ھەمزە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەلفوبێی کوردی
ء    ا    ب    پ    ت    ج
چ    ح    خ    د    ر    ڕ
ز    ژ    س    ش    ع    غ
ف    ڤ    ق    ک    گ    ل
ڵ    م    ن    و    ۆ    ھ
ە    ی    ێ
پیتەکانی تر
ص    ڎ    ۊ
مێژووئەلفوبێی عەرەبیژمارەکان

ھەمزە یەکێک لە پیتەکانی ئەلفوبێی عەرەبیی زمانی کوردییە. کە نیشاندەری نەبزوێنی glottal stopە کە لە ستانداری IPAدا ھێمای [ʔ] بۆ دانراوە. لە فەرھەنگەکانی کوردیی ناوەندیدا یەکەم پیتە.

فۆنیم بوونی ھەمزە لە کوردیدا[دەستکاری]

بە بیروڕای ئێرنێست مەکارس، ھەمزە لە زمانی کوردیدا فۆنیمە و مانا دەگۆڕێت بەڵام بەکارھێنانی کەمترە. لە کۆتایی بڕگەدا تەنھا لە کاتێکدا دێت کە کۆتایی وشەش بێت، وەکوو «نەء (nǝ́ʔ)» .[١]

بە بیروڕای دەیڤید نیل مەکێنزی، ھەمزە (glottal stop) لە شێوەزاری ئاکرێدا (نوێنەری سەرەکیی گرووپی کوردیی باکووری) جیاوازیی مانایی دروست ناکات و فۆنیم نییە. لە ھەر بڕگەیەک کە بە بزوێنەوە دەست پێ بکات گۆ دەکرێت، بەڵام ھەر ئەو بڕگەیە ئەگەر بکەوێتە نێوانی وشەوە ھەمزەکەی گۆ ناکرێت؛ وەک «ئاخڤیت» و «باخڤیت». ھەروەھا دەڵێت کە لە شێوەزاری سلێمانیشدا (نوێنەری سەرەکیی گرووپی کوردیی ناوەندی) جیاوازیی مانایی دروست ناکات و ناکرێت بە فۆنیمی بزانین بەڵام لە ھەندێ وشەدا کە لە عەرەبییەوە ھاتوونەتە ناو کوردی مانا دەگۆڕن: وەکوو سوئال (su'āl پرسیار) و سواڵ (swāꝉ گەدایی)[٢]

ھەمزە لە عەرەبیدا[دەستکاری]

ھێمای ھەمزە

دوو جۆری ھەمزە لە عەرەبیدا ھەیە:

  1. ھەمزەی قەتع: لە ھەموو شوێنێکدا ھەمزەکەی گۆ دەکرێت، وەکوو «أنا» (ئەنە) یان «إلى» (ئیلا)
  2. ھەمزەی وەسڵ: ئەگەر وشەکە بە جودا بێت، ھەمزەکەی دەخوێنرێتەوە وەکوو «انتشر» (ئەنتەشیر) بەڵام ئەگەر بە دوای وشەیەکی تردا بێت ھەمزەکە ناخوێنرێتەوە وەکوو «فانتشر» (فەنتەشیر). [٣]

لە زمانی عەرەبیدا ھەمزە لە نێوان ٢٨ پیتی ئەلفوبێی عەرەبیدا نییە و زۆرتر وەک ھێمایەک لە سەر پیتەکانی تردا بە کار دێت. پیتەکانی «ا و ی» دەبن بە کورسی بۆ ھێمای ھەمزە (ء) و پیتەکانی «أإؤئ» دروست دەکەن. بۆ ھەمزەی وەسڵ ھێمای ھەمزە نانووسرێت و ئەگەر پێویست بێت لە «ٱ» (U+0671) کەڵک وەردەگیررێت. بەڵام لە ھەمزەی قەتعدا ھەموو کاتێک ھێمای ھەمزە دەنووسرێت:[٤]

ھەمزەی قەتع لە سەرەتای وشەدا[دەستکاری]

أ U+0623
  • ھەمزە + «سەرە/بۆرە» (أَبٌ) (أُم)
إ U+0625
  • ھەمزە + «ژێرە» (إقبال)
آ U+0622
  • ھەمزە + «ا» (آخر)

ھەمزەی قەتع لە ناوەڕاستی وشەدا[دەستکاری]

ء U+0621
  • «ا» + ھەمزە + «سەرە» (قراءَة)
  • «وو» + ھەمزە + «سەرە» (مقروءَة)
أ U+0623
  • «سەرە» + ھەمزە + «سەرە» (سَأًلَ)
  • «ساکن» + ھەمزە + «سەرە» (مسْأَلة)
  • «سەرە» + ھەمزە + ساکن (فَأْس)
ئ U+0626
  • ھەمزە + «ژێرە» (طائِر)
  • «ژێرە» + ھەمزە (السَيِّئَة)
  • «یی» + ھەمزە (مشِيئْة)
ؤ U+0624
  • «ساکن» + ھەمزە + «بۆرە» (مَسْؤُول)
  • «سەرە» + ھەمزە + «بۆرە» (يَؤْمُّ)
  • «بۆرە» + ھەمزە + «بۆرە» (شُؤُون)
  • «بۆرە» + ھەمزە + «ساکن» (رُؤْية)
  • «بۆرە» + ھەمزە + «سەرە» (سُؤَال)

ھەمزەی قەتع لە کۆتایی وشەدا[دەستکاری]

ء U+0621
  • «ساکن» + ھەمزە (سوْء) (شَيْء) (مَاْء)
  • «وُّ» + ھەمزە (تنبوُّء)
أ U+0623
  • «سەرە» + ھەمزە (ملجَأ)
ئ U+0626
  • «ژێرە» + ھەمزە (موانِئ)
ؤ U+0624
  • «بۆرە» + ھەمزە (تباطُؤ)

نووسینی ھەمزە لە کوردیدا[دەستکاری]

ئاڵۆزیی نووسینی ھەمزە لە عەرەبیدا بووەتە ھۆی دروست بوونی کێشە بۆ زمانەکانی تر کە ئەلفوبێکەیان لە عەربییەوە وەرگیراوە. بۆ نموونە لە زمانی فارسیدا وشەی xāneʔī بە مانای «خانوویەک» لە لایەن کەسانی جیاوازوه بە «خانه‌ای»[٥] و «خانه‌ئی»[٦] و «خانه‌یی» نووسراوە.

بەڵام لە کوردیدا بەم شێوە چارەسەر کراوە:[٧]

  • لە سەرەتای وشەدا: (ئ‍) لە زمانی کوردیدا ھەمزە زۆرتر لە سەرەتای وشەدا دێت وەک: «ئاش، ئێسک، ئەو، ئومێد»
  • لە نێوانی وشەدا: (ئ‍ ـئ‍) زۆرتر لە وشە لێکدراوەکاندا ھەیە وەک «نائومێد، سەرئێشە» یان لە ھەندێک لە کارەکاندا وەک «دەئاخێوێت، بئاخێوە» یان لە وشە بیانییەکاندا وەک : «قورئان، ڕەئیی من، نەشئە»
  • لە کۆتایی وشەدا: (ء) زۆرتر لە وشە بیانییەکاندا ھەیە وەک : «جوزء، ھاء» یان لە ھەندێ وشەی کوردیدا وەک «نەء»

نموونەی بەکارھێنانی ء :

  • لە دیوانی مەحویدا: «کە ئەمری فەرموو ئەو شاھە بە إقرأ / ئەگەر فەرمانی قەتڵە کێ دەڵێ نەء»[٨]
  • لە دیوانی شێرکۆ بێکەسدا:[٩] «نەء مەھێڵە، ئەی گیانی من، تۆ مەھێڵە / لە باوەشی پڕ پرشنگ و لە بەھاری ئەو سنگەتا / زریانی زەرد بمفڕێنێ / نەء مەھێڵە و بە ھەردوو دەست ...»

مەکێنزی پێی وایە کە نووسینی ھەمزە لە کوردیدا پێویست نییە. ئەگەرچی وشەی ھەمزەی بە کار نەھێناوە بەڵام بە شرۆڤەکانیدا ڕوونی دەکاتەوە کە ھەموو glottal stop ـێک لە کوردیدا ھەمزەی وەسڵە و بە پێی پێوەری خەتی عەرەبی نابێت بنووسرێن. ئێستا کە بە تایبەتی لە شێوەزاری سلێمانیدا دەنووسرێت بە نیشانەی باش تێ نەگەیشتنی کورد لە خەتی عەرەبی دەزانێت.[١٠]

دیاکۆ ھاشمی، واتای «ئاوەڵبزوێن»ی بۆ ھەمزە بە کار ھێناوە چونکە هەموو کاتێک لەگەڵ بزوێنێکدا دێت (ئا، ئە، ئو، ئوو، ئۆ، ئی، ئێ). تەنانەت ئەگەر لە وشەیەکی وەکوو «ئسفەهان، ئدوارد» بیبینین لە ڕاستیدا دوای هەمزەکە لەوانەشدا دەنگی بزوێن هەیە، بەڵام لەم دوو نموونەیەدا دەنگی بزرۆکە دەکەوێتە نێوانیان کە نانووسرێت.[١١]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئێرنێست مەکارس، A Kurdish Grammar: Descriptive Analysis of the Kurdish of Sulaimaniya, Iraq، ١٩٥٨. لاپەڕەی ٢٠
  2. ^ دەیڤید نیل مەکێنزی، Kurdish Dialect Studies، لەندەن ١٩٦٢، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ٧ و ٣٣
  3. ^ http://www.diwanalarab.com/spip.php?page=article&id_article=1934
  4. ^ http://www.schoolarabia.net/arabic/ktabet_alhamza/alhamza_1.htm
  5. ^ دستور خطّ فارسی مصوب فرهنگستان زبان و ادب فارسی، صفحهٔ ۱۶
  6. ^ کتاب‌های احمد شاملو
  7. ^ نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو، فێربوونی پیتەکانی زمانی کوردی، ھەولێر، ٢٠١٣ - لاپەڕەی ١٢
  8. ^ دیوانی مەحوی، بڵاوکردنەوەی کوردستان، سنە
  9. ^ شێرکۆ بێکەس، دیوان، بەرگی چوارەم، چاپی کوردستان ٢٠٠٦ - مێرگی زام مێرگی ھەتاو، شیعری «مەھێڵە»، لاپەڕەی ٢٤٠
  10. ^ دەیڤید نیل مەکێنزی، Kurdish Dialect Studies، لەندەن ١٩٦٢، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ٧
  11. ^ ڕێنووسی "هەمزە = ئاوەڵبزوێن = ئـ" لە زمانی کوردیدا، دیاکۆ ھاشمی، یاگەی زمانی کوردی