بۆ ناوەڕۆک بازبدە

پارتی نازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئاڕمی پارتی سۆشیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا ناسراو بە نازی

پارتی نازیی ئەڵمانی یان پارتی سۆشیالیستیی کرێکارانی ئەڵمانیا ئەو پارتە بوون کە دەسەڵاتیان گرتە دەست لە وڵاتی ئەڵمانیا لەنێوان ساڵانی ١٩٣٣ تا ١٩٤٥ بە سەرۆکایەتیی ئادۆڵف ھیتلەر، لە ئێستادا پارتەکە بە تاکە تاوانباری ڕووداوی ھۆڵۆکۆست دێتە ھەژمار.

پارتی نازی و بیرووباوەڕەکانی[دەستکاری]

نازی بزووتنەوەیەکی ڕامیاری بوو کە لە ئەڵمانیادا دەرکەوت لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانیدا و لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەمدا بە سەرۆکایەتیی ئادۆڵف ھیتلەری نازی پاشان گۆڕا بۆ سیستەمێکی ڕامیاری و ھەروەھا زاراوەی نازی بۆ ھەموو ئەو سیستەم و دەسەڵات و بیروباوەڕانە دادەنرێت کە لە و پارتە بچێت کە لەو سەردەمەدا لە ئەڵمانیادا دامەزرا. نازی بزووتنەوەیەکی فاشی بوو کە ھەموو دەستی بەسەر ھەموو ئازادییەکی تاکدا گرتبوو بەڵام ڕێگەی بە خاوەندارێتیی تایبەتی دابوو، و بانگەشەی نازیی نەتەوایەتی دووژمنکارانە و فەرمانڕەوایی سەربازییان دەکرد و سەربەرزییان گەڕاندەوە بۆ ئەڵمانیا و سەرجەم گەلەکانی دیکەی باکووری ئەورووپا کە بە ڕەچەڵەک دەچوونەوە سەر ئارییەکان، و پۆلێنێکیان بۆ نەتەوەکان کرد کە جوولەکەکەکان و سلاڤییەکان و نەتەوەکانی دیکە لە خوارەوەی پۆلێنەکەدا بوون. نازی دژایەتیی دیموکراسی و کۆمۆنیزم و سۆشیالیستی دەکرد لەگەڵ سەرجەم سیستەمە ڕامیارییە جیاوازەکانی دیکە کە بانگەشەی یەکسانییان دەکرد. نازی بە ھەموو ئەو کێشە ئابووری و ڕامیارییەکاندا تێپەڕی کە لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە لە ساڵی (١٩١٤-١٩١٨) تووشی ئەڵمانیا ھاتبوو ھەروەھا دەسەڵاتی دیموکراتی جێگەی پادشایەتیی گرتەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوایی ئەڵمانیای کردبوو، بەڵام وڵات تووشی ھەڵاوسانێکی گەورە بوو و بێکارییەکی گەورە لە دوای جەنگەوە تووشی ئەڵمانیا ببوو و زۆربەی ئەڵمانییەکان لایەنگریی خۆیان گۆڕی بۆ ئەو گرووپە ڕامیارییانەی کە بانگەشەی گۆڕانکاریی تووندڕەوانەی دەکرد. و ئەم پارتە لە سەرەتادا ناوی پارتی کرێکارانی ئەڵمانیا بوو بە ھاتنە ناوەوەی ھیتلەر لە ساڵی ١٩١٩ و گەیشتنی بە خێرایی بە پۆستی سەرۆکایەتی پارتەکە ناوی پارتەکەی گۆڕی بۆ پارتی کرێکارانی سۆشیالیستیی نەتەوەیی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٢٠دا. ھیتلەر لە سەرەتادا ئامانجی سەرەکیی ئامانجێکی نیشتمانی بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنی بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدا بوو بۆ بەدەسھێنانی لایەنگریی ھاوڵاتییان بۆ خۆی، و پارتی نازی گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە ئەنجامی ئەو گرفتانەی کە لە دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانییەوە تووشی ئەڵمانیا ھاتبوو، ھیتلەر پشتگیریی ھێزی سەربازیی دەکرد بۆ رێکخستنی سیستەمی ڕامیاری و ھەوروەھا داگیرکاری لە ڕێگەی سەربازییەوە و ھەستا بە چاکسازیی کۆمەڵایەتی کە بەم ھۆیەوە سەرنجی جووتیارەکان و چینەکانی ناوەندی بۆ خۆی ڕاکێشا و ھەروەھا پشتگیریی سەرمایەدارەکانی کرد بۆ دژایەتیی کۆمۆنیزم. ئەمانەش ھەموو ھۆکار بوون بۆ فراوانبوونی نازی لە ئەڵمانیادا و کە لە ساڵی ١٩٢٣دا پارتی نازی نزیکەی ١٧٠٠٠ ئەندامی ھەبوو. گەیشتن بە دەسەڵات لەلایەن نازییەکانەوە پشتگیرییەکی جەماوەریی بەھێزی بەدەستنەھێنا ھەتا ئەو کاتەی کە جیھان تووشی قەیرانێکی گەورە ھات کە لەساڵی ١٩٢٩ و دەستی پێکرد، لەمەودوا ئەڵمانییەکان بەلێشاو دەچوونە ناو پارتی نازیەوە و پارتەکەش لە لای خۆیەوە بەڵێنی چاکردنی باری ئابووری و بەھێزی دەسەڵات و گەڕانەوەی سەربەرزی نیشتیمانی بە ئەڵمانیەکاندا. و لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ١٩٣٢دا پارتی نازی وەک و پارتێکی بەھێز دەرکەوت لە ئەڵمانیادا و لە ٣٠ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٣دا ھیتلەر بووە ڕاوێژکار و بە خێرای ڕوی کردە دیکتاتۆری و ئازادی تاک و ئازادی ڕامیاری قەدەغەکرد و سەرجەم پارتە ڕامیارییەکانی داخست جگە لە پارتی نازی نەبێت، ھەروەھا دەستی گرت بەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندەکان و خوێندندا، وە ھەستان بە دروستکردنی سیستەمێکی ئاسایشی بەھێز و دروستکردنی چەندین بەندیخانەی گەورە بۆ ئەو کەسانەی کە دژایەتی پارتی نازیان دەکرد لەو سەردەمەدا. پاش فراوان بوونی جەنگەکان ھیتلەر و دەست و نێوەندەکەی خەونیان بە دروستکردنی ئیمپراتۆریەتیی نازیەوە دەبینی کە دەس بەسەر ھەموو جیھاندا بگرێت و لەساڵی ١٩٣٨دا دەستی کرد بە جێبەجێ کردنی پلانەکەی و ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٣٨دا نەمسایان داگیر کرد و لە ساڵی دواتر چیک و سلۆڤاکیای پێشوویان داگیر کرد، ھەروەھا لەساڵی ١٩٣٩ دا ھێرشیان کردە سەر پۆلەندا و دواتر جەنگی جیھانی دووەم دەستی پێکرد و کە ئەڵمانیا و ھاوپەیمانەکانی شکستیان ھێنا لە ساڵی ١٩٤٥ و فەرمانڕەوایی نازی لەناوبرا.

ڕەخنە گرتن لە دیموکراسی[دەستکاری]

نازی باوەڕی بە دیموکراسییەت نییە لەبەر ئەوەی ئەوانە نازی بوون لە پێشتر پێیان وابوو کە ئەو وڵاتەی دیموکراسی ھەڵدەبژێرێت کە خاوەنی سەرکردە و و سەرۆکێکی بێ ھێزە بەمەش وڵاتەکە ناتوانێت بەرامبەر وڵاتانی تر خۆی بگرێت لە ڕووی ھێز و بڕیارەوە و ئەوان پێیان وایە دەبێت سەرۆکی وڵات دەسەڵاتی ھەموو شتێکی ھەبێت لە وڵاتەکەیدا.

مێژوو[دەستکاری]

سەرەتای سەرهەڵدان:١٩١٨-١٩٢٣[دەستکاری]

پارتی نازی لە حیزب و گروپە سیاسییە بچوکترەکانەوە گەشەی کردووە بە ئاڕستەیەکی ناشیۆنالیستی کە لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی دووەم دروست بوو بوون.

لە ٥ی کانوومی دووەمی ساڵی ١٩١٩،ئانتۆن درێکسلەر کە ئەندامی پێشووی (حیزبی فاذەرلاندی ئەڵمانی بوو) وە دژی ئاگربەستی ساڵی ١٩١٨ بوو بۆ ڕاگرتنی شەڕ (حیزبی کرێکارانی ئەڵمانیا)ی دامەزراند، بە هەماهەنگی کۆمەڵێکی سیاسەتزان.

سەرەتا وا بڕیار بوو پارتەکە ناو بنرێت(حیزبی کرێکارانی سۆشیالیست)بەڵام کارڵ هارێر’ی سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنوس کە ئەویش یەکێک بوو لە دامەزرێنەران ناڕەزایەتی دەربری لە ناوەکە بۆیە وشەی(سۆشیالیست)سڕدرایەوە و بووە (پارتی کرێکارانی ئەڵمانیا، DAP).وە بۆ مەبەستی ڕاکێشانی چینی ناوەڕاست و سەرمایەدار حیزبەکە دووپاتی کردەوە کە تەواو دژی مارکسیزمە و حیزبەکە پشتگیری لە چینی ناوەڕاست و تەواوی ڕەگەزی ئاریاییە.

ئەم کۆمەڵەیە هەفتانە لە باڕێکی میونخ چاویان پێک دەکەوت،لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە میونخ شارێک بوو کە لە ڕووی سیاسییەوە ناجێگیر بوو، هاوڵاتیان مەیلی پشتگیری کردنی حیزب و ئایدیای جیایان هەبوو تا ببێتە مایەی گۆڕانکاری گەورە.

لە ٢٤ی شوباتی ١٩٢٠، ناوی حیزبەکە لە (حیزبی کرێکارانی ئەڵمانیا) گۆڕدرا بۆ(حیزبی کرێکارانی سۆشیالیستی نەتەوەیی).

حیزبەکە گروپێکی بچوک بوو لەو کاتدا کە کەمتر لە ٦٠ ئەندامی هەبوو، سەرەڕای ئەوەش سەرنجی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیای ڕاکێشابوو.

سەرەتای هیتلەر لە حیزبەکە[دەستکاری]

دوای جەنگی جیهانی یەکەم هیتلەر گەڕایەوە میونخ بەردەوام بوو لە کارکردن لە سوپا لە بەشی هەواڵگری،کاری ئەو هاندانی ئایدۆلۆژیای ناشیۆنالیزم و دژە کۆمەنیزم بوو لە ناو سەربازان دا، وە دزەی دەکردە نێو حیزبە سیاسییە ساواکانی ئەوکاتە. ئەوە بەشێک بوو لە کارەکەی هیتلەر کە بەشداری بکات لە کۆبوونەوەیەکی حیزبەکە لە ١٢ی ئەیلولی ١٩١٩. لەو کاتەدا هیتلەر دەستی کرد بە مناقەشە کردن لەگەڵ وتاربێژەکە ئەمەش سەرنجی درێکسلەری بە لای خۆیا ڕاکێشا،بۆیە بانگهێشتی کرد تا ببێتە ناو حیزبەکە. هیتلەر بووە ئەندامی (٥٥)هەمی حیزبەکە،بەڵام وەک ئەندامی(٥٥٥)هەم ناوزەند کرا تا وا دەریبخەن حیزبەکە گەورەترە. هەر لە سەرەتای دەست بەکار بوونی دەستی کرد بە چالاکییەکانی وەک بەرپرسیاری (پڕۆپاگەندە)، وە دانیشتن و کۆبوونەوەی گەورەتری ڕێک دەخست،خۆشی وتاری دەدا.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "The early years of the Nazi Party – The Holocaust Explained: Designed for schools" (بە ئینگلیزی). 1920-02-24. Retrieved 2024-02-22.

وێنە[دەستکاری]