فریدریش ھێگڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێگڵ

گێئۆرگ ویلھۆڵم فرێدریش ھێگڵ (Georg Wilhelm Friedrich Hegel) (لەدایک بوون ٢٧ئۆگست ١٧٧٠-کۆچی‌دوایی ١٤ نۆڤەمبر ١٨٣١) فەیلەسۆفی ئەڵمانی بوو و دەگەڵ جان گۆتلیب فیچ Johann Gottlieb Fichte و فرێدریش ویلھۆڵم جۆزێف شێلینگ Friedrich Wilhelm Joseph Schelling دامەزرێنەری ئایدیالیزمی ئەڵمانی بوون.

ھێگڵ کاریگەری ھەبوو لەسەر نووسەرانی ھاوبڕوای خۆی وەک باوێر (Bauer)، فێوێرباخ Feuerbach، مارکس، بڕادلی Bradley، دێوی (Dewey) سارترێ Sartre، کونگ Küng، کوخێوێ Kojève و ھەروەھا نووسەرانی ڕەخنەگری وەک شێڵینگ Schelling، کیێرکێگارد Kierkegaard، شۆپنھاوەرSchopenhauer نیچە‌، پیرس Peirceو ڕاسێڵ Russell. ھێگڵ چوارچێوەیەکی فەلسەفی تەواوی بۆ بەیان کردنی پەیوەندی نێوان مێشک و سروشت، کەریار و بەرکار لە زانست‌دا و لە دەرونناسی‌، مێژوو، ھونەر، ئایین و فەلسەفە‌دا. ئەو باوەڕەی دامەزران کە ھەردو مێشک و گیان کە خۆیان بە دژی یەک و بەرامبەر نیشان ئەدەن لە کۆتایی‌دا تیکەڵ دەبن و یەک‌دەگرن ھەر وەک ئەوەی لە نێوان سروشت و ئازادی‌دا دەیبینین. بڕوا کاریگەرەکانی لۆژیکی ژیرانە‌ یان دیالێکتیک، ئایدیالیزمی تەواو، بیرۆکەی خراپی، پێگەیشتن، مەنتیقی سەردار-غۆڵام، ژیانی ئەخلاقی و گرینیگی مێژوو بوون.


هێگل و کۆنەوارەتی Conservatism[دەستکاری]

بواری تیۆریی سیاسی، یەکێکە لەو بوارانەی هێگل تێیدا یەکجار کاریگەر بووە و هەموو کۆنەوارە‌تییەکی درەنگ، کەموزۆر، پەیوەستی هێگلە. بەڵام کاریگەری هێگل لەوەش زیاترە. مێژوونۆڕیی مەتێریالیستانەی مارکسیانە، یەکێک لە مەرجەکانی لە فەلسەفەی هێگلدایە. فەلسەفەی هێگل، تەنانەت بۆ ڕاستڕەوی پەڕگیریش، تینی هەبوو. هێگل لەم بوارەدا چەمکی وەک نەتەوە، نەرێت، یەکگرتنی زیندەڵ و هەروەها فراژووتن تێهەڵکێشی سیستەمێکی فەلسەفیی گشتلا دەکات.


دەوڵەت و مێژوو[دەستکاری]

هێگل دەڵێ هەموو فراژووتنێک، فراژووتنێکی گیانەکییە: گیانی پاک یان گیانی ڕەها بنجی هەموو بابەتێکە.

بە دیدی هێگل جیاوازیی چینایەتی پێویستە بۆ پێشڕەوتی بەڵام لە دەوڵەتی چەسپاودا دەکرێ چینەکان بە هاوئاهەنگی هەڵبکەن. هێگل بڕوای وایە دەوڵەت فراژووتنێکی مێژووکرد دەکات بەرەو ئازادی و هاوئاهەنگییەکی فرەوانتر. بەڵام ئەم فراژووتنە بەردەوام نییە و هەموو دەوڵەتسازییەکیش ناگرێتەوە. تەنیا چەند دەوڵەتێک - و تەنیا چەند ڕێبەرێکی دەوڵەت - فەرمانی گیانیان پێیە قۆناخی نوێ لە فراژووتنی دەوڵەت و لەویشەوە هی مرۆڤایەتی دەست پێ بکەن.

لە «فەلسەفەی ماف» ـدا هێگل دەڵێ: «بیرۆکەی دەوڵەت هیچ پەیوەندییەکی نییە لەگەڵ بنجی مێژووکردی دەوڵەتی، پەیوەستی بنجی یەکەیەکەی دەوڵەتان نییە - واتە: مەبەست لە بنجی دەوڵەت ئەوەیە ئایە بنجی دەوڵەتەکە لە کوێوە سەری هەڵداوە، لە هەلومەرجێکی پاتریارکیەوە یان لە ترس و باوەڕەوە یان لە ئەنجومەنەوە... هتد. بیرۆکەی دەوڵەت پەیوەند نییە بەوەی ئایە دەوڵەت لە سەرەتاوە لە ئاگادا وەک مافێکی خوداکرد، مافێکی پۆزەتیڤ، یان وەک پەیمانێک، یان وەک بەرهەمێکی نەرێتزادە سەری هەڵداوه».


دەوڵەت و جڤاتی بۆرژوا[دەستکاری]

هێگل تەواو هۆگری بنەماکانی ئابووریی سیاسیی کلاسیکە و ئەو بنەمایانە، لە تێڕوانینی هێگلدا دەربارەی جڤاتی بۆرژوا، ڕەنگی داوەتەوە. لەسەر ڕێچکەی ئادەم سمیت، ئەمیش ئاماژە بۆ گرینگیی دابەشینی کار و فراژووتنی تەکنیکی دەکات.

ئەم فراژووتنەی تەکنیک و ئابووری لە چێوەی جڤاتی بۆرژوادا دێتە کایەوە. بەڵام ناکۆکی لەو جڤاتەدا لە نێو ناچێت. لەوێدا خەڵک وەک تاکەکەس خۆ دەنوێنن، تاکەکەسانیش سەرگەرمی ڕکابەرییەکی ناوەکیی بێوچانن.

بەم جۆرە هێگل سێ بنەمای فیکری گرینگی کۆنەوارەتی دەردەبڕێ:

1) سیاسەت دەبێ سەردەست نەک ژێردەستی پەیوەستی ئابووری و جڤاکی بێت.

2) تەنیا بە دەوڵەتی خاوەن سازمانی چەسپیو و تەنیا بە یارمەتی دەوڵەت دەکرێ خەباتی نێوان چینەکانی کۆمەڵ و خەباتی نێوان ئەندامانی یەک چین بکرێنە پێشبڕکێیەکی هۆشەکی و هاوئاهەنگی وەها کە خزمەتی تەژەند و ڕاهێزانی میللەت بکات.

3) دەوڵەت تەنیا بەوە دەبێتە دەوڵەتێکی باش و هاوئاهەنگ، کە ‌‌«بەرەی گشتی‌«ی هەبێت، واتە گروپێک وەڵاتیان کە بەرژەوەندی دەوڵەت نەک بەرژەوەندی خۆیان ڕەچاو بگرن.


ئازادی و یەکسانی[دەستکاری]

لە باسی ئازادیدا، هێگل «ئازادیی نایەتی» (نێگەتیڤ) و «ئازادیی ئایەتی» (پۆزەتیڤ) لەیەک جودا دەکاتەوە. ئازادیی نایەتی، ئازادبوونە لە خواستی خەڵکی دیکە، لە مامەڵەتی دەستووربەدەر. ئازادیی ئایەتی، وەک باوە، ئازادیی تاکە ئەو کارە بکات ئارەزووی لێیەتی.

هێگل دەڵێ مرۆڤ لە دەوڵەتدا ئازادیی خۆی دەدۆزێتەوە. لە جڤاتێکدا مرۆڤ ئازادیی بزووتنی بێسنووری هەبێ و بتوانێت بە بێ زەبری قانوون بجووڵێتەوە، ئازادیی ئەم دەبێتە ملکەچیی تەواو و نائازادی بۆ ئەوەی دیکە. لە جڤاتی تاکگەرادا، نە موڵکایەتی دەستەبەر دەبێ و نە کەس دەرفەتی دەبێت پەرە بە بەهرەکانی خۆی بدات. بەڵام لە دەوڵەتی فراژوودا، هەموو کەسێک لە گشتدا تێکبەستە و بە ئەندازەی بەهرەکانی خۆی نۆرەی هەیە، مافێکی هەیەتی و ئەرکێکی لەسەریەتی وەهان دەرفەتی فراژووتنی کەسایەتی و ئاسوودەگی برەخسێنن چ بۆ خۆی، چ بۆ ئادەمیزادانی دیکە. هێگل دەڵێ:

‌‌

«دەوڵەت داکەوتێکی کۆنکرێتی ئازادییە، بەڵام ئازادیی کۆنکرێت لەوەدایە تاکایەتیی کەسەکی و خواستە تایبەتییەکانی تاکەکەس فراژووتنی تەواویان هەبێ و مافیان بسەلمێنرێت... بەوەش ئەوەی تاکگەرایە دەبێتە گشتی... و گشتاندن دوا ئامانجە‌».

رۆح لە فەلسەفەی هیگڵ[دەستکاری]

بابەتی سەرەکی فەلسەفەی هەگڵ لەسەر بنەمای رۆح یان گیان تۆکمە کراوە. گیان هەر ئەو گیانە گشتییە مەبەستی کە بونێکە لەسەر بنەمای سروست و خودا پتەو کراوەو جەوهەروو توخمی خولقێنەری هەموو شتێکە. خوای هیگڵ لاو ئەو خودایەک بووە کە جوەتە ژێر کاریگەری عەقڵی فەیلە سووفیەوە. هەگڵ عەقڵ و گیان بە ڕەسەنی دەزانی و باوەڕی بەڕەسەنایەتی جیهانی مادی نەبوو.


سەرچاوە[دەستکاری]

Från Platon till kommunismens fall - De politiska idéernas historia. Sven-Eric Liedman. «ڕێگوزەری بیری سیاسی»