فاشیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئاڵای حیزبی فاشی لە ئیتالیا لەنێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٠

فاشیزم (بە ئینگلیزی: Fascism) ئایدۆلۆژیایەکی ڕاستڕەوی تووندڕەو، دەسەڵاتخوازی و ناسیۆنالیزمی تووندڕەوە،[١] کە تێیدا بە بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، سەرکوتکاری بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بوونی دەسەڵاتێکی بەهێز بەسەر کۆمەڵگا و ئابووری دەناسرێتەوە.[٢] ئەم ئایدۆلۆژیایە لە سەدەی بیستەم لە ئەورووپا سەری هەڵدا.[٣] ئیتالیا وەک یەکەم وڵاتی فاشی دەرکەوت، ئەمەش پێش ئەوەی ئەو ئایدۆلۆژیایە بەسەر وڵاتانی دیکەی ئەورووپییدا بڵاوببێتەوە.[٣] فاشیزم دژی ئەناکیزم، دیموکراسی، لیبرالیزم، مارکسیزمە، فاشیزم خۆی لە ڕاستڕەوێکی تووندڕەو بە شەبەنگی سیاسیی چەپ-ڕاست دەدۆزێتەوە.[٣][٤]

ئایدۆلۆژیای سیاسی
بەشێکە لە وتارەکانی سیاسەت
ئەنارکیزم
مەسیحی دیموکرات
کۆمۆنیزم
مارکسیزم
شۆپپارێزی
فاشیزم
فێمینیزم
ژینگەخوازی
ئیسلامی سیاسی
لیبرالیزم
ناسیۆنالیزم
سۆسیالدیموکراسی
سۆسیالیزم

پاشخان[دەستکاری]

وشەی فاشیزم Fascism لە (Fasces دەسکەدار) ی لاتینییەوە هاتووە و لە ڕۆمای دێریندا هێمای پاراستنی دەستوور و هێمنی بووە. فاشیزم بە پلەی یەکەم ناوی بزاڤێکی سیاسییە لە ئیتالیای هاوچەرخدا بە ڕێبەرایەتیی بینیتۆ موسولینی Benito Mussolini. پاش شەڕی جیهانی یەکەم ڕێبازی لەو بابەتە لە تێکڕای ئەورووپادا سەری هەڵدا، ئەوەی لە هەموان گەورەتر و هەژێنتر بوو ڕێبازە ئەڵمانییەکەی سۆسیالیزمی میللیی National socialism یان نازیزم Nazism بوو. شەڕی جیهانیی دووەم بووە شکانێکی گرینگ بۆ فاشیزم و نازیزم، بەڵام لەم چەند دەساڵەی دواییدا دەرکەوت کە بیروڕای فاشیستانە بە هیچ جۆرێ بنەبڕ نەبووە بەڵکوو هەردەم ڕێبازی نوێ دەگرێتە بەر.


شانرخاندن[دەستکاری]

فاشیزم هزر و بزاڤێکی سیاسییە دەڵێ وەڵات دەبێ سەرداریکی خاوەن دەسەڵاتی ڕەها فەرمانرەوایی بکات نەک سیستەمی دێمۆکراتی. توندوتیزی و جەنگ لای فاشیزم پایەی بەرزیان هەیە، هەروەها مێژووەی شکۆمەندی وەڵات.

فاشیستان خۆیان بە نوێنەری ئەو ویستە دەزانی کە لە دەوڵەتدا هەیە ڕووەو مەزنایەتی پەلهاویشتن. چەمکی دەوڵەت، ڕەگەز و گەل بە چەمکی مێژووکردی زیندە و کردەی خاوەن ویست خۆ ڕادەنوێنران. فاشیزم پەیوەستێکی یەکجار توندی هەیە بە «داروینیزمی جڤاکی» Social Darwinism یەوە، کە دەیگوت مان تەنها بۆ ئەوانەیە هەرە بەهێز و هەرە بێپەروان.

بە بۆچوونی Alfredo Rocco ی بیریاری فاشیست، دەوڵەت ئۆرگانیزمێکی کۆگەرایە، بەرانبەر دەوڵەتانی دیکە، لە خەباتێکی بێبەزەییانەدایە بۆ مانی خۆی. هەڵبژاردنی سروشتەکی دەوڵەتی هەرە باشی، ئەوەی پتر شایەنی ژیانە، لە بێژنگ داوە.

فاشیزم خۆی بە بزاڤی «ویست» و «تەک» Action دادەنا. هەست و ژان خرانە پێش بیرکاری و تیۆرییەوە. ویستی سیاسی بە کردەوە دەردەبڕا نەک بە گوتە و بیرکردنەوەی دەرهەست (ئەبستراکت). پێوانەی ‌«‌ڕاستی‌»‌ بووە پێشکەوتن و هێزی هەست نەک زانینی ئەزموونەکی.


مرۆڤنۆڕی[دەستکاری]

«‌فاشیزم خەباتی دژ بە کۆبیری دێمۆکراتانە دەکات. هەم گریمانە تیۆرییەکانی ڕەت دەکاتەوە و هەم ڕاستاندنە کردەکییەکانی. فاشیزم ئەوە ڕەت دەکاتەوە زۆرینە، تەنها لەبەر ئەوەی زۆرینەیە، بۆی هەبێ ببێتە فەرمانڕەوای جڤاتی مرۆڤایەتی. ئەوە ڕەت دەکاتەوە زۆرینە لە ڕێی ئەوەی ماوەماوە پرسی پێ بکرێ حوکومڕانی بکات. فاشیزم دەیسەلمێنێ کە جوداوازیی بەپیت و خێرخواز و ناچارەکی هەیە لە نێو خەڵکدا هەرگیز بە پرۆسەیەکی میکانیکانەی وەک مافی گشتیی دەنگ دان، دارماڵ ناکرێ‌»‌.[٥]


گرنگترین یەکەی جڤات[دەستکاری]

دەوڵەت، ناسیۆن، گەل و ڕەگەز یەکەی سەرەکی بوون لە باوەڕی فاشیستانەدا. چین و سازمانی هاوبەرژەوەند، گرووپ و تاک هەر هەموو دەبێ سەر فرووی دەوڵەت و یەکیەتیی میللی بن و شیرازەی بسەلمێنن. ئامانجیش ئەوەیە هەموو دەستەکان لە یەک یەکەدا کۆ بکرێنەوه بۆ ئەوەی بەرانبەر میللەتی دیکەدا ئەوپەڕی هێزی فراژووتنی پەیدا بێ.

فاشیستەکانی ئیتالیا بوون چەمکی ‌«‌دەوڵەتی گشتگیر - تۆتالیتار Totalitarian‌»‌ یان دروست کرد، مەبەستیش دەوڵەتێک بوو کۆنترۆڵی تەواوی هەبێ بەسەر گشت لایەنەکانی جڤاتدا.

‌«‌لە دەوڵەتی فاشیستانەدا تاکەکەس سەرشکێن ناکرێ بگرە چەندپات دەکرێتەوە، چۆن سەرباز لە تیپدا داناهێزرێ بەڵکوو لە ڕێی ژمارەی هەڤاڵەکانییەوە گەورەتر دەبێ. دەوڵەتی فاشیستانە میللەت ڕێک دەخات بەڵام مەودایەکی هەمواریش بۆ تاکەکەس جێ دەهێڵێ. ئازادیی ناپێویست و زیانبەخش سنووربەست دەکات و گرنگەکان دەپارێزێ. بڕیاری ئەم دۆزانە لای دەوڵەتە نەک لای تاکەکەس‌»‌..[٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Turner (1975), p. 162: "... goals of radical and authoritarian nationalism."; Larsen, Hagtvet & Myklebust (1984), p. 424: "... organized form of integrative radical nationalist authoritarianism."; Paxton (2004), pp. 32, 45, 173; Nolte (1965), p. 300
  2. ^ "fascism". Merriam-Webster Online. Archived from the original on 22 August 2017. Retrieved 22 August 2017.
  3. ^ ئ ا ب Davies & Lynch (2002), pp. 1–5
  4. ^ Griffin (1995), pp. 8, 307; Kallis (2003b), p. 71; Hartley (2004), p. 187; Reich (1970); Hawkesworth & Kogan (1992); Copsey (2008); Goodwin (2011); Woodley (2010); Blamires (2006); Richardson (2017); Eley (2013); Wistrich (1976)
  5. ^ The Doctrine of Fascism Benito Amilcare Andrea Mussolini & Giovanni Gentile
  6. ^ The Doctrine of Fascism

ئامەنەش ببینە[دەستکاری]

  1. ئاڵمانیای نازی
  2. ئادۆڵف ھیتلەر
  3. فرانسیسکۆ فرانکۆ
  4. بینیتۆ موسۆلینی

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]