ڕیالیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

ھەر ڕێبازێکی ئەدەبی بەھۆی ھۆزانڤانان و نووسەرانەوە دێتەکایەوە، بەڵام بە بڕیار یان ڕێککەوتنیان دانامەزرێت. بەڵکو تەواوکەری بنیاتنانی ڕۆشنبیری گشتییە کە گوزارشت لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیان و شارستانیەتی و پەرەسەندنی کۆمەڵگا دەکات، بێگومان ھاتنە کایەی یان دروست بوونی ھەر ڕێبازێکی ئەدەبی پێویستییەکی مێژووییە، ئیدی لەو قۆناغە مێژوییەدا چەند ھۆزانڤانێک ھەستی پێ دەکەن یان بیری لێدەکەنەوە کە ئەدەبەکەیان لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتندا نییە، بۆیە ھەوڵ دەدەن کە گۆڕان و داھێنان بکەن.

لە مێژووی ئەدەبیاتی جیھاندا کەباس لە ڕێبازەکانی ئەدەب دەکرێت سەرەتا لە کلاسیزمەوە دەست پێ دەکرێت، دواتر ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم.. پاشان ڕێبازەکانی تر، ھەر یەکێکیشیان ئەدگار و سیما و خاسیەتی تایبەتی خۆیان ھەیە، کە بە ھۆیانەوە لە یەکتر جیادەکرێنەوە، ھەر یەکێکیشیان لەسەردەمێکی جیاوازدا ھاتونەتە کایەوە، بەڵام بە تەواوی ناتوانین سنوورێک بە نێوانیاندا بکێشین.

فاکتەری سەرەکی سەرھەڵدانی ڕۆمانسیزم ئەوەبوو کە ڕۆژ بە ڕۆژ ھەست بە پێویستی ئەوەدەکرا کە واز لە دابەکلاسیکیەکان -کە رەونەق و جوانی سیتەمی فیوداڵی و خانەدانی بوو- بھێنرێ. تاکە شتێک کە ئارامی و ئیلھامی بە ھونەرمەندی ڕۆمانسیزم دەبەخشی، خەمۆکی، ئاڵَۆزی، ئەفسانەیی، نھێنی ئامێََز، خەیاڵاوی، خوماراوی و شێتانەیی بوو. ئەمە چاوانی ھونەرمەندی ڕۆمانتیکی لە ئاستی لایەنە باشەکانی شارستانیەتی تازە بەست و کارگەیشتە ئەوەی ڕۆمانسیزم ببێ بە ووشەیەکی ھاو واتای نەفرەت و ڕاکردن و ھەڵاتن، لە مەدەنیەت و شارستانیەتی.

ھونەرمەندانی دیکەش کە بە زەبری بلیمەتی و جیھانبینی و ھونەری خۆیان، بۆیان دەرکەوت کە گەڕانەوە بۆ ساڵانی پڕشادی و خەیاڵی منداڵی و ڕابردووی بە ڕواڵەت ئاسوودەیی بەخش، مەحاڵە و خەیاڵێکی بێ ھودەیە. ئەم ھونەرمەندانە لە بری ئینکارکردن لە واقیعی ناھەموار (کەکاری ڕۆمانسیزمەکان بوو) کەوتنە بەرجەستەکردنی بابەتیانەی واقیع و ڕووداوەکان و ڕخنەگرتنی بوێرانە لەو واقیعە ناھەموارەی ھەبوو. ئەمەش (لێکدانەوەی واقیع بینیانەی ژیان) ھەمیشە لە قازانجی چینی ژێردەست و بە زیانی چینی دەسەڵاتدار دەشکێتەوە.

ڕیالیزم وەک ڕێبازێکی ئەدەبی[دەستکاری]

ڕیالیزم وەکو زاراوە بەرلەوەی لە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیدا دەرکەوێت لەنێو فەلسەفەدا بڵاوبوویەوە. پاشان زاراوەکە ھاتووەتە ناوەوە و بووە بە یەکێک لە ڕێبازە سەرەکیەکانی ئەدەب.

زاراوەی ڕیالیزم لەدوو وشە پێکھاتووە: isme , Real:

ڕیال: واتا واقیع

یزم: واتا ڕێژە

ڕیالیزم = بینینی واقع بەو شێوەیەی کە ھەیە.

ڕیالیزم ڕێبازێکی ئەدەبیە، لەڕووی مێژووی سەرھەڵدانیەوە دەکەوێتە دوای ڕێبازی ڕۆمانسیەت. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمدا لە فەڕەنسا سەریھەڵدا.

وێڕای ئەوەی کە بیرکردنەوەی ڕیالیستانە (بەبۆچوونی ھەندێ لە مێژوونوسانی ئەدەب) مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێنیسانس(١)، بەڵام خودی ڕیالیزم یەکەمجار لەساڵی ١٨٤٣ ڕۆماننوسی فەڕەنسی شامپفلۆری(١٨٢١-١٨٨٩) لە بەیاننامەیەکدا بەناوی (مانیفێستی ڕیالیزم) ئەو زاراوەی بەکاریھێنا و تێیدا دەڵێت: (سیفەتی ڕیالیزم دەدرێتە پاڵ من). کە تێیدا بنچینەکانی ڕێبازێکی نوێی بڵاوکردبوویەوە.

ناوەڕۆکی ئەدەبیاتی ئەم ڕێبازە پێشاندانی ژیانی مرۆڤایەتی و تۆمارکردنی ڕووداوەکانی سەردەم و دیاریکردنی خودی واقیعەکەیە، ڕاستگۆیی و ڕاستی ژیان و واقعی خستەڕوو. لەسەرتادا بریتی بوو لە چارەسەرکردنێکی بابەتیانەی واقع و بەمشێوەیە ئاڵای شۆڕشی دژ بە ڕۆمانسیزمەکان ھەڵکرد. ھەروەھا ئەدەبی ڕیالیزمی ھەوڵێکە بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا تاریکەکان و ڕێنیشاندانی کۆمەڵگایە بەرەو گەیشتن بەئامانج وگۆڕانی ئەو باروودۆخە نالەبارەی کە لەئارادایە.

ڕیالیزم بریتییە لە دوورکەوتنە لە تەم و مژو و ئاڵۆزی و خەیاڵڕێسی و نواندنی ژیان وەکو چۆن لە واقیعدا ھەیە بێ ئەوەی بیکاتە نمونەیی. یان ھەموو شتێک چۆن دێتە بەرچاو، لە چ بار و وێنەیەکدا بێت بەو جۆرە دەربخرێت، بێ ئەوەی لە دەریای ئایدیالیزم و ئەندێشەدا بخنکێنرێت. ئامانجی ڕیالیزم تاقیب و دەربڕینی چۆنیەتی واقیعی ھەر شتێک و پێوەندی دەروونی نێوان دیاردەیەک و دیاردەکانی ترە.

نووسەری ڕیالیست، ژیان بە گشتی و رووداو و خەسڵەتە مرۆییەکان بەتایبەتی، وەک ڕەوتێکی یەکە یەکەی بەردەوام و تەواوکەری یەکتر رەچاو دەکات و لەبەر چاو دەگرێ.

گرنگترین تایبەتمەندی ئەدەبیاتی ریالیستی، وەسفکردنی مرۆڤە بەشێوەی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی. بە گوتەیەکی دی ریالیزم لەزەمینە و ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی وەخت دا بۆ ڕەگوڕیشەی ڕەفتاری مرۆڤ دەگەڕێ. ئەم شێوازە سیفەتە (چاک) و (خراپ)ـەکانی مرۆڤ بە دیاردەی سروشتی خودی مرۆڤ نازانێ.

نووسەری ڕیالیست وێنەگری کۆمەڵە، لەگەڵ ئەمەشدا، بۆ ئەوەی بابەتە بنەڕەتیەکان بە شێوەیەکی تەواو لە قاڵبی ھونەریدا بەرجەستەبن، بێ گومان پێویست نییە کە ئەندێشەو بیر ڕەنگدەرەوەی تەواوەتی ھەموو نێوەڕۆک و تایبەتمەندیەکانی بابەتی خواستراوبێ. مانای واقیعبینی و واقیعنووس ئەوەنیە کە ھونەرمەند ھەرچییەک بدینێ بێ ڕتوش و دەستکاری یان ھەقیقەتە بەرجەستەکان ھەڵبژێرێ و وەک خۆی وێنەیبگرێ.

"ھەڵبژاردنی بابەتی زیندوو" یەکێکی ترە لە بنەڕەت و بنەما گرینگەکان کە پەرەسەندنی ڕیالیزم پێوەی بەندە. بەو حوکمەی کە ڕیالیست، بە پێی سروشتەی خۆی، دەربڕی ئەو دژواری و کامەرانیانەیە کە لایەنی گشتییان ھەیە واتە گشتگیرن، ھونەرمەندی ڕیالیست ناتوانێ تەنیا بەو ئەزمونە تاکەکەسیانەی کە خۆی لە ژیاندا لای کەڵەکە بوون قەناعەت بکات. واتا بۆ ئاشکراکردن و بەرجەستەکردنی واقیعبینیانەی بارودۆخە کۆمەڵایەتیە گرنگەکان، ھونەرمەند دەبێ خاوەنی روئیای ھونەری واقیعی بێت.

خاسیەتەکانی ڕێبازی ڕیالیزم[دەستکاری]

١- بە تێڕوانینێکی گشتی و ھەمە لایەنی سەیری ژیانی مرۆڤ دەکات، واتا ھەردوو لایەنی خودی و بابەتی بە باش و خراپەوە باس دەکات.

٢- ژینگە و بارودۆخە کۆمەڵایەتیەکان و دەوروبەر کار لە ژیانی مرۆڤ دەکەن.

٣- ئەو جیھانەی ئەدەبیاتی ڕیالیزم باسی دەکات بوونێکی بابەتی پەیوەست بە کەتواری مرۆڤەوە ھەیە.

٤- گرنگی دانی نوسەرانی ڕیالیزم بە پەخشان، بەتایبەت ھونەری ڕۆمان و چیرۆک و شانۆگەری و بە پلەیەکی کەمتر گرنگی بە ھۆزان دراوە.

٥- خۆگونجاندن و شارەزابوون لە ھەموو چینە کۆمەڵایەتیەکان، بۆیە ڕەھەندی فرەبابەتی لە ڕێبازی ڕیالیزمدا دیارە. ٦- بە زمانێکی ڕوون و ئاشکرا گوزارشتی لە دیاردەکانی ژیان کردووە.

پۆلێنکردنی ڕیالیزم[دەستکاری]

یەکێک لە کێشەکانی لێکۆڵینەوەی ڕێبازی ڕیالیزم، کە بەر لە ھەموو شتێک ڕووبەڕووی لێکۆڵەر دەبێتەوە، زۆری ژمارەی جۆر و ڕووگەکانیەتی. تەنانەت ھەندێ کەس زیاد لە (٣٠) جۆریان لێ دەستنیشان کردوە.

بەڵام ئێمە لێرەدا بەگشتی تەنھا بە پێنج جۆر ڕیالیزم وەردەگرین:

١- ڕیالیزمی فۆتۆگرافی: ئەم جۆرەیان ھەر لە ناوەکەیەوە دیارە واتە: وێنەگرتنی واقیعە وەکو خۆی بەبێ ھیچ دەستکاری و ڕوتوشێک، تەنیا تۆماری ڕووداو و بەسەرھاتی ژیانی کۆمەڵگا دەکا، بەزمانێک نزیک زمانی خەڵک، بێ کەم و زیاد دەخرێتەڕوو.

٢- ڕیالیزمی ڕەخنەگری: ھۆزانڤان لەم جۆرەدا، ڕِِِەخنە لە ڕەوشتێکی نابەجێی ناو کۆمەڵگا یان ھەندێ لە کار و ڕەفتاری دەسەڵاتداران یان ھەڵەی مرۆڤە دیارەکانی ناو کۆمەڵ دەگرێ. بەرامبەر بەوەش ڕاستییان پێ پیشان دەدا و داوایان لێ دەکات کە بەدوای ڕاستیدا بگەڕێن و ئاگایان لە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی سەردەم ھەبێت، ڕاستی مەسەلە و ڕووداوەکان دەربخەن و بچەسپێنن.

٣- ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانە: بنەمای ئەم ڕێبازە لەسەر بنەڕەتی بیری گۆڕین و بەرەو پێشخستنی بارودۆخی مرۆڤ و کۆمەڵگا پەیدابووە، کە پێویستە نوسەر بە گیانێکی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ دەستنیشانکردنی ڕەخنە ڕێگای گۆڕینی بەرەو باشتربۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ببینێت.

٤- ڕیالیزمی سۆشیالستی(٢): بەمانا قوڵەکەی بریتییە لە ئەدەبی خەبات و داھێنان، ئەدەبێک کە بەو پەڕی چالاکی و ھوشیارییەوە تێ دەکۆشێ بۆ ئەوەی ئایدیالە گەنجینییەکانی ئادەمیزاد بکات بە ھەقیقەتێک کە ھەموو کەس لەژیانا ھەستی پێ بکات. بەڵام ڕیالیزمی سۆشیالیستی بەرپەرچی ڕیالیزمی فۆتۆگرافی دەداتەوە، چونکە شارەزاکانی ڕیالیزمی ئیشتراکی دژی سەیرکردنی ھونەر وەکو وێنەکێشانێکی ڕووت و تۆمارکردن وەستاون، بووەتە ڕاستییەکی گومان لێ نەکراو کە ھونەر نابێ تەنھا گۆڕانەکانی ژیان دەست نیشان بکات، بەڵکو دەبێت پشگیریشیان لێ بکات، بۆ ئەمە دەبێ لەگەڵ ژیاندا ڕاست بێ و لە پێناوی وەدەست ھێنانی چالاکی ستاتیکی تێ بکۆشێت، ھونەری ئەمڕِۆ پێویستە ھونەرێکی ژیاندار و کاریگەر بێت و مرۆڤی نوێ پەروەردە بکا. تاکو ئایندەیەکی گەش مسۆگەر بکات.

٥- ڕیالیزمی جادویی (سیحری): بنەمای ئەم ڕیالیزمە بەکارھێنان و تێکەڵکردنی خەیاڵ و ئەفسانە و دابونەریت و کلتوری نەتەوەییە لەناو داھێنانە ئەدەبیەکاندا. ئەم ڕیالیزمە لە داھێنانی نوسەرانی ئەمریکای لاتینە بەتایبەتیش (گابریل گارسیا مارکیز) کە چەندین ڕۆمانی لەسەر بنەمای ئەم ڕیالیزمە نووسیوە.

ڕیالیزم لە ئەدەبی کوردیدا[دەستکاری]

ئاوڕێکی مێژووی

میللەتی کورد وەک ھەر میللەتێکی تری جیھان خاوەن ئەدەبی تایبەت بە خۆیەتی کە لەگەڵ بەرەوپێشچوون و گۆڕانکاریەکانی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و جوگرافی گۆڕانکاری لە ڕووخسار و ناوەڕۆکی ئەم ئەدەبیاتەدا دروستبووە.

ھەڵبەت لەبەر لاوازی و جێگیر نەبوونی بەردەوامی میللەتی کورد، ئەوە لەسەرجەم بەرھەمەکانی ھۆزانڤانە کوردەکان تێبینی دەکرێت کە ڕەنگدانەوەی کەتوار (واقع) لە ناوەڕۆکی ھۆزانەکانیاندا لە ھەردوو ڕێبازی کلاسیک و ڕۆمانسیزم شتێکی ئاشکرایە، سەرەڕای ئەمە ڕیالیزم ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆریشدا ھەبووە، بەڵام ڕیالیزم وەک ڕیبازێکی ئەدەبی و ھونەری زیاتر لەگەڵ بزاڤی ڕۆژنامەگەری کوردی دەستپێدەکات و ماوەی نیوان ھەردوو جەنگی جیھانی بەتایبەت لە نێوان (١٩٢٠ - ١٩٤٠) لەلایەن نوسەرانی وەک (جەمیل صائب، ئەحمەد مختار جاف، عەلئەدین سجادی، شاکر فەتاح، حسێن حزنی موکریانی…ھتد) ھۆزانڤانانی وەک (گۆران، دڵدار، جەگەرخین، قەدری جان…ھتد) بە تەواوی ڕێبازی ڕیالیزم لە ئەدەبیاتی کوردی چەسپاو پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆوە بینی.

لەناو بەرھەمی نوسەر و ھۆزانڤانە کوردەکان ڕیالیزم زیاتر شێوەی ڕەخنەگرانە و شۆڕشگێڕانە و ڕیالیزمی شۆسیالیستی لەخۆگرتووە، کە ڕەخنە لە لایەنە لاواز و دواکەوتووەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری گرتووە، وەک لایەنی نەخوێندەواری بەتایبەتیش بۆ ئافرەتان و ھەروەھا یەکڕیزی میللەتی کورد. ئەمەش لە چوارچێوەی داڕشتنەوەیەکی نوێ بە کێشی خۆماڵی و سەروایەکی سەربەست و زمانێکی پەتی و ڕەسەن گوزارشت لە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ دەکرا، لە ئەنجامدا وێنەیەکی ھونەری نوێ لە کەتوار (واقع) و لۆژیکی مرۆڤ بەرھەم دەھێنرا.

سەرەڕای ئەمانە لەگەڵ ڕەخنەگرتندا بە گیانێکی شۆڕشگێڕانە بە دەربڕینی ھێما خەمخۆری خۆیان بەرامبەر بارودۆخی میللەتی کورد بە گشتی دیاری دەکرد.

گرنگترین ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی ڕێبازی ڕیالیزم لە ئەدەبی کوردیدا[دەستکاری]

١- گۆڕانکاریە ڕامیاری و ئابوورییەکانی بارودۆخی میللەتی کورد، بەتایبەت دوای جەنگی جیھاتی دووەم.

٢- دامەزراندنی کۆماری مھاباد بە پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەت، کە دەرئەنجامی ئەمە بووە ھۆی گرنگیدان بە خوێندن و زمانی کوردی و فراوانبوونی ئاسۆی ڕۆژنامەگەری کوردی و بەرھەمھێنانی پەرتووکی کوردی.

٣- بێزاربوون لەو جیھانە نموونەیی و خەیاڵیەی ڕێبازی ڕۆمانسیزم.

تایبەتمەندییەکانی ڕێبازی ڕیالیزم لە ئەدەبی کوردیدا[دەستکاری]

١- ڕەنگدانەوەی خاسیەتەکانی شۆڕشگێڕی و ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی میللەتی کورد تێیدا ژیاوە لە تێکستی ئەدەبیدا.

٢- مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەت لە ھەردوو ڕێبازی کلاسیزم و ڕۆمانسیزم تەنھا بۆ لایەنی جوانی و خۆشەویستی بووە، بەڵام لە ڕێبازی ڕیالیزمدا ھۆزانڤان و نوسەران بەرەو بەرجەستەکردن و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کەموکورتیەکانی واقعی ئافرەت و گۆڕینی بۆ ئاستی بڵندتر دەچوون.

٣- ڕەنگدانەوەی چەمکی ڕیالیزم لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا پێش پەیدابوونی وەک ڕێبازێکی ئەدەبی و ھونەری.

٤- ڕیالیزم ڕێبازی ڕەسەنایەتی وشە و بەکارھێنانی ھێمایە بە شێوەیەکی فراوان لە ھۆزانی کوردیدا.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

(١) چونکە (ڕێنیسانس) مرۆڤی لەدەست لێکدانەوەی ئایدیالیست و ھێزە میتافیزیکیەکان ئازادکرد و کردی بە مرۆڤێکی دنیایی.

(2) بەڵام خۆی لەخۆیدا سۆشیالیزم Socialisme پەیڕەو و ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی ئابووریە. لە ئەنجامی ڕووخانی ڕژێمی سەرمایەداری دێتەکایەوە. سۆشیالیزم لە وشەی (Social)ی فەڕەنسیەوە وەرگیراوە، بە واتای (دەستەکۆمەڵی) دێت.

لە ڕاستیدا ھەر لە سەرەتاکانی سەرھەڵدانی فەلسەفەوە، فەیلەسوفان باسیان لەم ڕێبازە کردووە، بەڵام (کارڵ مارکس) بە دامەزرێنەری سۆشیالیزمی زانستی دادەنرێت و ھەندێک ئەم ڕێبازە بە (مارکسیزم) ناودەبەن، ئەو کەسانەی لەسەر ئەم ڕێبازە دەڕۆن ژمارەیان لە ھەموو پەیڕەوکەرانی ڕێبازەکانی تری جیھان زیاترە.

بەپێی بیروباوەڕ و ئامانجەکانی ئەم ڕێبازە، چینەکانی کۆمەڵگە لەناو یەکتریدا دەتوێنەوە (یەکسانی بەرپا دەبێت)، بە گشتی دژی زۆرداری کۆمەڵایەتیە. لە کۆمەڵگای سۆشیاستیدا ھیچ جۆرە چەوسانەوەی نەتەوایەتی و چینایەتی و ڕەگەزی نیە. ئازادی و یەکسانی بۆ ھەموو خەڵک دابیندەکرێت. پەیوەندی بەرھەمھێنەکان ھاوشانن، ئەم ھاوشانیەش دەبێتە ھۆی بنچینەی بە خێرا گەشەکردن و بەردەوامی ئابووری.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • د. فەرھاد پیرباڵ، ڕێبازە ئەدەبیەکان، چاپی دووەم، ھەولێر ٢٠٠٨.
  • د. ھیمداد حسێن، ڕێبازە ئەدەبیەکان، چاپی دووەم، ھەولێر ٢٠١٠.
  • یاسین صابر صالح، ئینسایکلۆپیدیای گشتی، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٠٥.
  • عەباس محەمەد قادر، ریالیزم لە شعری ھاوچەرخی کوردیدا(١٩٤٦-١٩٧٠)، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠١٠.
  • (سیروس پرھام) د. میترا، ڕیالیزم و دژە ڕیالیزم لە ئەدەبیاتدا، و: حەمەکەریم عارف، چاپی یەکەم، دھوک ٢٠٠٤.
  • فەھمی شوکر عەبدوڵڵا، ڕەگەزی نوێی شیعری لای قەدری جان(١٩١١ - ١٩٧٢)، چاپی یەکەم، ھەولێر ٢٠٠٦.
  • گوڵستان بەدەل محمد، کۆوانەکانی ٢٠١١، بۆ خوێندکارانی قۆناغی ٢، بەشی زمانی کوردی زانکۆی دھۆک.