پان ناسیۆنالیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پان ناسیۆنالیزم (لە یۆنانی کۆن: πᾶν (ھەموو) و زمانی فەڕەنسی: nationalisme (ناسیۆنالیزم) وەرگیراوە) زاراوەیەکی تایبەتە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەستنیشانکردنێک بۆ ئەو فۆرمانەی ناسیۆنالیزم بەکاردێت کە ئامانجیان بەرەوپێشچوونی (زاڵبوون و فراوان بوون) سنوورە کلتووری و ناسنامە نەتەوەیییە بنەڕەتییەکان یان مێژوویییەکانە بۆ نەتەوەیەک، بەمەبەستی دروستکردنی پان-نەتەوەیی (نەتەوەیەکی بەرزتر یان باڵاتر) کە لەسەر بنەمای بڕگە ھاوبەشە جۆراوجۆرەکان دامەزراوە. پان ناسیۆنالیزم دەتوانێت وەک جۆرێکی تایبەتی ھەموو فۆرمە باوەکانی ناسیۆنالیزم ببیندرێت. لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەیی، پان ناسیۆنالیزم لە ڕێگەی بزووتنەوە سیاسییە جۆراوجۆرەکانەوە خۆی دەردەخات کە بانگەشە بۆ پێکھێنانی نەتەوەیەکی باڵاتر (پان-نەتەوەیی)، لەسەر بنەمای بە گرووپ و کۆمەڵە کردنیی ناوچەیی یان کیشوەری دەوڵەتە نەتەوەیییەکان (بۆ نموونە: پان ئەمریکاییزم، پان ئەفریقاییزم، پان عەرەبیزم، پان ئێرانیزم، پان تورکیزم و ھەتا دوایی).

ھەندێک جۆری پان-ناسیۆنالیزم، وەک پان ئەڵمانیزم، لە دوو ئاستدا خۆیان دەردەخەن: فراوانتر ‒ پەیوەندی بە یەکێتی ھەموو گەلانی جێرمانییەوە ھەیە؛ و بچووکتر ‒ پەیوەندی بە یەکێتی ھەموو ئەڵمانییە نەتەوەیییەکانەوە ھەیە، بە کەمە نەتەوەیییەکان و گرووپە زۆر بچووکەکانیش. وەک ئەڵمانییە نەمسایییەکان و ئەڵمانییە سویسرییەکان کە سەر بە یەک خێزانی ئەڵمانییەکانن.

مێژوو و ئامانجەکان[دەستکاری]

ئەو ناوچانەی قسەکەرانی زمانی ئەڵمانی لەخۆ دەگرێت لە ساڵانی ١٩١٠–١٩١١. سنووری دەوڵەتەکان بە ڕەنگی سوورە. پان ناسیۆنالیستە ئەڵمانییەکان دەیانویست زۆربەی ناوچە سەوزەکان یەکبخەن بۆ یەک دەوڵەتی نەتەوەیی ئەڵمانی.

پان ناسیۆنالیزم لە ناسیۆنالیزمی سەدەی نۆزدەھەمی ئەورووپییەوە سەریھەڵدا، و لە بزووتنەوەی پان سلاڤیزمەوە دەستی پێکرد، کە لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی سلاڤ، لەنێو ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستان و ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی گەشەی سەند.[١] دڵی ئەم گەشەسەندنە یان کۆلار بوو، کە پێی وابوو سلاڤەکان گەلێکی تاکن لە بنەڕەتدا و نابێت جیا ببنەوە، و ھەمان کلتوور و مێژووی ھاوبەشیان ھەیە.[١] دواتر ئەمەش بیری پان ئەڵمانی بەدوای خۆیدا ھێنا کە تا ڕادەیەک ڕوانگەیەکی ھاوشێوەی گرتەبەر، بە ئامانجی یەکگرتنی ئەڵمانییەکان لە وڵاتێکی گەورەی وەک ئەڵمانیادا، لەوانەش نەمسایییەکان و قسەکەرانی زمانی ئەڵمانی.[١] ئەم بزووتنەوە پان ناسیۆنالیستیانە گوتارە بیرۆکەیییە ئەورووپییەکانیان سەبارەت بە ڕەگەز بەتەواوەتی گۆڕی و گۆڕانکاری بەرچاویان تێدا کرد.[٢] ئەمەش بەرگێکی ھەمیشەیی بە چەمکەکە بەخشی چونکە داوای پەیوەندییەکی زیندەناسی دەکرد کە «خەڵکانێک» بەیەکەوە دەبەستێتەوە.[٢]

پان ناسیۆنالیزم ئەوە دەگەیەنێت کە گرووپی نەتەوەیی بەسەر چەند دەوڵەتێکی ھەبوودا پەرش و بڵاوە. پان ناسیۆنالیزم ھەمان ناسیۆنالیزمی ڕەوەندیی نییە، وەک زایۆنیزم کە ئاماژەیە بۆ چڕبوونەوەی گرووپێکی پەرشوبڵاو بە جیھاندا. کۆلۆنییەکان دەکەونە دەرەوەی زۆربەی پێناسەکانی پان ناسیۆنالیزم، چونکە ھەردوو کۆلۆنیالیزم (وڵاتی داگیرکەر) و کۆلۆنیالیزەکراوەکان (وڵاتی داگیرکراو) دان بەوەدا دەنێن کە ھیچ نەتەوە و کولتوور و زمانێکی ھاوبەشیان پێکەوە نییە.

بۆیە بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکان لە نەتەوە گەورەکاندا، وەک نەتەوەکانی ئەڵمانیا و ڕووسیا، و جیاکردنەوەیان لە بزووتنەوە پان ناسیۆنالیستەکان قورسە و زۆرجاریش بە ئاشکرا کۆمەڵە پان ناسیۆنالیستەکان خۆیان دەردەخەن؛ بەڵام بەدەر لەم حاڵەتانە، زۆربەی بزووتنەوە پان ناسیۆنالیستەکان شکستیان ھێناوە. یووگۆسلاڤیا ھەوڵیدا پۆلێک لە سلاڤەکانی باشوور یەکبخات (باشووری بالکان)، بۆیە پێشگری ناوی یووگۆسلاڤیا بە "jugo" دەست پێدەکات، بە واتای "باشوور". یووگۆسلاڤیا شکستی ھێنا، وەک وڵاتێکی کۆکەرەکەی سلاڤەکان خۆی ناساند، بەڵام نەتەوەی کەمینەی دیکەشی لەخۆ گرتبوو کە تێکەڵاوی ئایین و بیرۆکەی سیاسییەکان بوون.

دەوڵەتە گەورەکانی تر ئەستەمە وەک پان نەتەوەیی پۆلێن بکرێن، تەنانەت وەک چەمکێکی ناسیۆنالیستیش نابینرێن. یەکێتیی سۆڤیەت ناسنامەیەکی سۆڤیەتی ھەبوو، بەڵام ھیچ نەتەوە و کولتوور و زمانێکی فەرمیی سۆڤیەتی نەبوو، چەندین نەتەوە و زمانی جیاوازی لەخۆ گرتبوو. ھەروەھا لەژێر کاریگەری بیرۆکەکانی پان ڕووسیدا بوو، بەڵام لەژێر یەک بیرۆکەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی، خاکێکی گەورەیان دامەزراند.

شکستی گشتی بزووتنەوە پان ناسیۆنالیستەکان بە چەند نموونەیەک دەردەکەون، تورکیای مۆدێرن ناوچەی سەرەکی پێشووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییە. دەوڵەتی ئێستا لە نزیکەوە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی کلاسیکی ئەورووپی وەرگرتووە، و لەگەڵ ھیچ بیرۆکە، کلتوور، سیاسەت و ڕامیارییەکانی ئیمپراتۆرییەتەکەی پێشووی نەماوە. لە پاڵ ناسیۆنالیزمییە بەھێزەکەی (ئەڵتراناسیۆنالیزم)، تورکەکانی تورکیا دابەش بوون بەسەر سێ پان ناسیۆنالیزم، کە ڕەسەنەکەی پان تورکیزمە، ئایدۆلۆژیایەکی پان ناسیۆنالیزمی تورکییە کە ئاماژەیە بۆ گەلانی تورک و پان توورانیزم، کە زۆربەیان لە ناوەڕاستی ئاسیا نیشتەجێن، تەنانەت فینلاند و ھەنگاریاش دەگرێتەوە.

پان سلاڤیزم نموونەیەکی دیکەی بەرچاوی بیرۆکەیەکی کاریگەرە کە ھەرگیز لە ئەنجامدا دەوڵەتی گەورەی ھاوتای نەبووە، ئەگەر خاکی ڕووسیا بخرێتە نێو ئەم بابەتە، ئەوا لە باڵتیکەوە تا زەریای ھێمن (ڕۆژاوا بۆ ڕۆژھەڵات) و تا ناوەڕاستی ئاسیا و قەوقاز درێژدەبێتەوە.

پان ئەمریکایزم وەک بیرۆکەیەک لە دەوروبەری سەردەمی بزووتنەوە سەربەخۆیییەکان لە ئەمریکای لاتین کاریگەر بوو؛ بەڵام زۆری نەخایاند دەوڵەتە نەتەوەیییە نوێیەکان لە سیاسەت و بەرژەوەندییەکان جیابوونەوە و ھیچ فیدراسیۆنێک یان یەکگرتنێک دەربارەی پان ئەمریکایزم سەری ھەڵنەدا. ئەم زاراوەیە مانایەکی دیکەی بەدەستھێنا، ئەویش ھاوکاریکردنی دەوڵەتە نەتەوەیییە جیاوازەکانی کیشوەری ئەمریکایە بە سەرکردایەتیکردنی ئەمریکا، کە واتای زاڵ بوون و ھەژموونی ئەمریکا بوو.

پان عەرەبیزم لەگەڵ یەکگرتنی وڵاتانی جیھانی عەرەبییە، لە ئۆقیانووسی ئاتلانتیک تا دەریای عەرەبی. بە پێچەوانەی زۆربەی بزووتنەوە پان ناسیۆنالیستەکانی تری ئەورووپا، ئەمە لەسەر بنەمای ڕەگەز یان نەتەوە نییە، و زیاتر بە ئایین دەورە دراوە.[٣]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب Adams, Ian (2001). Political Ideology Today. Manchester: Manchester University Press. pp. 73. ISBN 978-0-7190-6019-9.
  2. ^ ئ ا Halikiopoulou, Daphne; Vasilopoulou, Sofia (2011). Nationalism and Globalisation: Conflicting Or Complementary?. Oxon: Routledge. p. 56. ISBN 978-0-415-58196-7.
  3. ^ Sindima, Harvey J. (2018). Major Issues in Islam: The Challenges Within and Without. Lanham, Maryland: Hamilton Books. p. 435. ISBN 978-0-7618-7017-3.