وەرزێڕی‌دا زۆرتر لە کەل‌وپەلی وەرزێڕی کەڵک وەردەگیرێت. داھاتی باشی وەرزێڕی بۆتە ھۆی ئەوەی کە زۆربە خەڵکی ناوچە وەرزێڕی بە پیشەی سەرەکی یان دووھەمی خۆیان ھەڵبژێرن.

ئاژەڵ‌داری

لە گوندەکان‌دا ئاژەڵداری باوە و ھێندێک ھەر بەشی پێویستی خۆیان ھەیە و ھێندێکیش بە شێوەی بەربڵاو ئاژەڵداری دەکەن. ئەوانە لە وەرزەکانی بەھار و ھاوین‌دا دەچنە ھەوارگەکان. ھەروەھا چەند ناوەندی بەخێوکردنی ئاژەڵ بە شێوەی سەنعەتیش ھەن. چەند جووجەخانەش کاری بەخێو کردنی مریشک دەکەن.

ھۆی پێشکەوتن

پیرانشار‎ لەو شارانەیە کە لە ماوەیێکی کورت‌دا پێشکەوتنێکی بەرچاوی ھەبووە. ئەو پێشکەوتنە لە بوارەکانی جۆراوجۆری دانیشتووان، جۆگرافیایی و تا رادەیێکیش ئاسایشی بووە. ھۆیەکانی پێشکەوتنی ئەو شارستانە ئەمانەن:

شوێنی نیزامی

لەبەر جێگای جۆگرافیایی، لە ٢٨ی خەرمانانی ١٣٢٧ی ھەتاوی‌دا لە کاتی ھێرشی سوپای رووسیا بۆ ئێران، بەشێک لە سوپای ورمێ لە باکووری گوندی زەرگەتەن‌دا نیشتەجێ بوون کە پاشان بوو بە پادگانی پیرانشار‎. بە ھۆی جێگای تایبەتیی ناوچە و نزیکی بە سنور دوو پادگانی دیکە بە ناوەکانی جەڵدیان و پەسوێ دامەزران. بەھێز کردنی نیزامیی پیرانشار‎ ئەو شارەی کردۆتە یەکێک لە بەھێزترین شارەکانی سنوری ئیران. لەئارادا بوونی سێ پادگان و پاسگەی زۆر بووە ھۆی ھاتنی زۆری نیزامی بۆ ئەو شارە کە ئەوەش کاریگەری لەسەر چنینە و بارودۆخی شاردا کردووە.

بارودۆخی پێوەندی

پیرانشار‎ لە لای رۆژاواوە لەگەڵ کوردستانی عێراق ھاسنورە و لە بازرگانی و ھێنان و ناردنی کەل‌وپەل لەگەڵ عێراق رۆڵی تایبەتی ھەیە. جگە لە بازاڕچەی فەڕمی تەمەرچیان، لە رێگاگەلێکی نایاساییشەوە بە شێوەی قاچاخ کەل‌و پەل دین و دەچن. لەئارادا بوونی بازاڕچەگەلی زۆری فرۆشتنی کەل‌وپەلی دەرەکی لەناو شاردا بۆتە ھۆی سەرنج راکێشانی مسافیران و بە دوای وی‌دا سازدانی دەرفەتی پیشەی زۆرتر بۆ خەڵک و ھاتن و نیشتەجێ بوونی خەڵکی شارەکانی‌تر لە پیرانشار‎دا.

بارودۆخی ئابووری

بە ھۆی ھەبوونی کانگەگەلێکی زۆر بۆ بەرەم ھێنانی بەرد و زەوی پاراو و بەپێز و ھەروەھا نزیکی بە سنور و بازرگانی دەرەکی، دەرفەتی کار و پیشە لە پیرانشه‌هر‎ دا زۆر بووە کە لە پەرەساندنی فیزیکی و چۆنیەتی شار و باش کردنی بارودۆخی بژیوی خەڵک کاریگەری زۆری داناوە.

که‌سانی ناسراو

(شێخ شەمسوددینی بورھانی) عارفی بەناوبانگی کوردستان، لە دایکبووی یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار‎ بە ناوی سێڵوەیە.

مەودای شاری پیرانشار‎ لەگەڵ ناوەندی شارستانەکانی دیکەی پارێزگا

  • ماکۆ ٤٢٢
  • سیەھچەشمە (چالدوران) ٣٦٩
  • پۆلدەشت ٣٨٨
  • شۆت ٣٨٦
  • قەرەزیائەددین (چایپارە) ٣١٩
  • خۆی ٢٨٠
  • سەلماس ٢٣٧
  • ورمێ ١٢٥ کیلۆمێتر
  • شنۆ ٤٦
  • نەغەدە ٤٦
  • چەهاربوورج ۷۲
  • بارووق ۱٤۲
  • میاندواو ١٤٢
  • مەھاباد ٩١
  • بۆکان ٢٠٢
  • میرئاباد ٤۷
  • سەردەشت ٩٥
  • شاھیندژ ٢٠٣
  • ته‌کاب ٢٨٦

مەودای شاری پیرانشار‎ لەگەڵ ناوەندی پارێزگاکانی ئێران

  • ئەھواز ١٠١٠
  • بوشێھر ١٤٩٥
  • بەندەر عەبباس ١٩٧٢
  • زاھیدان ٢٢٠٥
  • کرمان ١٦٧٦
  • یەزد ١٢١٥
  • ئیسفەھان ١٠١٤
  • شیراز ١٥٠٠
  • ئەراک ٧٢٧
  • قوم ٨٤٠
  • تەورێز ٢٩٦
  • ئورومیە ١٤٦
  • ئەردەبیل ٥١٥
  • زەنجان ٤٥٥
  • سەنەندەج (سنە) ٣٧٢
  • کرمانشاە ٥٢٣
  • ئیلام ٧٠٧
  • خورەماباد ٨١٤
  • شەھری کورد ١١١٩
  • یاسوج ١٣٠٢
  • رەشت ٨٠٣
  • ساری ١٠٤١
  • گورگان ١١٧١
  • سمنان ١٠١٠
  • بوجنورد ١٤٨٧
  • بیرجەند ٢٠٨٧
  • ھەمەدان ٥٥١
  • قەزوین ٦٣٠
  • تاران ٧٧٤
  • مەشھەد ١٦٦٨
  • کەرەج ٦٩٨

سنووری کارگێڕی ناوچەی پیرانشار‎ بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان

لە دوایین سەرژمێر لە ساڵی ١٣٨٥دا بەشەکانی پیرانشار‎ بەو جۆرە ناسێندران: مەڵبەندەکان:

  • مەڵبەندی ناوەندی
  • مەڵبەندی لاجان.

شارەکان:

  • شاری پیرانشه‌هر‎
  • شاری گردکشانە.

ناوچەکان:

  • ناوچەکانی مەڵبەندی ناوەندی: ناوچەی پیران
  • ناوچەی مەنگوڕی رۆژاوا
  • ناوچەی لاجان.

ناوچەکانی مەڵبەندی لاجان:

  • ناوچەی لاجانی رۆژھەڵات
  • ناوچەی لاجانی رۆژاوا.

گوندەکانی سەر بەو ناوچانە بریتین لە: ١- ناوچەی پیرانی ناوەند: چیانە، پێک‌ھاتووە لە ٢٩ گوند: دەڵاوان، کەڵەکین، بندڕێ، سەلکاوێ، قیزقەپان، قەمتەرێ، ھەبڵەس، وەتماناوێ، شیناوێ، زێدان، سێگرکان، برایماوێ، جەڕان، ئێمنابات، قەڵات، خواجاڵی، چیانە، سۆغالوێ، کاسورەدێ، تەمەرچیان، گوڵاوێ، زێوە، کۆنەلاجان، گەزگەسک، دێڵزێ، قەڵاتەڕەشێ، گردیمخانێ، نەمنجێ، بادیناوێ.

٢- ناوچەی مەنگوڕی رۆژاوا، ناوەند: کەوپەڕ، پێک‌ھاتووە لە ٥٠ گوند: بادیناوێی مەنگوڕان، گردڕەحمەت، بێکۆس، کانێ ئەشکەوت، گردشەیتان، کانێ سێو، گرباساک، خڕێ ئاغەڵان، ئاوخواردە، کەوپەڕ، شارۆچکەی کەوپەڕ، ترکەشی شێخی، ترکەشی خوارێ، ترکەشی سەرێ، تازە قەڵا، گەزگەسک، قەبری وسێن، پردانان، خڕێ چەوەندەران، کانێ شینکە، دووچۆمان، قوبادبەگیان، باوەلێی سەیدی، باوەلێی خوارێ، باوەلێی سەرێ، ھەنگەوێ، شەختان، گردەشینان، سەرتێز، کەرمندار، باستامبەگ، گرنەڵێن، کونەکێچ، مام ھەیبە، شەکراوێ، بەردەکوڕە، دەشتێ گەنمان، بەدراوێ، بازرگان، قەڵاتێ مەنگوڕان، شاڵیاوێ، وەرمیشان، سەڵۆس، گولەک، سوێستان، زەویێ قوڕێ، حوجران، خدرجەبان، پانەسەر، شارستێن.

٣- ناوچەی لاجان، ناوەند: دربکە پێک‌ھاتووە لە ١٨ گوند: بەردەقەل، شنۆزەنگ، زەنگیاوێ، دربکە، کەندەقووڵانی خوارێ، کەندەقووڵانی سەرێ، خڕێ بەرداشان، گەنەدار، گەپڵەسەن، بەرکەمران، خراپە، زینوینجیان، گردەگۆران، لاوێن، گرداشەوان، رکاوێ، کاسەکەران، بەردەڕەشان.

٤- ناوچەی لاجانی رۆژھەڵات، ناوەند: پەسوێ، پێک‌ھاتووە لە ٥٤ گوند: توانێ، سەروکانێ، ئەندێزێ، کێلێ، بەلەبان، کوندرێ، گردکسپیان، پەسوێ، سەرینچاوێ، ھەبڵەس، تۆبزاوێ، کانێ ئەشکەوتێ مامەشان، خورینج، کێلەسیپان، گردەبن، سنجەڵێ، گرداسێ، دایە شێخی، شێلمجاڕان، قوڕوچاوێ، قەرەخدر، توژەڵێ، گەنەدارێ مەنگوڕان، میشەدێی خوارێ، میشەدێی سەرێ، دۆڵێ گوێزان، کانێ نۆبەتیان، سێوێ گەدەی خوارێ، سێوێ گەدەی سەرێ، کانێ کیسەڵان، ئۆغەن، گردی مرادبەگی، کانێ خەلیلان، یاقوش، کانێ کلێ، کانێ مەلا، کانێ بداغ، گەرگوولی خوارێ، گەرگوولی سەرێ، حاجی غەڵدە، لکبن، ئەحمەد غەریب، کێلێ سەرشاخان، بابەکراوێ، شێوەبرسێ، بازارگە، دێلکە، ھەوشینان، کوورە، کانێ باغ، کەڵەکوکەی خوارێ، کەڵەکوکەی سەرێ، سەیداوێ.

٥- ناوچەی لاجانی رۆژاوا، ناوەند: سێڵوێ، پێک‌ھاتووە لە ١٤ گوند: رزگاری (کارخانە)، ھەوارەبی، خاڵدار، پیرەکانی، سێڵوێ، ھەمزاوای خوارێ، ھەمزاوای سەرێ، ماشکان، زێوکە، گردی کاولان، گردەسوور، قوبە، کولیچ، جەڵدیان.

سەرچاوەکان

جغرافیای استان آذر بایجان غربی، وەزارەتی فێرکردن و بارھێنان، ١٣٨١ی ھەتاوی.

نگاھی بە آذربایجان غربی، ئیرەج ئەفشار سیستانی، ١٣٦٩ی ھەتاوی.

جغرافیای غرب ایران، بەشی دووھەم، ژاک دومرگان، ١٨٩٠ی زایینی.

فرھنگ جغرافیایی کوەھا، قەراخانی.

فرھنگ جغرافیایی کوەھا، جەعفەری.

مقدمەای بر شناخت ایل‌ھا، چادرنشینان و طوایف عشایری ایران، ئەفشار سیستانی، ١٣٦٧ی ھەتاوی.

بەستەرە دەرەکییەکان