پارێزگای کوردستان (بە فارسی: استان کردستان) یەکێک لە پارێزگاکانی ئێران و بەشێکی گرینگی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. لە ڕۆژھەڵاتەوە ھاوسێی ھەمەدان و زەنگانە، لە باشوورەوە کرماشان، لە باکوورەوە ئازەربایجانی ڕۆژاوا و لە ڕۆژاواوە ھاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٦دا ١٤١٤٧٢١ کەس لە ٣٣٦٨٦١ بنەماڵەدا دانیشتووی ھەبوو. ناوەندی ئەم پارێزگایە شاری سنەیە و شارە گەورەکانی کە زۆرتر لە ٣٠ ھەزار کەس دانیشتوویان بێت بریتین لە: سەقز، مەریوان، بانە، قوروە، بیجاڕ و کامیاران. زۆربەی دانیشتوانی ئەم پارێزگا بە شێوەزاری کوردیی ناوەندی و ژمارەیەکیش بە شێوەزارەکانی ھەورامی و کەلھوڕی قسە دەکەن. لە ڕۆژھەڵاتی ئەم پارێزگایە ژمارەیەکی کەم ئازەریش ئەژین.
پارێزگاکەش پێک ھاتووە لەم شارستانانە:
- سنە
- بانە
- سەقز
- مەریوان
- بیجاڕ
- قوروە
- دیواندەرە
- کامیاران
- سەوڵاوا
- دێولان