بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ئاڕم یان لۆگۆ
جۆر
جۆرتاک پەرلەمانی
مێژوو
دامەزراندن٢٠٠٥
جیابوونەوەکۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان
پێشینەژووری نوێنەران
ئەنجومەنی نیشتمانی
سەرکردایەتی
سەرۆکمەحموود مەشھەدانی، (سەربەخۆ)
لەدوای ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
جێگری یەکەمی سەرۆکموحسین مەندەلاوی، (سەربەخۆ)
لەدوای ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
جێگری دووەمی سەرۆکشاخەوان عەبدوڵڵا، (پەدەکە)
لەدوای ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢[١]
پێکھاتە
کورسییەکان٣٢٩
Iraq Parliament 2025.svg
گرووپە سیاسییەکانی
ھەڵبژاردنەکان
سیستەمی دەنگدانییەک ڕای ڕانەگوێزراو (لەدوای ٢٠١٩)
دوایین ھەڵبژاردنی١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ھەڵبژاردنی داھاتووی٢٠٢٩
شوێنی کۆبوونەوە
Baghdad Convention Center inside.jpg
ناوچەی سەوز، بەغدا، عێراق
ماڵپەر
www.parliament.iq

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یان پەرلەمانی عێراق (بە عەرەبی: مجلس النواب العراقي) ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتی شەرعییە لە عێراق. لە ئێستادا ٣٢٩ ئەندام لە پەرلەماندا ھەن و باڵەخانەکەی دەکەوێتە ناوچەی سەوز لە بەغدا. بە چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق دەکرێت، کۆتاجار لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ئەنجامدرا. لە ئێستادا موحسین مەندەلاوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە.

مێژوو

[دەستکاری]

سەردەمی پاشایەتی: ١٩٢١–١٩٥٨

[دەستکاری]

ئەنجومەنی دامەزرێنەری شانشینی عێراق لە ساڵی ١٩٢٤ ھەڵبژێردرا و دەستوورێکی عێراقیی نووسییەوە کە داوای سیستەمێکی پاشایەتیی دەستووریی دەکرد. یەکەم پەرلەمانی ھەڵبژێردراوی عێراق دوای نووسینەوەی دەستوور و دامەزراندنی سیستەمی پاشایەتیی دەستووری لە ساڵی ١٩٢٥ پێکھێنرا. دەستووری ساڵی ١٩٢٥ داوای پەرلەمانێکی دەکرد بە ناوی «ئەنجومەنی ئوممە» کە لە دوو ئەنجومەن پێکدەھات: ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پایەبەرزان (الأعیان). ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بنەمای مافی دەنگدان بۆ کەسانی شایستە ھەڵدەبژێردرا. ئەنجومەنی پیران (ئەنجومەنی پایەبەرزان) لەلایەن پاشاوە دادەمەزرێنرا. لە نێوان ساڵی ١٩٢٥ و کودەتای ساڵی ١٩٥٨، شازدە ھەڵبژاردنی یاسادانان ئەنجامدرا.

لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. دوای مشتومڕ لەسەر جێبەجێکردنی ئەوەی پێی دەگوترا پەیمانی بەغدا، سەرۆک وەزیران نووری پاشا سەعید داوای ھەڵبژاردنی لە ساڵی دواتردا کرد، لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٤. پەرلەمان دوای ماوەیەکی کورت ھەڵوەشێنرایەوە و بەپێی مەرسوم دەستی بە حوکمڕانی کرد، بەڵام ئۆپۆزسیۆن ناچاری کرد سێیەم ھەڵبژاردن لە ماوەی سێ ساڵدا ئەنجام بدات. دووەم ھەڵبژاردنی ١٩٥٤ زۆر گەندەڵ بوو، دووژمنە سیاسییەکانی سەعید قەدەغە کران لە خۆپاڵاوتن، و بە شێوەیەکی بەرفراوان فشاری دەخرایە سەر دەنگدەران. ئەنجومەن جارێکی تر ھەڵپەسێردرا. دوایین پەرلەمان لە سەردەمی پاشایەتیدا لە مانگی ئایاری ١٩٥٨ ھەڵبژێردرا.

سەردەمی کۆماری: ١٩٥٨–١٩٧٩

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٥٨ سیستمی کۆماری ڕاگەیەنرا، و سیستەمی پاشایەتی و پەرلەمان ھەڵوەشێنرانەوە بەھۆی جووڵانەوەی ١٤ی تەممووز لەلایەن ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازاد بە سەرکردایەتیی عەبدولکەریم قاسم. پاشان کودەتای ساڵی ١٩٦٣ ھات کە لەلایەن حیزبی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیستییەوە ئەنجامدرا.

حوکمڕانیی سەددام حوسێن: ١٩٧٩–٢٠٠٣

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٧٠ بەپێی دەستووری عێراق ئەنجومەنێک دامەزرا و ناوی لێنرا ئەنجومەنی نیشتمانی. لەگەڵ ئەوەشدا، ھیچ ھەڵبژاردنێکی گشتی تا مانگی حوزەیرانی ١٩٨٠، لە سەردەمی سەرۆکی عێراق سەددام حوسێندا، ئەنجام نەدرا. چەندین ھەڵبژاردن لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ و ٢٠٠٣ ئەنجامدرا. ئەنجومەنی نیشتمانی تا ڕادەیەکی زۆر ھێمایەکی پشتگیریکردنی حوکمی سەرۆک سەددام حوسێن بوو، و ھەڵبژاردنەکانی بۆ ئەندامەکانی لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیییەوە بە ئازاد و دادپەروەرانە دانەدەنرا. زۆربەی ھەڵبژێردراوان بۆ ئەندامێتیی ئەنجومەنی نیشتمانی بەعسی بوون.[٢]

قۆناغی گواستنەوە: ٢٠٠٣–٢٠٠٥

[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠٠٣، سەددام حوسێن لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شانشینی یەکگرتوو، و ھاوپەیمانەکانیانەوە لە کاتی شەڕی عێراقدا لە دەسەڵات لابرا. لە مانگی ئازاری ٢٠٠٤، ئەنجومەنی حوکم کە لەلایەن دەسەڵاتی کاتیی ھاوپەیمانانەوە پێکھێنرابوو، دەستوورێکی کاتی واژوو کرد کە داوای ھەڵبژاردنی کۆمەڵەیەکی نیشتمانیی ئینتیقالی (گواستنەوە)ی دەکرد لەکاتێکدا کە لە کۆتاییی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ تێپەڕ نەکات. ئەرکی ئەم کۆمەڵەیە داڕشتنی دەستوورێکی ھەمیشەیی بوو کە دواتر دەخرایە ڕاپرسیی گشتیی گەلی عێراقەوە.

ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ قۆناغی گواستنەوە لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ ئەنجامدرا. ھاوپەیمانیی یەکگرتووی عێراق زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستھێنا بە ڕێژەی ٤٨٪ی دەنگەکان کە دەکاتە ١٤٠ کورسی. ژمارەی ژنان لە کۆمەڵەکەدا ھەشتا و پێنج ئەندام بوو. گفتوگۆکان لە نێوان ھاوپەیمانیی یەکگرتووی عێراق و پارتەکانی تر بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی ھاوپەیمانی ھەر زوو دوای ھەڵبژاردنەکان دەستیپێکرد. کۆمەڵەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ١٦ی ئازاری ٢٠٠٥ ئەنجامدا. دوای چەندین ھەفتە لە دانوستان لە نێوان پارتە سیاسییە باڵادەستەکان، لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٥، عەرەبی سوننە حاجم حەسەنی وەک سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا؛ عەرەبی شیعە حوسێن شەھرستانی و کورد عارف تەیفور بۆ پۆستی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردران. کۆمەڵەکە لە ٦ی نیسان جەلال تاڵەبانیی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ھەڵبژارد، و لە ٢٨ی نیسان ڕەزامەندیی لەسەر ئیبراھیم جەعفەری و حکوومەتەکەی نیشاندا.

دەستووری ئێستا: ٢٠٠٥ تا ئێستا

[دەستکاری]

بەپێی دەستووری ھەمیشەیی کە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ پەسەند کرا، دەسەڵاتی یاسادانان بە دوو دەستە سپێردراوە، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵی (الاتحاد). ئەنجومەنی نوێنەران لە ٣٢٥ ئەندام پێکدێت کە بۆ ماوەی چوار ساڵ ھەڵدەبژێردرێن، و ساڵانە دوو وەرزی یاسادانانیان ھەیە. ئەنجومەنەکە یاسا فیدراڵییەکان دەردەکات، چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات، پەیماننامەکان پەسەند دەکات، و ڕەزامەندی لەسەر پاڵاوتنی بەرپرسە دیاریکراوەکان دەدات. سەرۆککۆمار ھەڵدەبژێرێت کە ئەویش سەرۆک وەزیران لە ھاوپەیمانیی زۆرینەی ناو ئەنجومەنەکە ھەڵدەبژێرێت. (لە ماوەی سەرەتاییدا، ئەنجومەنێکی سەرۆکایەتیی سێ کەسی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ھەڵدەبژێردران بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرۆککۆمار). ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ ئەنجامدرا. یەکەم ئەنجومەن لە ١٦ی ئازاری ٢٠٠٦ کۆبووەوە، ڕێک ساڵێک دوای یەکەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی ئینتیقالی. لەو ساڵەوە، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەر ٤ ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەمان ناوی ھەیە بە زمانی عەرەبی (مجلس النواب) وەک ئەنجومەنە یاسادانەرەکانی بەحرێن، مەغریب، ئوردن، و یەمەن، و وەک ئەنجومەنە تاک-ژوورییەکانی لوبنان و توونس. ئەنجومەنی فیدراڵی، یان (مجلس الاتحاد) لە نوێنەرانی ھەرێمەکانی عێراق پێکدێت. پێکھاتە و بەرپرسیارێتییەکانی بە وردی لە دەستووردا دیاری نەکراوە و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دیاری دەکرێت.

ڕووداوە ئەمنییەکان

[دەستکاری]

لە ١٢ی نیسانی ٢٠٠٧، پەرلەمانتار محەممەد عەوز، ئەندامی حیزبێکی سیاسی لە ئەنجومەنی دیالۆگی نیشتمانیی عێراقی، لە کاتی تەقینەوەیەکدا لەناو پەرلەمانی عێراق کوژرا و ٢٢ کەسی تر بریندار بوون.[٣][٤]

قەیرانە پەرلەمانییەکان

[دەستکاری]

کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارە سوننەکان لە حوزەیرانی ٢٠٠٧ وەک ناڕەزایەتییەک بۆ لابردنی سەرۆکی پەرلەمان، مەحموود مەشھەدانی، دوای زنجیرەیەک ڕێکاری مشتومڕاوی، بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد. لە مانگی تەممووزدا گەڕانەوە و سەرۆکی پەرلەمان دووبارە دانرایەوە لەسەر ئەو بنەمایەی کە دوای چەند دانیشتنێک بە ھێمنی دەست لەکاردەکێشێتەوە. کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارە شیعەکانیش لە مانگی تەممووزدا گەڕانەوە دوای بایکۆتێک کە داوای لێکۆڵینەوەیان دەکرد لە تەقاندنەوەی مزگەوتێکی شیعە، لەگەڵ باشترکردنی بارودۆخی ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە. پەرلەمان لەژێر فشاری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بوو بۆ دەرکردنی یاساگەلێک کە مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی حیزبی بەعس، دابەشکردنی داھاتی نەوت، ئۆتۆنۆمی ھەرێمیی و چاکسازی دەستووری دەکات تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٠٧.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «شاخەوان عەبدوڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا». ئێن ئاڕ تی تیڤی. لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
  2. Editorial، Reuters. «Business & Financial News, U.S & International Breaking News | Reuters». U.S. (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ڕەسەنەکە لە ٢٦ی ئایاری ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە. {{cite web}}: |یەکەم= has generic name (یارمەتی)
  3. «Suicide bomber strikes at heart of Iraqi Parliament building - Times Online». www.timesonline.co.uk (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  4. «BBC NEWS | Middle East | Iraq MPs condemn parliament blast». news.bbc.co.uk. لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  5. Burnett، John (١٩ی تەممووزی ٢٠٠٧). «Iraqi Parliament Pulls Together as Break Looms». NPR (بە ئینگلیزی). لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]