ئوسامە بن لادن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پۆتانەکان: 34°10′9″N 73°14′33″E / 34.16917°N 73.24250°E / 34.16917; 73.24250

ئوسامە

لەدایکبوون١٠ی ئازاری ١٩٥٧
مەرگ٢ی ئایاری ٢٠١١ (٥٤ ساڵ ژیاوە)
شوێنی گۆڕدەریای عەرەب
نیشتەجێی عەرەبستانی سعوودی
 ئەفغانستان
 پاکستان
نەتەوەعەرەب
ناوەکانی ترئەبوو محەممەد
پیشەسەرۆکی ئەلقاعیدە
چالاکبوون١٩٧٩–٢٠١١
باڵا۱.۹٥ مەتر
پاشئەیمەن زەواھیری[١]
حیزبی سیاسی ئەلقاعیدە
ئایینموسڵمان، سوننی
ھاوسەرنەجوا غەنەهم

(هاوسەرگیری ۱۹۷٤-۲۰۰۱ جیابوونەوە)
خەدیجە شەریف (هاوسەرگیری ۱۹٨۳-۱۹۹۰ جیابوونەوە)
خەیریا سەبار (۱۹٨٥)
سیهام سابار (۱۹٨۷)

ئەمەل ئەحمەد ئەلصەدە (۲۰۰۰)
مناڵ(ەکان)۲۰


ئوسامە بن محەممەد بن عەوەز بن لادن (بە عەرەبی: أسامة بن محمد بن عوض بن لادن) (١٠ی ئازاری ١٩٥٧–٢ی ئایاری ٢٠١١) دامەزرێنەری ڕێکخراوەی ئەلقاعیدە، بەرپرسیاری ھێرشەکانی ١١ی ئەیلوول و گەلێک ھێرشی پڕقوربانیی دیکەیە لە ئاستی جیھاندا. بنەماڵەی بن لادن، کە ئوسامە لەوان بوو، یەکێکە لە بنەماڵە زۆر دەوڵەمەندەکانی عەرەبستانی سەعوودین.

ژیاننامە[دەستکاری]

ئوسامە بن لادن ١٠ی ئازاری ساڵی ١٩٥٧ لە شاری ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سەعوودی لەدایکبووە و ٥٢ خوشک و برای ھەیە، کە ئەو لە نێویاندا ژمارە ١٧یە.[٢] باوکی ئوسامە (محەممەد بن لادن) بازرگانێکی دەوڵەمەند بووە و پێوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ بنەماڵەی شاھانەی سعوودیەدا ھەبوو.[٣] بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ژنی ھێنا کە کچی خوشکی دایکە سوورییەکەی بوو.

ئوسامە لە ساڵی ١٩٧٩ کۆمەڵەیەکی خێرخوازی دامەزراند و دواتر سەربازگەیەکی بۆ مەشقپێکردنی چەکداران بۆ شەڕی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بە ھاوکاری سعوودیە و ئەمریکا دامەزراند و دواتر بۆخۆی بۆ شەڕ چووە ئەفغانستان و پاشان لە ساڵی ١٩٨٨ ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی لە ئەفغانستان دامەزراند.

ئەفغانستان[دەستکاری]

(بن لادن) پاش بەجێھێشتنی کۆلێژ لە ساڵی ١٩٧٩ـدا، پێوەندی بە عەبدوڵڵا عەزامەوە کرد بۆ شەڕکردن دژ بە سوپای یەکیەتیی سۆڤیێت لە ئەفغانستان. لە ساڵی ١٩٧٩ تاوەکوو ١٩٨٩، دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا، یارمەتیی سەربازی و دارایی پێشکەش بە گرووپی جیھاد موجاھیدنی ئوسامە دەکرد.

لە ساڵی ١٩٩٠، گەڕایەوە بۆ سعوودیە و بە ھەموو شێوەیەک دژی ئەوە بوو بەرپرسانی وڵاتەکەی داوا لە ھێزی ئەمریکا بکەن بۆ ھێرشکردنەسەر سوپای عێراق و ناچارکردنی سەددام بۆ ئەوەی لە کوێت بکشێتەوە.

لە ساڵی ١٩٩٢، ڕووی کردە سوودان و ئەو وڵاتەی کردە بارەگەیەکی سەرەکیی ڕێکخراوەکەی. ئەم گرووپە لە ساڵی ١٩٩٥ ھەوڵی دا سەرۆکی پێشووی میسر حوسنی موبارەک بکوژێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ساڵێک پاش ئەوە، بەرپرسانی سعوودیە و میسر و ئەمریکا گوشاریان خستە سەر بەرپرسانی سوودان بۆ ئەوەی ئوسامە لە خاکی وڵاتەکەیان دەربکەن. ئەویش ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ (جەلال ئاباد) لە ئەفغانستان. لەوێ پێوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ بەرپرسی بزووتنەوەی تاڵیبان مەلا عومەر پێک ھێنا و ڕێکخراوەکەی بەھێز کردەوە و چەندین کامپی تایبەت بە مەشقکردنی دروست کرد.

ھێرشەکانی ئەلقاعیدە[دەستکاری]

لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، (بن لادن) بڕی ٤٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکایی وەکوو یارمەتی دایە چەکدارە ئیسلامییەکانی جەزائیر و داوای کرد کە دانوستان لەگەڵ حکوومەتدا نەکەن، بەڵکوو شەڕ بکەن. شەڕ ھەڵگیرسا و بەو ھۆیەیشەوە، نزیکەی ١٥٠ تا ٢٠٠ ھەزار کەس کوژران و لە کۆتاییدا حکوومەت سەرکەوت. ئوسامە بۆ چەندین جار ڕەتی کردەوە ڕێکخراوەکەی ھێرشەکانی ١١ـی ئەیلوولی ئەنجام دابێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا ددانی بەو ڕاستییەدا نا و بەرپرسیارەتیی ئەو ھێرشانەی لە ئەستۆ گرت. ھێرشەکە بریتی بوو لە ڕفاندنی چوار فڕۆکەی نەفەرھەڵگر و پێکدادانیان بە ھەردوو بینای تاوەری بازرگانیی جیھانی لە نیویۆرک و پێنتاگۆن لە ڤێرجینیا و وەکوو دەرئەنجامی ئەوەیش، ٢٩٧٤ کەس گیانیان لە دەست دا و تاوەری بازرگانییش ڕووخا.

وەکوو دەرئەنجامی ئەوەیش، حکوومەتی ئەمریکا شەڕی دژەتیرۆری ڕاگەیاند و ھێرشی کردە سەر ئەفغانستان بۆ کۆتاییھێنان بە دەستەڵاتی تاڵیبان و دەستگیرکردنی بەرپرسانی ئەلقاعیدە. شەڕی دژەتیرۆر بەردەوام بوو و لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا، ئەمریکا و ھاوپەیمانانی ھێرشیان کردە سەر عێراق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەددام حوسێن ھێنا. بن لادن و ڕێکخراوەکەی بەرپرسن لە چەندین تەقینەوەی دیکەی وەکوو تەقینەوەکانی «بالی» لە ئەندەنووسیا و ھێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تانزانیا و کینیا.[٤][٥]

مەرگ[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠١١ ئوسامە بن لادن لە لایەن دەستەیێکی تایبەت لە چەکدارانی ئەمریکی کوژرا و دواتر تەرمەکەی لە دوای کفن کردنی بە شێوەی ئیسلامیەوە خرایە نێو زەریا.[٦][٧]

پێشانگا[دەستکاری]

[٨]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ماڵپەڕی سبەی - ئەیمەن زەواھیری وەک سەرکردەی نوێی رێکخراوی قاعیدە دەستنیشان کرا ٥ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ ماڵپەڕی qallat - ئوسامە بن لادن کێ بوو؟[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  3. ^ ماڵپەڕی ھەولێر - ھەموو زانیارییەکان لەبارەی (ئوسامە بن لادن)ـەوە[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  4. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Retrieved 3ی Augustی 2014. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help)
  5. ^ https://web.archive.org/web/20021218105636/http://www.wdr.de/tv/monitor/beitraege.phtml?id=379
  6. ^ http://www.washingtonpost.com/world/cia-spied-on-bin-laden-from-safe-house/2011/05/05/AFXbG31F_story.html
  7. ^ http://thelede.blogs.nytimes.com/2011/05/01/bin-laden-dead-u-s-official-says/
  8. ^ ماڵپەڕی ڕووداو - ئوسامە بن لادن کێ بوو؟ ٥ی ئایاری ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.