نەحو (زمانی عەرەبی)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

نەحو یان زانستی ئیعڕاب (بە عەرەبی: النحو - علم الإعراب‎)، یەکێکە لە گرنگترین دوازدە زانستەکەی زمانی عەرەبی.

ناساندنی نەحو[دەستکاری]

وشەی "نەحو" (النحو) وشەیەکی عەرەبییە، لە ڕووی زمانەوانییەوە بە چەند مانایەک دێت، لەوانە: "ئاڕاستە" دەگووترێت (ذهبت نحو زید) واتە (ڕۆیشتم بە ئاڕاستەی زەید)، ھەروەھا بە مانای چوواندن و نموونەش دێت؛ (محمد نحو علي) واتە موحەممەد وەک عەلییە، مانای تریشی ھەیە.[١][٢][٣][٤][٥]

لە زاراوەی زانایانی نەحو: زانستێکە بەو یاسا و بنەمایانەی کە حاڵی کۆتایی وشەکانی زمانی عەرەبی لە کاتی پێکەوەنانی پێ دەزانرێت؛ لە ئیعڕاب و بینا و ھتد ...[٣][٢] یان: زانینی ئەو بنەمایانەیە کە قسەی عەرەبی پێی ڕێکدەخرێت.[٤] بابەتی زانستی نەحو لێکۆڵینەوە و زانینی حاڵەتی کۆتایی وشەکانە.

مێژووی نەحو[دەستکاری]

ھۆکاری دامەزراندنی نەحو[دەستکاری]

سەرھەڵدانی نەحو و ئیعڕاب دەگەڕێتەوە بۆ ھۆکاری ئایینی و ھۆکاری نەتەوەیی و ھەروەھا کۆمەڵایەتیش، ھەموو ئەم ھۆکارانەش بەھۆی زۆربوونی ھەڵەکردن بوو لە قسەی عەرەبی، بە تایبەت دوای فراوانبوونی سنووری دەوڵەتی ئیسلامی بەرەو ناوچە نا عەرەبەکان، جا ھۆکارە ئایینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ قورئان و فەرموودە لای موسڵمانان، چونکە ئەمانە بە زمانی عەرەبین، خەڵکیش لەو سەردەم ھەڵەیان زۆر بوو لە خوێندنەوەی قورئان بەتایبەت نا عەرەبەکان، ھۆکارە نەتەوەییەکانیش بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە عەرەبەکان ئەو کاتەی تێکەڵ بە ناعەرەبەکان بوون ترسان لەوەی زمانەکەیان تێکبچێت یان تێکەڵی زمانەکانی تر بێت، ھەروەھا ھۆکاری کۆمەڵایەتییەکانیش ئەمە بوو کە خەڵکە موستەعڕەبەکان ھەستیان کرد کە پێویستییەکی زۆریان بە بنەما و یاسا ھەیە لە ئیعڕاب و تەسڕیف بۆ فێربوون و دەربڕینێکی عەرەبیی پاراو.[٦] [٧]

دامەزرێنەران[دەستکاری]

ڕای جیاواز ھەن سەبارەت بە یەکەم دامەزرێنەری نەحو وەک زانستێک، بەڵام ئەوەی بەناوبانگە ئەوەیە کە یەکەم کەس ئەبوو ئەسوەدی دوئەلی بووە، بەفەرمانی خەلیفە عەلی کوڕی ئەبوو تالیب.[٣][٢] چەند قسەی تریش ھەیە، لەوانە، ئەوەیە کە بە فەرمانی عومەری کوڕی خەتتاب بووە، ھەروەھا ئەبوو ئەسوەد خۆیشی زۆر ھەڵەی دەبیست لە قسەی خەڵکیدا.[٨] ئەبوو ئەسوەد یەکێکە لە تابیعینەکان و لە ساڵی ٦٩ی کۆچی مردووە. شوێنی سەرھەڵدانی نەحو و سەڕف عێراق بوو.[٩] پاشان خەڵکی دوای ئەبوو ئەسوەد لەسەر ئەم زانستەیان نووسی تا ئەلخەلیل ئیبن ئەحمەد فەڕاھیدی بەشەکانی تەواوکرد کە لە ١٧٣ی کۆچی مردووە و دانەری یەکەم موعجەمی عەرەبی بووە و ناوی لێناوە (معجم العین)، ئەمەش لە سەردەمی ھاڕوون ڕەشید بوو، جا سیبەوەیھی کە قوتابی خەلیل بوو ئەم زانستەی لێ وەرگرت و ئەمیش بوو بە زانای نەحو و زۆر بەڵگە و شاھیدی لە کەلامی عەرەبی دەھێنایەوە بۆ بنەماکانی ئەم زانستە. پاشان (کیتابی سیبەوەی) بوو بە گرنگترین سەرچاوەی زانایانی دوای خۆی.

مەدرەسە نەحوییەکان[دەستکاری]

پاشان لەگەڵ ڕۆیشتنی کات چەند مەدرەسەی جیا جیا درووست دەبوون، بەڵام بەناوبانگترینییان ھەردوو مەدرەسەی بەسڕییەکان و مەدرەسەی کووفییەکان، مەدرەسەی بەسڕییەکان کە ناوەی بۆ شاری بەسرە دەگەڕێتەوە، بریتی بوو لە گەشەکردنی زانستی ئەلخەلیل بن ئەحمەد فەڕاھیدی بوو، کە سیبەوەیھی داینابوو، مەدرەسەی کووفیش کە ناوەکەی بۆ شاری کووفە دەگەڕێتەوە، ئەم دوو مەدەرەسەیە لە زۆربەی بنەما سەرەکییەکان و ناسەرەکییەکان جیاوازییان ھەبوو، ھەروەھا ئەم دوو مەدرەسەیە بە درێژایی مێژوو پێشبڕکێیەکی توندی لە نێواندا ھەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا مەدرەسەی بەسڕی توانی بەسەر کووفیەکاندا سەربکەوێ و بڵاو ببێتەوە و زیاتر وەربگیرێت، چونکە لایەنگیریی و ڕووتێکردن بۆ مەدرەسەی بەسڕی زیاتر بوو. پاش ئەمانەش کۆمەڵە نەحویێک ھەستان بە دامەزراندنی "مەدرەسەی بەغدادی" کە ئەم مەدرەسەیەش پێی وابوو کە نەحوییەکانی کووفە و بەسڕە دوورکەوتوونەتەوە لە گەوھەری نەحو و فڕێیانداوەتە ناو چەندەھا مەتەڵ.[١٠][١١]

ھۆکاری ناونانی بەم ناوە[دەستکاری]

ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە کە ئەو کاتەی ئەبوو ئەسوەدی دوئەلی ھەندێ لەو یاسایانە کە داینابوو بە خەلیفە عەلی کوڕی ئەبوو تالیبی پیشاندا و ئەویش وتی (ما أحسن ھذا النحو الذي قد نحوت)، جا بۆیە زانایانیش ویستییان ئەم وشەیەی ئیمامی عەلی بھێڵنەوە، کە خەلیفە عەلی خۆی لە وشەی "نحو"دا مەبەسی مانا زمانەوانییەکەی بوو، چونکە گونجاندنی نێوان ھەردوو مانای زمانەوانی و زاراوەیی باوە.[١٢] ھەروەھا لە ڕیوایەتی تردا ھاتووە کە خەلیفە عەلی کوڕی ئەبوو تالیب داوای لە ئەبوو ئەسوەدی دوئەلیی کرد کە نەحو دابنێت، جا دوای ئەوەی فێری کرد کە ناو و فرمان و حەڕف (اسم والفعل والحرف) و ڕەفع و نەسب و جەڕ و جەزم (الرفع والنصب والجزم و الجر) چیە، ئیمامی عەلی پێی وت (انحُ ھذا النحو) واتە ئەم ڕێگەیە بگرە بەر، جا بۆیە ئەم ناوەی لێنرا.[١٣]

زانایانی نەحو[دەستکاری]

زانایانی ئەم زانستە لە ژمارەیان زۆرە، ھەر لە ئەبوو ئەسوەدەوە تا ئێستا، بەڵام ئەمانە چەن نموونەیەکن لە نەحوییە بەناوبانگەکان:

سەرچاوەکان[دەستکاری]