بەھاری عەرەبی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە بەهاری عەرەبیەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان


لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دا شەپۆلێکی شۆڕش و ناڕەزایی لە تەواوی ناوچەکانی وڵاتانی عەرەبی بەرپابوو کە سەرەتاکەی بە خۆسووتاندنی محەمەد بوعەزیزی تونسی دەستیپێکردو پریشکەکەشی لە زۆرێک لەوڵاتانی عەرەبیدا پەرەیسەند ئەوەش بە بەھاری شۆڕشەکانی عەرەبی ناویدەرکرد، ناڕەزایەتییەکان بەھۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپی باری ئابووری و ژیان و خراپی بارودۆخی ئەو وڵاتانە لەڕووی سیاسییەوە بوو، ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی زۆر خێرا بڵاوبوونەوەو پەرەی سەند لە زۆرێک لە وڵاتاندا جەنگێکی ھەڵگیرساند لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا، لەھەندێک ناوچە کوژرانی ھاووڵاتیان و پیاوانی ئاسایشی لێکەوتەوە دروشمەکانی شۆڕشەکەش دەرکەوتن لەھەموو وڵاتە عەرەبیەکاندا.

داپڵۆسین و سەرکوتکردن[دەستکاری]

زۆرێک لەوڵاتە عەرەبییەکان خاوەنی تۆمارێکی خراپن لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە ھەروەھا داپڵۆسین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و داگیرکردنی کورسی دەسەڵات لەچەند دەیەیەکی دوورو درێژ، ھەروەھا گرتنە دەستی دەسەڵات بەرێگەیەکی ناشەرعی. یەکێک لەو نمونانەی کە ھێنراوەتەوە موعەممەر قەزافیە کە زۆرترین دەسەڵاتی لەسەر زەوی گرتووەتە دەست ئەویش بە کودەتایەکی سەربازی لەساڵی ١٩٦٩ کە بە شۆڕشی فەتح ناسراوە ھەروەک سوریا بەشار ئەسەد کەبووە سەرۆک پاش کۆچی دوایی باوکی حافز ئەسەد گەیشتە سەر کورسی دەسەڵات لەساڵی ٢٠٠٠ دا کە لەمێژووی کۆماری وڵاتە عەرەبیەکاندا تائێستا رووینەداوە لە ماوەی ١٥ خولەکدا دەستور ھەموار کراتەوە بۆگونجاندی تەمەنی بەشار کە دەسەڵاتی سوریا بگرێتە دەست لەپاش باوکی، ھەروەھا لە میسر و یەمەن خواستی دەسەڵاتداران وابووە کە پاش خۆیان کوڕەکانیان دەسەڵات بگرنە دەست وەک جەمال و ئەحمەد، کە ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی بە خێراییەکی بێوێنە شۆڕش لەو وڵاتی میسر بەتایبەتی پەرەبسێنێت و موبارەک لە پۆستەکەی لاببات، ھەروەھا لە یەمەنیش عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە پۆستەکەی دەستبەردار بێت. ھەروەھا لەو وڵاتانانەی کە دەسەڵاتی پادشایەتی رەھا ھەیە خۆپیشاندارن روویانداوە وەک وڵاتەکانی بەحرەین و ئوردون و مەغریب و عەممان بۆ داواکاری پادشایەتی دەستوری و زیادکردنی ئازادییەکان.

بارودۆخی ژیان[دەستکاری]

رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی کێشەی نالەباری بێکارانی لە وڵاتانی عەرەبی خستووەتەڕوو کە بووتە ھۆی ھەڵگیرسانی شۆڕشەکانی گەلان، ئەو رێکخراوە رێژەی بێکاری لەو وڵاتانەدا لەنێوان لاواندا دەستنیشانکردووە کە دەگاتە زیاتر لە ٢٣% لەساڵی ٢٠١٠ ھەروەھا زیادکردنی رێژەکەشی لەلای ژنان دەستنشیانکردووە کە بەرزبووتەوە بۆ ٣٠% و رایگەیاندووە کە بەشداربووانی کاری عەرەبی زۆر کەمترە لەسەر ئاستی جیھان و بەلاواز ناویبردووە، ئاماژەی بەوەشداوە کە بارودۆخی لاوانی عەرەبی زۆر خراپە لەڕووەکانی سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، ھەروەھا گرێبەستەکانی کارکردن جێگەی دڵنیایی نین. خۆسوتاندنی بوعەزیزی محەمەد بو عەزیزی لاوێکی تونسییە لە رۆژی ١٧/١٢/٢٠١٠ ھەستا بە سوتاندنی جەستەی خۆی لەشاری سیدی بوزیدی تونس لەبەرئەوەی بێزاربو لەبارودۆخی کۆمەڵایەتی خۆی، ھەروەھا لەو وڵاتانە ھێزەکانی پۆلیس زۆرداری بەکاردەھێنن و سکاڵاکان لە دژی خۆیان وەرناگرن، کەسوکاری بوعەزیزی لەشاری بوزید رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد داوای ئازادی دادپەروەرییان دەکرد، بەڵام ئەم ناڕەزایەتییانە بەشێوەیەکی خێرا گۆڕانکاری بەسەرداھات و بووە شۆڕشێک کە زەین ئەلعابدین بن عەلی سەرۆکی تونسی لەکارخست و پریشکی ئەو ناڕەزایەتییانەش لە نیشتمانی عەرەبی لە زەریاوە بۆ کەنداوی گرتەوە.

دەستپێکی شۆڕشەکان[دەستکاری]

تاریق تەیب موحەممەد ئەلبوعەزیزی (٢٩ی ئازار ی ١٩٨٤ - ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١١)، لاوێکی تونسییە لە رۆژی ھەینی و هاوڕێکەوت لەگەڵ ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ لەبەردەم بارەگای شاری بوزیدی؛ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر دەستەبەسەرداگرتنی عەرەبانەکەی لەلایەن پۆلیس و شارەوانی کە دەسەڵاتداربوون لەو شارە کە سەوزەو میوەی لەسەر دەفرۆشتن تا بژێوی ژیانی بەڕێبکات، ھەروەھا دەسەڵاتدارانی ئەو پارێزگایە سکاڵاکەیان رەتکردەوە کە لەبەرامبەر کچە پۆلیسێک بەناوی فادیە حەمدی تۆماری کردبوو کە بەبەرچاوی خەڵکەوە زللەیەکی لێدابوو ھەروەھا قسەی نەشیاوی پێوتبوو، لەو زللەیەشەوە شۆڕشێک بەرپابوو کە سەرۆکی وڵاتەکەی لە سەر تەختی سەرۆکایەتی هێنایە خوارەوە، موحەممەد ئەلبوعەزیزی پاش ١٨ رۆژ لە خۆسوتاندنی کۆچی دواییکرد، ئەم کارەی بوعەزیزی بووە شوێنی لاساییکردنەوەی ھاووڵاتیانی تری عەرەب لەناوچەکانی تردا کە نزیکە ٣٣ کەس لاسایی بوعەزیزییان کردەوە ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا وەک ناڕەزایەتییەکان لەبەرامبەر ھۆکارەکانی کەوای لەو لاوە تونسیە کرد خۆی بسوتێنێت، وەک یادگارییەکیش پەیکەرێکی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ دروستکرا. ئەو لاوە تونسییە نۆھەمین ئەندامی خێزانەکەیەتی باوکی کاری لە لیبیا کردووە، کاتێک کە بوعەزیزی تەمەنی گەیشتووەتە سێ ساڵان باوکی کۆچی دوایی کردووە، دایکی ھاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزایەکی کردووەتەوە لەتەمەنی ١٠ ساڵیدا لە خوێندن دابڕاوە و دەستیداوەتە کارکردن، ھەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بوعەزیزی خوێندنی تەواو کردووە و ھەڵگری بڕوانامەی زانکۆیە، بەڵام خوشکەکەی دەڵێت کە بوعەزیزی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات، بەر لە خۆسوتاندنیشی نامەیەکی بۆ دایکی جێھێشتووە کە دواتر ئەو نامەیە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکرایەوەو بووە ھاندەرێکی تری گەڵان بۆ راپەڕین لەدژی دەسەڵاتداران.

گواستنەوەی شۆڕشەکان[دەستکاری]

میسر[دەستکاری]

وێنەی خۆپیشاندەران لە میسر لە مەیدانی تەحریر لە دوای وازهێنانی حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەو وڵاتە

شۆڕشی تونس کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لەسەر تورٍەیی گەلی میسر، شۆڕشی ٢٥ یەنایەر یاخود (شۆڕشی توڕەیی) راپەڕینی گەل بوو کە لە رۆژی سێشەممە ٢٥/١/٢٠١١ ھەڵگیرسا لەو وڵاتەدا کە لەلایەن چەند کەسایەتییەک و چالاکوانێک ئامادەکاری بۆ کرابوو لە دیارترینیان چالاکوان وائیل غەنیم و بزوتنەوەی لاوانی ٦ ی ئەپریل بوو کە ھاوکات بوو لەگەڵ جەژنی پۆلیسدا لە میسر ئەمە ناڕەزایەتییەک بوو لەسەر بارودۆخی ناھەمواری ژیان و سیاسەت و ئابورییەکی خراپ و زیادبوونی گەندەڵی لەناو دەسەڵاتی محەمەد حوسنی موبارەک ئەم شۆڕشەش موبارەکی لەسەر کار لابرد لەئێوارەی رۆژی ھەینیی ١١/٢/٢٠١١ کە عومەر سلێمان لە بەیانننامەیەکی کورتدا دەستبەرداربوونی موبارەکی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و کاروباری وڵاتی رادەستی ئەنجومەنی باڵای ھێزە چەکدارەکان کرد.

لیبیا[دەستکاری]

شۆڕشی ١٧ شوبات-ی گەلانی لیبیا کەبە (رۆژی توڕەیی) ناسراوە لەسەر شێوەی راپەڕین چەند ناوچەیەکی لیبیای گرتەوە کە لە رۆژی ١٤/١/٢٠١١ بەھۆی ناھەمواری باری ژیان خۆپیشاندەران لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان پێکیانداداو ھێرشیانکردە سەر نوسینگە حکومییەکان ئەمەش بووە بەشێک لەو خۆپیشاندانانەی کە وڵاتانی عەرەبی گرتبووەوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دا بەتایبەتی شۆڕشی تونسی و شۆڕشی ٢٥ یەنایەری میسر، لاوانی لیبیا داوای چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیان دەکرد، لەسەرەتای ئەو خۆپیشاندانەدا گوزارشتبوو لەناڕەزایەتی ھێمنانە، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەکان و بەکارھێنانی چەکی ئاگرین و قورس و بۆردومانی ئاسمانی لەلایەن کەتیبەکانی موعەممەر قەزافییەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران گۆڕدرا بۆ شۆڕشێکی چەکداری و ھەوڵدان بۆ لابردنی موعەممەر قەزافی کە تا کۆتایی بڕیاریاندا بجەنگن و لە رۆژی ٢١/٨/٢٠١١ ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن توانیان بچنە شاری تەرابلوسی پایتەختەوە لەناوچەکانی خۆرئاوای ئەو شارەوەو دواجاریش لە رۆژی ٢١/١٠/٢٠١١ قەزافی لە شاری سرت بەدەست شۆڕشگێڕەکانەوە گیانی لەدەستداو لەشوێنێکی نادیاردا بەخاکسپێردرا، سەبارەت بە گیانلەدەستدانیشی چەندین ھەواڵی جیاواز لەبارەیەوە بڵاکرایەوە، ئەنجومەنی نیشتمانی کەلە قۆناغی گواستنەوەدابوو تەئکیدی کردەوە کە قەزافی لە ئەنجامی ھێرشێکی ئاسمانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی باکور (ناتۆ) بۆسەر شاری سرت کە شوێنی لە دایکبونێتی پێکراوەو گیانی لەدەستداوە، ھەروەھا راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە قەزافی پاش دەستگیرکردنی بە زیندویەتی وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە دەستگیرکراوەو دواتر کوژراوە، پاش کوشتنی قەزافی لەپاش مانگێگ سەیفولئیسلام قەزافی کوڕەکەی دەستگیرکرا، بە کوشتنی قەزافی و ھەڵھاتنی خێزان و منداڵەکانی بۆ دەرەوەی لیبیا کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو خێزانە ھات لە لیبیا کە بە درێژایی زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتیان ھەبوو لەو وڵاتەدا.

ئوردون[دەستکاری]

ھەروەھا لە رۆژی ١٤/١/٢٠١١ خۆپیشاندان لە پاش نوێژی ھەینی لە ئوردون سەری ھەڵدا، ئەو خۆپیشاندانە بەشێکبوو لەو شەپۆلەی کە وڵاتانی تری گرتبووەوە، ئەو خۆپیشاندەرانە داوای چاکسازی باری ئابوری و دابەزاندنی نرخ و کەمکردنەوەی بێکاریی و بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵیان دەکرد.

بەحرەین[دەستکاری]

لە رۆژی دوو شەممەش ١٤/٢/٢٠١١ ناڕەزایی گەلی بەحرەین بەدەرکەوت، سەرکردایەتی کردنی ئەو ناڕەزایەتییانەش لەلایەن ھەر یەک لە لاوانی سەربەخۆو حەوت کۆمەڵەی ئۆپۆزسیۆنی شیعە و لیبراڵی و نەتەوەیی و بەعسییەوە بەڕێوەدەبران، بەھەمان شێوە داواکاری چاکسازی سیاسی و ئابوریان دەکرد، ئەمەش یەکەم شۆِرش بوو کە لەدەسەڵاتی پادشایەتیدا بکرێت، حکومەتی بەحرەین یەکەمین حکومەت کە داوای ھاوکاری ھێزی لە وڵاتەکانی سعودیە و ھەندێک لە ئیماراتەکان بکات بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ناڕەزایەتییەکان بە ھەڵکوتانە سەر خۆپیشاندەران لەلایەن ھێزەوە کۆتاییھات ھێز توانی بەسەر ئەو چادرانەی کە ھەڵدرابوون دەستبەسەردا بگرێت و ھەروەھا ھەڵبکوتنە سەر چەند شوێنێکی حکومی و بازگەی لە ناوچەکان دابنێن دەەستگیرکردنێکی فراوانیشیان دەستپێکردو دادگای سەربازی و مەدەنی لەو ڕووە چەندین کەسایەتی دیاری تیادا دادگایی کرا.

سوریا[دەستکاری]

لەسەرەتادا پێویستە بوترێت تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر ھەڵگیرساندنی ئەم شۆڕشە لە وڵاتی سوریا، راپەڕینی سوریا یاخود (شۆڕشی ئازادی) سوریا لە رۆژی سێشەممە ١٧/٣/٢٠١١ لە دژی داپڵۆسین و گەندەڵی کپکردنەوەی ئازادییەکان سەریھەڵدا، پریشکی ئەم شۆڕشەی بەھاری عەرەبی لەسوریا لەوێوە سەری ھەڵدا کاتێک منداڵێک لە خێزانی ئەلئەبازید دروشمێکی لەسەر دیوای قوتابخانەکەی نووسی (گەل رووخانی رژێمی دەوێت) ھێزە ئەمنییەکان دەستگیریان کردو نیکۆکەکانیان دەرھێناو کەسوکاریشی ئەو جۆرە کارە دزێوەی ھێزە ئەمنییەکانیان رەتدەکردەوەو ھێزەکان ھەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەلعومەری لە شاری دەرعا بە فڕۆکەو ھێزی تایبەت قەسابخانەیەکیان لەگەڵ ئەو خەڵکەدا دروستکرد لەوێوە شوڕش ھەڵگیرسا رێبەرایەتی ئەو شۆڕشەش دوو لاوی سوریا بوون داوای چاکسازی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتیان دەکرد دروشمی ئازادی-یان بەرزکردبووەوە، بەڵام ھێزەکانی ئەمن و ھەوڵگری سوریا دەستڕێژی گوللـەیان لێدەکردن تا دروشمەکان گۆڕدران بۆ روخاندنی رژێم، ئەم شۆڕەش تائێستا لەژێر چەندین فشاردا بەردەوامە.

یەمەن[دەستکاری]

خۆپشاندان لە سەنعا پایتەختی یەمەن

رۆژی ١١/٢/٢٠١١ لەژێر ناوی (ھەینیی توڕەیی) کە ھاوکاتبوو لەگەڵ رۆژی دەستبەرداربوونی حوسنی موبارەک سەرۆک وەزیران، سەرکردایەتیکردنی خۆپیشاندان لەو وڵاتە لەلایەن لاوانی یەمەن و چەند حزبێکی ئۆپۆزسیۆن بوو داوای گۆڕینی رژێمی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆکی یەمەنیان دەکرد کە ماوەی ٣٣ ساڵبوو دەسەڵاتی لەو وڵاتە گرتبووە دەست، بەھەمان شێوە ئەوانیش داواکاری چاکسازی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان دەکرد ھەروەھا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کاریگەرییەکی بێوێنەو کارای لەسەر گەورەکردنی شۆڕشەکە ھەبوو، ژمارەیەک لەناو دەسەڵاتدا بەدەرکەوتن داوای چاکسازیان دەکردو داوای روخانی دەسەڵاتیان دەکرد ئەوان کۆمەڵەیەک بوون بەناوی (شۆڕشی لاوانی یەمەنی بۆ رووخانی رژێم) پێگەو رۆڵێکی کاریگەریان ھەبوو لە رێکخستنی مانگرتن و بەردەوامی شۆڕشەکە، رۆژی ھەینی ٨/٣/٢٠١١ کە بە (ھەینی شکۆداری) ناسراوەو ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرۆک ھۆزەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان چوونە پاڵ خۆپیشاندەران، پاشان رۆژی ٢١/٣ لیوا موحسین ئەلئەحمەر بەھۆی کاریگەریی قەسابخانەی ھەینی شکۆدار کە ٧٥٢ قوربانی لە مانگرتووان و لاوانی لێکەوتەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە سەنعای پایتەخت ھەڵگیرسانی شۆڕشی رێکخست، دواجار لە کۆشکی کۆماری عەلی عەبدولڵا ساڵح بەھۆی موشەکێکەوە پێکراو رەوانەی نەخۆشخانەکانی سعودیە کرا، پاشان دەستپێشخەرییەکەی کەنداو بووە ھۆی دەستبەرداربوونی لە سەر کورسی دەسەڵات .

ئەمەو چەند وڵاتێکیتر شەپۆلی ناڕەزایەتی گرتیەوە وەک عێراق، مەغریب، یەمەن، ئیمارات، جیبۆتی، سعودیە، سۆماڵ، سودان، فەڵەستین، کوێت، لوبنان، مۆریتانیا.

رۆڵی راگەیاندن و ئینتەرنێت لەسەر شۆڕشەکان[دەستکاری]

لێکۆڵەرەوان رایانگەیاندووە کە ئینتەرنێت رۆڵی ھەبووە لە رووخاندنی حکومەتی تونس دا، تونسییەکان بەشداربوون لە رووماڵکردنی راستەوخۆی کارە گێرەشێوێنییەکان لەو شوێنانەی کە خۆپیشاندانیان تیادا ئەنجامدراوە ھەروەھا ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ویکیلیکسدا بڵاوکرانەوە لەسەر بەشداریکردنی رای ئەمریکییەکان لەسەر گەندەڵی سەرۆکی ئەو وڵاتەو خێزانەکەی. جیھانی عەرەب ئەو شۆڕشانەی دەبینی کە بووە ھۆی لەسەرکارلابردنی سەرۆکی تونس لە رێگەی ھەردوو کەناڵی ئەلعەرەبیەو ئەلجەزیرەوە کە رووماڵی چۆنیەتی کپکردنەوەی خۆپیشاندەرانیان دەکرد، تەکنەلۆجیا رۆڵێکی سەرەکی ھەبووە لە جوڵاندنی شۆڕشەکان بەتایبەت پێگە کۆمەڵایەتییەکان لە دیارترینیان فەیسبوک کە بەشێوەیەکی خێرا زانیارییەکانیان لێوە ئاڵوگۆڕ دەکراو سەرکردە نوێکانیان لێوەی دەناسی.