ویکیپیدیا:بێلایەنی ڕوانگە

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

بێلایەنانەبوونی ڕوانگە یەکێکە لە ڕێبازە سەرەکییەکانی ویکیمیدیا و بناغەیەکی ویکیپیدیایە. ھەموو وتارەکانی ویکیپیدیا دەبێ لە ڕوانگەیەکی بێلایەنانەوە نووسرابێتن، و بەڕوونی و تەواوی تا ئەو ڕادەیەی دەکرێ ھەموو ئەو کەرستە گونجاوەی، لە سەرچاوە بڕواپێکراوەکەدا ھاتووە بێتە ناو وتارەکانەوە. بەھیچ شێوە نابێ لەم باسە چاو بپۆشرێ و ئەمە بۆ ھەموو وتارەکان و لە ھەموو بەکارھێنەران چاوەڕوان دەکرێت.

"بێلایەنانەبوونی ڕوانگە" لەگەڵ دوو رێبازی دیکەی "سەلماندنیبوون" و "لێکۆڵینەوەی خۆیی نەبوون"، سێ ڕیبازی سەرەکیی ناوەڕۆکی ویکیپیدیا پێکدێنن؛ بەکارھێنەران دەبێ سەرجەم ئەم سێ وتارە پێکەوە بەرچاوبگرن. ئەمانە ڕێبازانە پێکەوە نیشان دەدەن کە چ کەرستەیەک بە چ شێوەیەک بێت، تا لە ویکیپیدیا وەربگیرێت. ھیچ ڕێبازێکی دیکە نابێ ئەم سێ ڕێبازە بشێوێنێت و ڕێککەوتنی بەکارھێنەران ناتوانێ گۆڕانێک لەمەدا درووست بکات.


شیکردنەوەی بێلایەنانەبوونی ڕوانگە

ڕوانگەی بێلایەنانە بە مانای ھەڵسوکەوت لەگەڵ بۆچوونە جیاوازەکانە لەسەر بابەتەکان، بەو شێوەی لە سەرچاوەکاندا ھاتوون. ئەوە پێویست دەکات ھەموو زۆرینە و کەمایەتییە بەنرخەکان بە شێوەیەکی دادوەرانە، بێ بەرچاوگرتنی مەبەستێکی تایبەت یا بیستراوەکان، لە سەرچاوەوە بێتە ناو وتارەکە. بۆیە کەرستەکان نابێ بسڕینەوە تەنھا بەھۆی "ڕوانگە"؛ دەکرێ کورت بکرێنەوە، گواستنەوە بکرێن بۆ وتارێکی نوێ، یان تەنانەت بە تەواوی بسڕێتەوە بە ھۆی نرخی زیادان بە ڕوانگەیەکی بێ بایەخ، وەک ئەوەی باسی کرا لە سەرەوە.

ڕوانگەی بێلایەنانە، ھاوڕێیی بابەت ناکات و ھەروا دژایەتیشی ناکات؛ پێشنیاری وەرگرتنی بۆچوونێکی تایبەت ناکات. ھەروا کە لە ناوەکەی ئاشکرایە، ڕوانگەی بێلایەنانە خۆی ڕوانگەیەکی تایبەتە و ھەوڵی ڕاستاندن یا ڕەدکردنەوەی ڕەوانگەکانی دیکە نادات. وتارەکان دەبێ شی بکەنەوە ھەرکەس چ بڕوایەکی ھەیە و بۆچی بڕوای وای ھەیە و کام بڕوا باوترە. لەوانەیە بابەتێک ژمارەیەکی زۆر بیر و بڕوا و بۆچوونی لەسەربێت و وتارەکەی پێویست بێ ھەموو ئەوانە لەخۆ بگرێت. کاتی بەکارھێنانی سەرچاوەکان، ئاگاداری پێویستە؛ تاکوو لایەنگرانەبوونی سەرچاوە نەبێتە ھۆی لایەنگرانە بوونی وتار. ھەموو بەکارھێنەران و سەرچاوە بڕواپێکراوەکان، ھۆگری ڕوانگەیەکی تایبەتن؛ بەڵام گرینگ ئەوەیە چۆن بە بەکارھێنانی ھەموو سەرچاوەکان، وتارێکی بێلایەنانە بنووسرێت کە ھەموو ڕوانگەکان لەخۆ بگرێت.

ڕوانگەی بێلایەنانە بە مانای ھەڵسوکەوتی گونجاو لەگەڵ دوو یا چەن ڕوانگەی دژ بە یەک، ھاوکات لەیەک وتاردایە. ئەوە پێویست دەکات ھەموو ڕوانگە زۆرینەکان و کەمایەتییە بەرچاوەکان، بە ئاماژە بە سەرچاوەوە، بێنەناو وتارەکەوە. بۆیە نابێ وتارێک بەھۆی ڕوانگەی لایەنگرانە بسڕێتەوە؛ لەوانەیە لەم جۆرە وتارەدا بایەخی نەگونجاو درابێت بە ڕوانگەیەک؛ ڕێگە چارەی ئەوە کورت کردنەوە و گواستنەوەیان بۆ وتارێکی سەربەخۆیە.

فۆرمولەیەکی ساکار

فاکت و ڕاستییەکان بەکاربێنن بۆ سەلماندن، تەنانەت ڕاستییەکان سەبارەت بە ڕوانگەکان، بەڵام نە خۆی ڕوانگەکان. لە وشەی "فاکت و ڕاستی" مەبەستمان "بەشێکی لە زانیارییەکانە کە گومانێکی بەرچاو نییە سەبارەت بەوانە". بۆ نموونە زەوی ھەسارەیە، یا ئەفلاتوون فەیلەسووف بووە، فاکت و ڕاستین کە گومانێکیان تێدانییە (یان گومانێکی بەرچاو و گرینگ نییە).

لەلایەکی دیکەوە، لە وشەی "ڕوانگە" مەبەست "بابەتێکە کە ڕێککەوتن نییە لەسەری". ئەوەی کە دزیکردن کردەوەیەکی خراپە، ڕوانگەیەکە. ئەوەی کە تاھیر تۆفیق گەورەترین گۆرانیبێژی کورد بووە، ڕوانگەیەکە. ئەوەی کە ئەمەریکا تەنھا وڵاتێ بووە لە شەڕدا چەکی ئەتۆمی بەکارھێناوە، فاکتە، ڕاستییە؛ بەڵام ئەوەی کە ئەو کردەوە باش بووە یا خراپ، دەبێتە ڕوانگە. ئەگەرچی زۆربەی کاتەکان سنووری ڕاستی و ڕوانگە ئاشکرایە، بەڵام ھێندێ جاریش لێکناکرێنەوە.

کاتێ وتووێژ دەکەین لەسەر ڕوانگەیەک، ئەو ڕوانگە دەبێ بچەسپێنین بە کەسایەتییەک یان سەرچاوەیەک و ئەوەی کە ئەو کەسایەتییە ئەو ڕوانگەی ھەیە دەبێتە ڕاستی. بۆ نموونە بە جێگەی ئەوەی "تاھیر تۆفیق گەورەترین گۆرانیبێژی کورد" وەک ڕاستی بزانین و لەو ڕوانگەوە باسی بکەین، باشتروایە سەرچاوەیەک وەک ماڵپەڕی گۆرانیبێژانی مەزنی کورد بدۆزینەوە کە دەڵێت: "تاھیر تۆفیق گەورەترین کەسایەتی لە بواری گۆرانیی کوردی" و ڕوانگەکە بلکێنین بەو سەرچاوە. ھەڵبەت لەوانەیە ڕوانگەی "ناودارترین گۆرانیبێژی کوردی لای دانیشتوانی سڵیمانی، تاھیرتۆفیق" بە سەرچاوەیەک کە ئەوە بسەلمێنێت، ببێتە ڕاستی. کۆی ئەم باسە، وتەی ئەوەڵ ڕوانگەیەکی بێسوود، و وتەی دووھەم ڕوانگەیەک بە سەرچاوە کە ھاوتایی فاکت دەکات.

کاتێ بۆ نموونە باسی دوو ڕوانگەی دژ بە یەک دەکەین لە باسێکدا، دەبێ ئاگاداربین تاکوو ئاستی لایەنگرانی ھەردوو ڕوانگە بەقەد یەکبن. بۆ نموونە کاتێ باسی ھۆلۆکاست دەکەین و وتەیەک لە شارەزایەکی بوارەکە وەک سەلماندن دەگێڕینەوە، لە ڕەتکردنەوەشدا دەبێ وتەی شارەزایەکی بوارەکە یان کەسێک لەو ئاستەدا بگێڕینەوە.

کاتی باس لەسەر ڕوانگەکان، بەکارھێنانی "ھێندێ خەڵک پێیان وایە ..." یا "ڕای گشتیی ئەوەیە کە ..."، گونجاو نییە. تەنانەت کاتێ سەرچاوەی بڕواپێکراو دەڵێ کە کۆمەڵێک لە خەڵک بڕوایان بە ڕوانگەیەکە، دەبێ ڕوونی بکاتەوە کە ئەو کۆمەڵە چەندە گەورەیە. ھێندێ لە ڕوانگەکان پێویستیان ھەیە بە شیکردنەوە، تاکو خوێنەر لێی بگات؛ لەم کاتانەدا دەبێ پێناسەیەک لە ڕوانگەکە بدرێت یا شی بکرێتەوە بۆ بەشی بچووکتر و ھەر بەشە بلکێندرێ بە ھۆگرانیەوە.

ھەڵبژاردنی تەواو لە سەرچاوەکان، زۆر گرینگە بۆ ئامادەکردنی وتارێکی بێلایەنانە. کاتێ لەسەر ڕاستییەکانی بنەمای ڕوانگەیەک باس دەکرێ، باشتر وایە ڕاستییەکانی ڕوانگەی بەرامبەریشی باس بکەین تاکوو خوێنەر خۆی ھەڵسەنگاندن بکا و ڕاستی و درووستی بدۆزێتەوە.

گەیشتن بە بێلایەنانەبوون

سەردێڕی بابەتی وتار

وتارەکانی ویکیپیدیا دەبێ یەک شیکردنەوەی سەردێڕی بابەتیان ھەبێت. بەرگریی گشتیی، دژ بە کێشەکانی ڕوانگە، سەردێڕی بابەتی وتارەکانیش لەخۆ دەگرێت. ئەگەر سەردێڕێک ھەبێت کە کێشەی لەسەر بێت، و پەیوەندی ھەبێ بە ناوەڕۆکی وتارەکە، دەبێ سەبارەت بەوە لە وتارەکەدا، بە ئاماژە بە سەرچاوە بڕواپێکراوەکان، باس کرابێت. بە زمانێکی دیکە، بۆ دژایەتی کردن یان وەڵام دانەوەی وتارێکی لایەنگرانە، نابێ وتارێکی لایەنگرانەی دیکە بە سەردێڕێکی ھەر وەک ئەو یان شتێکی دیکە دابنرێت. ھەروا دانانی سەردێڕی بابەتی وتار بە شێوەیەک کە دوو ڕوانگەی دژ بە یەک لەخۆ بگرێت گونجاو نییە؛ وەک ئەم سەردێڕە: زەوی تەخت\زەوی گرد یا زەوی تەخت (زەوی گرد).

ھێندێ جار سەردێڕی بابەتی وتار خۆی دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی کێشە. ئەمە بە تایبەت کاتێ ڕووئەدات کە سەردێڕەکە "بۆ" یا "دژبە" بەکاردێت. بێلایەنانەبوونی سەردێڕی وتار زۆر گرینگە لەبەر ئەوەی نیشان ئەدات ناوەڕۆکی وتارەکە لە چوارچێوەی پەسندکراودا ھەیە یا نا؛ بۆیە سەردێڕ دەبێ لە بەرزترین ئاستی بێلایەنیدا بێت. بۆ نموونە سەردێڕی "ڕەخنە لە توندوتیژی" ئەگەر بە "ڕوانگەی کۆمەڵگا بۆ توندوتیژی" بێت، مەرجەکان ڕاگیراوە و لە ناوەڕۆکی وتاردا تا ڕادەیەکی باش دەکرێ شیکردنەوەی بابەتەکە بکرێت.

لە سەردێڕی وتارەکاندا، تا بکرێ دەبێ لە ناوە فەرمییەکان بەکاربێت. ناوی فەرمی ئەو ناوەیە وا لە سەرچاوە بڕواپێکراو و فەرمییەکان بەکارھاتووە. ھەڵبەت ھێندێ جار لە سەرچاوە بڕواپێکراوەکاندا لەسەر ناوێکی غەیری فەرمی ڕێککەوتن دەکرێت و بەکاری دێنن. بەکارھێنانی ئەو ناوانە لە سەردێڕی وتارەکاندا گونجاوە.

پێکھاتەی وتار

ھێندێ جار پێکھاتەی وتار، پێویستی بە ئاگاداری زیاتر ھەیە بۆ بەرگری لە لایەنگرانەبوون. بەشکردنی وتار بە سەرەکی و "بەشەکانی دیکە" بە شێوەیەک کە بەشی سەرکیی ڕوانگەیەکی دژ بە بەشەکانی دیکەی تێدا بێت، دەتوانێ ببێتە ھۆی گەیاندنی پەسندکراوتربوونی ئەو ڕوانگە، کە ئەمە دەبێتە ھۆی لایەنگرانەبوونی وتار. ئەمە بۆ سەردێڕەکان، بەشەکان، ژێربەشەکان، پەراوێزەکان و ھتد ھەروایە.

بایەخی گونجاو و نەگونجاو

لە وتاردا نابێ بایەخی تایبەت بدرێ بە ڕوانگەیەک، مەگەر ئەوەی ڕوانگەکە پێوەندیەکی نزیکی ھەبێت لەگەڵ بابەتی وتاردا. ھەرچەن لە سەرچاوەکاندا زیاتر باسی ئەو ڕوانگە کرابێت، دەکرێ ھەر بە ھەمان شێوە لە وتارەکەدا زیاتر باسی بکرێ.

بۆ ڕاگرتنی بێلایەنانەبوونی وتار، دەبێ ھەموو ئەو ڕوانگانەی لە سەرچاوە بڕواپێکراوەکەدا ھاتوون، بە بەرچاوگرتنی ئاستی گرینگی، لە وتارەکەدا ھەبن. مەبەست لە بەرچاوگرتنی ئاستی گرینگی ئەوەیە کە ڕوانگەیەکی کەم بایەخ نابێ وەھا بە وردی فراوانی باس بکرێت کە خوێنەر وا تێبگات کە ئەوە بیرۆکەیەکی باوە؛ ڕوانگە بێ بایەخەکان ھەر نابێ بێنە ناو وتارەکەوە. بۆ نموونە لە وتاری زەویدا، نابێ وەھا باسی ڕوانگەی "تەختبوونی زەوی" بکرێ کە خوێنەر بیرکاتەوە کە، ئەوە ڕوانگەی باوی ئەمڕۆکەیە.

لە وتارەکەدا دەبێ سنووری ڕوانگەکان بۆ خوێنەر ئاشکرابێت، بە شێوەیەک کە دیاربێت کام ڕوانگە ھینی زۆرینەی کۆمەڵگایە و کام ڕوانگە ھین کەمایەتی. ئاستی چوونەناو وردەکارییەکانی ھەر بابەتێک پێوەندی ھەیە بە بایەخداربوونی ئەو ڕوانگە. بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن ویکیپیدیا:تیئۆریا قەراغییەکان بخوێننەوە

جیمبۆ وەیلز سەبارەت بەم بابەتە لە ٢٠٠٣دا دەڵێت:

  • ئەگەر ڕوانگەیەک زۆرینەیە، ئەوە بە ئاسانی دەکرێت بە سەرچاوەکانەوە سەلماندنی بکرێت؛
  • ئەگەر ڕوانگەیەک ھینی کەمایەتییە، لەوانەیە بە ئاسانی بکرێت کەسایەتییە ناودارەکانی ھۆگری ئەو ڕوانگە ناو ببرێ؛
  • ئەگەر ڕوانگەیەک ھینی دەستەیەکی زۆرزۆر بچووکە، ئەوە ھیچ شوێنێکی نییە لە ویکیپیدیادا؛ چ بسەلمێت چە نا؛ چ ڕاست بێت چ نا.

لەیادتان بێت کە مەرجی بایەخداربوونی ڕوانگەیەک، ئاستی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕوانگە لە سەرچاوە بڕواپێکراوەکاندایە؛ نەک لەنێوان بەکارھێنەرانی ویکیپیدیا یا جەماوەری گشتی.


کێشەکانی بێلایەنانەبوون و چارەسەکردنیان

دیاریکردنی وتە لایەنگرانەکان

ھەرکات وتەیەک وەک ڕوانگەیەک ناسێندرا کێشەیەک نییە. بەڵام کاتێ وتەکە وەک فاکت و ڕاستی یان درووستیی نیشان بدرێت، ئەوە دژایەتی یاسای بێلایەنانەبوون دەکات. بۆ ناساندنی ڕوانگەکان دەبێ تا ئەو ڕادەی دەکرێ بسەلمێندرێت و ئاماژەی بۆ بکرێت لە سەرچاوەکاندا.

بۆ نموونە "ڕۆناڵدۆ باشترین یاریزانە"، ڕوانگەیەک پێشکەش دەکات، ھەربۆیە ناتوانێ وەک ڕاستییەک بێتە ناو ویکیپیدیاوە. ڕێگەیەک بۆ گونجاوکردنی ئەم ڕوانگەیە بۆ ئەوەی بێتە ناو ویکیپیدیاوە، ئەوەیە کە ئاماژە بکەین کە کەسایەتی یان جەماوەرێک وەھا ڕوانگەیەکیان ھەیە: "بە بڕوای پلە، ڕۆناڵدۆ باشترین یاریزانە"؛ کە ھەڵبەت بۆ سەلماندی ئەوە، پێویست بە ئاماژەبە سەرچاوە ھەیە. پوختە: ئامانج ئەوەیە کە ئەو ڕوانگەیە بلکێندرێ بە کەسایەتییەکی شارەزای بوار، نەک ھەوڵ بدرێت بۆ سەلماندنی ڕاست و درووستبوونی.

ڕێگەیەکی دیکە ئەوەیە کە وردە زانیارییەکانی کەوا فاکت و ڕاستین سەبارەت بە بابەتەکە کۆ بکرێتەوە و باس بکرێت: "ڕۆناڵدۆ تا کۆتایی ئەم وەرزە، ٢٥ گۆڵی تۆمارکردووە"، "ڕۆناڵدۆ خەڵاتی ھەڵسوکەوتباشی وەرگرت". بەڵام نابێ ھیچ ھەوڵێک بدرێ تاکو راستبوونی ڕوانگەکە بچەسپێت.

ئێستا ڕوانگەیەک باس دەکەین و دەبینین ناساندنی ڕوانگەکان وەک فاکت چۆن کێشە سازدەکات. کەسێک دەلێت: "جەماوەرێکی زۆر پێیان وایە ڕۆناڵدۆ باشترین یاریزانە". خوێنەر لە وەڵامی ئەمەدا دەلێت: "بەڵێ، بەس تەنھا جەماوەری حۆل" یا "جەماوەرکی زۆر یانی چەندە؟ پێموایە کەمکەس بڕوای وای ھەبێ". بەڵام ئەگەر وتەکە وەک ڕوانگەی کەسایەتییەک پێشکەش بکرێ، کێشەی وەھای لێ نابێتەوە.


ئایین

لە وتارەکانی سەبارەت بە ئایین، نابێ تەنھا باسی ئەوە بکرێت کە کێ چ بیڕ و ڕا و ئایینێکی ھەیە، بەڵکوو دەبێ شێوەی پێکھاتنی ئەو بیر و ڕایەش شی بکرێتەوە. دەق و کتێبەکانی ھەریەکە لە ئایینەکان دەتوانێ سەرچاوەیەکی باش بێت بۆ ئەم مەبەستە و ھەڵبەت دەکرێ سەرچاوە زانستی و نوێکانی دیکەش بەکاربێت.

ھێندێ لە ھۆگرانی ئایینێکی تایبەت لەوانەیە ناڕەزاییان ھەبێت سەبارەت بە کۆڵینەوە مێژووییەکان سەبارەت بە ئایینەکەیان و بەبیر و ڕای ئەوان ئەوە سوکایەتیکردن بە ئایینەکەیان بێت؛ دەبێ ڕای ئەوانیش بەرچاو بگیرێت؛ ئەم دوو باسە دژ بەیەک نین. بە پیڕەویی لە بێلایەنانەبوونی ڕوانگە، نموونەیەک لە وتە سەبارەت بە ئایینێک، وەھای لێدێت: ".....ڕای ھۆگرانی ئەم ئایینە وایە کە ***. دۆزراوەکانی کۆڵینەوەکان دەریخستووە کە ***. ھەڵبەت ھۆگرانی ئەم ئایینە سەبارەت بەوە دەڵێن *** ....".

ھێندێ لە وشەکان وەک ".." و ".." لە نووسراوەکان سەبارەت بە ئاییندا دەبنە خاوەن چەن مانای جیاواز. باشتر وایە کاتی بەکارھێنانی ئەم وشانە ھەمیشە مانای ئاشکرا و فەرمیی ئەم وشانە بەرچاو بگیرێت. بەجۆرێک کە نەبێتە سووکایەتیکردن. بەشێوەی گشتی وتارەکان سەبارەت بە ئایینەکان دژواری تایبەتی خۆیان ھەیە. چ کاتی دانان و چ لە دەستکارییەکاندا.