ڕێزمانی کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کەرەستەکانی زمانی کوردی[دەستکاری]

ھێڵکاری پێکھێنانی ڕستە
دەنگ >>> پیت >>> بڕگە >>> وشە >>> گرێ >>> ڕستە


لە دوای ڕستە دەتوانرێت بۆ ھەر مەبەستێک بەکار بھێنرێت وەک ئەم نووسینەی ئەیخوێنیتەوە:


دەنگ[دەستکاری]

بچووکترین ئاخاوتنە، کە بە یەکجار لە دەمەوە دێتە دەرەوە.

پیت[دەستکاری]

ئەو ھێما تایبەتانەن کە بۆ ھەر یەکێک لە دەنگەکانی ئاخاوتن دانراون. (واتا پیتەکان وێنەی دەنگەکانن).

بڕگە[دەستکاری]

بە چەند دەنگێک کە بەیەکجار لە دەم دێنە دەرەوە، نیوە وشەیەک یان وشەیەکی ناتەواو پێکدەھێنن.

نمونە لە بڕگە:
وشە ىڕگەىڕگە
پێشمەرگە پێش-مەر-گە
جووڵانەوە جوو-ڵا-نە-وە
گوڵاڵە گو-ڵا-ڵە

وشە[دەستکاری]

بەکۆمەڵە پیتێک کە واتای شتێک یان واتایەکی تەواو بدات لەزمانی کوردی دەڵێن وشە.

گرێ[دەستکاری]

بریتییە لە دوو وشە کە بەهۆی ئامرازی (ی) دەدرێنە پاڵ یەکتر، کە بەتەنیا واتایان نییە و تەنیا بەشێک لە ڕستە پێکدەهينن.

بەم شێوەیەیە:

دابەشبوونی گشتی گرێ:
ناو + ئامراز (ی) + ناو
ناو + ئامراز (ی) + جێناو
ناو + ئامراز (ی) + هاوڵناو

ڕستە[دەستکاری]

لە گۆڕەپانی زمانناسیدا، ڕستە دەربڕینێکە لە زمانی سروشتیدا. ڕستە یەکەیەکی ڕێزمانی و پەیڤییە کە لە یەک وشە یان زیاتر پێکهاتووە و هەر وشەیەک نوێنەرایەتی چەمکێک دەکات. ڕستە بەکاردێت بۆ مەبەستی دەربڕینی وتەیەک، پرسیارێک، سەرسووڕمانێک، داخوازیێک یان فەرمانێک. وە ھەروەھا ئەرکە سەرەکیەکانی ڕستە بریتین لە (بکەر و کار) واتە بێ ئەم دوانە ڕستە پێک نایەت.

بزوێن[دەستکاری]

بزوێنەکان بەو دەنگانە دەوترێن کە لە کاتی بێژەیاندا (وتنیاندا)، دەم و زار هەندێک زیاتر دەکرێنەوە و زیاتر دەکێشرێن وەھەروەھا دەربڕینیشیان ئاسانە. بزوێنەکان جووڵە و بزواندن دەخەنە ناو وشەوە.

پیتە بزوێنەکان لە کوردیدا[دەستکاری]

لە زمانی کوردی ٨ (ھەشت) دانە پیتی بزوێن ھەیە، بەڵام بە ئەلفبای ئارامی تەنیا ٧ (حەوت) دانە پیتیان بۆ دانراوە، کە بریتین لە:

(ا ـ و ـ ۆ ـ وو ـ ە ـ ی ـ ێ - بزرۆکە(i))

بزرۆکە[دەستکاری]

ھەشتەمین پیتی بزوێنی زمانی کوردییە، کە لە ئەلفبێی کوردیی لاتینیدا بە پیتی "i" ھێما دەکرێت بەڵام لە ئەلفبێی کوردیی عەرەبیدا نابینرێت و بزرە (ونە) بۆیە ناونراوە بزرۆکە. ھەندێ لەو وشانەی کە لە ڕواڵەتدا بزوێنیان تێدا نابینرێ، وەکو: (بردن، من، ژن، چل، مردن، بزن، خستن)، بەڵام لەڕاستیدا دەنگی بزوێنیان تێدایە.

ئەگەر لە بڕگەی وشەیەک هیچ پیتی بزوێن نەهاتبێت، ئەوا زۆربەی کات لە بەینی دوو پیتی نەبزوێندا بزرۆکە دادەنرێت.

نمونە:

بردن: (بر-دن)

واتا لە هەردوو بڕگەی وشەی بردن هیچ پیتێکی بزوێن نییە، لەو کاتەدا بە لاتینی بەم شێوەیەی لێ دێت: birdin

هەندێک نمونەی دیکە:

  • من >>> min
  • ژن >>> jin
  • چل >>> çil
  • مردن >>> mirdin
  • بزن >>> bizin
  • خستن >>> xistin
  • کردن >>> kirdin

یاسا: لە زمانی کوردی لە هەر بڕگەی هەر وشەیەک بێت، پێویستە پیتی بزوێنی تێدا هەبێت. لە زمانی کوردیدا وشە نییە پیتی بزوێنی تێدا نەبێت.

  • (ناو naw)
  • (کورد Kurd)
  • (کۆمار komar)
  • (سوور sûr)
  • (بەرد berd)
  • (سێ sê).

پیتی بزوێنی کورت[دەستکاری]

پیتی بزوێنی کورت بریتییە لەم پیتانە: (ە، و، ی، (i) بزرۆکە)

پیتی بزوێنی درێژ[دەستکاری]

پیتی بزوێنی درێژ بریتییە لەم پیتانە: (ا، ۆ، وو، ێ)

پیتە ناوبەندەکان[دەستکاری]

تەنھا دوو پیتی ناوبەند ھەیە لە زمانی کوردیدا، کە ئەوانیش پیتی (و، ی)ـن. ھەروەھا ھەردوو پیتی ناوبەند ھەندێک جار لە وشەدا دەبنە بزوێن و ھەندێک جار نابنە بزوێن. نمونە بۆ پیتە ناوبەندەکان:

  1. ھەموویان..... [ی]
  2. بردییان..... [ی]
  3. وڵاتە یەکگرتووەکان..... [و]

ناو[دەستکاری]

بریتیە لەو وشەیەی کە بەکاردەھێنریت بۆ ناساندنی ھەر شتێک کە گیاندار بێت یان بی گیان (وەک: کوردستان، بەھار، کوڕ، کچ، تەختە، چیا، ھەوا و ھتد) و دەتوانێت سەرجەم ئەرکە سەرەکیەکانی ڕستە ببینێت (بکەر، کردار، بەرکار، تەواوکەری کار،........)

بکەر[دەستکاری]

(ناو، ھاوەڵناو، جێناو)ـێکە کە کاری سەرەکی لە ڕستەدا ئەنجام دەدات:

(من لە کوردستان دەژیم.)

  • من: بکەری ڕستەکەیە کە کاری سەرەکی "دەژیم" لە ڕستەکەدا ئەنجام داوە

کار[دەستکاری]

بریتیە لەو کارە کە بکەری ڕستەکە ئەنجامی داوە.

کاری ڕابردوو[دەستکاری]

ئەو کردار ەیە کە لە پێش کاتی باسکردنەکەیدا ئەنجام دراوە، بۆ دروستکردنی ئەم کارە، قەدی چاوگ وەردەگرین کە بە لابردنی نوونی چاوگ دروستدەکرێ.

کاری ڕابردووی نزیک[دەستکاری]

ئەو ڕابردوەیە کە بە شیوەیەکی سادە دیت و وا پیشان دەدات کە کاری ڕستە لە ماوەیەکی نزیکی پێش ئێستادا روی داوە. ھیچ پاسگرێکی پیوەنیە. یاسا: (قەدی چاوگ)

  • خەوتن > خەوت
  • ڕۆیشتن > ڕۆییشت
  • ئازاد ڕۆییشت بۆ بازاڕ.

رۆیشت:کاری رابردووی نزیکە

کاری ڕابردووی دوور[دەستکاری]

ئەو کردارەی ڕابردوەیە کە وا پیشان دەدات، کاتی باسکردنی کارەکە زۆر (دوور) لەمەو پێش ئەنجام دراوە. پاشگری (بوو) ی پێوەیە. یاسا:(قەدی چاوگ + بوو)

  • خەوتبوو > خەوتبوو
  • ڕۆیشتبوو > رۆیشتبوو
  • ئازاد بۆ بازاڕ ڕۆیشتبوو.

لێرە وا ھەست دەکەین کە ئەو کارە ماوەیەکی پێش ئێستا ئەنجام دراوە.

کاری ڕابردووی تەواو[دەستکاری]

ئەو کاری ڕابردوەیە کە وا پیشان دەدات، کاتی باسکردنی ئەنجامدانی کارەکە تەواو بووە. پاشگری (وە) یان (یە)ـی پێوەیە، بەڵام ئەگەر چاوگەکە تائی یان دالی بوو، پاشگری (ووە) یان (ییە) وەردەگرێ.

یاسا:(قەدی چاوگ + ووە[وە] یان ییە[یە])

  • سووتاوە
  • کوژرایە
  • مردییە
  • ڕۆیشتووە

لێرە وا ھەست دەکەین کە ئەو کارە ماوەیەکی پێش ئێستا ئەنجام دراوە

کاری ڕابردووی بەردەوام[دەستکاری]

ئەو کارەیەیە کە لە ڕابردوودا ئەنجامدراوە لەکاتی ڕوودانی کارێکی دیکە، وە پێشگری دە وەردەگرێ.

یاسا:(دە + قەدی چاوگ) لە کرمانجی خواروو

(د + قەدی چاوگ) لە کرمانجی ژووروو

  • خانووەکە دەسووتا کاتێک ئەوان ھاتن
  • ئەگەر نەھاتبای دەڕۆیشتم

کاری ڕانەبردوو[دەستکاری]

ئەو کارەیە کە لە پێشوودا نەکرا بێت یان نیازی ئەنجام دانی تیابێت چ لە ئێستا یان داھاتوو بۆ نمونە (دواتر نانەکە دەخۆم) یان (ئێستا نانەکە دەخۆم) و واتە کارەکە تاوەکوو ئێستا ئەنجام نەدرابێت

یاسا: (دە+رەگی کار+جێناوی لکاوی کۆمەڵەی سێیەم)

کاری داخوازی[دەستکاری]

ئەو کارەیە کە کەسی یەکەم فرمان بە کەسی بەرامبەری دەکات کە بۆ کەسی دووەمی تاک جێناوی لکاوی(ـە) وەردەگرێ وە لە کۆجێناوی لکاوی (ن) وەردەگرێ، بە شێوەی ئەرێنی، لە نیشانەی فرمانب+ڕەگی کار یان نەرێ لە مە+ڕەگی کار پێکدێن، نموونە (بخۆ، مەخۆ) (بخۆن، مەخۆن)، لە کاری دخوازی کەسی سێھەم تێدا نییە یاسا:(ب+رەگی کار+جێناوی لکاو کۆمەڵەی چوارەم)

کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ[دەستکاری]

کاری تێپەڕ[دەستکاری]

ئەو کارەیە کە لە ڕستەدا پێوستی بە بەرکارێک ھەیە بۆ ئەوەی واتاوی ڕستەکە تەواو بکات. وە ھاوکات وشەی تێپەڕ بەوە دەناسرێتەوە، کە جێناوەکانی (م، مان، ت، تان، ی، یان) وەردەگرێت.

  • (تۆ گۆڤارەکەت خوێندەوە)
تۆ: بکەر
گۆڤارەکە: بەرکار
ت: جیناوی لکاو بۆ کەسی دووەمی تاک، بۆ بکەر دەگەریتەوە
خویندەوە:کاری رابردووی تیپەڕ

کاری تێنەپەڕ[دەستکاری]

ئەو کارەیە کە لە ڕستەدا پێوستی بە ھیچ بەرکارێک نیە بۆ ئەوەی واتاوی ڕستەکە تەواو بکات.

  • (منداڵەکە خەوتوە)
منداڵەکە: بکەر
ەکە: نیشانەی ناساندن
خەوتوە: کاری ڕابردوی تەواوی تێنەپەرە

ھیچ بەرکارێک لەم ڕستەیەدا نابینرێت بۆیە تێنەپەڕە

جیاکردنەوەی کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ[دەستکاری]

ئەگەر کارێک لە ڕستەدا هەبوو بۆ ئەوەی بزانیت کە ئایە تێپەڕە یان تێنەپەر ئەوا بەم شێوەیە تاقی دەکەینەوە:

ئەگەر کارەکە کۆمەڵەی یەکەمی جێناوە لکاوەکان (م - مان، ت- تان، ی - یان) وەرگرێت ئەوە تێپەڕە.

  • خوێندنەوە >>>> (خوێندمەوە، خوێندمانەوە، خوێندتەوە، خوێندتانەوە، خوێندیەوە، خوێندیانەوە) ھەموو ئەم وشانە دروستن و تێک نەچوون کەواتە کارەکە تێپەڕە

بەڵامئەگەر کارەکە کۆمەڵەی یەکەمی جێناوە لکاوەکان (م - مان، ت- تان، ی - یان) وەرنەگرت ئەوە تێنەپەرە.

  • خەوتوە >>>> ئێمە ناتوانین بڵێین (خەوتمەوە، خەوتمانەوە، خەوتتەوە، خەوتتانەوە، خەوتیەوە، خەوتیانەوە) ھەموو ئەم وشانە نادروستن و تێک چوون کەواتە کارەکە تێنەپەڕە
  • ئەگەر (ئەوان)
  • بخەیتە پێش چاوگەکە و گونجا ئەوا تێنەپەڕە وەکو: (ڕۆیشتن ئەتوانین بڵێین ئەوان ڕۆیشتن، سەرکەوتن ئەتوانین بڵێین ئەوان سەرکەوتن) بەڵام ئەمەش شازی تێدایە وەکو: (ناتوانین بڵێین: ئەوان بارین لە کاتێکدا بارین چاوگێکی تێنەپەڕە)

بەرکار[دەستکاری]

وشەیەکە، لە ڕستەدا مەبەستی کاری ڕستەکە ڕوون دەکاتەوە، ڕستە بەبێ بەرکاریش دەبیت، بەڵام بەرکار بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی واتای کارەکەیە، وەڵامی وەشەی پرسی "چی؟" و "کێ؟" دەداتەوە.

  • من سێوەکەم خوارد.

(من چیم خوارد؟) >> سێوەکە.

کەواتە سێوەکە بەرکارە.

  • ھەڤاڵ ڕۆژنامە دەخوێنیتەوە.

(ھەڤاڵ چی دەخوێنێتەوە؟) >> ڕۆژنامە.

کەواتە ڕۆژنامە بەرکارە.

  • من کاروانم بینی.

(من کێم بینی؟) >> کاروان.

کەواتە کاروان بەرکارە.

نیھاد[دەستکاری]

بریتییە لە ناو یان ھاوەڵناو یان جێناو. نیھاد ھەمیشە پێش گوزارە دێت و ئەو بەشەیە لە ڕستە کە لێی دەدوێین یان ھەواڵێک لە بارەیدا دەدەین.

نمونە:

گەلی کورد ئێستا ئازادە.
گەلی کورد: نیھادە.

گوزارە[دەستکاری]

گوزارە (PREDICATE) ھەواڵێکە کە لە بارەی نیھادەوە دەدرێت و ھەمیشە دەکەوێتە دوای نیھادەوە. وشەی بنچینەیی لە بەشی گوزارەدا کردارە.

نمونە

فەرھاد کوڕێکی زیرەکە.
فەرھاد: نیھادە.
کوڕێکی زیرەکە: گوزارەیە.

زیرەك: تەواوکەری کاری ناتەواوە.

ـە:کاری ناتەواوە(بۆ دەمی ئێستا).

چاوگ[دەستکاری]

چاوگ بە وشەیەک دەوترێت کە ناوی کارێکە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی کەس و کات، جێبەجێبوونی کارێک نیشاندەدا و بە پیتی نون «ن» کۆتایی دیت وەک: «مردن، سوتان، بردن،....»
پێنج جۆر چاوگ ھەیە لە کوردیدا:

جۆری چاوگ ڕوونکردنەوە وێنە
چاوگی واوی ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی واو (و) چوون، بوون
چاوگی دالی ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی دال (د) کردن، بردن، خواردن
چاوگی یایی ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی یاء (ی) زانین، بینین
چاوگی ئەلف ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی ئەلف (ا) سووتان، برژان
چاوگی تایی ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی تاء (ت) نووستن، بیستن

جێناو[دەستکاری]

ئەو وشەیەیە کە لە ڕستەدا شوینی (جێی) ناو دەگرێتەوە و ھەموو ئەرکەکانی ناو دەبینێت. بە شیوەیەکی گستی جێاوە کەسیەکان دەکرێن بە دوو بەش (جێناوە سەربەخۆکان وە جێناوە لکاوەکان)

جێناوی سەربەخۆ[دەستکاری]

ئەو جێناوانەن، کە بە سەربەخۆیی لە ڕستەدا دێن، واتە پێویستیان بە ھیچ پێوە لکاوێک نیە بۆ پیدانی واتایەکی تەواو.

جێناوە سەربەخۆکان ئەمانەن:
(من - ئێمە، تۆ - ئێوە، ئەو - ئەوان)

جیناوە سەربەخۆکان بەپێی کەس و (تاک و کۆ)یی بەم شیوەیە دابەش دەکرێن:

کەس تاک کۆ
یەکەم من ئێمە
دووەم تۆ ئیوە
سێیەم ئەو ئەوان

(من چوم بۆ بازاڕ.) من:جێناوی سەربەخۆیە بۆ کەسی یەکەمی تاک "پێویستە بە ھیج پیوە لکاویک نیە"

(ئەوان ماڵیان لە کوردستانە) ئەوان:جێناوی سەربەخۆیە بۆ کەسی سێیەمی کۆ

"پێویستە بە ھیج پێوە لکاوێک نییە."

جێناوی لکاو[دەستکاری]

ئەو جێناوانەن، کە لە ڕستەدا بە وشەکانی دیکەوە دەلکێن، واتە پێویستیان بەوە ھەیە کە بە وشەیەک بلکێن بۆ ئەوەی واتای تەواو بگەیەنن.

جێناوە لکاوەکان دابەش دەکرێن بە سێ کۆمەڵ

کۆمەڵەی یەکەم[دەستکاری]

جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم ئەمانەن:
(م - مان، ت - تان، ی - یان)

دابەش بونیان بەپێی کەس و (تاک و کۆ)ی بەم شێوەیە دەکرێت:

کەس تاک کۆ
یەکەم م مان
دووەم ت تان
سێیەم ی یان

(دەچم بۆ بازاڕ)
م:جێناوی لکاوە بۆ کەسی یەکەمی تاک.
"پێویستە بە پێوە لکاوێک ھەیە، کە "دەچ"ە، واتە بەبێ وشەی "دەچ"، جێناوی لکاوی "م" بە تەنیا دەمێنێتەوەو واتای نامێنێت. بەم شێوەیەی لێدێت: م بۆ بازاڕ"

کۆمەڵەی دووەم[دەستکاری]

جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی دووەم ئەمانەن:
(م - ین، یت - ن، _ - ن)

دابەش بونیان بەپێی کەس و (تاک و کۆ)یی بەم شێوەیە دەکرێت:

کەس تاک کۆ
یەکەم م ین
دووەم یت ن
سێیەم × ن

تێبینی ئەوەش دەکەین، کە جێناوێکی لکاو نیە بۆ کەسی سێیەمی تاک لە کۆمەڵەی سێیەمدا.

(چوون بۆ بازاڕ؟)
ن: جێناوی لکاوە بۆ کەسی سێیەمی کۆ.

کۆمەڵەی سێیەم[دەستکاری]

جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی سێیەم ئەمانەن:
(م - ین، یت - ن، ێت/ات - ن)

دابەش بونیان بەپێی کەس و (تاک و کۆ)ی بەم شیوەیە دەکرێت:

کەس تاک کۆ
یەکەم م ین
دووەم یت ن
سێیەم ێت/ات ن

(چوویت بۆ بازاڕ؟)
یت: جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووەمی تاک.

ھاوەڵناو[دەستکاری]

ھاوەڵناو یان ئاوەڵناو وشەیەکە کە (وەسف) پێناسەی ناو دەکات لە رستەدا. ھەر وەک لە ناوەکەی دیارە ھاوەڵناو، ھاوڕێی ناوە.

  • جوان
  • زیرەک
  • باش
  • ھێمن (وەک سیفەت)
مرۆڤی ھێمن ھەمیشە سەرکەوتوە.
ھیمن: ھاوەڵناوە "باس لە ھیمنی ناوەکە واتە مرۆڤ دەکات"

ھاوڵناوی نادیار[دەستکاری]

  • "ھاوەڵناوی نادیار" ھاوەڵناوێکە کەجۆر و چۆنیەتی، یا ژمارەو بڕی ناوەکە بەشێوەیەکی نادیار دەست نیشان دەکات ویا دەخرێتە پێش ناوەکە یان جێناوەکە، ئەوکاتە پێویستی بە (دانەپاڵ) نابێت، یان دەخرێتە دوای ناوەکە، یان جێناوەکە وە ئەوکاتە پێویستی بە (دانەپاڵ) دەبێت.
  • ھەندێ لەوھاوەڵناوە نادیارانە ئەمانەن:

(چەند=ھەندێ، ئەوەندە، وەھا، گەلێک، چەند، زۆر، کەم، بڕێ، ھەمی، پیچەک).

  • ئەو پەیڤانەی کەیە (ئاوەڵناوی نادیار) ناومان برد، لەناویان دا پەیڤی (ھەر) ھەمیشە بە ھاوەڵناوی دەمێنێتەوە و پەیڤی (زۆر، گەلێک، ھەندێک، کەمێک) یش ھەندێ جار بەبێ نا بەکاربھێنن و ببنە (جێناوی نادیار) وەک:
ئەو ڕووبارە ئاوی "کەمە".

ھاوەڵکار[دەستکاری]

ھاوەڵکار وشەیەکە ڕویەکی ڕودانی کاری ڕستە دەربارەی (کات، شوێن، چۆنیەتی، چەندێتی، ڕێکخستن) دەردەخات لەم ڕوەوە سنورێک بۆ تەواوکردنی واتاکەی دادەنێت. دەبێتە تەواوکەری کار.

ئەرکەکانی ھاوەڵکار ئەمانەن:

  • ھاوەڵکار لە ناو ڕستەدا ئەم ئەرکانە دەبینێت.
آ. دەبێتە تەواوکەری کار.
ب. دەبێتە دیارخەری ھاوەڵکارێکی تر و ھەردووکیان پێکەوە دەبنە تەواوکەر بۆ کارەکە.
  • ھاوەڵکار ھەمیشە دەبیتە تەواوکەری راستەوخۆی کاری رستە.

ھاوەڵکاری کاتی[دەستکاری]

ھاوەڵکاری کاتی ئەو ھاوەڵکارەیە کە کاتی ڕودانی کاری ڕستە نیشان دەدات (دەردەخات)، دەبێتە تەواوکەری کاری ڕستە.

  • (ئێستا، ئەمڕۆ، سبەی، دوای نیوەڕۆ، پشتی نیڤڕۆ، نھۆ، لەم ڕۆژانە، چەند ڕۆژێکی دی بەم زوانە، بەھاری، ئەمساڵ، جاران، لەمێژە، ھەمیشە، لەوساوە،پار،دوێنێ،درەنگ،زوو... ھتد)
  • کە دەڵێن ئەمرۆ دەشت و کێو شینە
چەنـدە مەڵبـەنـدی ئێمە شیریـنـە (ھێمن)

ھاوەڵکاری شوێنی[دەستکاری]

ھاوەڵکاری شوینی ئەو ھاوەڵکارەیە کە شوێنی ڕودانی کاری ڕستە نیشان دەدات، دەبێتە تەواوکەری کاری ڕستە، وەڵامی وشەی پرسی (لە کوێ، لە کێندەرێ، بۆ کوی) دەداتەوە.

  • (سەر، ژێر، خوار، بن کن، پاش، پێش، لە بن، تەنیشت، چەپ، ڕاست، لەوێ، لێرە، خارێ،... ھتد)
  • لەژێر زەردی خۆرەتــاوا
بەناو چیمەنی گوێ ئاوا (گۆران)

ھاوەڵکاری چۆنیەتی[دەستکاری]

ھاوەڵکاری چۆنیەتی ئەو ھاوەڵکارەیە کە چۆنیەتی ڕودانی کاری ڕستە نیشان دەدات و وەسفی کاری ڕستە دەکات، دەبێتە تەواوکەری کاری ڕستە، وەڵامی وشەی پرسی (چۆن، کوو، چەوان) دەداتەوە.

  • (شێرانە،بەپەلە،بەخێرایی،بەجوانی، ئازایانە، مەردانە، ژیرانە، بە ڕاکردن، بە ساردی، بە گەرمی، بە باشی، بە نەخۆشی، بە توڕەیی، بە دروستی، ب پاکی، ب لەز،... ھتد)
  • ئەمڕۆژی ساڵی تـازەیە نەورۆزە ھـاتـەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەھاتەوە (پیرەمێرد)

ھاوەڵکاری چەندێتی[دەستکاری]

ھاوەڵکاری چەندێتی ئەو ھاوەڵکارەیە کە چەندێتی (بڕی) ڕودانی کارێکی تەواو (تێپەڕ و تێنەپەڕ) نیشان دەدات، دەبێتە تەواوکەری کاری ڕستە.

  • (زۆر، کەم، کێم، گەلێک، تۆزێ، پیچێک، فرە،... ھتد)
  • لە گەرووی شـمشاڵ لە تەلی کەمان
گەلێ ھەڵساوە ئاوازەی جوان جوان (گۆران)
  • ھەتاوی نەورۆز مانگی جۆ درەو
زۆر ھاتون وچون بە ڕۆژ بە شەو (گۆران)

ھاوەڵکاری رێکخستن[دەستکاری]

ھاوەڵکاری ڕێکخستن ئەو ھاوەڵکارەیە کە لە ڕستەدا شێوەی ڕێکخستنی ڕودانی کارەکە پیشان دەدات، ھەمیشە دەبێتە تەواوکەری کاری تەواو لە ڕستەدا.

  • (دەستە دستە، پۆل پۆل، جار جار، تاقم تاقم، جوان جوان، کۆمەڵ کۆمەڵ، سێ سێ، شەش شەش،... ھتد)
  • پیاوەکان دەستە دەستە ھاتن
  • باران تاڤ تاڤ دبارێت