بۆ ناوەڕۆک بازبدە

حافز ئەسەد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
حافز ئەسەد
حافظ الأسد لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
لەدایکبوون٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٠ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
قرداحە (ژێرفەرمانی فەڕەنسا لەسەر سووریا و لوبنان) لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
مەرگ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٠ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە (٦٩ ساڵ ژیاوە)
دیمەشق لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
گۆڕAssad Mausoleum لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
زانکۆ
  • کۆلێژی سەربازی حوومس
  • ئەکادیمیای سەربازی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
پیشەفڕۆکەوانی شەڕکەر، سیاسەتوان لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
حیزبحیزبی بەعس لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
ھاوسەرئانیسە مەخلووف لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
مناڵباسیل ئەسەد، بەشار ئەسەد، بووشرا ئەسەد، ماھیر ئەسەد، مەجد ئەسەد لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
باوان
  • عەلی ئەسەد لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
  • Na'isa Shalish لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
خێزانجەمیل ئەسەد، ڕیفعەت ئەسەد لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
خەڵاتەکان
واژوو
پلەسەرۆک کۆماری سووریا (١٩٧١–٢٠٠٠)، Prime Minister of Syria (١٩٧٠–١٩٧١) لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
Rankسەرداری یەکەم لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
لقSyrian Arab Air Force لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە

حافز ئەسەد (٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٠ – ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٠) سیاسەتوان و ئەفسەرێکی سەربازیی سووریا، لە ساڵی ١٩٧١ تا کۆچی دوایی لە ساڵی ٢٠٠٠ سەرۆکی سووریا بووە، ھەروەھا لە ساڵی ١٩٧٠ تا ١٩٧١ وەک سەرۆکوەزیرانی سووریا کاری کردووە، ھەروەھا سکرتێری ھەرێمی فەرماندەیی ھەرێمیی لقی سووریای حیزبی بەعس و ئەمینداری گشتی فەرماندەیی نیشتمانیی حیزبی بەعس بووە لە ساڵی ١٩٧٠ تا ٢٠٠٠. حافز ئەسەد بەشدارێکی سەرەکی بوو لە کودەتاکەی ساڵی ١٩٦٣ لە سووریا، کە لقی سووریای حیزبی بەعسی ھێنایە سەر دەسەڵات لەو وڵاتە، دەسەڵاتێک تا ڕووخانی ڕژێمەکە لە ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوام بوو، بە سەرۆکایەتی کوڕەکەی بەناوی بەشار.

سەرکردایەتی نوێ حافز ئەسەدی وەک فەرماندەی ھێزی ئاسمانی سووریا دەستنیشان کرد. لە شوباتی ١٩٦٦ بەشداری لە کودەتایەکی دووەمدا کرد کە سەرکردە تەقلیدییەکانی حیزبی بەعسی ڕووخاند و لە حکوومەتی نوێدا وەک وەزیری بەرگریی دەستنیشانکرا. دوای چوار ساڵ، ئەسەد سەرکردایەتی کودەتایەکی سێیەمی کرد کە سەلاح جەدیدی سەرۆکی دیفاکتۆی لەکارخست و خۆی وەک سەرۆکی سووریا دەستنیشان کرد. ئەسەد دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، چەندین گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی دەرەوەی بەعسدا سەپاند، وەک وازھێنان لە سیاسەتی سەلاح جەدید کە بۆ بڵاوکردنەوەی «شۆڕشی سۆسیالیستی» بوو و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سووریا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە سەرکردایەتی پێشوو بە «ڕەجعی»ی دەزانی. ئەسەد لە سەردەمی شەڕی سارددا لایەنگری یەکێتیی سۆڤیەت و وڵاتانی بلۆکی ڕۆژھەڵات بوو لە بەرامبەر پشتیوانی دژی ئیسرائیل. لەکاتێکدا وازی لە بیرۆکەی یەکێتیی عەرەبی ھێنا بۆ یەکخستنی جیھانی عەرەبی بۆ یەک نەتەوە، ھەوڵیدا سووریا وەک لایەنگری فەلەستینییەکان لە دژی ئیسرائیل نیشان بدات.

لەگەڵ ھاتنی بۆ دەسەڵات، دەوڵەتی بە ھێڵی تائیفی ڕێکخست، سوننە و نا عەلەوییەکان تەنھا بوونە ڕەمز لە دامەزراوە سیاسییەکاندا، لەکاتێکدا عەلەوییەکان زاڵ بوون بەسەر سوپا و ھەواڵگری و بیرۆکراسی و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان. دەسەڵاتی بڕیاردانی بەعس کە پێشتر بەکۆمەڵ بوو، کەمکرایەوە و گواسترایەوە بۆ سەرۆککۆمار. حکوومەتی سووریا بە مانای ئاسایی وشەکە وازی لە دەوڵەتی حیزبی ھێنا و گۆڕا بۆ دیکتاتۆرییەکی تاک حیزبی کە سەرۆکایەتییەکی بەھێزی ھەبوو. بۆ پاراستنی ئەم سیستمە پەرستنی کەسایەتی لە دەوری خۆی و بنەماڵەکەی دامەزراند، پاشان پەرستنی کەسایەتی بنەماڵەی ئەسەدی لەگەڵ عەقیدەی بەعسی تێکەڵ کرد و ئایدۆلۆژیای فەرمی دەوڵەتی پێکھێنا.

ئەسەد لە ساڵی ١٩٧٦ فەرمانی دەستوەردانی لە لوبنان دەرکرد، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی سووریا سەرپەرشتی لوبنان بکات. لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا، ڕژێمەکەی لە ڕێگەی زنجیرەیەک ھەڵمەتی سەرکوتکەرانە ڕاپەڕینێکی ئیسلامیی کە بە سەرکردایەتی ئیخوان موسلمینی سووریا بوو سەرکوت کرد، کە بە کۆمەڵکوژیی حەما گەیشتە لووتکە و لە ئەنجامدا دوو لەسەر سێی شارەکە وێران بوو.

ئەسەد دوای ئەوەی دەسەڵاتی تایبەتی خۆی بەسەر حکوومەتی سووریادا چەسپاند، دەستیکرد بە گەڕان بەدوای جێنشینێکدا. یەکەم ھەڵبژاردەی ڕەفعەتی برای بوو، بەڵام ڕەفعەت لە ساڵانی ١٩٨٣–١٩٨٤ ھەوڵیدا دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت لەکاتێکدا تەندروستی حافز گومانی لەسەر بوو. ڕەفعەت دەربەدەر کرا کاتێک باری تەندروستی ئەسەد باشتر بوو. ھەڵبژاردەی داھاتووی ئەسەد بۆ جێنشینی ئەسەد کوڕە گەورەکەی بوو کە ناوی باسل بوو؛ بەڵام باسل لە ساڵی ١٩٩٤ بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل گیانی لەدەستدا و ئەسەد ڕووی لە ھەڵبژاردنی سێیەمی خۆی کرد: کوڕە بچووکەکەی بەشار کە ئەوکات خوێندکاری پزیشکی بوو لە شانشینی یەکگرتوو و ھیچ ئەزموونێکی سیاسی نەبوو. دانانی ئەندامێکی بنەماڵەکەی وەک جێنشینی ئەو ڕووبەڕووی ڕەخنەی ھەندێک لایەنی چینی دەسەڵاتداری سووریا بووەوە، بەڵام ئەسەد لەسەر پلانەکەی بەردەوام بوو و ئەو بەرپرسانەی لە کارەکانیان دوورخستەوە کە دژی ئەم جێنشینییە بوون.

حافز ئەسەد لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٠ کۆچی دوایی کرد و بەشار لە شوێنی ئەو بوو بە سەرۆککۆمار. بەشار لە دەسەڵاتدا مایەوە تا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لەلایەن ھەییەی تەحریر شام و کوتلە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لابرا. بەشار دوای ئۆپراسیۆنێکی سەربازی کە ماوەی ١٢ ڕۆژ خایاند بەناوی «رێگەگرتن لە دەستدرێژی»، کە بە گرتنی دیمەشقی پایتەخت کۆتایی بە ٦١ ساڵ حوکمڕانی حیزبی و ٥٣ ساڵ حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد ھێنا و وڵاتەکەی ھەڵھات.[١]

کودەتاکەی ساڵی ١٩٧٠

[دەستکاری]

ناکۆکی لە نێوان ئەو و سەلاح جەدید لە دوای شکستی جەنگی ١٩٦٧ دەستی بە سەرھەڵدان کرد. سەلاح جەدید ڕەخنەی لە دەدای وەزارەتی بەرگری گرت لە کاتی شەڕدا، بەتایبەتی بڕیاری کشانەوەی سوپا و ڕاگەیاندنی کەوتنی قونەیترە بۆ ئیسرائیل. ھەروەھا ڕەخنەی لە دواکەوتنی ڕوون نەبوونەوەی ھێزی ئاسمانیی سووریا گرت لە پشتیوانیکردنی ھاوتا ئوردنییەکەی کە بووە ھۆی ئەوەی کە ئەویش بە بەرپرسیار بزانرێت لە شکستەکە. ئەم ناکۆکییانە خراپتر بوون کاتێک سەلاح جەدید بەرەو شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیل ھەنگاوی نا، لەکاتێکدا ئەسەد دژی ئەمە بوو، کە تێگەیشت کە ھێزە چەکدارەکان توانای شەڕێکی لەو شێوەیە نین، بە تایبەت دوای ئەو شەپۆلی دەرکردنەی کە دوای کودەتاکەی ٨ی ئازاری ١٩٦٣ ھات، کە کاریگەری لەسەر ئەفسەرانی سوپای نا بەعسی ھەبوو. ناکۆکییەکانیان لەکاتی ڕووداوەکانی ئەیلوولی ڕەشدا لە ئوردن لە ساڵی ١٩٧٠ گەیشتە لووتکە، کاتێک سەڵاح جەدید سوپای عەرەبی سووریای نارد بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان؛ بەڵام حافز ئەسەد، وەزیری بەرگریی ڕەتی کردەوە کە ڕووپۆشی ئاسمانی بۆ ھێزە وشکانییەکانی سووریا دابین بکات و ئەمەش بووە ھۆی شکستی ئەو ئەرکە. دوابەدوای ئەمە، سەلاح جەدید کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ناوچەیی حیزبی بەعسی ئەنجامدا، کە بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا حافز ئەسەد و سەرۆک ئەرکانی سوپای بەعس لوای ڕووکن مستەفا تەلاس لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە. ئەسەد ڕەتیکردەوە پابەندی ئەو بڕیارە بێت و لە ١٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٠ بە ھاوکاری ژمارەیەک ئەفسەری باڵای بەعس و یەکە دڵسۆزەکانی ناو ھێزە چەکدارەکانی عەرەبی سووریا، سەلاح جەدید و سەرۆک نوورەددین ئەلعەتاسی لەکار لادان و لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی بەعس زیندانیکردن. ئەمەش بەشێک بوو لەوەی کە ناویان ناوە «بزووتنەوەی چاکسازی» لەناو حیزبی بەعسدا. ئەسەد دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٠ سەرکردایەتی حیزبی دەسەڵاتداری بەعسی گرتە ئەستۆ، چەندین دەزگای ھەواڵگری (ھەواڵگری سەربازی، ھەواڵگری ھێزی ئاسمانی، ئاسایشی دەوڵەت، و ئاسایشی سیاسی) دامەزراند کە پەیوەست بوون بە مەکتەبی ئاسایشی نیشتمانی حیزبی بەعسەوە. ئەمەش سیستمێکی بەھێزی لەسەر بنەمای کۆنترۆڵی ئاسایشی ناوخۆ و زنجیرەیەک ھاوپەیمانی دەرەکی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و چین و کۆریای باکوور دروست کرد کە توانای وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر ھەڕەشەیەکی ئیسرائیلی دووژمنکار گەرەنتی کرد. دەستووری ساڵی ١٩٧٣ کە لەلایەن ئەسەدەوە دەرچووە، دەسەڵاتی فراوانی بە خۆی و حیزبی بەعس بەخشی. لە ماددەی ھەشتەمدا ھاتووە کە حیزبی بەعس «حیزبی پێشەنگی دەوڵەت و کۆمەڵگایە». ئەمەش بیروباوەڕ و بیرۆکەکانی کردە بەشێکی دانەبڕاو لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا و مەنھەجی قوتابخانەکان. حیزبەکە پۆستە باڵاکانی قۆرخ دەکرد و ئەندامە باڵاکانی زنجیرەیەک ئیمتیازاتی دیکەیان بەھرەمەند بوو، بەدەر لە سوورییەکانی دیکە. ئازادییە سیاسی و ئابوورییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە کردەوە نەبوون.[٢][٣]

ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی

[دەستکاری]

لە سەردەمی ئەودا چەندین زانکۆ دروست کران لەوانە زانکۆی تیشرین لە لازقیە و زانکۆی ئەلبەعس لە حومس. ھەروەھا کاری بۆ ڕزگارکردنی ژنان و پێشخستنی یەکسانی لەگەڵ پیاوان کردووە و بە نیوەی کۆمەڵگەی دەزانێت. ھانی وەرزش و وەرزشوانانی دەدا و لە سەردەمی حوکمڕانیدا یارییەکانی دەریای ناوەڕاست میوانداری دەکران.

لەسەر ئاستی نێونەتەوەیییش بەردەوام بوو لە ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتننامەکانی کامپ دەیڤید کە لە نێوان میسر و ئیسرائیل واژووکرابوون و داوای چارەسەری ھەمەلایەنەی پرسی فەلەستینی کرد. ئەمەش بەردەوام بوو تا ڕێکخراوی ڕزگاری خوازی فەلەستین بە شێوەیەکی تاکلایەنە ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٣ واژوو کرد و ئەو ڕێککەوتنەکانی بە ناپاکی لە قەڵەمدا. لە ساڵی ١٩٩٨ چەند ھەوڵێک درا بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان سووریا و ئیسرائیل لەژێر سپۆنسەری ئەمریکادا، بەڵام پێداگری ئەو لەسەر وەرگرتنەوەی تەواوی بەرزایییەکانی جۆلان کە لە شەڕی ١٩٦٧دا داگیرکرابوو، ڕێگری لە ئەنجامدانی ھەر ڕێککەوتنێک کرا.

ئەو پێشێلکارییانەی بۆ حافز ئەسەد دەگەڕێنرێنەوە

[دەستکاری]
پەیکەری حافز ئەسەد لە پارێزگای حەلەب (٢٠٠١)

کۆمەڵکوژیی جسر ئەلشووغوور ١٩٨٠

[دەستکاری]

کۆمەڵکوژیی جسر ئەلشووغوور لە ٩ی ئازاری ١٩٨٠ لە نێوان ھێزەکانی ڕژێمی بەعسی سووریا و سووریای دژبەری ئەسەدی ئەندامانی ئیخوان موسلمین، لە جسر ئەلشووغوور ڕوویدا. ئەو کۆمەڵکوژییە لە ئەنجامی ھێرشی چەکدارانی ئیخوان موسلمین لە سەربازگەکانی سوپا و نووسینگەکانی حیزبی بەعس لەو شارە ڕوویدا لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان دژی ڕژێمی عەلمانی بەعس لە سووریا. ئەسەد وەک فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان فەرمانی بە سوپا کرد کە یەکەیەکی کۆماندۆی ڕاھێنراو بە ھەلیکۆپتەر لە حەلەبەوە بۆ ناوچەی جسر ئەلشووغوور کە دەکەوێتە نێوان لازقییە و حەلەبەوە بنێرن. سوپای سووریا بە موشەک و ھاوەن شارۆچکەی جسر ئەلشووغووریان بۆردومان کرد و ماڵ و دوکانەکانی وێران کرد و بە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون. بەلایەنی کەمەوە ٢٠٠ کەس دەستگیرکراون. ڕۆژی دواتر دادگایەکی سەربازی بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ مستەفا تەلاس بڕیاری لەسێدارەدانی زیاتر لە ١٠٠ دەستگیرکراوی دەرکرد کە تۆمەتبارن بە سەر بە ئیخوان موسلمین.[٤][٥]

کۆمەڵکوژیی گەڕەکی ئەلمەشاریقە ١٩٨٠

[دەستکاری]

کۆمەڵکوژیی حەلەب لە سەرلەبەیانی جەژنی ڕەمەزان ١١ی ئابی ١٩٨٠ لە گەڕەکی ئەلمەشاریقە لەسەر دەستی ڕژێمی سووریا بە سەرۆکایەتی حافز ئەسەد سەرۆککۆماری سووریا ڕوویدا. زیاتر لە ١٠٠ کەس بەھۆی بوولدۆزەر (شۆفڵ)ی ئەندازیاری سوپاوە گیانیان لەدەستدا و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپێردران. ھەندێکیان بریندار بوون بەڵام ڕزگاریان بوو.[٦]

زیندانی سەربازی تەدمۆر کە دەکەوێتە شاری بیابانی تەدمۆر و نزیکەی ٢٠٠ کم لە باکووری ڕۆژھەڵاتی دیمەشقی پایتەختی سووریا دوورە، شایەتحاڵی یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بووە.

ئەو کۆمەڵکوژییە لە سەردەمی حافز ئەسەد و بە تایبەتی لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٨٠ ئەنجام دراوە و گیانی سەدان زیندانی لە پێشینەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا گیانی لەدەستداوە، کە زۆربەیان سەر بە ئیخوان موسلمین بوون کە دژایەتی حیزبی بەعسی سووریایان دەکرد.

کۆمەڵکوژیی حەما ١٩٨١

[دەستکاری]

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ئەم کۆمەڵکوژییە دوای ھێرشێکی شکستخواردووی ئیخوان موسلمین بۆ سەر بازگەیەکی ئەمنی لە نزیک نووسینگەیەکی حیزبی بەعس لە شاری حەما ڕوویداوە. پاشان یەکینەکانی ھێزی تایبەتی سووریا و لیوای ٤٧ ڕەوانەی حەما کران و دەستیان بە گەڕان و پشکنینی ماڵ بە ماڵیان کرد، دوای ئەوەی شەڕی شەقامەکان سەریھەڵدا، گەڕەکەکانیان دابڕاند. قەدەغەی ھاتوچۆ ڕاگەیەندرا و ھێزەکانی سوپای سووریا چوونە ناو شارەکەوە. لە نێوان ڕۆژانی پێنجشەممە ٢٣ی نیسانی ١٩٨١ و یەکشەممە ٢٦ی نیسانی ١٩٨١ بەلایەنی کەمەوە ٣٥٠ پیاو بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی لەسێدارەدراون و ٦٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.[٧][٨]

کۆمەڵکوژیی حەما ١٩٨٢

[دەستکاری]

ئەمە گەورەترین ھەڵمەتی سەربازی بوو کە حافز ئەسەد لەو کاتەدا دژی ئیخوان موسلمین دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٦٠ ھەزار کەس لە پارێزگای حەما گیانیان لەدەستدا. کۆمەڵکوژییەکە لە ٢ی شوباتی ١٩٨٢ دەستیپێکرد و ٢٧ ڕۆژی خایاند. سوپای سووریا و لیواکانی بەرگریی و یەکەکانی پاسەوانی کۆماری و ھێزە تایبەتەکان شاری حەمایان گەمارۆ دا و بە تۆپ بۆردوومانیان کرد و دواتر بە شێوەی سەربازی ھێرشیان کردە سەری و کۆمەڵکوژییەکی ترسناکیان ئەنجامدا کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی دەیان ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی. لەنێو ئەوانەی بەشدارییان لە کۆمەڵکوژییەکە کردووە، ئەسیف شەوکەت زاوای ئەسەد، ڕەفعەت ئەسەدی برای، نەواف فارس باڵیوزی پێشووی سووریا لە عێراق.

تەقینەوەکانی بەیرووت ١٩٨٣

[دەستکاری]

تەقینەوەکانی بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣دا ھێرشی دوو بارھەڵگری بۆمبڕێژکراو بوون. دوو باڵەخانەی سەربازی ئەمریکی و فەڕەنسییان لە بەیرووت کردە ئامانج و لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٣دا ٢٩٩ سەربازی ئەمریکی و فەرەنسی کوژران.

بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی بە پاڵپشتی حافز ئەسەد بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، بەڵام سی ئای ئەی پێی وایە بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی تەنھا بەرگێک بووە بۆ بەرپرسیارێتی سووریا لە تەقینەوەکان یان گرووپێک بووە بە نھێنی لەلایەن سووریاوە پاڵپشتی دەکرێت.

تیرۆرکردنی بەشیر جەمیل سەرۆککۆماری لوبنان

[دەستکاری]

پەنجەی زۆر ئاراستەی دەزگای ھەواڵگریی حافز ئەسەد کرا بۆ تیرۆرکردنی بەشیر جەمیل سەرۆکی لوبنان بەھۆی ھاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئەسەد.

کۆمەڵکوژیی سوپای لوبنان ١٩٩٠

[دەستکاری]

کۆمەڵکوژیی ١٣ی تشرینی یەکەمی لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٠ لە قۆناغی کۆتایی شەڕی ناوخۆی لوبنان و تەواوبوونی داگیرکردنی خاکی لوبنان لەلایەن ئەسەدەوە ڕوویدا. ھەواڵگریی سەربازیی سووریا سەدان سەربازی سوپای لوبنانیان لەسێدارە دا، دوای ئەوەی خۆیان ڕادەستی سوپای سووریا کرد.

ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی ھەواڵگریی سووریا

[دەستکاری]

بەپێی ڕاپۆرتی ھیومان ڕایتس وۆچ، سووریا لەژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسی حافز ئەسەد لە پلەی ١٥٤ھەمینە لە ئاستی جیھانیدا لە بواری مافی مرۆڤدا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قەدەغەکردنی لایەنە سیاسییەکان و سانسۆرکردنی بڵاوکراوە سیاسییەکان و ئینتەرنێت و ئامرازە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندیکردن و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ ھەر کەسێک کە سەر بە ئیخوان موسلمین بێت یان ھاوکاری ئیسرائیل بێت و تێکچوونی بارودۆخی زیندانەکان و بوونی ئەشکەنجەدان لە زیندانە ھەواڵگرییە نھێنییەکان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]