بەھمەن قوبادی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بەھمەن قوبادی

لەدایکبوون (١٩٦٩-٠٢-٠١) ١ی شوباتی ١٩٦٩ (تەمەن ٥٥ ساڵ)
نەتەوەکورد
پیشەدەرھێنەری فیلم
چالاکبوون١٩٩٠ تاکوو ئێستا
ئایینئیسلام (سوننە)
خزمەکانبەتین قوبادی (برا)
ناھید قوبادی (خوشک)
وێبگەhttp://mijfilm.com/

بەھمەن قوبادی (لەدایکبووی ١ی شوباتی ١٩٦٩ لە بانە) دەرھێنەرێکی کوردە. فیلمەکانی بەھمەن قوبادی لە فێستیڤاڵەکان و کێبەرکێکاندا خەڵاتی زۆریان گرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆمپانیای مژفیلمی (Mij Films) دامەزراندووە.

ژیان[دەستکاری]

بەھمەن لە ساڵی ١٩٦٩ لە بانە لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨١، ماڵیان چۆتە سنە، لەوێ بڕواننامەی دبلۆمی بەدەستھێناوە. لەپاشان چۆتە تاران، لەوێ بەشی لە کۆلێژی دەنگ و ڕەنگ دەستی بەخوێندنکرد بەڵام تەواوینەکرد.[١]

بەھۆی کارە ھونەرییەکانییەوە ئەوا قوبادی ناتوانیت بچێتەوە ئێران، ھاوکات ڕێگری لە دایکیشی کراوە کە بچێتە لای،[٢] لەم بارەیەوە قوبادی وتوویەتی، «شەرم بۆ ئێوە (ڕێژیمی ئێران) کە ئیجازەی چوونەدەرەوەی دایکی ماندوو و زەحمەتکێشمتان نەدا، ھەتاکوو دوای ماوەیەکی دوورودرێژ، بیبینم. ئێوە زۆر لە مرۆڤایەتی و ویژدان بەدوورن. وەھا ڕێژیمێکی گەندەڵ، ترسنۆک و درۆزن، ڕێگایەکی جگە لە لەنێوچوون نییە. شەرم بۆ ھەمووتان».[٣]

ژیانی پیشەگەری[دەستکاری]

لە سەرەتادا، قوبادی دەستیکرد بە وێنەگرتنی کورتە فیلمی ٨ ملیلمی. لە ساڵی ١٩٩١، یەکەم کورتە فیلمی بەناوی «ژ» وەکوو ژیان دەرھێنا، دواتر لە ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٠ خەریکی دەرھێنانی کورتە فیلمی دیکە بووە.

لە ساڵی ١٩٩٩، وەک یاریدەدەری دەرھێنەر عەباس کیاڕۆستەمی لە فیلمی (The Wind Will Carry Us) بەشداربووە.[٤] لە ساڵی ٢٠٠٠، کۆمپانیای مژفیلمی دامەزراند لەپێناو بەرھەمھێنانی فیلم لەسەر نەتەوە جیاوازەکانی ئێران. لە ساڵی ٢٠٠٠، فیلمی کاتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان دەرھێنا کە بووە یەکەم کاری ئەو وەک دەرھێنانی فیلمێکی درێژ،[٥] ھەروەھا بووە یەکەم فیلمی بەرھەمھێنراوی کوردی لە ئێران،[٦] فیلمەکە بووە براوەی خەڵاتی کامێرای زێڕین لە فیستیڤاڵی فیلمی کان. دوای ئەو فیلمە ئەوا لە ساڵی ٢٠٠٤، فیلمی کیسەڵەکانیش دەفڕن دەرھێنا کە بووە براوەی خەڵاتەکانی گلاس بیر و پیس فیلم لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەرلین، ھەروەھا بووە براوەی خەڵاتی گۆڵدن شێل لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سان سێبەستیان.[٧] لە ساڵی ٢٠٠٦، فیلمی نیوە مانگی دەرھێنا کە بووە براوەی خەڵاتی گۆڵدن شێل لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سان سێبەستیان، لە فیلمەکە ھەریەکە لە ئەکتەرانی ئێرانی گوڵشیفتە فەراھانی، حەسەن پورشیرازی و ھەدیە تەھرانی ڕۆڵیان گێرا.[٨]

لە ساڵی ٢٠٠٦، لەلایەن (Index on Censorship) خەڵاتی خەڵاتی فیلمی ئێندێکسی پێدرا لەبەرامبەر بەشدارییە بەنرخەکانی لەبابەتی ئازادی ڕادەربڕین لە فیلمی کیسەڵەکانیش دەفڕن.[٩] لە ئەیاری ٢٠٠٩، خەڵاتی (Un Certain Regard) پێدرا کاتێک فیلمی کەسێک لە پشیلە ئێرانیەکان ھەواڵی نیە لە فیستیڤاڵی فیلمی کان نمایشکرد، فیلمەکە بە زمانی فارسییە و سەبارەت بە مۆسیقای قەدەغەکراوی لاوانی ئێستای ئێران.

لە ساڵی ٢٠١٥، بەھمەن دوو فیلمی بەڵگەنامەیی بەناوەکانی ئاڵای بێ وڵات و ژیان لەسەر سنوور دەرھێنا.[١]

فیلمۆگرافی[دەستکاری]

وتاری قوبادی دەربارەی فیلمەکەی (Nobody Knows About Persian Cats) لە ساڵی ٢٠٠٩ لە لە ٥٧ەمین فیستڤالی سان سبەستیانێ

وەک دەرھێنەر[دەستکاری]

فیلم ساڵ تێبینی
"ژ" وەکوو ژیان ١٩٩١ کورتە فیلم
گوڵباجی ١٩٩١ کورتە فیلم
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە ١٩٩١ کورتە فیلم
سەرباز "م. حوسەینی" ١٩٩٢ کورتە فیلم
تەنیا لە یەک نیگادا ١٩٩٢ کورتە فیلم
بەربان ١٩٩٢ کورتەفیلم
سەرتاشخانە ١٩٩٣ کورتەفیلم
پانتۆڵ ١٩٩٣ کورتەفیلم
کۆترەکەی نادر فڕی ١٩٩٤ کورتەفیلم
ئەو پیاوە ھات ١٩٩٥ کورتەفیلم
ژیان لە ناو مژ ١٩٩٥ کورتەفیلم
دیسان باران لەگەڵ گۆرانی ١٩٩٥ کورتە فیلم
سەربازێک بە ناو "ئەمین" ١٩٩٦ کورتە فیلم
وەکوو دایک ١٩٩٦ کورتە فیلم
ماسی خودا ١٩٩٦ کورتە فیلم
میوانی ١٩٩٦ کورتە فیلم
دەنگ ١٩٩٦ کورتە فیلم
ژین لە مژ ١٩٩٧ کورتە فیلم
گۆرانییەکانی کچانی دونیا ١٩٩٧ کورتە فیلم
کیوسکی تەلەفوون ١٩٩٧ کورتە فیلم
کاتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان ٢٠٠٠ فیلمی درێژ
جێھێڵراو لە عێراق ٢٠٠٢ فیلمی درێژ
ئاوازەکانی وڵاتە دایکیەکەم ٢٠٠٢ فیلمی درێژ
شەڕ تەواوبوو ٢٠٠٣ کورتە فیلم
دەف ٢٠٠٣ کورتە فیلم
کیسەڵەکانیش دەفڕن ٢٠٠٤ فیلمی درێژ
نیوەمانگ ٢٠٠٦ فیلمی درێژ
کەسێک لە پشیلە ئێرانییەکان ھەواڵی نییە ٢٠٠٩ فیلمی درێژ
وەرزی کەرگەدەن ٢٠١٢ فیلمی درێژ
ئاڵای بێ وڵات ٢٠١٥ بەڵگەنامە
ژیان لەسەر سنوور ٢٠١٥ بەڵگەنامە

وەک ئەکتەر[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠١٩، لە فیلمی تۆڕی نێتفلێکس، ئێرلەندییەکە وەک میوانێکی تایبەت بە ڕۆڵێکی کورت بەشداربوو، فیلمەکە لەدەرھێنانی ماڕتن سکۆڕسێزی،[١٠] لە دیمەنەکە قوبادی خەریکی سازکردنی ئایسکرێمێکە بۆ جیمی ھۆفا. قوبادی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە خۆی حەزی بە نواندن نییە، ئەوکارەشی کردووە لەبەر سکۆڕسێزی و ئال پاچینۆ بووە. دواتر فیلمەکە پاڵێوراوکرا بۆ باشترین فیلم لە خەڵاتەکانی ئۆسکار.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ژیاننامە و بەرھەمەکانی بەھمەن قوبادی، ماڵپەڕی مژ فیلم، ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  2. ^ دایکی بەھمەنی قوبادی لە تاران دەستگیرکرا، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ دایکی "بەھمەن قوبادی" لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی خومەینیی تاراندا دەسبەسەر کرا، ماڵپەڕی کوردپا، ٣١ی خەرمانانی ٢٧١٩ی کوردی بڵاوکراوەتەوە.
  4. ^ Full cast and crew for Bad ma ra khahad bord, IMDd. Retrieved November 10, 2012
  5. ^ ژیان و فیلمۆگرافی بەھمەن قوبادی، ماڵپەڕی مژ فیلم، ڕۆژی ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  6. ^ Peter Scarlet. Kurdish Director, Stuck Between Iraq and Iran, The New York Times, December 16, 2007. Retrieved November 10, 2012
  7. ^ Awards for Lakposhtha parvaz mikonand, IMDd. Retrieved November 10, 2012
  8. ^ Jeannette Catsoulis. Harsh Realities and Mystical Power, The New York Times, December 14, 2007. Retrieved November 10, 2012
  9. ^ "Freedom of Expression Film Award for Turtles Can Fly". www.mijfilm.com. Archived from the original on 2006-11-04. ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  10. ^ بەھمەن قوبادی لە فیلمێکدا رۆڵ دەبینێت ٥ی ئابی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]