فەرھەنگی ھەنبانەبۆرینە
فەرھەنگی ھەنبانەبۆرینە فەرهەنگێکی کوردی بۆ کوردیی ناوەندی و فارسییە. هۆنەر و نووسەری بەناوبانگی کورد هەژار موکریانی ئامادەی کردووە و چەند کەسێکی تریش بەشدارییان تێدا کردووە. ڕزوان متەوەسل و هادی موڕادی و ماجد ڕۆحانی و مەحموود موفتی و سەید ئەحمەد سەعادەتی هاوکاریی نووسەریان کردووە.[١] فەرهەنگەکە واتای ٥٧٨٨٨ وشەی گشت شێوەزارە کوردییەکانی لەخۆ گرتووە.[٢] فەرهەنگەکە ساڵی ١٩٩٠ لە تاران یەکەمین چاپی بە دوو بەرگ بڵاو کراوەتەوە. دواتر بە وەشانێکی یەک بەرگی و لە ١٠٣٥ لاپەڕە چەندین چاپی دیکەی لێ بڵاو کراوەتەوە.[١] ڕێنووسی فەرهەنگەکە بە ئەلفبێی عەرەبیی کوردییە و هەندێک لە ڕێنووسی یەکگرتووی ئێستای کوردی جیاوازە و لە پێشەکییەکەیدا ڕوون کراوەتەوە.[١]
ناونان[دەستکاری]
نووسەر لە پێشەکییەکەیدا لە بارەی ناونانی فەرهەنگەکەوە نووسیویەتی:
ناوی وشەدانەکەی خۆم ناوە "هەنبانەبۆرینە"، کە لە چیرۆکاندا دەڵێن: هەر چیت بوێ دەستی تێ خە دێتە چنگت.[١]
ناوەڕۆک[دەستکاری]
وشەکانی فەرهەنگەکە بە گوێرەی ڕیزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان دانراون. لەگەڵ هەر وشەیەکدا هاوواتایەکی دیکەی کوردی یان چەند دانەیەک نووسراون و جارجارەش بە پێناسەیەکی کورت واتای وشە ناڕوونەکان لێک دراوەتەوە و بەشێکی کەمیش لە وشەکان نموونەیان بۆ هێنراوەتەوە. دواتر لەپاڵ واتا کوردییەکان واتای فارسییان نووسراوە.[٣]
بەشداران[دەستکاری]
وەک لە پێشەکیی فەرهەنگەکەدا هاتووە ئەم چەند کەسەش هاوکاریی نووسەریان کردووە:[١]
- ڕزوان متەوەسل بە نووسینەوەی وشەکان بە ڕێنووسی لاتینی بەڵام دواتر لا دراون، لەگەڵ کۆمەڵێک وشەی شاری سنە.
- هادی موڕادی بە کۆمەڵێک وشەی هەورامی.
- ماجد ڕۆحانی و مەحموود موفتی بە کۆمەڵێک وشەی شاری سنە و واتای فارسیی هەندێک لە وشەکان.
- سەید ئەحمەد سەعادەتی بە پاکنووسی و کۆمەڵێک وشەی ناوچەی لاجان و مامەش و هۆزی پیران و هۆزەکانی موکریان.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ ی ا ب پ ت هەژار موکریانی (٢٠١٢). فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە. تاران، ئێران: انتشارات سروش. پەڕەکان یەک – سی و پێنج. ISBN 978-964-12-0348-3.
- ^ فەرهەنگەکانی ڤەژین. لە ڕێکەوتی ١١ی ئابی ٢٠٢٠ سەیر کراوە.
- ^ هەژار موکریانی (٢٠١٢). فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە. تاران، ئێران: انتشارات سروش. ISBN 978-964-12-0348-3.
بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]
![]() | ئەم کتێب وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |