بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەلکساندەر خۆجکۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەلکێساندێر بۆرەیکۆ خۆجکۆ (بە پۆڵەندی: Aleksander Borejko Chodźko، ٣٠ی ئابی ١٨٠٤ – ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٨٩١) دیپلۆمات، ڕۆژهەڵاتناس، زمانناس، کۆکەرەوەی دەستنووس و تێکستی کۆن، وەرگێڕی زارەکی، شاعیر و نووسەرێکی بە نەژاد پۆڵۆنی بوو.

کتێب و وتارێکی زۆری هەیە لە سەر زمان و ئەدەبیاتی فارسی و گەلانی ئێران و هەروەها ئیسلام. هەروەها کتێب و وتارێکی زۆریشی هەیە لە سەر زمان و ئەدەبیاتی گەلانی سلاڤ لە ناویان، بێ گومان، گەلەکەی خۆی، پۆڵۆنی، کە فەرهەنگێکی پۆڵۆنی-ئینگلیزی و ئینگلیزی-پۆڵۆنیی بۆ نووسیوە. هەروەها وتاری لە سەر گۆرانیی ئەفغانی و مۆزەخانەی زەردەشتیان لە ئازەربایجان و زمانی کوردیش نووسیوە.

سەبارەت بە زمانی کوردی توێژینەوەیەکی ھەیە بە ناوی «لێکۆڵینەوەی فیلۆلۆژیی زمانی کوردی (شێوەزاری سلێمانی)» (بە زمانی فەڕەنسی: Études philologiques sur la langue kurde :dialecte de Soléimanié) کە لە بەرگی نۆیەمی گۆڤاری (Journal Asiatique) لە ساڵی ١٨٥٧ بڵاو کراوەتەوە و بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژەرانی بواری زمانی کوردی.

ژیاننامە

[دەستکاری]

ئەلکێساندێر خۆجکۆ لە خانەوادەیەکی بە نەژاد پۆڵۆنی لە گوندی "کریڤیچی" (Krzywicze)ی لە دایک بووە کە دەکەوێتە وڵاتی بێلەڕووسیای ئێستا و ئەو کات سەر بە ئێمپڕاتۆرێتیی ڕووسیا بوو. خۆجکۆ لە زانستگای "ڤیلنۆ" یان ڤیلنیاوس (Vilniaus universitetas) خوێندوویەتی کە دەکەوێتە شاری ڤیلنیاوس-ی پایتەختی ئێستای لیتوانیا. لەو زانستگایە لە ساڵی ١٨٢٣ دیپلۆمی لە بواری "فیلۆلۆژیا" وەرگرت. لە سەردەمی زانستگادا ئەندامی کۆمەڵەیەکی نهێنیی خوێندکارانی بە نەژاد پۆڵۆنی بوو کە بە ناوی (کۆمەڵەی فیلارێت Filaret وشەیەکی گریکیە واتە هەودار و عاشقانی چاکە)، بۆ ماویەکەی کورت دەستگیر دەکرێت بە هۆی ئەندامێتی لەو کۆمەڵەیەدا، بەڵام ئازاد دەکرێت و دواتر لە ساڵی ١٨٢٤ دەچێتە شاری "سانکت پیتەربورگ" (سەنت پیتەرسبورگ) بۆ درێژەدان بە خوێندن لە کۆلێژی زمانە ڕۆژهەڵاتیەکان کە سەر بە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێمپڕاتۆرێتیی ڕووسیا بوو.

لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤١ وەک دیپلۆماتێکی ڕووسی لە ئێران کاری دەکرد. لە ١٩٤١ تا ١٩٤٥ چەند وڵاتێکی ئەوڕوپی گەڕاوە و ئینجا لە فڕانسا گیرساوەتەوە چونکە لەوێ هەم هاوڕێکی کۆنی سەردەمی زانستگا و ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵە نهێنەیەکە، (ئادەم میتسکێڤیچ Adam Mickiewicz) و هەروەها دوو برای ( یۆزێف و میخاو/میشێل) و هەروەها ئامۆزایەکی خۆی بە ناوی (لیۆنارد خۆجکۆ) دەدۆزێتەوە و لە پاریس نیشتەجێ دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی دەست لە کار کێشانەوەیەکەی لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا قەبوڵ دەکرێت. لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری لۆزانی سویسرا ژن دێنێت کە کچی گێنێڕاڵی بە نەژاد لیتوانی ڤیکتۆر دونین یونجیو، ناوی (خێلێنەو/هێلێنا) بوو کە لە بەرەوی دایکیەوە دەیکردەوە نەوەی پادشای پۆڵۆنیا ستانیسلاسی دووەم Stanislas II. پێنج منداڵیان دەبێت، سێ کوڕ و دوو کچ.

لە ساڵی ١٩٥٢ بۆ ١٩٥٥ بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فڕانسا کار دەکات و سوود لە شارەزایی و ئەزموونەکانی وەردەگرن لە بواری ناسینی گەلانی سلاڤ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر لە فڕانسا، پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتی فارس و ئێرانیان بەردەوام دەبێت و هاوکاری لەگەڵ حکومەتی شای ئێران دەکات. ئەو سەرپەرشتی و ڕێنماییی قوتابیانی ئێرانی دەکرد کە دەنێردرانە فڕانسا بۆ خوێندن. لە ساڵی ١٩٥٨ دەبێتە جێگرەوەی هاوڕێی دێرینی خۆی (ئادەم میتسکێڤیچ) لە پۆستی بەرپرسی خوێندن و لێکۆڵێنەوەی زمان و ئەدەبیاتی سلاڤی لە زانستگای بەناوبانگی (کۆلێژی فڕانسا College de France)، هەر ئەو ساڵەش هاووڵاتینامەی فڕانسی پێ دەدرێت. هەروەها یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی زمانناسیی پاریس (Société de linguistique de Paris) لە ساڵی ١٨٦٨. لە ساڵی ١٨٨٤ خانەنشین دەبێت و لە ساڵی ١٨٩١ و لە تەمەنی ٨٧ ساڵی لە شارۆچکەی "نوازی لو سێک Noisy-le-Sec"ی نزیک پاریس دواکۆچ دەکات و لە گۆڕستانی "لێ شامپۆ Les Champeaux" دەنێژرێت کە بە گۆڕستانی پۆڵۆنیە دوورەوڵاتەکانی فڕانسا ناسراوە و کەوتۆتە شارۆچکەی "مۆنمۆرانسی Montmorency"ی سەر بە پارێزگای "ڤال دواز Val-d'Oise"ی هاوسنوور لەگەڵ پاریس.

سێ مێدالیا/نیشانی گەورە و نایابی پێدراوە بۆ خزمەتەکانی: مێدالیای "گەورە ئەفسەری شێر و ڕۆژ"ی ئێمپڕاتۆرێتیی فارس، مێدالیای "کۆماندەری سانت ستانیسلاس"ی پۆڵۆنی و مێدالیای "شۆڕەسواری سانت ڤلادیمیر"ی ڕووسی؛ هەروەها مێدالیای "شۆڕەسواری لێژیۆنی شەڕەف"ی فڕانسیی پێدراوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  • chodzko-aleksander-borejko لە Encyclopædia Iranica ەوە
  • زۆربەی زانیاریەکان لە ویکیپێدیای فڕانسیەوە وەرگیراون.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]

داڕێژە:Poland-writer-stub