دڵشاد مەریوانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
وێنەیێکی دڵشاد مەریوانی.

دڵشاد محەممەدئەمین فەتاحی مەریوانی (١٩٤٧–١٩٨٩) نووسەر، ڕۆژنامەوان و شاعیر و ئەکتەری کورد بوو. بە ھۆی ئەوەی کە بە منداڵانی خوێندکار ئەلفوبێی لاتینیی کوردی فێر کردووە وەک کەسێکی خراپەکار لە لایەن حکوومەتی بەعسی عێراقەوە کوژرا.

ژیان[دەستکاری]

دڵشاد لە ڕۆژی ٢٨ی ئازاری ساڵی ١٩٤٧ لە سلێمانی لەدایکبووە. باوکی دڵشاد لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا لە گوندی کاڵ خوارووی مەریوانەوە چووە بۆ پێنجوێن و دواتر بۆ سلێمانی. قۆناغەکانی خوێندنی قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەوێ تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٦٨ بووە بە قوتابی لە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانستگای (ئەو کاتە ناوی کۆلێژی زمانان بوو). لە ساڵی ١٩٧٢ کۆلێژی ئەدەبیاتی تەواو کرد ، پلەی کارناسیی لە زانکۆی بەغدا وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٧٤ کە نێوانی فەرماندەی شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا تێکچوو و خەڵکێکی زۆری کورد ڕوویان کردە ناو شاخ. بەشێکی زۆر لە مامۆستا و قوتابییانی زانستگای سلێمانی شاریان بەجێھێشت. بەشێک لە قوتابییانی بەشی کوردی زانستگای سلێمانی لە شار مابوونەوە. ئیتر بۆ ئەوەی ئەو قوتابییانە زیانی ساڵێکی خوێندنیان لێ نەکەوێ مامۆستایانی بەشی زمانی کوردی کۆلێژی ئەدەبیاتی بەغدا لە ھاوینی ساڵی ١٩٧٤ ڕوویان کردە سلێمانی و پڕۆگرامی خوێندنیان پێ تەواو کردن. دڵشاد مەریوانی یەکێک لەو مامۆستایانەی لە ماوەی دوو سێ مانگدا بەدرێژایی ڕۆژ لەگەڵیاندا بوو، فێری دەکردن و موحازەرەی بۆیان دەدا.

لە ساڵی ١٩٧٣ کە شیرین کەمال بوو بە قوتابی بەشی زمانی کوردی ناسیاوی لەگەڵ دڵشاد مەریوانی پەیدا کرد، ئەمە بوو بە ھاندەرێکی گەورەی دیکە بۆ شیرین بایەخ بە شیعر بدات و لە دواڕۆژدا ببێت بە شاعیر و نووسەر. لە ساڵی ١٩٧٦ دڵشاد بوو بە مامۆستای زمانی کوردی لە قوتابخانەی ناوەندی سەرچنار لە سلێمانی. لە ناوەڕاستی ھەمان ساڵدا لەگەڵ شیرین کەمال بوونە ھاوسەر و بنەماڵەیان پێکەوە نا.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٩ دڵشاد ڕووی کردە دەرەوەی نیشتیمان ماوەی چوار مانگ لە سووریا و چیکوسلۆڤاکیا ھەنگاریا و ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای ئەو سەردەمە و سوید و مایەوە بە ئومێدی ئەوەی دەربازی ڕووسیا بێ بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا کەچی ھیوای لەم بابەتەوە سەرنەکەوت و گەڕایەوە نیشتیمان و چووەوە سەر کارەکەی پێشووی خۆی. لە ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٨ دڵشاد بە تاوانی فێرکردنی ئەلفوبێی لاتینی بە قوتابییەکانی خۆی ئەفسەری ئاسایشی سلێمانی داوای دەکات و پێوەند(کەلەبچە) دەخاتە دەستییەوە.

پلانی کوشتنی[دەستکاری]

ھەندێ ڕۆشنبیری بەناو پێشکەوتنخواز دەکەونە پیلان دانان و سوور دەبن لەسەر ئەوەی نووسینی کوردی بە لاتینی تاوانێکە لە ئیسلام و عەرەب دەکرێ لەبەر ئەوە پێویستە دڵشاد مەریوانی بکوژرێ. کوشتنی دڵشاد مەریوانی بە یاریدەدەری کارگێڕی ئاسایشی سلێمانی سپێردرا بوو، ئەفسەرێکی پۆلیسی عەرەب بوو. لە کاتی بە ئەنجام گەیاندنی فەرمانی کوشتنی دڵشاد بە ئەفسەرەکەی وتبوو: دەمێکە بڕیارتان داوە من بکوژی، زووکەن بڕیارەکەتان بھێننە دی! ئەفسەرەکە وتبووی: سەر دانوێنە. ئەویش بە شانازییەوە سەری بڵند کردبوو.ئیتر گوللەی بەنێوچەوانیەوە نابوو، لە پاشاندا گوللەیەکی دیکەی بە سەرووی گوێچکەیەوە نابوو. ئەم کارە لە کارگێڕی ئاسایشی سلێمانی لە ١٣ی ئازاری ١٩٨٩ ڕوویدا بوو.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • فرمێسک و زەردەخەنە. شیعر ١٩٦٨
  • یەکەم ھەنگاو. پەخشان ١٩٧٣
  • دڵدارانی شۆرش. چیرۆک ١٩٧٣
  • پێشوازی خاوەن شکۆ. رەخنە ١٩٧٣
  • ببن بەتیشک. شیعر١٩٧٦
  • بەپەنجەکانم دەتبینم. چیرۆک ١٩٧٧
  • دێر یاسین. چیرۆک ١٩٧٨
  • سەمفۆنیای وەنەوشە. شیعر ١٩٨٠

لەدوو شانۆنامەدا وەک ئەکتەر بەشداری کردووە:

  • لانەوازان. ١٩٧٣
  • پردی وڵات. ١٩٧٤

سەرچاوەکان[دەستکاری]