بەغدا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە بەغدادەوە ڕەوانە کراوە)
بەغدا
بەغداد
بغداد
چەند دیمەنێکی شاری بەغدا
وڵات عێراق
پارێزگابەغدا
ڕووبەر
 • سەرجەم٢٠٤/٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٩٫٠ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٣٤ مەتر (١١٢ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٧٬٢١٦٬٠٤٠
ناوچەی کاتیکاتی ستانداردی عەرەبی
وێبگەwww.baghdad.gov.iq

بەغدا (بە عەرەبی: بغداد‎) گەورەترین شاری عێراقە و لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا لە پاش قاھیرە دووەم شاری گەورەی عەرەبییە. بەغدا لە نێوان ساڵانی ٧٦٢ بۆ ٧٦٤ دروست کراوە. لە سەردەمێکدا پایتەختی خەلافەتی عەبباسی بووە. ڕووباری دیجلە بە ناوەڕاستیدا تێدەپەڕێت و بەغدا دەکات بە دوو بەشەی سەرەکییەوە لە ڕووی جوگرافییەوە، شاری بەغدا لە دەیەی یەکەمی سەدەی ھەژدەیەمی زاییندا ئەبووجەعفەری مەنسوور بە شێوەیەکی بازنەیی بە دەوری ڕووباری دیجلەدا نەخشەسازی بۆ کێشاوە و دروستی کردووە.

مێژوو[دەستکاری]

شاری بەغدا، پاش مردنی ھارونە ڕەشید لە ساڵی ١٩٣ی کۆچی دا کە بەرامبەر بە ٨٠٩ زایینی دەکات، ئەمینی کوڕی ھارونە ڕەشید، بە خەلیفە ھەڵبژێردرا، لە سەردەمی ئەمیندا، ئاشوب و شەڕو شۆڕێکی زۆر، کەوتە شاری بەغداوە تا بە کوشتنی خۆی کۆتایی پێھات، دوایی ئەو مەئمونی برای کرا بە خەلیفەی بەغدا لە ساڵی ٨١٤ی زاییندا، لە دوای مردنی ھارونە ڕەشید بە دوو ساڵ ناکۆکی دەکەوێتە نێوان ئەمین مەئمونەوە و بەم جۆرە دەسەڵاتێکی سەربازی تێدا ھاتەکایەوە، لە سەردەمی مەئموندا بەغدا بۆ یەکەمین جار ماوەی ١٤ مانگ گەمارۆی ئابووری سەپاوە بە سەریداو بە حوکمی ئاگرو ئاسن چووە بەڕێوە. لە کۆتایی ٨١٢ی زایین دا ھەردوو سەرۆکی سوپای مەئمون کە ناویان (ھەرسەمەو گاھیر) بوو توانیان لە دوو قۆڵەوە گەمارۆی شاری بەغدا بدەن، بەو شێوەیە خەلیفە لە کۆشکی سەرۆکایەتی خۆیدا کە بە کۆشکی خولد ناسراوە و دەکەوێتە سەر کەناری دیجلە، بە تەنیا مایەوە، لەکاتێکدا کە ھەوڵی خۆدەربازکردنی دەدا بەدیل گیراو کوژرا، بەو شێوەیە گەمارۆکە کۆتایی پێھات، بەڵام بە کوشتنی ئەمین خەڵکی شاری بەغدا زۆر توڕەو نیگەران بوون، بەم شێوە وێرانی و قاتوو قڕی ڕووی لەو شارە کرد و جوانییەکەی پێشوی نەما.

پایتەختی خەلافەت[دەستکاری]

بەغدا لە کۆندا پایتەختی عوسمانییەکان بووە و پایەیەکی بەرزی ھەبووە لەو کاتەدا، لە بەر ئەوەی بە گرنگترین ناوەندی عیلم و زانیاری ژمێردراوە، بۆ ماوەی چەند سەدەیەکیش جێگەی پێکگەشتن و ژوانی زاناکانی ئەو سەردەمە بووە. شاری بەغدا یەکێکە لەو شارانەی کە لە مێژووی دەوڵەتی عەباسیدا پانتایییەکی گەورەی ھەیە و پەیوەستە بە مێژووی ئەوانەوە، لە بەرئەوەی دووەمین خەلیفەی عەباسییەکان کە دەبوو جەعفەری مەنسوور بوو لە ساڵی ٧٦٢ی زاییندا بەغدای بە پایتەختی خۆی ھەڵبژارد؛ دوای ئەوەی بە سەر نەیارەکانیدا سەرکەوت لە عەباسی و عەلەوییەکان، شاری بەغداد لەو سەردەمەدا لە ڕووی بیناسازییەوە شتێکی جیاواز و نوێ بوو، لە چاو شارەکانی دیکەی عەرەبدا، ئەو سەردەمە لە ڕووی شێوە بازنەیی و بیناسازییە جوانەکەیەوە کە لە ئەورووپادا بە ھونەری «ئەرابێسک» ناسراوە کە ھونەرێکی تایبەتە بە زەخرەفەی ئیسلامیی، لە سەردەمی ھاروون ڕەشیددا ئەم شارە گەیشتووەتە لقە پۆپەی بەرزی و شکۆداریی خۆیی و خانووەکانی تا دەھات بە چواردەوریدا جوانتر و فراوانتر دەبوون و وەک چەند شارێکی بچکۆلەی یەکگرتوو دەھاتە بەر چاو کە ژمارەیان ٤٠ شارێک دەبوو.

پشێوی سەردەمی عەبباسی[دەستکاری]

پاش دروستبوونی پشێویو شەڕو شۆڕ لە بەغدادا، نزیکەی دوو ساڵێک ئیبراھیمی کوڕی مەھدی عەباسیی، بەسوود وەرگرتن لەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان خەڵک و عەباسییەکاندا ھەبوو، خەریک بوو دەسەڵات بگرێتە دەست، بە لام بەھۆی ناپاکی لێکردنی سەرکردەکانییەوە ناچار بوو دەسەڵات بداتەوە دەست مەئمون، لەبەر ئەوەی مەئمون فارسەکان پشتیوانیان لێدەکرد و ھەوڵی دەدا کە پایتەختی عەباسی بگوازێتەوە بۆ خوراسان بۆ ئەوەی بە باشی کۆنتڕۆڵی کاروبارەکانی دەوڵەت بکات، داوای ئەویش حەسەنی کوڕی سەھل خەلافەتی وڵاتی عێراق و حیجاز و یەمەنی گرتە دەست، بەو شێوەیە باری ئەمنی بەغدا ڕووی لە خراپی کردو بشێویی و فیتنە باڵی بەسەردا کێشا بە یەکجاری، تا ئەو کاتەی کە مەئمون لە ساڵی ٨٢٠ گەڕایەوە بەغداو ئەو شارەش کەمێک گەرایەوە سەر دۆخی جارانی خۆی، تا ساڵی ٨٣٤ زایین مەئمون کۆچی دوایی کردو خەلافەت درایە دەست موعتەسەمی برای. لەو کاتەوە بەغدا ئارامی بەخۆیەو نەبینی تا ساڵی ١١٥٧ زایین، لەو مەملەکەتە گەورە و ئاوەدانە تەنھا شارەکۆنەکە خۆی و ھەندێک لە دەوروبەری مانەوە. لە ساڵی ١٢٥٨ دا ھۆلاکۆش بە سوپایەکی گەورەوە گەمارۆی بەغدای داو داگیری کرد، ئاگری شەڕو فیتنەی ناوخۆش ھەر بەردەوام بوو، تا ئەو دەمەی تەتارەکان چونە بەغدا و کۆتاییان بە دەسەڵاتی موعتەسەم ھانی و خۆیی و ماڵ و منداڵ و دارو دەستەکەیان ھەموو کوشت و قەتڵ و عامێکی گەورەشیان لەو شارەدا بەرپاکرد و بەزەیییەیان بە ژن و منداڵ و پیریشدا نەھاتەوە، بەو شێوەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی خەلافەتی عەبباسی ھات کە زیاتر لە پێنج سەدەی خایاند.

شاری بەغدا لە سەردەمی ئەحمەد جەلائیریدا تەیمووری لەنگ زیاد لە جارێک پەلاماریدا و دواجاریان لە ساڵی ١٤٠٠ زاییندا داگیری کردو ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دانیشتووانەکەی داو پەرژو بڵاوەی پێکردن و لە ماوەی ھەفتەیەکدا کارێکی وای پێکردن بەھیچ زمانێک باسناکرێت. پاش ئەوەی تەیموری لەنگ لە ساڵی ١٤٠٤ی زاییندا کۆچی دوایی کرد، جارێکی دیکە سوڵتان ئەحمەد جەلائیری گەڕاوە بۆ بەغداد لە ١٤٠٥دا، دوای ئەویش ناکۆکی کەوتە نێوانیان لەگەڵ سوڵتان قەرە یوسفی تورکمان نەژاددا و تورکمانەکان لە ساڵی ١٤١٠ دا توانیان سوڵتان ئەحمەد بکوژن و لە ساڵی ١٤١١ بە سەرۆکایەتی محەممەد شا بچنە سەر حوکم و دەسڵاتی شاری بەغدا بگرنەدەست دوای ئەوەی دەرگاکانی ئەو شارە لەلایەن خەڵکەکەیەوە داخرا بە ڕوویاندا. بەو شێوەیە بەغدا لەژێر دەسەڵاتی تورکمانەکاندا مایەوە تا ساڵی ١٥٠٩ زایینیی، تا ئەو کاتەی سەفەوییەکان بە سەرکردایەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی بەغدایان داگیر کرد لە ساڵی ١٥٣٥ زاییندا، لە دوای ئەوانیش جارێکی دیکە عوسمانییەکان ھاتنەوەو دەسەڵاتیان لە سەفەوێکان سەندەوە و دواجار جارێکی دیکە سەفەوییەکان توانیان لە ساڵی ١٦٢٤دا دەسەڵاتیان لێبسەننەوە و تا ساڵی ١٦٣٩ فەرمانڕەوایی بەغدایان کرد، تا ئەو دەمەی سوڵتانی عوسمانیی مرادی چوارەم حوکمی بەغدای گرتە دەست و تا ئەو کاتەی کە ئینگلیزییەکان لە ئازاری ١٩١٧دا ھاتن و دەسەڵاتیان گرتە دەست ھەر ئەوان حوکمی بەغدایان کردووە. بەمشێوەیە بەغدا ھەروەکو زۆربەی ناوچەکانی دیکەی عێراق کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی و ئینتدابی بریتانیاوە تا ئەو کاتەی شۆرشی بیست واتە پورە ئەلعەشرین دەستی پێکرد.

لەمێژووی شارستانیدا[دەستکاری]

شاری بەغدا لە چوارچێوەی شارستانییەتی خۆیدا چەند گۆرانکارییەکی گەورەی بە سەردا ھاتووە، لە سەردەمی بابلیی و سلوقی و گریک و تورک و فارسەکانەوە کە بە شارەکانی کیسرا ناودەبرا دەستی پێکردوە ھەتاکو ئەمڕۆ کە بە بەغدای عێراقی فیدڕاڵ دەناسرێت. دوای ئەو ھەموو کارەسات و نەھامەتییەی کە بە سەر شاری بەغدادا ھاتووە لە مێژوودا، ھێشتا ھەروەکو خۆی ماوەو لە ھەردوو دەرگای سەروو خوارویەوە بە ڕووکاری ڕۆژاوای دیجلەدا چەند ناوچەیەکی دیکەی نوێش چووەتەسەری. بەغدا لە سەردەمی ھارونە ڕەشیددا مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و زانست بوو، لە ٨٠٠ زاییندا ئەو دەمە دانیشتووانەکەی پتر لە یەک مایۆن کەس دەبووە، بەڵام بەھۆی شەڕە یەک لە دوایەکەکانی تورک و تەتار و فارس و مەغولەوە کاولو وێران بوو، ھەروەھا گەلێک کارەساتی وەک سووتان و لافاو نەخۆشی و برسێتیش ڕوویان تێکردووە.

شاری بەغدا لە ساڵی ١٩٢١دا بووەتە پایتەختی عێراق و بەھۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە لە ساڵانی ھەشتاکاندا و جەنگی کەنداوی دووەم لە ساڵی ١٩٩١دا و جەنگی کەنداوی سێیەم لە ساڵی٢٠٠٣، جارێکی دیکەش کەوتووەتەوە بەر شاڵاوی وێران کاریی و قات و قڕی و برسێتی و شەڕی برکوژیی و تایەفەچێتی بەھۆی سیاسەتی وڵاتانی دراسێیەوە. ئێستا شاری بەغدا دەکەوێتە سەرووی شاری بابل بە ٩٠ کیلۆمەتر و چەند کیلۆمەترێکیش لە سەروی شاری قتیسون واتە ئەلمەدائینی جارانەوەیە کە بە سەنتەری ناوەندی وڵات دادەنرا تا ئەو کاتەی لە سەردەمی عەباسێکاندا شاری بەغدای ئێستا جێگای گرتەوە.

مێژووی فەرمانڕەواییکردن لە شاری بەغدا[دەستکاری]

ئەو کەسانەی کە لە شاری بەغدادا فەرمانڕەواییان کردووە زۆرن، بەڵام گرنگترینیانە ئەمانەن:

  • عەبدوڵای کوری محەممەد ئەلئیمام ناسراو بە ئەبو جەعفەری مەنسوور لە ٧٥٤ تا ٧٧٥.
  • محەممەد کوڕی عەبدوڵای مەنسوور ناسراو بە ئەبو عەبدوڵای مەھدی لە ٧٧٥ تا ٧٨٥.
  • موسی کوڕی محەممەد مەھدی ناسراو بە ئەبو محەممەدی ھادی لە ٧٨٥ تا ٧٨٦.
  • ھارون کوری محەممەد مەھدی ناسراوبە ئەبو جعفری ڕەشید لە ٧٨٦ تا ٨٠٩.
  • محەممەد کوڕی ھارونە ڕەشید ناسراو بە ئەبوعەبدوڵای ئەمین لە ٨٠٩ تا ٨١٣.
  • عەبدوڵا کوڕی ھارونە ڕەشید ناسراو بە ئەبو عەباسی مەئمون لە ٨١٣ تا ٨٣٣.

ناوە مێژوویییەکانی بەغدا[دەستکاری]

لەوانە «ئەلمەدینە ئەلمدەوەرە» واتە شارە خڕەکە کە شتێکی نوێ بوو لە سەردەمی خۆیدا.[ژێدەر پێویستە] ھەروەھا دارولسەلام، زەورا. ئەو شوێنەی لە بنەڕەتدا بەغدای تیادامەزرا پێی دەوترا شوینزییە.

مۆزەخانەو مزگەوت و قوتابخانە کۆنەکان[دەستکاری]

لە شاری بەغدادا چەند مۆزەخانەیەکی تێدایە پاشماوەی گەلێک ئاسەواری کۆنی تێدا نیشان دەدرێت وەکو خشڵ و دراوی کۆن و پەیکەری کۆنی سەدەکانی پێش زایین ھەتا سەدەی حەڤدەی زایینیی، ھەروەھا ئاسەواری سەردەمی خەلافەتەکانی ئیسلامی. لە شاری بەغدادا کۆنترین مزگەوتی مێژوویی تێدایە مێژوویان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی موعتەسەم، لەوانەش مزگەوتی ئەلخولەفا کاتی خۆی بە مزگەوتی خەلیفە موعتەسەم ناوی براوە، ھەروەھا مزگەوتی ئەحمەدییە کاتی خۆی قوتابخانەکەی ئیمام ئەحمەدی حەنبەل بووەو مزگەوتی ئیمام موسای کازم و مزگەوتی مەرجان کە دەکەوێتە بازاڕی شۆریجەی شاری بەغداوە. ھەروەھا مزگەوتی مەنسوور و مەھدی و مزگەوتی ڕەسافە، ھەروەھا چەند قوتابخانەیەک کە خاوەنی مێژوویەکی دێرینن، وەکو قوتابخانەی ئەلشەرقییە لە نزیک مەزارگەی دەبی حەنیفەی نوعمان و قوتابخانەی موەفەقییە، ئاسفییە، سلجوقییە، نازمییە.

ئابووری[دەستکاری]

شاری بەغدا لەرووی بازرگانییەوە بە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی دادەنرێت، بۆ ھەموو پارێزگاکانی عێراق، ھاوکات چەند کارگە و وەرشەیەکی پیشەسازیی گرنگی تێدایە لە بەرئەوەشە کە بە سەنتەری پیشەسازیی دەژمێردرێت، لە ھەمان کاتیشدا.

ھەروەھا بەغدا وەکو بازنەیەکی پەیوەندی وایە لە نێوان سووریا و تورکیا و ھیندستان و خوارووی ڕۆژھەڵاتی ئاسیادا کە لەڕووی بازرگانیردنی نێودەوڵەتییەوە شوێنێکی گرنگی ھەیە، ھاوکات بە غدا لەڕووی گەشتیارییەوە شوێنی گرنگە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ساڵانە ڕووی تێدەکەن، بەتایبەتی زۆربەیان لە وڵاتانی دراسێوە دێن بە مەبەستی زیارەت کردنی شوێنە پیرۆزەکانی وەک شاری نەجەف و کەربەلا و چەند شوێنی دیکەش کە بە شاری بەغدادا تێدەپەڕن. لە ھەمان کاتیشدا لەڕووی کشتوکاڵییەوە بە ناوچەیەکی گرنگی عێراق دادەنرێت، لەبەرئەوەی سامانێکی ئاویی باشی ھەیەو زەوییەکەشی بە پیتە.

دیمۆگرافیا[دەستکاری]

زۆرینەی دانیشتووانی شاری بەغدا سوننە مەزھەبنو ھاوکات و کورد و تورکمانیش پێکھاتەیەکی دیکەی دانیشتووانی ئەم شارەن. یەزیدی و سوبی و مەسیحییەکانیش کەمایەتییەکی دیکەن و لە پێش ساڵی ١٩٤٨یشدا جولەکەکانیش ڕێژەیەکی زۆریان لەشاری بەغدا ھەبوون، بەڵام دوای دامەزراندنی دەوڵەتی جوولەکە ژمارەیان بەرەبەرە ڕووی لە کەم بوونەوە کرد تا ساڵانی پەنجاکان وای لێھات ژمارەیان بەرەو نەمان چوو.

بیناسازی و نیشتەجێبوون و دانیشتووان[دەستکاری]

لە ئێستادا شاری بەغدا بە یەکێک لە چوار پایتەختە گەورەکەی وڵاتانی ئیسلامیی دادەنرێت لەڕووی گەورەیی و زۆریی دانیشتووانەکەیەوە، شاری بەغدا بە شەقامە پان و ڕێکەکانی بەناوبانگە کە بەدەوریدا کۆشک و تەلاری مۆدێرن چوون بە ئاسماندا، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١١، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە ٧٬٢١٦٬٠٤٠ کەس بووە.

شوێنە بەناوبانگەکانی بەغدا[دەستکاری]

لەشاری بەغدادا گەلێک شوێنێکی گرنگو بەناوبانگ ھەن کە بوونەتە ناسنامەی ئەو شارە. لەوانەش قوتابخانەی (الاصفیة و مزگەوتی مەرجان و مزگەوتی قەبەلانی و زانکۆی مستنصریة و مزگەوتی خولەفا و شوێن نەزەرگەی ئیمام موسای کازم و مەرقەدی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و مزگەوتی حوسەین پاشا و مزگەوتی ئیمام ئەعزەم و تەواری بەغداو کاتژمێرەکەی شاری بەغداو وێستگەی شەمەندەفەری نێو دەوڵەتی و تابلۆی ئازادی جەواد سەلیم (واتە نصب الحریة)ی گۆڕەپانی تەحریر، پەیکەری کەھرەمانە و دوورگەی بەغدای گەشت و گوزاریی و گۆرەپانی پاشایەتی لە ناوچەی ئەعزەمییە و یاریگای شەعب کە گەورەترین یاریگای تۆپی پێی عێراقە. ھەروەھا کتێبخانەی «بەیتولحیکمە» و گۆڕەپانی ئاھەنگ گێڕانی «کەوانی سەرکەوتن» کە بە ساحەی ئیحتیفالات ناسراوە و مینۆمێنتی سەربازی ون و کۆشکی کۆبوونەوەکان و پردی ھەڵواسرا و و پردی دوو قات واتە (جسر المعلق و جسر ذو الطابقین) بازاڕی شۆریجە و بازاڕی غەزل کە دەکەونە ناوەڕاستی شاری بەغداو کۆنترین بازاڕن لەو شارەدا.

جوگرافی[دەستکاری]

ڕووباری دیجلە لە ناوەراستی شاری بەغدا

شاری بەغدا لەڕووی جوگرافییەوە دەکرێت بە دوو بەشی ناوەڕاستەوە کەبە بەشی ڕۆژاوای ڕووباری دیجلە دەوترێت ناوچەی کەرخ و بە بەشی ڕۆژھەڵاتیشی دەوترێت ناوچەی ڕەسافە، ئەمڕۆ لە ھەردوو ئەم ناوچانەدا کۆشک و تەلاری نوێ بەرچاو دەکەون، بەڵام لە بەشی ڕەسافە ناوچەی "ئەلمرادە" ھەیە کە بەشەقام و کۆڵانە تەسک و باریکەکانی بەناوبانگە. شاری بەغدا دەبێت بە دوو بەشی ناوەڕاستەوە بەھۆی ڕووباری دیجلەوە کە بە ناوەندیدا دەڕوات، یەکەم بەشی (رەصافە) کە لەم ناوچانە پێکدێت "ئەعزەمییە، بەتاوین، کەڕادە، شەعب، بەغداد جدیدە، زەعفەرانییە، وەزیرییە، شەقامی فەزل گەرەکی شێخ عومەر کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، شەقامی سەعدون و مەدینە سەدر، شەقامی ئەبونوئاس، حەی ئور، ناوچەی نۆی نیسان، غەدیر، بنوک، شەقامی فەلەستین و شەقامی نیزال، شەقامی مەغریب، ناوچەی صلێخ، جادرییە، باب شەرقی، مەسبح، شارەوانیی، کەمپی سارە، حوسێنییە، زەیونە، مەشتەل، بوب ئەلشام، ڕاشدییە. ھەروەھا بەشی دووەم کەبەشی (کەرخ)ی پێدەوترێت بەشدەکرێت بە سەر ئەم ناوچانەدا، ناوچەی کازمیە، عامرییە، مەنصور، قادسییە، دۆرە، سەیدییە، غەزالییە، حەی جیھاد، مەدینەی حورییە، شوعلە، ناوچەی سەوز، چواردەی ڕەمەزان، حەی ئیعلام، عتێفییە، حەی عامل، شرگە الرابعە، حەی توراپ و زەوراو شارع حەیفاو حارپییە و بەیاع و دەولەعی و صالحییە وەشاش و حەی یەرموک و جامیعە ھەروەھا ناوچەی عەرەبی جبور.

پردە بەناو بانگەکان[دەستکاری]

ئەو پردانەی کە ھەردوو بەشی کەرخ و ڕەسافەی شاری بەغدا بەیەک دەگەیەنن بریتین لە: پردی ئەئمە، پردی ئەعزەمییە، پردی شوھەدا، پردی کۆماریی، پردی ئەحرار، پردی ڕەشید، پردی ھەڵواسراوی بەغداد، پردی جادرییە، پردی دووقات، پردی بابلموعەزەم، پردی موسەننا، پردی ڕەسافە، پردی دۆرە…

ناوچە پیشەسازییەکان[دەستکاری]

ناوچە پیشەسازییەکانی شاری بەغدا، لە سەنتەری شارەوە درێژدەبنەوە تادەرەوەی شارو دەوروبەری، وەکو ناوچەی پیشەسازیی تاجی. شاری بەغدا ئێستا نزیکەی ١٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەی داپۆشیوەو لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عیراقیش پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە بە شێوەیەکی بەر فراوان دەستی پێکردووە ھاوکات باری ئەمنی ئێستای بەغداش، بەرەو باش بوون دەچێت و بە شێوەیەک ڕۆژانە بە سەداھا خێزان لە ھەرێمی کوردستان و وڵاَتانی دراس و جیھانەوە دەگەڕێنەوە ئەم شارە دێرینەو بە شێوەیەکی گشتی ئێستا ژیان تێدا بەرەوە ئارامی سەقامگیری دەچێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەورە بوون و جوانتر بووندایە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]