ڕەمەزان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ڕەمەزان
ڕەمەزان
دەرکەوتنی ھیلال، سەرەتای دەست پێکردنی ڕەمەزانە لای موسڵمانان
تایبەت بە موسڵمانان
جۆرەکەی مانگی ڕۆژوو
دەست پێکردن مانگی ڕەمەزانی ساڵی کۆچی
مێژووەکەی ڕۆژژمێری کۆچیی


مانگی ڕەمەزان، مانگی نۆیەمە لە ڕۆژژمێری کۆچییدا، وە ئەم مانگە تایبەتمەندی جیاوازی ھەیە لای موسڵمانان لە مانگەکانی تر، مانگی ڕۆژووگرتنە، موسڵمانان لە ڕۆژەکانی ئەم مانگەدا بەڕۆژوو دەبن لە خواردن و خواردنەوە لە بانگی بەیانی تا خۆرئاوابوون، ھەروەھا مانگی ڕەمەزان جێگەیەکی تایبەتی ھەیە لە کەلتور و مێژووی موسڵمانان؛ لەبەرئەوەی بە بیروباوەری ئیسلامی سرووش لەم مانگە دەستی پێکردووە و یەکەم ئایەتی قورئان دابەزیووە بۆ پەیامبەری ئیسلام محەمەد (د. خ) لە شەوی قەدر لەم مانگەدا لە ساڵی ٦١٠ز، کاتێک پەیامبەر لە ئەشکەوتی حەڕا بووە و فریشتە جوبرەیل ھاتووە بۆلای، وە پێی ووتوە "اقرأ باسم ربك الذي خلق" واتە؛ بخوێنە بە ناوی ئەو خوایەی دروستی کردووی، وە ئەمەش یەکەم ئایەتی قورئانە کە دابەزیووە.

ووشەڕەتناسی[دەستکاری]

ووشەی ڕەمەزان بە عەرەبی رمضان له ووشەی الرمض هاتووه واته گەرمايەكی توند، وە ناوی مانگه عەرەبيیەكان دانراون بەپێی ئەو ماوەيەی ناوی مانگەکەی تێدا نراوه، و ناونانی ڕەمەزان له كاتی توندبوونی گەرمای هاویندا بووه، وە هەروەھا دەڵێن به واتای ئەوه دێت موسڵمان زياتر گەرمای دەبێت لەبەر زۆری تينوويەتی له كاتی بەڕۆژوو بووندا و خوا دەفەرمووێت له قورئاندا؛ شهر رمضان الذي أُنزل فيه القرآن واتە؛ مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەی قورئانی تێدا دابەزیووە.

گەورەیی ڕەمەزان[دەستکاری]

فانۆسی ڕەمەزان

لە گەورەیییەکانی مانگی ڕەمەزان کردنەوەی دەرگاکانی بەھەشت و داخستنی دەرگاکانی دۆزەخە، بەپێی ئەم فەرموودەی پەیامبەر (د. خ)؛ (إذا جاء رمضان فُتّحت أبواب الجنة، وغُلّقت أبواب النار، وصُفّدت الشياطين)،[١] واتە؛ کاتێک کە ڕەمەزان دێت، دەرگاکانی بەھەشت دەکرێنەوە و دەرگاکانی دۆزەخ دادەخرێن و شەیتانەکان کۆت دەکرێن.

ھەروەھا خوا خۆش دەبێت لەوانەی ڕۆژووی ڕەمەزان دەگرن، بەپێی فەرموودەی پەیامبەری ئیسلام. ھەروەھا ڕەمەزان مانگی پاکبوونەوەی دەروون و نزیکبوونەوەیە لە خوا، وە دەرگاکانی دۆزەخی تێدا دادەخرێت و شەیتانەکانی تێدا دەبەسترێتەوە و دەرگاکانی بەزەیی تێدا دەکرێتەوە.

کاتی ڕۆژوو لە ڕەمەزاندا لە دەرکەوتنی بەرەبەیان تا ئاوابوونی خۆرە، وەک لە قورئاندا ھاتووە، ((وكلوا واشربوا حتى يتبين لكم الخيط الأبيض من الخيط الأسود من الفجر ثم أتموا الصيام إلى الليل..)) واته؛ ده بخۆن و بخۆنەوه هەتا ڕوونی بەرەبەيان و سپێدەتان بۆ دەردەكەوێت و له ڕۆژھەڵاتەوه دياردەدات و تاريكی شەو لادەبات، لەوەودوا ڕۆژووەكەتان ببەنه سەر تا شەو دادێت، و زۆربەی موسڵمانان پێش ھەڵھاتنی بەرەبەيان ھەڵدەستن و ژەمێک نان و ئاو دەخۆن كه ناو دەبرێت به پارشێو وەک ئامادەباشییەک بۆ ڕۆژووی ڕۆژەكه، ھەروەھا له گەورەیی پارشێودا هاتووه كه پەیامبەری ئیسلام محەممەد فەرموویەتی پارشێو بکەن له پارشێودا بەرەکەت ھەیە، ھەروەھا له کاتی ڕۆژوودا پێويستە لەسەر موسڵمان دووربکەوێتەوە له وتەی ئازاردەر و کاری نابەجێ و ئەمەش له فەرموودەدا ئاماژەی پێكراوه، وە خوای گەورە دەفەرمووێت؛ ((شهر رمضان الذي أنزل فيه القرآن هدى للناس وبينات من الهدى والفرقان)) واتە؛ مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە کە قورئانی تێدا ھاتۆتە خوارەوە، لەکاتێکدا ئەم قورئانە ڕێنموویی بەخشە بە خەڵکی و بەڵگەی زۆری تێدایە.

ھەروەھا ئەم مانگە شەوی قەدری تێدایە کە خوا ئاماژەی بۆ کردووە ئەو شەوە باشترە لە ھەزار شەو، وە موسڵمانان لەم مانگەدا دەبێت بە کاری باش ھەستن و یادی خوا لەبیر نەکەن، وە داوای لێخۆشبوون بکەن و قورئان بخوێنن، و دەروونیان ڕابھێنن لەسەر ئارامگری و بیر لە بارودۆخی خەڵکە برسیی و ھەژارەکان بکەنەوە.

بەروارە گرنگەکان[دەستکاری]

سەرەتا و کۆتاییەکەی مانگی ڕەمەزان دیاریکراوە لەلایەن ڕۆژژمێری کۆچیی ھەیڤی.

دەستپێکردن[دەستکاری]

بەروارەکانی دەستپێکردنی ڕەمەزان لەنێوان ساڵانی ١٩٣٨ و ٢٠٣٨

شەوی قەدر[دەستکاری]

کۆتایی[دەستکاری]

ڕەمەزان و قورئان[دەستکاری]

لەم مانگەدا و لە شەوی قەدردا خوا قورئانی دابەزاندووە بۆ سەر پەیامبەر محەممەد، شەوی قەدر ھەندێک بە شەوی بیست وحەوتی مانگەکەی دادەنێن و ھەندێکی تر بە نەزانراوی دادەنێن لە ڕووی دیاریکردنەوە، بەڵام لە دە ڕۆژی کۆتاییی مانگەکەدایە، وە لە شەوە تاکەکاندا. ھەروەھا بۆ دابەزینی قورئان، ووتراوە یەکەم ئایەتی قورئان لە ڕەمەزاندا دابەزیووە، کە ئایەتی ((اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ)) بووە، واتە؛ بخوێنە بەناوی ئەو پەروەردگارەتەوە کە ھەموو شتێکی دروست کردووە.

و خوای گەورە دەفەرموێت؛ ((إنا أنزلناه في ليلة القدر)) واتە؛ بەڕاستی ئێمە لە شەوێکی بە فەڕ و پیرۆزدا دامان بەزاندووەتە خوارەوە.

مزگەوتێک لە قاهیرە، میسر لە مانگی ڕەمەزاندا

شەونوێژی ڕەمەزان[دەستکاری]

نوێژی تەڕاویح لە نوێژە سوننەتەکانە کە موسڵمانانی سوننە لە ڕەمەزاندا ئەنجامی دەدەن، کاتەکەی لەدوای نوێژی خەوتن تا نوێژی بەیانییە، نوێژەکە دوو ڕکعات-دوو ڕکعات و تاکە ڕکعاتێکە و پەیامبەری ئیسلام ٨ ڕکعاتی نوێژی تەراویح و ٣ ڕکعاتی تاک (وتر)ی کردووە، بەڵام لە مزگەوتی حەرام ٢٠ ڕکعاتی نوێژی تەراویح و ٣ ڕکعاتی تاک دەکرێت.
پەیامبەری ئیسلام بە کۆمەڵ نوێژەکەی ئەنجام نەداوە؛ سێ شەو نەبێت تاکو فەرز نەکرێت لەسەر موسڵمانان، لەگەڵ ئەوەی خۆی ھەموو ژیانی ئەنجامی داوە و ھەرگیز وازی لە شەونوێژ نەھێناوە، وە خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب نوێژەکەی بە کۆمەڵ ئەنجام دا تا بە کۆمەڵی جیاواز نەکرێت لە یەک مزگەوتدا[٢].

جەژنی ڕەمەزان[دەستکاری]

خوای گەورە لە کۆتایی ئایەتی ١٨٥ی سوورەتی ئەلبەقەرە دەفەرمووێت: وَلِتُكمِلُواْ العِدَةَ وَلِتُكَبِرُواْ الله عَلَى ماهَداكُم وَلَعَلَكُم تَشكُرون.
واتە: بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە تەواو بکەن سوپاسگوزاری خوا بن لەسەر ئەوەی ڕێنموویی کردوون.
موسڵمانان ئاھەنگ دەگێڕن بە جەژنی ڕەمەزان لە یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال (ئەو مانگەی بە دوای مانگی ڕەمەزاندا دێت)، ناودەبرێت بە جەژنی ڕەمەزان و ماوەکەی سێ ڕۆژە، و نوێژی جەژن لە یەکەم ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت.

زەکاتی سەرفیترە[دەستکاری]

سەرفیترە بریتییە لە زەکاتی ڕۆژوو، ئەم کەم و کورتیەی لە ڕۆژوودا ھەیە تەواوی دەکا، ھەروەک سوجدەی سەھوو کەم و کورتی ناو نوێژ تەواو دەکا و بەئەندازەی ڕووبەیەکی تەواو لە جۆری خواردەمەنی خەڵکی ئەو شارە، وە زەکاتی سەرفیترە فەرزە لەسەر ھەموو موسڵمانان، ژن، پیاو، گەورە و بچوک بە مەرجێک ئەو تاکە خواردنی ڕۆژ و شەوی جەژنی ھەبێت، و دەرکردنی ئەم زەکاتە پێویستە دەربکرێت لە پێش نوێژی جەژن و ئەگەر یەکێک دوای نوێژی جەژن دەری بکات بە خێری ئاسایی دەژمێردرێت نەک بە زەکاتی سەرفیترە.

ڕووداوەکانی ڕەمەزان[دەستکاری]

  • ساڵی ١٣ی پێش کۆچی: شەوی قەدر ئەو شەوەیە کە بەپێی سەرچاوە ئیسلامییەکان یەکەم ئایەتی قورئان دابەزیووە، ھەروەھا لەم ڕۆژەدا خەدیجەی کچی خوەیلد ئیسلام بوو کە یەکەم کەس بوو باوەڕی ھێنا بە پەیامی پەیامبەری ئیسلام محەممەد.
  • ساڵی ١ی ک: سریەی حەمزە، کە یەکەم لیوا بوو پەیامبەری ئیسلام بیبەستێت.
  • ساڵی ٢ی ک: شەڕی بەدری گەورە، وە لە قورئاندا بە ڕۆژی فورقان ناوی ھاتووە.
  • ساڵی ٢ی ک: وەفاتی ڕوقیەی کچی پەیامبەری ئیسلام بەھۆی نەخۆشییەک لە ڕەمەزاندا تووشی بوو.
  • ساڵی ٣ی ک: لەدایک بوونی ئیمام حسەینی کوڕی عەلی لە ١٥ی ڕەمەزان.
  • ساڵی ٤ی ک: ھاوسەرگیری پەیامبەری ئیسلام لەگەڵ زەینەبی کچی خزیمە.
  • ساڵی ٥ی ک: شەڕی بەنی موستەڵق.
  • ساڵی ٨ی ک: فەتحی مەککە (فەتحی مەزن) و بە فەتحی فتوح ناوبرا و تێیدا فەرمان کرا بە ڕووخانی بتەکانی دەوری کەعبەی پیرۆز.
  • ساڵی ٩ی ک: ھاتنی نێردراوی پاشا حمیر بۆ لای پەیامبەری ئیسلام و ئیسلامبوونی وەفدی سەقیف.
  • ساڵی ٤٠ی ک: شەھید بوونی ئیمام عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب لە کووفە.
  • ساڵی ٥٨ی ک: کۆچی دوایی عائیشە.
  • ساڵی ٩٢ی ک: فەتحی ئەندەلوس
  • ساڵی ٧٠٢ی ک: شەڕی شەقحەب یان شەڕی مەرج سفر.
  • ساڵی ١١٤ی ک: ڕووداوی بیلات شوھەدا (لە سەردەمی خەلیفەی ئەمەوی ھیشام کوڕی عەبدول مەلیک لە دەشتەکانی فەڕەنسا ڕوویدا لە کەنارەکانی ڕووباری لوار و ژمارەیەکی زۆر موسڵمانان کوژران تێیدا)
  • ساڵی ٢١٨ی ک: خەلیفە موعتەسیم بیلا چووە بەغداوە دوای ئەوەی خەلافەتی گرتە دەست.
  • ساڵی ٢٢٢ی ک: فەتحی شاری بابک لە خوراسان لە خەلافەتی موعتەسیمدا.
  • ساڵی ٢٢٣ی ک: فەتحی عەمووریە.
  • ساڵی ٤٧٩ی ک: شەڕی زەلاقە لە ئەندەلوس موعتەمید کوڕی عیباد پاشای ئیشبیلیە سەرکەوت تێیدا بەسەر ھیزە فەڕەنجیەکانی ئیسپان.
  • ساڵی ٥٥٩ی ک: ڕووداوی حارم، نوورەدین زەنگی بەسەر خاچپەرستەکان سەرکەوت و سەرکردەکەی بە دیل گرتن و شاری حارمی شامی گێڕایەوە.
  • ساڵی ٥٧٠ی ک: فەتحی بەعلبەک لە شام، سەرکردە سەلاحەددینی ئەیووبی چەند شارێکی شامی فەتح کرد لەوانە شاری بەعلبەک بوو.
  • ساڵی ٥٨٤ی ک: فەتحی کەرەک و سەفەد کە لە دەستی خاچپەرستەکاندا بوون.
  • ساڵی ٥٨٧ی ک: فەرەنجییەکان عەککایان گرت.
  • ساڵی ٦٥٤ی ک: ئاگرێکی گەورە لە شاری مزگەوتی پەیامبەری ئیسلام کەوتەوە کە یەکێک بووە لە نیشانە بچوکەکانی قیامەت و پێش سەدان ساڵ ئاماژەی بۆ ڕوودانی کرابوو.
  • ساڵی ٦٥٨ی ک: شەڕی عەین جالوت کە موسڵمانان بە سەرکردایەتی سەیفەدین قەتز سەرکەوتن بەسەر مەغۆلەکان بە سەرکردایەتی ھۆلاکۆ.
  • ساڵی ٦٦٣ی ک: سەرکەوتنی موسڵمانانی مەغریب بەسەر فەڕەنجیە خاچپەرستەکان.
  • ساڵی ٦٦٦ی ک: فەتحی ئەنتاکیا کە لە دەستی خاچپەرستەکاندا بوو لەسەر دەستی سوڵتان زاھیر پێبەرس.
  • ساڵی ١٣٩٣ی ک: شەڕی ئۆکتۆبەر یان دەی ڕەمەزان کە میسری و سورییەکان سەرکەوتن بەسەر ئیسرائیلییەکاندا لە ھەردوو بەرەی سینا و جۆلان، ئەم شەر لە ١٠ی ڕەمەزانی ١٣٩٣ی کۆچی بەرامبەر ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ی زایینی دابوو.

گالەری[دەستکاری]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ موسلیم ڕیوایەتی کردووە
  2. ^ نوێژی تەڕاویح
  • قورئانی پیرۆز
  • فەرموودە ھاوبەشەکانی بوخاری و موسلیم، لە ئامادەکردنی: حەمەکەریم عەبدوڵڵا.
  • سایتی تەنزیل