کۆڕی زانستیی زمانی کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کۆڕی زانستیی زمانی کوردی لە ئەنجامی بەرێوەچوونی کۆنگرەی زانستی فێرکاری زمانی کوردی بە ھەڵبژاردنی ٢٠ کەس لە نووسەر و ڕۆشنبیر و زمانزانانی کوردستانی ئێران ساڵی ١٣٨١ لە تاران دامەزارو و شەرعییەتی خۆی لە کۆی دەنگی نووسەران و ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی کوردستانی ئێران وەرگرتووە.

وەک دەسپێک ئاور ئەدرێتەوە لەو زەروورەت و پێویستییانەی ئێمەی ھاندا بەرەو بەستنی کۆنگرەکە و دواتریش پێکھێنانی کۆری زانستی زمانی کوردی. لە ھەمانکاتدا کە زمان لە لایەنی دیالۆگی خۆیەوە ھۆی سەرەکی گفت‌وگۆ و لێکگەیشتن و پێکەوە گونجانی مرۆڤ و بناغەی شارستانییەتی فیکری و مەعریفی خودی ئینسانە، ھاوکات وەکوو گەورەترین فاکتەری شۆناسی تایبەتی ھەر نەتەوەیەکە و ھیچ نەتەوەیەک بە بێ زمانێکی تایبەت و ھاوبەش وێنا ناکرێت. ھەروەھا پێشکەوتنی نەتەوە و پەرەسەندنی خودی زمانی نەتەوە لە پێوەندییەکی پتەودان، زمان وەکوو بەرھەمھێنەری یەکگرتوویی نێوان نەتەوە و ھەر گرووپێکی ئەتنیش، بۆ نەسرانەوەی ھەر کەمینە و ھەڵگرتنی ھەر یادەوەرییەکی کۆن و نوێی ھەر نەتەوە و گەڵێک گەورەترین فاکتەر و پێداوییستییە. ئەمە وەک باری نەتەوەیی، و وەک باری ئینسانیش زمان ئەو بوونیادەیە ئێمە شعوور و ژیانی خۆمانی لەسەر دادەمەزرێنین و ھیچ دوانەیەک لە جیھاندا نییە ئەوەندەی ئینسان و زمان گرێدراوییان ھەبێ و بە واتایەک ئێمە بێ زمان ھەڵناکەین و ناچاریین لە خۆشەویستی و خزمەتی زمان. ئەمانە وەک دوو پێویستی بنچینەیی چالاکی فەرھەنگی و ڕۆشنبیری ئەو کاتە و تەنانەت ئێستاش لەو زەروورەتانە بوونە ئێمە وەک خۆمان ھەستمان پێکرد و بەرەو پێشوازی چووین، و مەبەست لەو ھەنگاوەش چارەسەرکردنی ھەندێک کێشەی سەرەکی و زەمینەخۆشکردن و دەست پێش خەرییەک بووە بۆ کارکردن و ئاوردانەوەیەکی جیددی و سەردەمیانە لە زمانی کوردی. ئەڵبەت لە بیری نەکەین مێژووی کورد و خەباتی سیاسی ـ فەرھەنگی کورد بە درێژەی تەمەنی خۆی لە سەرنج و گرنگیدان بە زمانی کوردی بێبەری نەبووە و ھەر کات دەرفەتێک ھەڵکەوتبێ و دەسەڵاتێکی کوردی سازبووبێ یان بووژابێتەوە یەکەم فاکتەری ئەساسی، زمان بووە کە کەوتووەتە گەر و بەرجەستە بووتەوە. وەک وترا ئامانجی سەرەکی لە دامەزران و بەرێوەبردنی ئەو کۆرە و زنجیرە دانیشتنەکانی کۆری زانستی زمان، یەکەم: وڵامدانەوەیەکە بەو عەشق و شەوقەی لە دەروونماندا بۆ زمانی نەتەوەکەمان ھەمانە و دووھەم: چارەسەرکردنی ھەندێک کێشەی سەرەکی زمانی کوردییە لەم بەشەدا و دواتر بەپێی توانا ھەوڵێکە بۆ ھاوچەرخترکردنی زمانەکەمان.

ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆری زانستی زمان لەلایەن نووسەران و ڕۆشنبیران و چالاکانی فەرھەنگی کوردستانی ڕۆژھەڵات بووە و ئەم کۆرە بە پێچەوانەی ھەموو کۆر و دانیشتنە فەرھەنگییەکانی کوردستانی ئێران، شەرعییەتی خۆی لە دەنگی ڕاستەوخۆی نووسەران و ڕۆشنبیران وەرگرتووە. ئەندامەکانی ئەم کۆرە ٢٠ کەسن کە ھەموویان ناو و سیمای ناسراون و ھەرکامیان لە فەزای ڕۆشنبیری و فەرھەنگی کوردستانی ڕۆژھەڵاتدا خاوەن پلە و جێگەی تایبەتن.

وەک دیارە مەبەستی ئەم کۆرە کارکردن لەسەر زمانی پێوەری کوردییە و ھەموو کار و چالاکییەکانی لەو پێناودایە و لەم ڕێگەشدا گرینگی دەدەات بە ھەموو زاراوەکان و لە کۆرەکەشدا نێونەری ھەموو زاراوەکان و بن‌زاراوەکانی تێدایە. رێنووسیش ھەر ئەو ڕێنووسەیە کە شێوەیەکی ڕەسمی بە خۆیەوە گرتووە واتە بە ئەلفووبێی عەرەبی. برواشی وایە کار و پروژەیەک سەرکەوتووە کە بەردەوام ڕووبەرووی ڕەخنە و تاوتوێکردنی شارەزایان و پسپۆرانی بواری پرۆژەکە بێتەوە و کۆریش وەک خۆی بەردەوام بانگەوازی ئەوەی کردووە و داواکاری ئەوەیە شارەزایان و پسپۆرانی بواری زمان، بە ڕەخنەگرتن و تاوتوێکردنی زانستیانەی چالاکییەکانی یارمەتی دەری پرۆژەکە و کۆری زانستی بن.

ئەندامانی کۆڕ[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

دەربارەی کۆڕ - ماڵپەڕی کۆڕی زانستی زمانی کوردی

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

ماڵپەڕی کۆڕ