وەزیری نادری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

وەزیر کوڕی جەبار کوڕی نادر ناسراو بە وەزیری نادری (بە کوردیی باکووری: Wezîrê Cebarê Nadirî؛ لەدایکبووی ١٠ی ئایاری ١٩١١ لە قەرس – مردووی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ لە یەریڤان) نووسەر و شاعیرێکی کورد بوو.

ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٢٦ ھەزار و حەوسەد ماڵی عەشیرەتەکانی کورد و ھی دیکە لە دەست تورکە کەمالییەکان ئاوارە بوون و خاکیان بەجێھێشت و ڕوویان کردە قەفقاسی ڕووسیا و پەنایان بردە بەر دەسەڵاتی سۆڤێتییەکان. بنەماڵەی وەزیری نادری یەکێک بوون لەو ئاوارانە.

لە ساڵی ١٩٢٨ وەزیر بوو بە قوتابیی قۆناغی ناوەندی لە گوندی سێردەرەک لە ناوچەی نەخچەوان. ئەم ناوچەیە کۆماری ئۆتۆنۆمی بوو سەر بە ئازەربایجان و دانیشتووانی بە زۆری ئازەری و ئەرمەن و کەمێک کورد بوون. ساڵێک لەو قوتابخانەیەی خوێندووە و ئەوجا بووە بە مامۆستای قوتابخانەی گوندی شاوڵیک لەو ناوچەیەدا. لە پاشان لە ساڵی ١٩٣٣ کارگێری ئەو قوتابخانەیەی پێ سپێردراوە. لەم کارەیدا زۆر نەماوەتەوە لە پاییزی ئەو ساڵەدا ماڵی گواستووەتەوە یەریڤان و بووە بەمامۆستای تیکنیکۆم و وانەی زمانی کوردی گوتووەتەوە. لە ساڵی ١٩٣٥دا بووەتەوە بە قوتابی لە ئامۆژگای پەروەردەیی ئەرمەنی و ئامۆژگای پەروەردەیی ڕووس، لە ساڵی ١٩٣٩ ھەردووکیانی تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٤٠ لە زانکۆی یەریڤان وتنەوەی زمانی فارسی پێ سپێردرا. لەو کاتەی کە مامۆستا بوو لە زانکۆ لە بەشی خوێندنی باڵا خۆی ناونووس کرد و بوو بەقوتابی دکتۆرا. نامەی خوێندنی باڵای ئامادە کرد، بەڵام مەرگ مۆڵەتی نەدا تەواوی بکات.

مامۆستا و ڕۆشنبیر[دەستکاری]

لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا کۆمەڵێک وتار و نووسینی ھەمەڕەنگی لە ڕۆژنامەی «ڕێیا تازە»ی کوردی لە یەریڤان بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە.

وەزیر دەوری گرنگی ھەبوو لە ناساندنی کورد لە ھەموو ڕوویەکەوە بە خوێنەری ئازەری و ئەرمەن، بۆ ئەم مەبەستەش گەلێ وتاری بە زمانی ئەرمەنی لە ڕۆژنامەی «ئەرمەنستانی سۆڤێت» و بە زمانی ئازەری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئازەربایجان بڵاو کردەوە.

گرنگترین کتێبێکی پەروەردەیی ئەوەیە کە وەزیر بۆ قوتابیانی داناوە و لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ئەرمەنستانەوە بڕیاری لەسەردراوە وەک کتێبێکی سەرچاوە بۆ قوتابخانە کوردییەکان، ئەم کتێبە بەم ناوەوە بڵاو کراوەتەوە «زمانی کورمانجی – زماننامە، ڕاستنفیسار، ئاخەفتنا خەبەردانێ، ژ نالەیی مینیستیریا ڕۆنایی ئەرمەنستانێ ھاتییە قەبوول کرنێ» لە یەریڤان لە ساڵی ١٩٤٧ لەچاپ دراوە.

نووسەر و شاعیر[دەستکاری]

لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی بیستەم دوو بەرھەمی ئەدەبی داھێنراوی گرنگی بڵاوکردەوە:

١- کۆمەڵە شیعرێک بە ناوی «نووبار»ەوە، ئەم بەرھەمە تاقیکردنەوەیەکی بەکەڵک بوو بۆ دروستبوونی ئەدەبێکی نووسراوی بەرز لەناو کوردی ئەو وڵاتە کە لەمەوپێش ئەدەبی نووسراویان نەبوو، بەڵکو خاوەنی ئەدەبێکی میللی سەرزاری جوان بوون.

٢- بەرھەمێکی دیکەی گرنگی لە ساڵی ١٩٣٥ بەناونیشانی (ڕەڤا ژنێ، پییەسە بۆنا تاترۆنێ کورمانجا ژ چار پەردە) بڵاوکراوەتەوە. ئەم بەرھەمە درامایییەکی شانۆگەرییە بەناوی دووکەوتن یا بەدووکەوتنی ژن، لە چوار پەردە پێکھاتووە. شاعیر ھەوڵ دەدا ناشیرینی و ناھەمواری ئەم ڕەوشتە خێڵەکی و دواکەوتووە لەبەر چاوی خەڵکی کورد ڕەش بکات.

نموونەی ئەم ئەدەبە بەرزەی چیرۆکی شیعری «وەتەن و ھزکرن» (نیشتمان و دڵداری). یان «نادۆ و گولیزەر»ە کە چیرۆکێکی شیعری درێژە، خۆیان «پۆیێم»ی پێدەڵێن، لە دە بەش پێکھاتووە.

دەربارە[دەستکاری]

جەمیلی مەلا قەرە لە پەرتووکی «یار و دیار» وەھا باسی وەزیری نادری دەکات:

لە ساڵی ١٩٤٣ کە ئوردووی دەوڵەتی سۆڤێت دەچێتە ناو خاکی ئێران، وەزیری نادری وەکوو کوردناسێک لەگەڵ لەشکری سوور دەچێتە مەھاباد و نێوانگیری و پەیوەندی کوردان بە لەشکری سوور ڕێک دەخات و کار بۆ سەرخستنی ماف و داوا ڕەواکانی کوردان و کۆماری کوردستان دەکات و ھاوکاری پێشەوا قازی محەممەدیش دەکات و ھەر لەو پێناوەشدا لە دواڕۆژەکانی تەمەنی کۆمار و کشانەوەی سۆڤێت دەبێ بەقوربانی ئەو تێکۆشانە و لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٦ بەدەستی نەیارانی سۆڤێت تیرۆر دەکرێت و لە گۆڕەپانی ناواری (تۆخماخ گۆڵی) لە ئەرمەنستان بە خاک دەسپێردرێ. بەوەش گەلی کورد ڕۆڵەیەکی بەوەجی ڕۆشنبیری سیاسی و ئەدەبی کوردی لە دەست دەچێت و لەناو دڵ و ھزری شاعیران و تۆڕەڤان و ناوەندە ڕووناکبیرەکانی کوردانی قەوقازدا بە نەمری دەمێنێتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ١٨٥ تا ١٨٩، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]