شیرین کەمال

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شیرین کەمال ئەحمەد (لەدایکبووی ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٤ لە سلێمانی، عێراق) چیرۆکنووس، شاعیر، وەرگێڕ و نووسەرێکی کوردی ئەدەبی (سەدەی ٢٠–٢١)ە. باوکی پارێزەر و دایکیشی ژنی ماڵەوە بووە؛ و ھاوسەری دڵشاد مەریوانی بووە.

ژیان[دەستکاری]

شیرین لە بنەماڵەیەکی ئایینیی سەر بە تەریقەتی نەقشبەندی لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٤ لە گەڕەکی سەرشەقام لە سلێمانی لەدایک بووە. لەبەرئەوەی باوکی پارێزەر بووە، ڕۆشنبیرێکی مارکسیی ساڵانی چل و پەنجاکانی سەدەی بیست بووە و بەشداربووە لە بزووتنەوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمانەدا، بۆیە شیرین و خوشک و براکانی پەروەردەیەکی ئایینیی سوننەتی نەکراون، ھەستیان بە ھەژموونی (باڵادەستی) ئایین و نەریتە سوننەتییەکان نەکردووە لەناو خێزانەکەیاندا، بەڵکو تاڕادەیەک پەروەردەیەکی مۆدێرنانە کراون.

شیرین قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە سلێمانی تەواو کردووە، و بەشی وێژەییی پۆلی شەشی لە ئامادەییی سلێمانی تەواو کرد. ھەرچەندە لەمێژ بوو زانکۆی سلێمانی ھەبوو، بەڵام باوکی پێی وت باشترە لە زانکۆی بەغدا بخوێنی بۆ ئەوەی بچیتە شارێکی تر و دونیایەکی تر ببینی. ساڵی (١٩٧٣–١٩٧٤) چووە زانکۆی بەغدا بە مەبەستی خوێندنی زمانی ئینگلیزی، بەڵام کۆنمرەکانی بردییە بەشی زمانی ئەڵمانی، ئەوەش یەکەم دڵشکانی بوو لە ژیانیدا. بڕیاریدا چیتر نەخوێنێت، و دەوامی نەکرد لەو بەشە، دواتر ئامۆزایەکی باوکی کە خۆی دەرچووی بەشی کوردی بوو، ڕازیی کرد بگوازێتەوە بۆ بەشی کوردی ھەر لە زانکۆی بەغدا، بۆیە بەنابەدڵی و بەناچاریی چووە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی. ئەو کاتە زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی نەبوو، چونکە ناوەندی و دواناوەندیی بە زمانی عەرەبی خوێندبوو، ھەموو خوێندنەوەکانیشی ھەر بە زمانی عەرەبی بوون. واتا لە زانکۆ زمان و ئەدەبی کوردی ناسی.

دڵشاد مەریوانی[دەستکاری]

دڵشاد مەریوانی

شیرین خوێندکاری قۆناغی دووەمی زانکۆ بوو کە دڵشاد مەریوانی بوو بە مامۆستایان، واتا یەکەم جار دڵشادی وەکو مامۆستایەک ناسی، پاشان بوونە ھاوڕێ و خۆشەویست و ھاوسەر. دڵشاد مەریوانی یەکەم ھاندەری بوو بۆ ھاتنە نێو دونیای ئەدەب، لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٦ ھاوسەرگیرییان کردوو و بوونە خاوەنی سێ کچ بەناوی: سیڤا، ڕۆزا و لۆنا. بەڵام ھاوسەرگیرییەکەیان تەنیا دە ساڵی خایاندن، تا لە شەوی ١٢ی شوباتی ١٩٨٩دا، بردیان وتیان: ″ھەر دوو سێ پرسیارمان لێی ھەیە و دەینێرینەوە″. حکوومەتی بەعس دڵشادی بە تاوانی فێرکردنی ئەلفوبێی لاتینی بە قوتابییەکانی خۆی دەستگیرکرد، کە گوایە نووسینی کوردی بە لاتینی تاوانێکە لە ئیسلام و عەرەب دەکرێ، لەبەرئەوە لە ١٣ی ئازاری ١٩٨٩ بە گوللە کوژرا.[١]

کوردستانی نوێ[دەستکاری]

شیرین لە ١٥ی ئازاری ١٩٩٣دا بەفەرمی لە نووسینگەی سلێمانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەستبەکاربوو بە ناونیشانی راوێژکاری رۆشنبیری.[٢] بەرھەمێکی زۆری لەم ڕۆژنامەیە بڵاوکردوونەتەوە، و بۆ ماوەی بیست و یەک ساڵ لەو ڕۆژنامەیە کاری کردووە وەکو لێپرسراوی ئەدەب و ھونەر و دواتریش وەکو سکرتێری نووسین؛ و لۆنای کچیشی کە بەشی ڕاگەیاندنی تەواو کردووە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لەوێ کار دەکات، و ئێستا سکرتێری نووسینی ئەو ڕۆژنامەیەیە. شیرین یەکەم بەرھەمی کە بڵاویکردووەتە، کورتە چیرۆک بووە، یەکەم کتێبی چاپکراویشی ھەر کۆمەڵێ چیرۆکە بەناونیشانی (پێش ئەوەی تاریک دابێ). ئەوە تاکە کتێبی چاپکراوی بوو کاتێک دڵشاد مەریوانی ھاوسەری لەژیاندا بوو، لە دوای کوژرانیشی بەدرێژایی ئەو ساڵانە، پازدە کتێبی تری بەچاپ گەیاندووە و بڵاوکراونەتەوە کە پێکدێت لە (کۆمەڵە چیرۆک و شیعر و وەرگێڕان).

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • پێش ئەوەی تاریک دابێ (کۆمەڵە چیرۆک)
  • حیکایەتەکانی بەفر (کۆمەڵە چیرۆک)
  • کەنارەکانی خەون (کۆمەڵە شیعر)
  • ئێوارەیەک ئەو نایەت (کۆمەڵە شیعر)[٣]
  • فصول حروف (کۆمەڵە شیعر بەزمانی عەرەبی) دووجار چاپکراوە.

وەرگێڕان[دەستکاری]

شیرین دە کتێبی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی، کە بریتین لە سێ ڕۆمان و سێ کۆمەڵە چیرۆک و دوو کتێبی توێژینەوە و یەک مۆنۆدراما، لەگەڵ چەندین شانۆگەری وەرگێڕدراو؛ و چەندین بەرھەمی بۆ زمانەکانی تر وەرگێڕاون.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، لاپەڕەکانی ٦٦٣ تا ٦٧٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.
  2. ^ شیرین ک. knwe.org.
  3. ^ ڕێکخراوی نوێگەر خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە دوو ژنە چیرۆکنووس. rojnews.news.