ناسیۆنالیزمی کەتەلۆنی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ناسیۆنالیزمی کەتەلۆنی یان کەتەلۆنیزم ئایدۆلۆژیایەکە کە ئاماژە بە ڕەگەزی کەتەلۆنییەکان دەکات وەک نەتەوەیەکی جیاواز و سەربەخۆ.

سەرەتا پشتگیرییەکی زۆر کەمی بەدەستھێنا.[١] بەڵام دوای شەڕی ئیسپانیا-ئەمریکی کە ئەمریکا دواھەمین کۆلۆنییەکانی ئیسپانیای لە کاریبی داگیر کرد، ئەمەش یارمەتی قۆناغە سەرەتایییەکانی کەتەلۆنیزمی دا لە پشتیوانی جەماوەریی، و ئایدۆلۆژیایەکە گەشەی کرد، زیاتریش بەھۆی لاوازبوونی پێگەی نێودەوڵەتی ئیسپانیا لە دوای جەنگ و لەدەستدانی دوو شوێنی زۆر ستراتیژی (کووبا و پۆرتۆ ڕیکۆ).

سەرچاوەی ھەستی نەتەوایەتیی کەتەلۆنی[دەستکاری]

نەخشەی ناوچەکانی تاجی ئەراگۆن، لەوانەش میرنشینی کەتەلۆنیا، کە بە سەوزی کاڵ دیارە
قسەکەرانی زمانی کەتەلۆنی.
تابلۆیەک (لە سەدەی پازدەھەم) کە دادگایەکی کەتەلۆنیا نیشان دەدات، بە سەرۆکایەتی فێردیناندی دووەمی ئەراگۆن
جەنگی دروێنەکاران، لە نووسینی میرالێس (١٩١٠).
دوای پەیمانی پیرینی ساڵی ١٦٥٩ ڕۆسیلۆن (باکووری کەتەلۆنیای فەڕەنسی) بوو بە بەشێک لە شانشینی فەڕەنسا لەگەڵ خاکەکانی تر.
دەستووری کەتەلۆنیا (١٧٠٢).

لە ماوەی سەدەکانی یەکەمی ڕێکۆنکیستادا، فرانکەکان، موسڵمانەکانیان لە باشووری پیرینیس ڕاونا، بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکاری زیاتری سوپا ئیسلامییەکان، شارلمان لە ساڵی ٧٩٠ی زایینیدا مارکا ھێسپانیای دروست کرد، کە پێکھاتبوو لە زنجیرەیەک شانشینی بچووک کە وەک دەوڵەتی پارێزەر لە نێوان شانشینی فرانکەکان و ئەندەلوسدا.

لە نێوان ساڵانی ٨٧٨ بۆ ٩٨٨ی زایینی، ناوچەکە بووە جێگای گەرمی ململانێی فرانک و موسڵمانەکان، بەڵام لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی پاشایەتی فرانکەکان و خەلافەتی کۆردۆبا ھەردووکیان لە ماوەی سەدەی ١١دا، لە ئەنجامی ئەو چەقبەستوویییەی کە لێوانیاندا دروست ببوو، ڕێگەی بە پرۆسەی چەسپاندنی نەتەوەکانی تر دا لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لە ئەنجامدا لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە لە ناوچەی بارسێلۆنا تێکەڵ بوون و نیشتەجێ بوون، کە بووە بناغەدانەری کەتەلۆنیای ئەمڕۆ.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و بۆچوونی چەند توێژەرێک، زاراوەی «کەتەلۆنی» و «کەتەلۆنیا» لە نزیک کۆتایی سەدەی یازدەھەمدا ھاتوونەتە سەر زار، و لە کتێبی ئوساتگەکانی ساڵی ١١٥٠دا دەرکەوتووە. دوو ھۆکار ھەن کە ڕێگەیان داوە ئەم ناسنامەیە پەرە پێبدرێت:

  1. دامەزراوە سەقامگیرییەکان و خۆشگوزەرانی نەتەوەکان، نەبوونی ھێرشی لەشکرکێشی بیانی بۆ سەر ناوچەی کەتەلۆنیا.
  2. ھاوپەیمانی کەتەلۆنییەکان لە یەکێتی ئەراگۆن و سەیر کردنی کەتەلۆنیا وەک بەشێکی گرنگ و ناوچەیەکی پێویست بۆ گەلانی دەوروبەری.

ئەمەش ڕێگەیدا کە ناسنامە و ھەژموونی گەلی کەتەلۆنی پەرەی پێبدرێت و زیاتر بڵاوببێتەوە. لەو کاتەوە کەتەلۆنییەکان ھەستیان بە بوونی خۆیان کردوە.

گەشەسەندنی کەتەلۆنیزمی مۆدێرن[دەستکاری]

ڤالێنتی ئەلمیرال
ئێنریک پرات دی لا ڕیبا (Enric Prat de la Riba)

ڕێکۆنکیستا ("لەدایکبوونەوە" یان "ڕێنیسانس") بزووتنەوەیەکی کولتووری، مێژوویی و ئەدەبی بوو کە لە دوای ڕۆمانسیزمی ئەورووپیدا ھاتە بوون، و دوای سەدەیەک لە سەرکوت کردن و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییە ڕیشەیییەکان، زیندووبوونەوەی زمان و ئەدەبیاتی کەتەلۆنیش گەشەی سەند. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، و بە تایبەت دوای شۆڕشی ساڵی ١٨٦٨ (بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵی کەتەلۆنی خوان پریم) و شکستی کۆماری یەکەمی ئیسپانیا (١٨٧٣–١٨٧٤)، کە زۆرێک لە کەتەلۆنییەکان چاوەڕوانی دامەزراندنی کۆماری فیدراڵییان دەکرد، بزووتنەوەکە سیمایەکی سیاسی ڕوونی بەدەست ھێنا، کە ئاڕاستەی گەیشتن بە خۆبەڕێوەبەری بۆ کەتەلۆنیا بوو لە چوارچێوەی دەوڵەتی لیبڕاڵی ئیسپانیا.

لە دڵی زۆرێک لە بەرھەمەکانی ڕێکۆنکیستادا بیرۆکەیەکی بەھێز ھەبوو: ڤۆڵک. لە ڕاستیدا چەمکی ڤۆڵک (pl. Völker) ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە ناسیۆنالیزمی ڕۆمانسی کەتەلۆنی سەرەکیدا. سەرچاوەی لە نووسینەکانی ڕۆمانتیکەکانی ئەڵمانی وەک فریدریش کارل ڤۆن ساڤینی و جۆرج ویلیام فریدریش ھیگڵ و لە ھەمووی گرنگتر یۆھان گۆتفرید ھێردەرەوە سەرچاوەی گرتووە.

سەرەڕای ئەوەش، ئەم بیرۆکەیە گرنگی خۆی لەدەستدا، تەنانەت لەلایەن زۆرێک لە کەرتەکانەوە (بەتایبەت لە کەتەلۆنیزمی چەپەوە) لە ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم و سێیەمی یەکەمی سەدەی بیستەمدا وازی لێھێنرا، ئەمەش بەھۆی بەرکەوتن لەگەڵ بیرۆکەکانی ئێرنست ڕێنان و چەمکی مەدەنی و کۆماریخوازانەی نەتەوە. ئەنتۆنی ڕۆڤیرا ئای ڤێرجیلی (١٨٨٢–١٩٤٩)، مێژوونووس و سیاسەتمەداری ناسیۆنالیستی کەتەلۆنی و کۆماریخواز، پشتگیری لەم بیرۆکانە دەکات.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا، کەتەلۆنیزم خەریکی داڕشتنی بنەما و باوەڕەکانی خۆی بوو، نەک تەنیا لە نێو ڕیزی پێشکەوتنخوازان بەڵکو لە نێو کۆنەپەرستەکانیشدا. لە ھەمان کاتدا دەستی کرد بە دامەزراندنی یەکەم بەرنامەی سیاسی خۆی و دروست کردنی بزووتنەوەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتی بەرفراوان کە تایبەتمەندییەکی ڕوونی ناسیۆنالیستی لەخۆ گرتبوو.

لە ساڵی ١٨٩٨ ئیسپانیا دوا داگیرکاری کۆلۆنیالیزمیی خۆی لە کووبا و فلیپین لە دەستدا، ئەمەش نەک ھەر قەیرانێکی گرنگی متمانەی نەتەوەیی دروست کرد، بەڵکو پاڵنەرێکیشی بە کەتەلۆنیزمی سیاسی بەخشی. یەکەم پارتی سیاسی مۆدێرن لە کەتەلۆنیا پارتی ناوچەیی لیگا بوو؛ لە ساڵی ١٩٠١ دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٠٧ لەگەڵ ھێزەکانی دیکەی کەتەلۆنیا ھاوپەیمانییەکی پێکھێنا (لە کاڕڵیزم تا فیدراڵیستەکان) ئەمەش زیاتر ڕێی بۆ ھەستی نەتەوەیی کەتەلۆنییەکان خۆش کرد و چەمکەکە زیاتر چووە نێو گەلی کەتەلۆنیا.

پیشەسازی و کەتەلۆنیزم[دەستکاری]

دروشمێکی ناسیۆنالیزمی کەتەلۆنی لەسەر دیوارێک، لە کەتەلۆنیا

ئابووری سەدەی ١٨ی ئیسپانیا زیاتر پشتی بە کشتوکاڵ بەستبوو، پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانیش بە پلەبەندی مابوونەوە، و دەرەبەگایەتی گەیشتبووە لووتکە، لەکاتێکدا کەنیسەی کاسۆلیکی و پاشاکانی بۆربۆن ململانێیان دەکرد بۆ باڵادەستی لە ناوخۆیی وڵاتدا. تا سەدەی نۆزدەھەم، و لەشکرکێشی ناپلیۆن، ئیسپانیا و ھەوڵە سەرەتایییەکانی لە پیشەسازیدا وێران بوون و بووە ھۆی ناسەقامگیری درێژخایەنی سیاسی، ئیسپانیا لە ڕووی سیاسی و کولتوورییەوە لە ھەموو ئەورووپا دابڕا.

بە پێچەوانەی ھەموو ئیسپانیاوە، شۆڕشی پیشەسازی لە کەتەلۆنیا تا ڕادەیەک پێشکەوتنی بەدەست ھێنا، بەتایبەتی لە قوماش و پیشەسازییەکانی شەراب پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئەم بارودۆخە زیاتر ڕەگەزی کەتەلۆنی لە ئیسپانییەکان دوور خستەوە و گەلی کەتەلۆنیای وەک گەلێکی سەربەخۆ نیشان دەدات.

گشتپرسی و پێشھاتە سیاسییەکان (٢٠٠٦‒ئێستا)[دەستکاری]

خۆپیشاندانی ناسیۆنالیستە کەتەلۆنییەکان، لە ١٨ی شوباتی ٢٠٠٦ لە بارسێلۆنا بەڕێوەچوو
بینینێکی خۆپیشاندانەکەی ١٠ی تەممووزی ٢٠١٠ی شاری بارسێلۆنا بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارەی کە دادگای دەستووری ئیسپانیا سەبارەت بە یاسای سەربەخۆیی (٢٠٠٦) دەری کرد.

لە ئێستادا، پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کە خۆیان بە پارتی ناسیۆنالیستی کەتەلۆنی دەبینن، بریتین لە:

  • یەکگرتنی کەتەلۆنیایی دیموکرات
  • یەکێتی دیموکراتی کەتەلۆنیا
  • ئێسکوێرا کۆمارییەکانی کەتەلۆنیا

لەناو ئەم پارتانەدا جیاوازییەکی زۆر لە بیروڕادا ھەیە. لایەنە ڕادیکاڵەکان تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیاوازی کەتەلۆنیا ڕازین. لە بەرامبەردا، توخمە میانڕەوەکان لەگەڵ ئەو باوەڕەدان کە پاراستنی ناسنامەی کەتەلۆنی لەناو ئیسپانیادا گونجاو نییە (ھەندێکیان داوا دەکەن کەتەلۆنیای ئیسپانی بچێتە سەر وڵاتی فەڕەنسا، بەمشێوەیەش لەگەڵ کەتەلۆنییەکانی فەڕەنسا دەتوانن یەکبگرن و وڵاتێکی نوێ دروست بکەن).[٢]

لە ساڵی ٢٠٠٦دا ڕیفراندۆمێک لەسەر ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی کەتەلۆنیا بۆ زیاتر فراوانکردنی دەسەڵاتی حکوومەتی کەتەلۆنیا ئەنجامدرا. لەلایەن ٧٣٫٢٤٪ی دەنگدەران پەسەندکرا و لە ٩ی ئابی ٢٠٠٦ کاری پێکرا؛ بەڵام ڕێژەی بەشداریکردنی ٤٨٪ی خەڵکی کەتەلۆنیا، ڕێژەیەکی بەشدارینەکردنی بەرزی بێ وێنە بوو لە مێژووی دیموکراسی کەتەلۆنیادا؛ ئەمەش وەک گرنگی نەدان بە سیاسەتی ناسنامە لە کەتەلۆنیا لەلایەن گەلی کەتەلۆنیا،[٣] و ھەم وەک نیشانەی ماندوێتی لەنێو ناسیۆنالیستە کەتەلۆنییەکاندا، کە ئارەزوو دەکەن ھەنگاوی بوێرتر ببینن، یان ئیتر کەتەلۆنیا سەربەخۆیی بەدەست بھێنێت.

لە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کەتەلۆنیای ساڵی ٢٠١٧ ئەو پارتە ناسیۆنالیستانەی کە پشتگیرییان لە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکرد، زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەست ھێنا، ئەوەش ڕێی بۆ ھەنگاونان و بەرەوپێش بردنی ناسیۆنالیزمی کەتەلۆنی خۆشتر کرد.

گشتپرسی ٢٠١٧ و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی[دەستکاری]

کارلێس پویگدیمۆنت سەرۆکی کەتەلۆنیا و زیاتر لە ٧٠٠ سەرۆکی شارەوانی کەتەلۆنیا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پشتگیری خۆیان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی نیشان بدەن.

لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٦، پویگدیمۆنت بە پەرلەمانی ڕاگەیاند کە لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧، بە ڕەزامەندی دامەزراوەکانی ئیسپانیا یان بەبێ ڕەزامەندی، ڕیفراندۆمێکی پابەندکەر بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەدەچێت.[٤] پویگدیمۆنت لە حوزەیرانی ٢٠١٧ ڕای گەیاند کە ڕیفراندۆم لە ١ی تشرینی یەکەم ئەنجام دەدرێت، و پرسیارەکەش ئەوە دەبێت کە "ئایا دەتەوێت کەتەلۆنیا ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کۆماری؟" حکوومەتی ئیسپانیا لە وەڵامدا وتی "ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجام نادرێت چونکە نایاسایییە".[٥]

دوای ئەوەی یاسای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە ڕاگەیەندا لە پەرلەمان، و دەنگی زۆرینەی "بەڵێ" بوو، بەبێ ئەوەی پێویست بە کەمترین ڕێژەی بەشداریکردن بکات، لەلایەن پەرلەمانی کەتەلۆنیا لە دانیشتنێکدا لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠١٧ پەسەندکرا،[٦][٧][٨] لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەو پڕۆژەیاسایە و بە لێدانی سیاسی و دیموکراسی و پێشێلکردنی مافەکانی ئۆپۆزسیۆن ناویان برد، و بەر لە دەنگدانەکە ئۆپۆزیسۆن پاشەکشەی کرد و بایکۆتیان کرد.[٩] لە ٧ی ئەیلوولدا پەرلەمانی کەتەلۆنیا یاسای گواستنەوەی دەرکرد، بۆ دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی تا پەسەندکردنی دەستوورێکی نوێ، دوای ناڕەزایەتی زیاتری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان.[١٠][١١] ھەر لەو ڕۆژەدا، ٧ی ئەیلوول، دادگای دەستووریی ئیسپانیا یاسای ٦ی ئەیلوولی ھەڵپەسارد، و ڕای گەیاند کە پێشێلکردنی دەستووری ئیسپانیایە، بەو مانایەی کە ڕیفراندۆمەکە بە شێوەیەکی یاسایی ناتوانێت لە ١ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوە بچێت[١٢][١٣] دواجار یاساکە لە ١٧ی تشرینی یەکەم،[١٤] لەلایەن کەتەلۆنیا بە پووچەڵ ڕاگەیەندرا.[١٥][١٦][١٧]

حکوومەتی نیشتمانی ئیسپانیا دەستی بەسەر کاغەزی دەنگدان و مۆبایلەکاندا گرت و ھەڕەشەی پێبژاردنی ٣٠٠ ھەزار یۆرۆی لەو کەسانە دەکرد کە دەچنە بنکەکانی دەنگدان، وێب سایتەکانی داخست و داوای کرد گووگڵ ئامێری دۆزینەوەی شوێنی دەنگدان لە فرۆشگای بەرنامەکانی ئەندرۆید لاببات.[١٨] پۆلیس لە لە شارە نزیکەکانی ئیسپانیاوە نێردرا بۆ سەرکوتکردنی دەنگدانەکە و داخستنی شوێنەکانی دەنگدان، بەشێک لە ڕێکخەرانی ھەڵبژاردنەکە دەستگیر کران، لەنێویاندا بەرپرسانی کابینەی حوکومەتی کەتەلۆنیا، لە کاتێکیشدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکان فراوانتر دەبوون.[١٩]

ڕیفراندۆمەکە لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئەنجامدرا، سەرەڕای ئەوەشی لەلایەن دادگای دەستوورییەوە ڕاگیرا، و ھێرشی پۆلیسی ئیسپانیا ئەنجام درا. بە گوتەی دەسەڵاتدارانی کەتەلۆنیا، ٩٪ی دەنگدەران پشتگیری سەربەخۆیییان کردووە، بەڵام ڕێژەی بەشداریکردن تەنیا ٤٣٪ بووە، ھەروەھا ڕاپۆرتی ناڕێکیش ھەبووە.[٢٠] لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، لە دوای ڕیفراندۆمەکە، سەرۆکی گشتیی کەتەلۆنیا، کارلس پویگدیمۆنت، سەربەخۆیی کەتەلۆنیای ڕاگەیاند. پویگدیمۆنت لە میانی دەرکەوتنی لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا ڕای گەیاند کە گریمانە دەکات، لە خستنەڕووی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەدا، «ئەرکی گەلە بۆ ئەوەی کەتەلۆنیا ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە شێوەی کۆماردا»، بەڵام پێشنیاری کرد کە لە ھەفتەکانی دواتردا پەرلەمان کاریگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڕابگرێت بۆ بەشداریکردنی گفتووگۆ، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەگەڵ حکوومەتی ئیسپانیا.[٢٠][٢١]

خۆپیشاندانەکانی بارسێلۆنا دوای ئەوەی پۆلیسی ئیسپانیا ھەڵیکوتایە سەر بیناکانی حکوومەتی کەتەلۆنیا، ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٧

لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ پەرلەمانی کەتەلۆنیا لە دەنگدانێکی نھێنیدا دەنگی دا بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک بۆ دەرچوون لە ئیسپانیا، لە ئەنجامدا مادەی ١٥٥ی دەستووری ئیسپانیا دەستی پێکرد و حکوومەتی کەتەلۆنیا لە کارەکەی دوورخرایەوە و حوکمڕانی ڕاستەوخۆ لە حکوومەتی ناوەندی مەدریدەوە بەسەر کەتەلۆنیادا سەپێندرا.[٢٢][٢٣][٢٤] لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ئیسپانیا، ھەڵبژاردن لە کەتەلۆنیا لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بەڕێوەچوو. سێ پارتی لایەنگری سەربەخۆیی بە کەمبوونەوەی زۆرینەی ٧٠ کورسی و بە کۆی گشتی ٤٧٫٥٪ی دەنگەکان، کۆنترۆڵی پەرلەمانیان پاراست.[٢٥]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Fernández, Jesús Laínz (20 May 2010). Adiós, España. Ediciones Encuentro, S.A. ISBN 9788474907483. Retrieved 20 March 2015.
  2. ^ "Encuesta sobre la independencia: un 15% de votantes del PP catalan son secesionistas – Burbuja.info – Foro de economía". Retrieved 20 March 2015. ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ (PDF). 27 February 2008 https://web.archive.org/web/20080227060215/http://www.ciutadansdecatalunya.com/pdf/eng.pdf. Archived from the original (PDF) on 27 February 2008. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help) ٢٧ی شوباتی ٢٠٠٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ Berwick, Angus; Cobos, Tomás (28 September 2016). "Catalonia to hold independence referendum with or without Spain's consent". Reuters. Archived from the original on 11 October 2016. Retrieved 10 October 2016.
  5. ^ "Tensions grow in Spain as Catalonia independence referendum confirmed". Telegraph. 9 June 2017. Archived from the original on 10 June 2017. Retrieved 17 June 2017.
  6. ^ "Catalonia to hold independence vote despite anger in Madrid". The Guardian. 6 September 2017. Retrieved 20 October 2017. The Catalan government has not set a threshold for minimum turnout, arguing the vote will be binding regardless of the level of participation.
  7. ^ Jones, Sam (10 September 2017). "Catalans to celebrate their national day with independence protests". Theguardian.com. Retrieved 18 September 2017.
  8. ^ "Catalonia's parliament approves law aimed at independence from Spain". EFE. 7 September 2017. Retrieved 14 October 2017.
  9. ^ Spongenberg, Helena (7 September 2017). "Catalan authorities call independence vote". EUobserver. Retrieved 23 October 2017.
  10. ^ "Catalan Parliament passes transition law". Catalan News. 8 September 2017. Retrieved 23 October 2017.
  11. ^ "Catalan Parliament Passes Bill to Secede from Spain at 1 a.m. , after Second Marathon Day in Chamber". The Spain Report. 8 September 2017. Archived from the original on 2017-10-23. Retrieved 23 October 2017. ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  12. ^ "Spain's constitutional court suspends Catalan referendum law: court source". Reuters. 7 September 2017. Retrieved 14 October 2017.
  13. ^ "Spain Catalonia: Court blocks independence referendum". BBC News. 8 September 2017. Retrieved 7 October 2017.
  14. ^ "Spain just declared Catalan referendum law void". The Independent. 17 October 2017.
  15. ^ "Catalonia plans an independence vote whether Spain lets it or not". The Economist.
  16. ^ "Catalan independence referendum". The Daily Star. 10 October 2017.
  17. ^ Ríos, Pere (6 September 2017). "Las diez claves de la ley del referéndum de Cataluña". El País. Retrieved 30 September 2017.
  18. ^ Burgen, Stephen (30 September 2017). "Catalonia riven with tension as referendum day arrives". Guardian. Retrieved 22 October 2017.
  19. ^ Camila Domonoske, Spanish Police Detain Catalan Politicians Ahead Of Independence Vote, NPR, 20 September 2017
  20. ^ ئ ا "Catalonia independence declaration signed and suspended". BBC News. 10 October 2017. Retrieved 13 October 2017.
  21. ^ "El president catalán Carles Puigdemont declara la independencia en el Parlament, pero la deja en suspenso (The Catalan President Carles Puigdemont declares the independence in the Parliament, but leaves it suspended)" (بە ئیسپانی). El País. 10 October 2017. Retrieved 10 October 2017.
  22. ^ "Un Parlament semivacío consuma en voto secreto la rebelión contra el Estado". El Mundo (بە ئیسپانی). 27 October 2017. Retrieved 27 October 2017.
  23. ^ "Los letrados del Parlament advierten de que la votación de la DUI es ilegal". 20 minutos (بە ئیسپانی). 27 October 2017. Retrieved 28 October 2017.
  24. ^ "PPC, PSC y Ciudadanos abandonarán el Parlament si se vota la resolución de Junts pel Sí y la CUP". La Vanguardia (بە ئیسپانی). 27 October 2017. Retrieved 28 October 2017.
  25. ^ "Elecciones catalanas". El País (بە ئیسپانی). 22 December 2017. Retrieved 22 December 2017.