پلاتفۆرمی زمانی کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پلاتفۆرمی زمانی کوردی
Platforma Zimanê Kurdî
Platforma Ziwanê Kurdkî

ناوبڕپەزەکە
دامەزران٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩
شوێن
خزمەتگوزارییەکانچالاکی بۆ فەرمیکردنی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا

پلاتفۆرمی زمانی کوردی یان بە کورتی پەزەکە (بە کرمانجی: Platforma Zimanê Kurdî، بە زازاکی: Platforma Ziwanê Kurdkî) پلاتفۆرمێکی سیاسی و چاندییە کە لە کۆمەڵێک لە چالاکوانان پێکھاتووە کە بۆ گەشەکردنی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا کۆ ببوونەتەوە. پلاتفۆرمی زمانی کوردی لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بە ھاوکاریی ٩ حیزب و لایەنی سیاسی و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و ھونەرمەندانی کورد لە باکووری کوردستان دامەزرا. ٩ حیزبەکە بریتی بوون لە: پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)، پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (پەدەکەتە)، حەرەکەتی ئازادی، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە)، پارتی ھەرێمە دێموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی مرۆڤ و ئازادی (پیا).[١]

ئارمانجی سەرەکیی ئەم پلاتفۆرمە داخوازی لە دەوڵەتی تورکیایە بۆ ئەوەی کە لە دەستوور و یاساکانی دیکە زمانی کوردی لە پاڵی زمانی تورکی ببێتە یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی تورکیا و بۆ پەروەردە و ھەروەھا لە ھەموو دەمودەزگاکانی حکوومی بە کار بھێندرێت. پلاتفۆرمی زمانی کوردی بۆ ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە دەرباس ببێت، خوازیاری ئەوەیە کە بە شێوەیەکی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیادا ڕێکخراوەی زمانی کوردی دابمەزرێت.[١]

بەڕێوەبەرانی پلاتفۆرمی زمانی کوردی ئاماژە بەوە دەکەن کە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لە مەترسیدایە و ژمارێکی بەرچاو لە کوردانە ئەو پارچە لە کوردستان تووشی ئاسیمیلاسیۆن و سیاسەتی تاواندنەوە بوونە و ناتوانن کوردی قسە بکەن و لە زمان و چاندی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە. بۆیە ئەگەر زمانی کوردی لە ئاستێکی بەرز لەو پارچە لە کوردستاندا بە کار نەھێنرێت، شۆناسی گەلی کورد تێکدەچێت.[١]

بۆیە پلاتفۆرمی زمانی کوردی ھەوڵ دەدات تا گەلی کوردی باکووری کوردستان سەبارەت بە زمانی دایکی ھەستیار بن و لە حیزبەکان و ڕێکخراوەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی داخوازی دەکەن تاکوو چالاکییەکانی خۆیان بە زمانی کوردی بکەن. لە پەرلەمانتارەکان، شارەوانان، دەسەڵاتداران، بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکانی سێڤیل و ڕۆشنبیران داوا دەکەن کوردی باش فێر ببن و لە زمانی کوردی لە کاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و چاندی کەڵک وەربگرن.[١]

چالاکییەکان[دەستکاری]

چالاکوانانی پلاتفۆرمی زمانی کوردی بۆ ئەوەی کە وتاری خۆیان بەربڵاو و گەشە بکەن، ھەوڵیان داوە تا پشتیوانیی ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، یوونێسکۆ و ... کە پەیەوندییان بە پرسی زمان ھەیە بە دەست بھێنن. ھەروەھا لەگەڵ سەرۆکەکانی پارتییە سیاسییەکانی تورکیا کۆبوونەوە و ھەڤدیتنیان ھەبووە و سەبارەت بە ڕەوشی زمانی کوردی لە تورکیا ڕاپۆرتەکانێکیان پێشکەشی کۆنسوولخانەکانی وڵاتانی بیانی لە تورکیا کردووەتەوە. جگە لەوە ھەوڵ دەدەن لە میدیای کوردی کەڵک وەربگرن و ھاوکات سەمینار، کۆنفرانس، پانێل و چالاکییەکانی دیکە بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەڕێوەبردووە.[١]

کەمپەینی ملیۆنێک واژوو[دەستکاری]

پلاتفۆرمی زمانی کوردی کەمپەینێک بەڕێخستووە تا بە کۆکردنەوەی واژوو لە ھاوڵاتییە کوردەکانی باکووری کوردستان و ھەر کەسێکی دیکە لە ھاوڵاتیانی ئەو وڵآتە کە پشتیوانی لەو داخوازییە بکەن، پرسی زمانی کوردیی لە نێو خەڵکدا بخەنە پێشەوە. ئامانجی ئەو کەمپەینە ئەوەیە کە ملیۆنێک واژوو کۆ بکاتەوە تا فەرمی بوونی زمانی کوردی و پەروەردە بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیادا وەکوو یاسایەک پێشبخرێتەوە. کەمپەینەکە لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢١ دەستیپێکردووە.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]