ڕێ (فیلم)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕێ Yol
Rê (Yol).jpg
پۆستەری فیلمی ڕێ
دەرھێنەریەڵماز گونەی
شەریف گۆرین
بەرھەمھێنەریەڵماز گونەی
ئێدی هابشیر
نووسەریەڵماز گونەی
ئەکتەرانTarık Akan
Halil Ergün
Şerif Sezer
Meral Orhonsay
مۆسیقاSebastian Argol
Zülfü Livaneli
دەرچوون١٩٨٢
ماوەی فیلم١٢٤ خولەک
وڵاتتورکیا
زمانتورکی، کوردی

فیلمی ڕێ (بە تورکی: Yol) فیلمێکی ١٩٨٢ی تورکییە. لەلایەن هەریەکە لە یەڵماز گونەی و شەریف گۆرین دەرهێنراوە.[١] ئەم فیلمه له ڤیستیڤالی فیلمی کان بووە براوەی خەڵاتی دارخورمای زێڕین.[٢] کاتێک یەڵماز له بەندی خانەدا بوو، شەریف گۆرین ئەم فیلمەی له سەر ڕێنوێنییەکانی یەڵماز چێ کرد. پاشان که یەڵماز له بەندی خۆی دەرباز دەکا؛ له سویس به سەر نیگاتیوی فیلمەکەدا دێتەوه.[٣]

فیلمی "ڕێ" لە سەردەم، دۆخی تورکیا پشان دەدا لەدوای کودەتای ١٩٨٠ی وڵاتەکە، تێیدا چیرۆکی تاقمێک زیندانییه له تورکیا دا که پشووی دەرەوەی بەندی خانەیان دراوەتێ.

چیرۆک[دەستکاری]

سەید عەلی (تاریک ئاکان) کاتێ دەگاتەوه ماڵ، دەگەڵ هەواڵی خەیانەت و غەدری خێزانی دەگەڵ ئەودا ڕووبەڕوو دەبێتەوه، بەڵام کاتێک که بنەماڵەی ئەو دەیانهەوێ خێزانی بکوژن و پێ له سەر ئەم ئیشه دادەگرن، سەید عەلی دژایەتی دەکا و ڕێی ئەم کارەیان پێنادا. مێهمەت سەلاح (هەلیل ئێرگۆن) کاتی دزی کردنی به چەکەوه دەگەڵ زاواکەی له بانکێک دەگیرێ و ... .

ئەم فیلمه له ڤیستیواڵی "کەن" خەڵاتی چڵەدارخورمای زێڕینی وەرگرتووه[دەستکاری]

دەرهێنەر و نووسەری بەناوبانگی کورد "یەڵماز گونەی" فیلم نامەی فیلمی "ڕێ"ی نووسی و ئەو کاتەی له بەندی خانەی تورکیا بوو، به هاوکاری یاریدەرەکەی دروستی کرد. سەرسوڕهێن ترین نوکتەی فیلمەکه ئەوەیه که گونەی بۆ گەیاندنی مانی فیلمەکەی زۆری کەلک له دیالۆگ وەرنەگرتووه. ئەو فیلمه توانیوێتی له بواری تەسویرییەوه هەموو قسەکانی بڵێ. تەسویر زۆر کات بۆ گەیاندنی پەیام، له زۆر دیالۆگ بەهێزتره.

گونەی ئەو کاته له بەندی خانه بوو، دەیزانی که به دیالۆگ ناتوانێ هەموو شتێک بڵێ. فیلمەکەی به ڕواڵەتێکی زۆر جوان توانی باس له گۆڕانێکی گەوره بکا، بەڵام گۆڕانەکه چ بوو؟ گۆڕانەکه پێوەندی بەو زوڵم و یەدرەیه که زیاتر له بیست میلیۆن کوردی تورکیا به سەریان هاتووه. ئەو زوڵمەی که ئێستاش هەر درێژەی هەیه و بریتین له: خاپوور کردنی زیاتر له سێ هەزار دێهاتی کوردی، جەنایەتی گەوره دژ به ئینسانییەت و ژینگه و ژیانی خەڵکی کوردستان و له نێو بردنی هونەر و مێژووی نەتەوەی کورد، بەڵام بەداخەوه ئەم جەنایەتانه باسی نەکرا و شاردرایەوه و کەوته ژێر سێبەری جەنایەتەکانی سەددام و کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.

گونەی تەنیا کوردێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو ئەو کەسایەتییه مەزنه بوو که به هۆی کورد بوونی بۆ ماوەی دەیان ساڵ له لایەن حکوومەتی تورکیا چەوساندراوه. له بەندی خانه ڕایکرد و فیلمی "ڕێ"ی له ئورووپا تەواو کرد (ڕێ ئەوەڵین فیلمی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست بوو که توانی خەڵاتی نەخلی زێڕینی ڤیستیواڵی کەن وە دەست بهێنێ) دوایی گونەی ڕایکرده فەڕەنسا و فیلمێکی تری به ناوی دیوار درووست کرد.

جارێک له ڤیستیواڵی فیلمی MOMA له نیۆیۆرک، دەرهێنەرێکی تورک گوتی: کوردی زاراوەیەکی زمانی تورکییه! بۆ ماوەی ٨٥ ساڵ، ئەڵمانیش زمانی فەڕانسەی به زاراوەیەکی خۆی دەزانی و ئێستاش تورکیای به ناو مۆدێڕن دەیهەوێ هەمان کار بکا.

گونەی یەکێک له بناغەداڕێژەرانی ئەنیستیتۆی کوردی پاریسه. ئەم ئەنیستیتۆیه زۆر شتی بەنرخ له بابەت مێژوو، شێعر، ئەدەبیات و مۆسیقای کوردی کۆ کردووەتەوه.

دوای ئاواره بوونی گونەی بۆ فەڕەنسا، سازمانی نهێنی تورکیا بۆ کوشتن یا کەلەبچه کردنی ئەو پیلانی داڕشت، بەڵام شێرپەنجه ئەمانی پێنەدا و گونەی که هێشتا ٥٠ ساڵی تەواو نەکردبوو، دنیای به جێ هێشت. تەرمەکەیان به ڕێزێکی زۆرەوه له گۆرستانی Pere La Chaise له پاریس ناشت.

گونەی و فیلمەکانی بۆ ماوەی بیست ساڵ دوای مردنیشی له تورکیا قەدەغه بوون. خێزانی لەو بوارەدا دەڵێ: "حکوومەتی تورکیا زۆربەی ماستێری فیلمەکانی گونەی له نێو برد."

گونەی بناغەی ڕێکخراوەیەکی له ئەستەمبوڵ داڕشتبوو که دواتر حکوومەت ئەویشی هێنایه ژێر دەسەڵاتی خۆی. دواتر حکوومەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی تورکیا ویستی ئەو کوردایەتییەی له نێو فیلمەکانی گونەی دا ڕەنگ دەداتەوه، بیسڕێتەوه. بۆ نموونه له فیلمی ڕێ دا کاتێک یەکێک له زیندانییه ئازاد کراوەکان له پاسەکه دادەبەزێ و خاکی نیشتمانی ماچ دەکا، له ژێرنووسی فیلمەکه دەنووسێ کوردستان که له فیلمەکەدا سانسۆر کراوه (دواتر ڤیستیواڵی فیلمی کوردی لەندەن ئەسڵی فیلمەکەی پێشاندا). یان له فیلمی دیواردا بەندکراوێک له سەر دیواری زیندانەکه به خوێنی خۆی - که به هۆی ئەشکەنجه به سەروچاوی دا هاتووەته خوار - دەنووسێ: بژی نیشتمان، بەڵام ئەم سانسۆرکردنانەش نەیتوانی مانای فیلمەکانی گونەی داپۆشێ و گونەی هەتاهەتایه له پله بەرزەکانی سینەمای جیهان هەر شانازی پێوه دەکرێ.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Yol - The Full Version". www.hkiff.org.hk (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-04-21.
  2. ^ YOL، ماڵپەڕی فیستیڤالی فیلمی کان، ٢١ی نیسانی ٢٠٢١ هێنراوە.
  3. ^ "Yol – TIFF Cinematheque". TIFF.net. Archived from the original on 2013-10-29. Retrieved 2013-01-15. ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • گۆڤاری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئەدەبی مەهاباد - ژماره ١٤٩ - ساڵی ١٣٩٢، لاپەرەی ١٩، سالار ئەمین زاده.