خەلافەتی عەباسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە دەوڵەتى عەبباسىەوە ڕەوانە کراوە)

دەوڵەتی عەبباسی
الدولة العبّاسیة

ئاڵای دەوڵەت
نەخشە

دەوڵەتی عەبباسی لە فراوانترین ئاستیدا ساڵی ٨٥٠ز
زانیاریی گشتی
پایتەخت کووفە، بەغدا، سامەڕا، قاھیرە
زمانی فەڕمی عەرەبی
جۆری حوکم شانشینی
مێژووی دامەزراندن ٧٥٠ ز
مێژووی ڕوخان (١٢٥٨ / ١٥١٧) ز
دامەزرێنەر ئەبوعەباس سەفاح
دوایین خەلیفە خەلیفە متوەکیلی سێیەم
ئایین ئیسلام
دراو دیناری عەبباسی
ڕووبەر ١٠٬٠٠٠٬٠٠٠ کم²
دانیشتووان ١٠٬٠٠٠٬٠٠٠ کەس (خەمڵێنراو)

دەوڵەتی عەباسی، خەلافەتی عەباسی یان عەباسییەکان، ئەو ناوەیە کە بە سێیەم خەلافەتی ئیسلامی مێژوو ئەوترێت و دووەم زنجیرەی فەرمانڕەوا ئیسلامییەکانە، کە دوای شۆڕشی عەباسی هاتبوون. عەباسییەکان توانیان ئەمەوییەکان بڕوخێنن و خەلافەت بگرنە دەست، دەستیان گرت بە سەر ئەمەوییەکاندا و دەریان کردن و دەستیان بەسەر زۆربەیاندا گرت تەنھا ئەوانە ڕزگار بوون کە ڕۆیشتنە ئەندەلوس، لەوانە عەبدول ڕەحمان داخل کە درێژەی بە دەوڵەتی ئەمەوی دا لە ئەندەلوس.

سەردەمی عەباسی یەکەم[دەستکاری]

ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرەی

خەلافەت


خەلافەتی ڕاشدین

ئەبوبەکر · عومەر کوڕی خەتتاب
عوسمان کوڕی عەفان · عەلی کوڕی ئەبووتالیب

<دەوڵەتی ئەمەوی

موعاویە کوڕی ئەبووسوفیان · یەزید کوڕی معاویە ··· موعاویە کوڕی یەزید ··· مەروان کوڕی حەکەم

دەوڵەتی عەبباسی

ئەلسەفاح · ھارون ڕەشید ··· موستەعسیم بیللا

دەوڵەتی عوسمانی
دەوڵەتی فاتیمی
بابەتە پەیوەندیدارەکان

خەلافەتی ئەمەوی لە ئەندەلوس · خەلافەتی عەبباسی لە قاھیرە.

پایتەختی خەلافەتەکان

مەدینە · کووفە
دیمەشق ·بەغدا
قاھیرە . قوڕتوبە
ئەستەمبوڵ

ناودارەکانی خەلافەت

معاویە کوڕی ئەبووسوفیان · عومەری کوڕی عەبدول عەزیز
ئەبوجەعفەری مەنسور · ھارون ڕەشید
سوڵتان عوسمانی یەکەم . سوڵتان محەمەد فاتیح
سەلیمی یەکەم . سوڵتان سولەیمان قانونی
عەبدول حەمیدی دووەم


پوختەی مێژوویی[دەستکاری]

دەوڵەتی عەباسی دامەزرا لەسەر دەستی ئەوانەی کە نەوەی بچوکترین مامی پێغەمبەری ئیسلام (محەممەد) بوون کە ئەویش عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیب بوو، و عەبباسیەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان پشتیان بەو فارسانە بەست کە ئەمەوییەکان لە دەسەڵات دووریان خستبوونەوە، ھەروەک سودیان لە شیعە وەرگرت بۆ لەزراندنی بناغەی دەوڵەتی ئەمەوی، دوای ئەوەی عەباسیەکان شۆڕشەکەیان سەرکەوتنی ھێنا پایتەختیان گواستەوە بۆ بەغدا کە گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی لەو سەردەمەدا بەڵام ئەستێرەی ئاوا بوو لەگەڵ ئاوابوونی خۆری دەوڵەتی عەبباسی، و لە گرنگترین ھۆکارەکانی ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی، دەرکەوتنی بزوتنەوە جەماوەری و ئاینیە جیاوازەکان بوو لەو سەردەمەدا، ئەم ناکۆکیانەش بووە ھۆی جیابوونەوەی نەتەوە ناعەرەبەکان لە عەرەب، لەگەڵ ئەم نەتەوە سیاسییانە، کۆمەڵەی ئاینی جۆراوجۆر دەرکەوتن، تەوەری جیاوازی نێوانیان لەگەڵ عەبباسییەکان لەسەر خەلافەت و پێشەوایەتی موسڵمانان بوو، ھەر یەکێک لەو کۆمەڵانە دروشم و یاسا و ڕێگەی تایبەتی خۆی ھەبوو لە بانگەوازدا، و ھەر لە ھۆکارە ناوخۆییەکان کە بووە ھۆی سەرھەڵدانی بزوتنەوە جیاوازەکان، فراوانبوونی ڕووبەری دەوڵەتی عەبباسی بوو، و ماوە و گەیاندن لە نێوان بەشەکانی دەوڵەت و پایتەختدا قورس بوو لەو کاتانە، ئەمەش وای لە والیەکان کرد سەربەخۆیی خۆیان بگرنە دەست لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا بێ ئەوەی لەو ھێزانە بترسن کە لە پایتەختی خەلافەت ئەنێرا بۆ کپکردنی بزوتنەوەکانیان، لە دیارترینی ئەو بزوتنەوانەش، ئەداریسە و ئەغالیبە و فاتمییەکان بوون.

حوکمی عەباسی لە بەغدا کۆتایی ھات لە ساڵی ١٢٥٨ز، کاتێک ھۆلاکۆخانی سەرکردەی مەغۆل دەستی کرد بە وێرانکردن وسوتانی شارەکە و کوشتنی زۆربەی خەڵکەکەی بە خەلیفە و مناڵەکانیەوە، ئەوانەی لە عەباسییەکان لە ژیاندا مانەوە ڕۆیشتن بەرەو قاھیرە دوای ڕووخانی بەغدا، جارێکی تر خەلافەتیان دامەزراندەوە لە ساڵی ١٢٦١ز، لەو کاتانە خەلیفە تەنھا ھێمایەک بووە بۆ یەکڕیزی ئاینی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لە ڕاستیدا سوڵتانە مەمالیکە میسریەکان حوکمی دەوڵەتیان ئەکرد بە کردار، و خەلافەت بەردەوام بوو تاساڵی ١٥١٩ز، کاتێک سوپای عوسمانییەکان فەتحی شار و قەڵاکانی شام و میسریان کرد، دوایین خەلیفەی عەبباسی دابەزی لە نازناوی خەلیفە بۆ سوڵتانی عوسمانییەکان (سوڵتان سەلیمی یەکەم) بەم شێوەیە عوسمانییەکان بوونە خەلیفەی موسڵمانان وپایتەختیان لە قاھیرەوە گۆڕی بۆ قوستەنتینیە.

دامەزراندنی دەوڵەت[دەستکاری]

دەوڵەتی ئەمەوی لاواز بوو بە کاریگەری کۆچی دوایی دەیەم خەلیفەیان (ھیشام کوڕی عەبدول مەلیک)، لە دوای ھیشام وەلیدی کوڕی یەزید دەسەڵاتی گرتە دەست بەڵام ئەمەوییەکان کوشتیان لەبەر ئەوەی ئاگای لە کاروباری دەوڵەت نەبوو، پاشان دابەشبوون و شەڕی ناوخۆ دەوڵەتی گرتەوە، کە ئەمانەش یارمەتی بەھێزبوونی کۆمەڵە و پارتە ئاینییەکان و بزوتنەوە سیاسییە دژەکانی دا کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە عێراق و ئێران بڵاوبوو بوونەوە، لە دیارترینی ئەو پارتانەش ئەو ھۆزانە بوون کە ئەیانوت حەقی نەسەبی عەلی کوڕی ئەبوتالیبیان ھەیە بۆ خەلافەت و ئەو پارتەی کە ئەیانوت حەقە نەسەبی عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیبی مامی پێغەمبەریان ھەیە بۆ خەلافەت.

بەڵام پارتی یەکەم چەند شۆڕشێکیان کرد لە دەوڵەتی ئەمەوی کە بووە ھۆی کوژرانی زۆر لە لایەنگر و سەرکردەکانیان لەوانە کوژرانی حسەینی کوڕی عەلی ساڵی ٦٨٠ز، وکوژرانی زەیدی کوڕی عەلی ساڵی ٧٤٠ز دوای ئەوەی شۆڕشی کرد لە کووفە، بەڵام پارتی عەبباسی وردە وردە گەشەی کرد و بێدەنگ بوو لە سەردەمی بەھێزیی ئەمەوییەکان و لاوازبوونی ئابوریان قۆستەوە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشەکەیان، ھەروەک سودیان لەو جیاکردنەوە ڕەگەزییە وەرگرت کە ئەمەوییەکان ئەیانکرد لە نێوان عەرەب و ناعەرەبەکان لە فەرمانبەری و سوپا و باجدا، بەو شێوەیە بنکەیەکی جەماوەری فراوانیان پێکھێنا بەتایبەت لە نێو جوتیاری گوند و کرێکاری ھەژاری شارەکاندا، ھەندێک لە لێکۆڵەرەوان بانگەوازی عەبباسی بە (شۆڕشێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئابوری دائەنێن) لە ھەمان کاتدا ھەندێکی تر بە (شۆڕشی فارسی دائەنێن دژ بە عەرەب).

کەسایەتییەکی بەھێزی وەک ئەبو موسلیمی خۆراسانییان تیا ھەڵکەوت کە دامەزراندنی دەوڵەتی عەبباسی ڕاگەیاند لە خۆراسان پاشان شاری مەڕوەی گرت، و ئەبوعەباس کە ئەو کاتە کاروباری بزوتنەوەی عەبباسی ھەڵئەسوڕاند بە نھێنی چوو بۆ کوفە، ودواتر خەڵکی کوفە موبایەعەیان پێدا، تا دروستبوونی دەوڵەتی عەبباسی چووە قۆناغی کۆتاییەوە، سوپای ئەمەوی بە سەرکردایەتی مەڕوانی کوڕی محەممەد و سوپای عەبباسی بە سەرکردایەتی ئەبوعەباس لە نزیک ڕووباری زاب بەیەک گەیشتن، عەبباسییەکان سەرکەوتن و عێراقیان گرت و ڕۆیشتن بەرەو وڵاتی شام، و میسر دوای ئەوەی سوپای ئەمەوییان دەرکرد و خەلیفە مەڕوانی کوڕی محەمەدیان کوشت لە شەڕی بوسیبردا، و بە گرتنی میسر دەوڵەتی عەبباسییان دامەزرند، کە سێیەم قۆناغی مێژووی خەلافەتە لە دوای خەلافەتی ڕاشدین و ئەمەوی، موبایەعە درا بە ئەبوعەباس و ناونرا بە سەفاح واتە خوێن ڕێژ لەبەر ئەو خوێنە زۆرەی ڕشتی لە شەڕەکاندا، بە تایبەت کاتێک ڕۆیشتە دیمەشقی پایتەختی ئەمەوی، ماڵەکانی خێزانی ئەمەوییەکانی ڕوخاند و کۆشکەکانی سوتاندن خەلیفەکانیان لە گۆڕەکانیان دەرھێنان، کەسیان لێ نەمایەوە لە خێزانی ئەمەوییەکان تەنھا عەبدول ڕەحمان داخل نەبێت کە ڕۆیشت بۆ مەغریب و چووە ئەندەلوسەوە حوکمی ئەمەوی تیادامەزراند، بەڵام ئەبوعەباس پایتەختی لە حیرانەوە کە مەڕوانی کوڕ محەممەد پایتەختی ئەمەوی بۆ گواستەوە گۆڕی بۆ کووفە لەگەڵ ئەوەی کە زۆر تیای نەمایەوە ڕۆیشت بۆ ئەنبار تا وەفاتی کرد ساڵی ٧٥٤ز و لە ئەنبار نێژرا و موبایەعەی وەرگرت بۆ ئەبوجەعفەری مەنسوری برای.

خەلیفە ئەبوجەعفەری مەنسور[دەستکاری]

خەلیفە ئەبو جەفعەری مەنسور شاری بەغدای دروست کرد لەسەردەمی ئەبو عەباس لەسەردەمی خۆشی دا شاری بەغدای فراوانترکرد بەغدا بوو بە پایتەختی خەلافەت،

ماوەی حوکمی مەنسور ماوەی جێگیر کردنی پایەکانی دەوڵەتەکە تازەکە بوو، دەستی گرت بەسەر ئەو شۆڕشە یەگ لە دوای یەکانەی کە ھەڕەشەیان لێئەکرد، ئەبوموسلیمی خۆراسانی کوشت لەگەڵ ئەوەی کە ھۆکاری بەدەسھێنانی عەبباسییەکان بوو بۆ خەلافەت لەبەر ئەوەی لە فراوانبوونی جەماوەریەکەی ئەترسا، پاشان دەستی بەسەر شۆڕشەکەی مەدینەدا گرت، ھەروەک دەستی بەسەر شۆڕشە ھاوشێوەکانی بەسڕە و واسیت و ئەھوازدا گرت؛ و مەنسور یەکێک بوو لە بەھێزترین پیاوە عەبباسییەکان و ئاسایشی دابین کرد و شاری بەغدای بنیاتنا لە سەر ڕووباری دیجلە و پایتەختی عەبباسی بۆ گواستەوە و تێیدا مایەوە تا کۆچی دوایی کرد ساڵی ٧٧٥ز. لە ئاستی ئاینیەوە لە سەردەمەکەیدا ئەبووحەنیفەی بنیاتنەری مەزھەبی حەنەفی لای سوننە کۆچی دوایی کرد، لە دوای مەنسور، محەممەد مەھدی کوڕی خەلافەتی گرتە دەست کە گرنگی دا بە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان و پۆستە و ڕێگاوبانی ڕێکخست و چاکسازی کشتوکاڵی کرد و خۆی سەرۆکایەتی دادی ئەکرد، ھەروەک مەھدی لێزان و پابەند بوو بە شەریعەتی ئیسلامەوە، و گرنگی ئەدا بە نەداران و نەخۆشەکان لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە، بەمەش سەردەمی زێڕینی عەبباسییەکان دەستی پێکرد. محەممەد مەھدی کۆچی دوایی کرد ساڵی ٧٨٥ز، و موبایەعە درا بە موسا ھادی کوڕی، کە حوکمی درێژەی نەکێشا و ساڵی ٧٨٦ز مرد و بوار ڕەخسا بۆ ھارونی برای کە باوکی نازناوی (ڕەشید) ی پێدابوو لە ئەنجامی یەکێک لەو سەرکەوتنانەی بەسەر بیزەنتیەکاندا ھێنابووی تا دەسەڵات بگرێتە دەست.

ھارون ڕەشید[دەستکاری]

وێنەیەکی کێشراو ئاماژەیە بۆ پێشوازی ھارون ڕەشید لە وەفدێکی شارلمان

ھارون ڕەشید گرنگی دا بە چاکسازی ناوخۆ و مزگەوتی گەورە و کۆشکی جوانی بنیاتنا، و لەم سەردەمەدا بۆ یەکەم جار لامپا بەکار ھات بۆڕوناک کردنەوەی ڕێگا و مزگەوتەکان، و زانست پێشکەوت بە تایبەت فیزیا، و زۆر داھێنانی وەک کاتژمێری ئاوی کرا، ھەروەھا ڕەشید گرنگی دا بە کشتوکاڵ و یاسایەکی بۆ دانا، و حوکمەتەکەی پرد وتاقی گەورەیان بنیاتنا و جۆگەیان ھەڵکەند لە نێوان رووبارەکان و دیوانێکی تایبەتی بۆ سەرپەرشتی ئەو ئیشانە دانا، ھەر لە ئیشەکانی ھانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دا لە نیوان ولایەتەکان و پاسەوانی ڕێگە بازرگانی نێوان شارەکانی کرد، و شارێکی بنیاتنا لە نزیک شاری ڕەقە لە ڕۆخی فوڕات بۆ پێشوازی میوانەکان، و ئیبن خەلکان ئەڵێت؛ ڕەشید ٩ جار حەجی کرد ولە ڕۆژێکدا ١٠٠ ڕکات نوێژی کردووە و نوێنەری نارد بۆ لای شارلمانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆز و ھاوڕێیەتی لە نێوانیان دروست بوو ھەروەک ڕەشید گرنگی دا بە فتح و فراوانکردنی دەوڵەتەکەی بە تایبەت لە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست و ئەنادۆڵ، و سەردەمەکەی دوایین ھەوڵی عەرەبی لە خۆگرتووە بۆ فەتحی قوستەنتینیە ساڵی ٧٨٢ز، تا سوڵتانی عوسمانی محەممەد فاتیح فەتحی کرد لە ساڵی ١٤٥٣ز.

لە سەرەتای سەردەمەکەیدا پشتی بەست بە بەرمەکییەکان و وەزارەتی دا بە یەحیا بەرمەکی و ھەموو دەسەڵاتێکی دا پێی و باردۆخەکە بەو شێوەیە مایەوە تا ساڵی ٨٠٥ز، کاتێک ڕەشید ترسا لە فراوانبونی جەماوەری و لایەنگری خەڵک بۆیان، دەستی بەسەر داراییەکانیاندا گرت و سەرکردەکانی کوشتن و بەشێکی زۆری لێ بەند کردن.

ھارون ڕەشید ساڵی ٨٠٩ز لە خۆراسان کۆچی دوایی کرد و بەپێی وەسیەتەکە موبایەعە درا بە ئەمینی کوڕی و پاشان مەئمونی کوڕی. بەڵام خەلیفە نوێیەکە (ئەمین) خێرا لادرا لە خەلافەت لەلایەن براکەیەوە کاتێک موسای کوڕی دانا بۆ جێگری خۆی، کاتێک مەئمون لە خۆراسان بوو بەمەی زانی موبایەعەی لە خەڵکی خۆراسان وەرگرت وبە سوپاوە ڕۆیشت بۆ بەرەنگاری براکەی، وشەڕ ماوی چوار ساڵ لە نێوانیان بەردەوام بوو تا مەئمون توانی گەمارۆی بەغدا بدات و سەرکەوێت بەسەر ئەمیندا ساڵی ٨١٣ز.

مەئمونی کوڕی ھارون[دەستکاری]

دیناری عەبباسی ساڵی ٨٢٣ز لێدراوە لە سەردەمی خەلیفە مەئموندا.

سەردەمی مەئمون جیا دەکرێتەوە بە ھاندانێکی تەواوی فەلسەفە و پزیشکی و بیرکاری و گەردونناسی و گرنگی دانێکی تەواو بە بە زانستی یۆنانی، خەلیفە ساڵی ٨٣٠ز زانکۆی بەیتو لحیکمەی لە بەغدا دامەزراند کە لە گەورەترین زانکۆکانی سەردەمی خۆی بوو، چەند ئامێرێکی تەکنیکی دروستکران و زاناکان ھەوڵی پێوانی ڕووبەری زەویان دا کە ئەمەش نیشانەیەک بوو بۆ داننان بە شێوەی بازنەیی زەوی لەلایەک و پێشکەوتنی زانست لەلایەکی تر، ھەروەھا وەرگێڕان یەکێکی تر بوو لە سیماکانی سەردەمی مەئمون، کە لە ڕێگەیەوە زانست و ئەدەبی سریانی و فارسی ویۆنانی گواسترانەوە بۆ عەرەبی.

لەم ڕێگەیەوە زمانی عەرەبی شوێنێکی پێشکەوتووی گرت کە لە زمانی شیعر و ئەدەبەوە بووە بە زمانی زانست و فەلسەفە، ھەروەھا وەرگێڕانەکان بوونە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری لە دەوڵەتدا، کرانەوەیەکی ڕۆشنبیری دەستی پێکرد بەرامبەر بیروباوەڕە ئاینیەکانی تر، مەئمون وتی قورئان دروستکراوە وخەڵکی ناچار کرد لەسەر ئەوە، ھەروەک موعتەزیلەی کردە ئاینی فەڕمی دەوڵەت و دروشمی سەوزی دانا لە جێگەی دروشمی ڕەش، پاشان گەڕایەوە بۆ دروشمە ڕەشەکەی نەوەی عەباسی و براکەی دانا لە جێگەی خۆی، و مەئمون سەردانی میسر و دیمەشق و دوورگەی سوریای کرد ولە بەترسوس لە باکوری وڵاتی شام مرد ونێژرا لە ساڵی ٨٣٣ز، موبایەعە درا بە محەممەد موعتسیم بیلای برای، کە شاری سامەڕای دروستکرد وفەتحی عەموریەی کرد نزیک ئەنقەرە، و کاری وەرگێڕان و ڕاپەڕینە زانستییەکە ھەر بەردەوام بوو، و دەستگرتنی بەسەر شۆڕشی بابک خەرمی کە دەوڵەتی شاسیعەی لە ئازەربایجان دامەزراند بوو لە دیارترین ئیشەکانی بوون، بابک خەرزمی ئاینێکی تری دروستکردبوو بە تێکەڵ کردنی ئیسلام و مەجوسی (ئاگر پەرستی) و چاکسازی ئابوری و کۆمەڵایەتی کرد کە توانی ٢٠ ساڵ بمێنێتەوە بە یاخی بوون لە دەوڵەتی عەبباسی، ھەتاکو سەرکردەی تورکی ئەفشین توانی دەستی بەسەرا بگرێت، ولە شۆڕشەکانی تر شۆڕشی زەت بوو لە باشوری عێراق.

دایکی موعتەسیم تورکی بوو، لەبەر ئەوە چواردەوری خۆی بە پاسەوانی تورکی گرت وەک ئەوەی مەئمونی برای بەرامبەر فارس کردی، پاسەوانە تورکییەکان سەرەتای سەردەمی موعتەسیم ٤٠٠٠ پیاو بوون، بەڵام لە زیادبووندا بوون تا پێکدادان لە بەغدا دروستبوو ئەمەش خەلیفەی ناچار کرد تا پایتەخت بگۆڕێت بۆ سامەڕا، ودوای مردنی ساڵی ٨٤٢ز موبایەعە درا بە واسیق بیلای کوڕی، وبەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی باوکی لە ھێنانی ھۆزە تورکییەکان و پۆستی بەرزی پێدان لە دەوڵەتدا و بوونە سەرپەرشتیاری سوپا بە کردار، و واسیق نازناوی سوڵتانی لە سەرکردەی تورکی (ئەشناس) سەندەوە کە بووە سەرەتایەک بۆ لاوازبوونی دەوڵەت و نەمانی کۆنترۆڵی خەلیفەکان لەسەری، بە مردنی واسیق ساڵی ٨٤٧ز موبایەعە درا بە ئەبوفەیسەڵ جەعفەر متوەکیل بیلای برای، کە زۆربەی مێژوو نوسان ڕێکەوتی خەلافەتەکەی بە سەرەتای لاوازبوونی دەوڵەتی عەبباسی دادەنێن.

سەردەمی عەباسی دووەم[دەستکاری]

سەردەمی عەبباسی دووەم کە ناسراوە بە سەردەمی پاسەوانی تورکی، ئەم قۆناغانەی خوارەوە ئەگرێتەوە؛

دەرکەوتنی داڕمان[دەستکاری]

عەبباسییەکان وەک ئەمەوییەکانی پێش خۆیان نەیانتوانی یەک پارچەی دەوڵەتەکەیان بپارێزن، عەبدول ڕەحمان داخل ھەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عەبباسیەوە سەربەخۆیی خۆی لێ جیاکردنەوە لە ئەندەلوس، و لە خەلافەتی موسا ھادیدا ئیدریسی کوڕی عەبدوڵڵا توانی ھەڵبێت لەو کوشتارگەیەی بۆ خێزانەکەی ولایەنگرانی بڕیار درابوو لە مەدینە، ڕۆیشت بەرەو مەغریب و دەوڵەتی ئیدریسی سەربەخۆی دامەزراند و مەڕاکیشی کردە پایتەخت، ھەروەھا لە سەردەمی مەئموندا، ئیبراھیمی کوڕی ئەغلەب ولایەتی ئەفریقیای گرتە دەست کە لیبیا و توونس و باکوری جەزائیری ئەگرتەوە، و حوکمی ئەم ولایەتە مایەوە بۆ نەوەکانی تا دەرکەوتنی دەوڵەتی فاتیمی، ونەوەکانی ئەغلەب پارێزگاریان تەنھا لە خوتبە وناوی خەلیفە کرد لەسەر سکەی پارەکەیان.

بەم شێوەیە دەوڵەتی عەبەسی ھەر لە سەردمی بەھێزیەکەیدا نەیتوانی یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتەکەی بپارێزێت، کە ئەمەش لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە دەرکەوت لە سەردەمی لێک ھەڵوەشاندا.

بێجگە لەوە یەکێک لە دیارترین سیماکانی ھەڵوەشانی دەوڵەت دەستێوەردانی سوپا بوو لە دانانی خەلیفەکاندا، یەکەم سوڵتانی تورکییەکان (ئەشناس) کۆچی دوایی کرد ساڵی ٨٤٤ز، وەسیفی تورکی لە جێگەی دانرا و کاتێک واسیق مرد ساڵی ٨٤٧ز موبایەعە نەئەدرا بە متوەکیل بیلا ئەگەر سوڵتان وەسیف نەیویستایە لە کاتێکا خێزان و نزیکەکانی عەبباسییەکان حەزیان ئەکرد محەمەدی کوڕی واسیق یبلا موبایەعەی بدرێتێ.

متوەکیل ھەوڵیدا دەست بگرێت بەسەر شۆڕشەکەدا ھەندێک لە سەرکردەکانی سوپای کوشت و پایتەخت گوێزرایەوە بۆ دیمەشق بەڵام بە فشاری تورکەکان ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ سامەڕا دوای دوو مانگ، مەزھەبی ڕەسمی لە موعتزەلیەوە گۆڕی بۆ سونەی شافعی، و بڕیاری ڕوخانی ئارامگەی حسەینی کوڕی عەلی لە کەربەلا و عەلی کوڕی ئەبوتالیبی لە نەجەفدا وقەدەغەی سەردانی بۆ کردن، ھەروەک فەرمانی بە ڕوخانی ھەموو کەنیسەکانی عێراق و ناوچەکانی تر کرد بە ھەمان شێوە بۆ کەنیسە یەھودییەکانیش، و ھێمای دیاریکراوی دانا لە سەر جلی مەسیحی و یەھودییەکان و قەدەغەی ئەسپ سواری لێکردن، لەگەڵ ئەو بانگەوازە بەردەوامەی بۆ شەریعەتی ئیسلامی ئەیکرد بەڵام کردارەکانی ڕێ نەئەکەوتن لەگەڵ شەریعەدا، کە ڕژێمی ئەھلی ئیسلامی ماف وکەڕامەتێکی فراوانتری داناوە بۆ یەھود و مەسیحییەکان.

دوا جار ھەندێک لە سەربازە تورکەکان ڕێکەوتن لەگەڵ مونتەسیر بیلای کوڕیدا لەسەر کوشتنی لە دانیشتنی خواردنەوەکەیدا ساڵی ٨٦١ز، و خەلافەتی مونتەسیر بیلا درێژەی نەکێشا و تورکەکان دەستیان گرت بەسەریدا موبایەعە درا بە ئەبوعەباس موستەعین بیلا کوڕی موعتەسیم بیلا، لەبەر ئەوەی پیاوەکانی سوڵتان نەیانئەویست موبایەعە بدەن بە ھیچ کام لە مناڵەکانی متوەکیل.

سەردەمی ئاژاوە وشەڕە ناوخۆیەکان[دەستکاری]

گۆڕی بوخاری، یەکێک لە زانایانی فەرمودە، کۆچی دوایی کرد لە سەردەمی خەلیفە موعتەمید عەلاڵڵا

سەردەمی موستەعین بیلا سەرھەڵدانی دەوڵەتی تاھیری بە خۆیەوە بینی لە خۆراسان، ھەروەک تەبرستان سەربەخۆیی وەرگرت، و دەسەڵاتی سوڵتان مایەوە لە خێزانی بەغای تورکی، کە ئەمەش بووە ھۆی دروستبونی ئاژاوە لە ناو خودی تورکیەکانیشدا، یاخی بووەکان گەمارۆی بارەگای خەلیفەیان دا لە سامەڕا، ڕایکرد بۆ بەغدا، لەو کاتە سەربازەکان موبایەعەیان دا بە موعتەز بیلا، کە سوپاکەی بە ٥٠ ھەزار جەنگاوەرەوە نارد بۆ بەغدا، و خەڵکەکەی ھەستان بە لابردنی موستەعین و موبایەعەیان بە مەعتەز دا بۆ ئەوەی ڕێگە لە خوێن ڕشتن بگرن، ھەروەک موستەعین خۆیشی موبایەعەی بە مەعتەز دا، و لە خەلافەتی مەعتەز بیلادا دەوڵەتی تۆلۆنی لە میسر دامەزرا، کە ھیچ دەسەڵاتێکی بۆ خەلیفە نەھێشتەوە تەنھا ناوھێنانی لە خوتبە و سکەی پارەدا نەبێت، و یەعقوب سەفار دەستی گرت بەسەر وڵاتی فارس، لەگەڵ ئەوەی مەعتەز لەگەڵ تورکەکان ڕێ ئەکەوت بەڵام لایانبرد لە ساڵی ٨٧٠ز لەبەر دابەزینی ئاستی ئابوری دەوڵەت و موبایەعەیان دا بە موھتەدی بیلا کوڕی واسیق، وم ەعتەز لە بەندیخانەکەیدا مرد لە برسیەتی و تینوویەتیدا.

خەلیفە موھتەدی بیلا ویستی ھێزی تورکەکان بشکێنێت، بایکالی سەرکردەیانی کوشت، و تورکەکان کوشتیانەوە پێش ئەوەی ساڵێک لە خەلافەت تەواو بکات، و موبایەعە درا بە موعتەمید بیلای کوڕی متوەکیل، لەم سەردەمە زەنوج شۆڕشیان کرد لە بەسڕە و واسیت، و بەغدا ئەیناڵاند بە دەست تێکچوون و دابەزینی ئاستی ئابوری دەوڵەتەوە ھەروەک تۆلۆنیەکان سەربەخۆیی خۆیان تەواو کرد لە میسر، ڕیگەیان گرت لە ناوھێنانی خەلیفە لە خوتبەدا، و توانیان دەستبگرن بەسەر زۆربەی شام، و عەبباسیەکان تەنھا عێراقیان بەدەستەوە مابوو، ھەر لەم سەردەمەدا ھەردوو ئیمام بوخاری و موسلیم کۆچی دواییان کرد کە ناسراون بە کۆکۆدنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەر، و تائیفەی ئیسماعیلی دەرکەوتن.

موعتەمید کۆچی دوایی کرد ساڵی ٨٩٢ز، و موبایەعە درا بە موعتەزید بیلا کە لە خەلافەتی ئەم و موکتەفا بیلای کوڕیدا بارودۆخ باشبوونی بە خۆوە بینی لە ڕووی سیاسی وئابوریەوە، و عەبباسیەکان میسریان گێڕایەوە و ئیسماعیلیەکانیان لە چەند شوێنێک تێک شکاند و دەوڵەتی سامانی دەرکەوت کە تەبرستانی گێڕایەوە و کۆنترۆڵی فارس و خۆراسانیان کرد لەگەڵ ھێشتنەوەی ناوی خەلیفە لە دەسەڵاتدا، و بەغدایان کردەوە بە پایتەختی دەوڵەت.

موکتەفا مرد ساڵی ٩٠٨ز، موبایەعە درا بە موقتەدیر بیلا، لەگەڵ ئەوەی دووجار لابرا، جارێک لە سەرەتای سەردەمەکەیدا لابرا و موبایەعە درا بە عەبدوڵڵای کوڕی مەعتەز کە کوژرا لە ڕۆژی دووەمی خەلافەتەکەیدا لە ئەنجامی ئەو ئاژاوەیەی کە دروستبوو لە نێوان لایەنگرەکانی و لایەنگرانی موقتەدی بیلا، خەلافەتەکەی یەک ڕۆژ بوو لەبەر ئەوە ھیچ کام لە مێژوو نوسان بە خەلیفە داینانێن، و جاری دووەم لابرا ساڵی ٩٢٩ز کە لایانبرد بە ھۆی دەست بەسەراگرتنی ژنان و کارگوزارەکان بەسەر دەوڵەتدا ود وای سێ ڕۆژ گەڕێنرایەوە و بەردەوام بوو لە خەلافەت تا کوژرا ساڵی ٩٣٢ز لە شەڕێکدا لەگەڵ مۆنسی تورکی یەکێک لە سەرکردەکانی سوپا، قاھیر بیلای برای بووە خەلیفە و مۆنس لایبرد دوای دوو ساڵ و بەندی کرد، و لە سەردەمی ئەم خەلافەتەدا دەوڵەتی بوەیھی دەرکەوت لە وڵاتی فارس و خۆراسان، ھەروەک توونس و جەزائیر و لیبیا بە تەواوی سەربەخۆییان وەرگرت لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتی فاتیمیدا، کە دەستیان گرت بەسەر دەوڵەتی ئەغلەبی و دەوڵەتی ڕۆستەمی و بەنو مەدرار.

قەڵای حەلەب، ناوەندی حوکمی حەمدانیەکان

پاشان لە خەلافەتی ڕازی بیلا دا دەوڵەتی ئەخشیدی دەرکەوتن لە میسر و دەستیان گرت بەسەر بەشێکی فراوانی شامدا. لەو کاتانە پایەی ئەمیری ئەمیران گەشەسەندنێکی وای بە خۆیەوە بینی کە یەکسەر موبایەعە نەدرا بە خەلیفە، بەڵکو ھەفتەیەک وەستان تا ئەمیری ئەمیران گەڕایەوە لە واسیت و موبایەعەی دا بە موتەقی بیلا.

ساڵەکانی دواتر ململانێ ڕوویدا لەسەر پایەی ئەمیری ئەمیران، لەم کاتانە ئیبن بەریدی ئەو پایەی وەرگرت کە خەڵک لایانبرد لەبەر زوڵم، و جارێکی تر ئیبن ڕایق گەڕێنرایەوە بۆ ئەو پایە، خەلیفە ڕایکرد بۆ موسڵ بۆ لای حەمدانییەکان ناسری حەمدانییەکان ئیبن رایقی کوشت و خۆی پۆستەکەی وەرگرت و خەلیفەی گەڕاندەوە بەغدا، و پاشان تۆرۆنی تورکی جێگەی گرتەوە کە خەلیفەی بەند کرد و موستەکفا بیلای لە جێگەی دانا ساڵی ٩٤٤ز، کە لابرا لە ساڵی ٩٤٦ز، و لەماوەی کورتی خەلافەتەکەیدا سێ کەس پایەی ئەمیری ئەمیرانیان وەرگرت کە دواین جاریان درا بە بنەماڵەی بوەیھیەکانی دامەزرێنەری دەوڵەتی بوەیھی، کە ئەمان خەلیفەیان لابرد وموتیع بیلایان دانا لە جێگەی، کە ئەم سەردەمەش فراوانبوونی جەماوەری فاتمییەکانی لە خۆ گرت لە تونسەوە تا میسر و وڵاتی شام، کە لەو کاتە جیھانی ئیسلامی بەسەر سێ خەلیفەدا دابەش بوو بوو لە یەک کاتدا، لە قوڕتوبە (ئەندەلوس) و قاھیرە و بەغدا، لاوازترینیان دەسەڵاتی بەغدا بوو.

خەلافەتی موتیع بیلا جیاواز نەبوو لەوانەی پێش خۆی، شەڕ بەردەوام بوو لە نێوان بوەیھی و حەمدانییەکان و سەربازە تورکەکان، و بیزەنتییەکان ھێرشیان کردە سەر دەوڵەت و بەشێکیان لە ئەنادۆڵ و کیلیکیا گێڕایەوە و تورکەکان شۆڕشیان کرد بەسەر بوەیھیەکاندا ساڵی ٩٧٤ز و خەلیفەیان لابرد و تائیع بیلای کوڕیان دانا، کە خەلافەتەکەی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی لە خۆ ئەگرت تا تورکەکان لایاندا ساڵی ٩٩١ز، وموبایەعە درا بە قادر بیلا کە چل ساڵ لە حوکم مایەوە، ئەم ماوەیە سەرھەڵدانی دەوڵەتی غەزنەوی وداڕمانی خەلافەتی ئەمەوی لە ئەندەلوس لە خۆگرت، لەگەڵ بەردەوام بوونی شەڕ لە نیوان بوەیھی و تورکەکان، پاشان ماوەیەک ھێمنی بەسەردا ھات دوای ئەوەی بوەیھیەکان حوکمیان گرتە دەست، پاشان دەوڵەتی بوەیھی لاواز بوو و تورکەکان بەرز بوونەوە و گەیشتنە بەرزترین ئاست لە کۆتاییەکانی خەلافەتی قادر، کاتێک ئەرسەلانی کوڕی عەبدوڵڵا ھەستا بە دانی خوتبەیەک لە سەر مەترسی فاتمییەکان لە بەغدا، خەلیفەی عەبباسی داوای لە تەغرۆل بیگی سەرکردەی سەلجوقییەکان کرد تا بێتە بەغدا ساڵی ١٠٥٥ز، و خەلیفەی عەبباسی جێگیر بکات، بەمەش ماوەی سەلجوقی لە بەغدا دەستی پێکرد.

سەردەمی عەباسی سێیەم[دەستکاری]

سەردەمی عەباسی سێیەم، ناسراوە بە سەردەمی قەڵمڕەوی سەلجوقی و ئەم قۆناغانەی خوارەوە ئەگرێتەوە؛

سەلجوقییەکان بە گشتی[دەستکاری]

جەنگی مەڵاز گرد لە نێوان سەلجوقی وبیزەنتیەکان

سەلجوقییەکان ھۆزێکی تورک بوون، لە چین جێگیر بوون و ڕۆیشتن بەرەو بوخاری و ئیسلام بوون لە سەردەمی دامەزرێنەرەکەیاندا (سەلجوق)، پاشان لە ژێر سەرکردایەتی تەغرۆل بێگدا یەک لە دوای یەک دەستیان گرت بەسەر دەسکەوتەکانی دەوڵەتی غەزنەوی و چوونە بەغداوە لەسەر داوای خەلیفە، کە تەغرۆل بێگی کرد بە سوڵتان و ناوی (پاشای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای) لێنا و کچەکەی خۆی کردە ھاوسەری، و کاتێک وەفاتی کرد ساڵی ١٠٦٣ز، ئەو کاتە تەغرۆل بێگ جێگیر بوونی سیاسی و ئابوری دەستەبەر کردبوو لە بارودۆخەکاندا، لە دوای ئەو ئەلب ئەرسەلان ھات کە دەسەڵاتی فراوان بوو تا قودس، و لەدوای سەرکەوتنی لە جەنگی مەڵاز گرد دەوڵەتی سەلجوقی بنیاتنا لە ئەنادۆڵ، کە یەکەم دەوڵەتی لەو جۆرە بوو، پاشان کوژرا لە یەکێک لە داستانەکانیاندا ساڵی ١٠٦٤ز، مەلیکشای کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، کە سەردەمی ئەم مردنی خەلیفە قائیمی بە خۆیەوە بینی دوای ئەوەی خەلافەتەکەی ٤٥ ساڵ بەردەوام بوو و ئاستی ژیان باشبوونی بەخۆیەوە بینی، و موبایەعە درا بە موقتەدی بۆ خەلافەت، مەلیکشا گرنگی دا بە ھونەر و زانست و لە بەغدا و ناوەندی چاودێری گەردونناسی و مزگەوتێکی گەورەی دروستکرد ناسرا بەناوی (جامعی سوڵتان)، ھەر لەم سەردەمە عومەر خەییام دەرکەوت و قەڕامیتەکان چەند جارێک لە بەسڕە شۆڕشیان کرد، و بە مردنی لە ساڵی ١٠٩٢ز، سەلجوقییەکان ھێزەکەیان لە دەستدا، کە بووە چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە وڵاتی شام و عێراق و وڵاتی فارس، بەلکو مەیدانەکە بووە ھاوپەیمانی نێوان پاشاکانی سەلجوقی لە دژی یەکتری بۆ فراوانکردنی ولایەتەکانیان، کە ئەم شەڕە ناوخۆییە بەردەوامانە کاری کردە سەر جێگیری دۆخی سیاسی و ئابوری لە وڵاتەکەدا، و ئەمەش سەرکەوتنی ھەڵمەتی یەکەمی خاچھەڵگری ئاسان کرد لە ساڵی ١٠٩٨ز، لەو کاتە موستەھزیر لە پایەی خەلیفەدا بوو لە ساڵی ١٠٩٤ز وە.

وێنەیەکی سوڵتان مەلیکشا

شەڕەکانی سەلجوقی و ئاوابوونییان[دەستکاری]

ھەڵمەتی خاچھەڵگری یەکەم توانی چوار مەمالیکی لاتینی لە ڕۆژھەڵات دابمەزرێنێت، کە ئەوانیش میرنشینی ڕەھا و ئەنتاکیە و تەڕابولس و بەیتولموقەدەس بوون، کە لە ژیر دەستی فاتمییەکان بوو لە ساڵی ١٠٩٦ز وە سەلجوقییەکان نەیانتوانی وەڵامی خاچھەڵگرەکان بدەنەوە لە کەنارەکانی وڵاتی شام، وازیان ھێنا لەبەرەو پێشچوون بە ئاڕاستەی ئەنقەرە و ناوجەرگەی ئەنادۆڵ، ھەروەک پێشڕەویەکانیان وەستا بە ئاڕاستەی حەلەب و عێراق و خەلافەت گیربوو بوو بە جەنگە ناوخۆییەکان وشۆڕشەکانی قەڕامیتەکان، لەبەر ئەوە نەتوانرا بەرگریەکی ئەوتۆ لە خاچھەڵگرەکان بکرێت.

لە کۆتاییەکانی سەردەمی موستەھزیر دۆخەکە جێگیر بوو بۆ سوڵتان محەممەد سەلجوقی کە وەفاتی لە ساڵی ١١١٨ز دا جارێکی تر دۆخەکە ئاڵۆز بوویەوە لە نێوان میراتگرەکەی مەحمود سەلجوقی و داودی برای و ھەندێک لە مامەکانی، بە مردنی خەلیفە لە ھەمان ساڵدا، موستەڕشید بوو بە خەلیفە، و لەخەلافەتەکەیدا عیمادەدین زەنگی والی موسڵ دەرکەوت کە موڵکەکانی فراوان کرد تا حەلەب و حومس بگرێتەوە، و لە دوای خۆی نورەدین زەنگی دەرکەوت کە شام و میسریشی گرت، لە کاتی گەشەسەندنی دەوڵەتی زەنگی، شەڕی ناوخۆی سەلجوقییەکان ھەر بەردەوام بوو، مەسعود سەلجوقی سەرکەوت بەسەر مەحمودی برایدا و خەلیفە موستەڕشیدی کوشت ساڵی ١١٣٥ز، کاتیک بەرگری لە مەحمودی برای ئەکرد، و خەلیفە ڕاشید بیلا بووە خەلیفە لە دوای ئەو، بەڵام سوڵتان مەسعود سەلجوقی ھەر زوو لایبرد، خەلیفە ڕایکرد بۆ ئەسفەھان تا کوژرا ساڵی ١١٣٦ز، پاشان موقتەفا بیئەمرلا بووە خەلیفە.

زانکۆی موستەنسیریە لە بەغدا، کە بە ناوی خەلیفە موستەنسیری دامەزرێنەریەوە ناونرا.

خەلیفەکان کۆنتڕۆڵی بەغدا ئەکەنەوە[دەستکاری]

موقتەفا توانی حوکمی بەغدا و چواردەری جیابکاتەوە لە سەلجوقییەکان کە خەریکی بەرەنگاری یەکتر بوون، و پاڵپشتی خێزانی زەنگیەکانی کە دەورێکی باڵایان بینی لە بەرەنگاربوونەوەی خاچھەڵگرەکان و ڕەھایان گێڕایەوە لێیان و کاتیک مرد ساڵی ١١٧٠ز، و موبایەعە درا بە موستەنجید بیلای کوڕی، مایەوە لەسەر سیاسەتی باوکی بە پاراستنی سەربەخۆیی بەغدا و دەوروبەری، و چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەنجامدا، لە خەلافەتەکەیدا دەوڵەتی زەنگییەکان لە میسر خوتبەی عەبباسیان گێڕایەوە دوای مردنی دواین خەلیفەی فاتمییەکان، بەمەش خەلافەتی ئیسلامی یەکی گرتەوە جارێکی تر، ھەروەک ئەم سەردەمە دەرکەوتنی فەرمانڕەوایی ئەیوبیەکان بوو بە سەرکردایەتی سەلاحەددینی ئەییووبی کە توانی دەست بگرێت بەسەر وڵاتی شام و حیجاز و یەمەن و میسر و لیبیا، و سەڵاحەددین لە سەردەمی خەلیفە موستەزی بیئەمرلا توانی قودس بگێڕێتەوە کە دوایین شار بوو خاچھەڵگرەکان دەستیان بەسەردا گرتبوو ساڵی ١١٨٧ز لە ئەنجامی شەڕی تەحیندا، و ڕووبەڕووی ھەڵمەتی سێیەمی خاچھەڵگرەکان بوویەوە، و لەدوای موستەزی کوڕەکەی (ناسر لدین لا) جێگەی گرتەوە کە وەک باوکی و باپیری توانی سەربەخۆیی بەشێکی گەورەی عێراق بپارێزێت، لەژێر فەرمانڕەوایی خۆیدا نەک وەزارەت و سوپا، کە زۆر لە مێژوونوسان ئەم سەردەمە بە سەردەمی گەڕانەوی شکۆی خەلافەت دادەنێن، وناسر کە ناسرابوو بە دانایی وەفاتی کرد لە ساڵی ١٢٢٥ز دوای خەلافەتێکی دوور و درێژ کە بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ بەردەوام بوو.

لە ڕاستیدا بارودۆخی عیراق زۆر باش بوو لە سەردەمی ناسر، ولە دوای مردنی سەڵاحەدینی ئەیوبی مناڵەکانی بووە ناکۆکیان لەسەر دەسەڵات وەک سەلجوقییەکان پێشتر، ھاوپەیمانیان بەست لە دژی یەکتر و دژایەتی یەکتریان کرد، و ھۆزە تورکی و شەرکەسیەکانیان ھێنا کە دواتر بە مەمالیکەکان ناسران، بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی ئیسلامی وەک بوخاری و کابول و دەوروبەریان زۆر خراپ بوو، بە ھۆی توشبونیان بە غەزوو وت ێکدانەکانی مەغۆل بە سەرکردایەتی جەنگیز خان، ھەروەک لە عێراق ئەو گرنگیە نەئەدرا بە زانست و ھونەر وەک سەردەمی زیڕینی دەوڵەت.

لە دوای ناسر کوڕەکەی زاھیر بیئەمرلا خەلافەتی گرتە دەست، بەڵام وەفاتی کرد ساڵێک دوای باوکی، و موبایەعە درا بە موستەنسیر بیلای کوڕی ساڵی ١٢٢٦ز کە زانکۆی موستەنسیریەی دامەزراند، ھەروەک لە سەردەمەکەیدا خولێک بۆ میوانداری ھەژارەکان و ئازادکردنی بەندەکان کرا، ولە خەلافەتەکەیدا مەغۆل دەستیان گرت بەسەر وڵاتی فارس و نزیکبوونەوە لە عێراق.

خەلافەتی موستەعسیم یبلا و کۆتایی دەوڵەت[دەستکاری]

ھۆلاکۆ خەلیفە موستەعسیم بەند ئەکات و خواردن و خواردنەوەی لێ قەدەغە ئەکات تا ئەمرێت، ھۆلاکۆ قاپ و کوپە ئاڵتونیەکانی خەلیفەی داناوە بە بەتاڵی بۆی

موستەنسیر وەفاتی کرد ساڵی ١٢٤٢ز، موستەعسیم بیلای کوڕی جێگەی گرتەوە کە دوایین خەلیفەی عەبباسیdەکان بوو لە بەغدا، و خەلافەتەکەی چەند ڕووداوێکی گرنگی مێژووی خەلافەتی عەبباسی بە خۆیەوە بینی، لەوانە شکستی حەوتەم وھەشتەم ھەڵمەتی خاچھەڵگری کە دوایین ھەڵمەتی خاچھەڵگری بوون لەو ماوەیەدا، بەگشتی ھەڵمەتی خاچھەڵگری یەکەم و سێیەم و چوارەم نەبێت ھیچ کام لە ھەڵمەتەکان سەرکەوتنێکی زۆریان بە دەستنەھێنا، و لە دەرئەنجامی ھەشتەم ھەڵمەتی خاچھەڵگری دەستکەوتەکانی خاچھەڵگرەکان لە ڕۆژھەڵاتدا تەنھا ئەنتاکیە و تەڕابولس و عەککا بوو وەک دوورگەی لەیەک دابڕاو و بەیەکەوە نەبەستراو لە ڕووی جوگرافیەوە، ھەروەک سەردەمی خەلافەتەکەی کۆتایی دەوڵەتی ئەیوبی بەخۆیەوە بینی لە ساڵی ١٢٥٠ز.

ڕووداوی سێیەم ڕووخانی بەغدای پایتەخت بوو لەسەر دەستی مەغۆل بە سەرۆکایەتی ھۆلاکۆ خان کە داوای خۆبەدەستەوەدانی لە خەلیفە موعتەسیم بیلا کرد، بەڵام خەلیفە ڕەتی کردەوە و مەغۆلی وریا کردەوە لە سزای خوا ئەگەر خەلافەت بڕوخێنێت، وبەھۆی ئەو لاوازیە زۆرەی کە ھێزی خەلافەتی گرتەوە لەو کاتانە بوونە ھۆی ڕووخانی شارەکە و خەلافەتەکە، لە کاتێکا مۆنگۆ خان فەرمانی کردبوو بە ھۆلاکۆی برای خەلافەت بھێڵێتەوە ئەگەر خەلیفە مل کەچ بێت بۆی. پێش ئەوەی بەرەو بەغدا بڕوات، ھۆلاکۆ ھۆزەکانی لوڕی لەناو برد و پاشان ئیسماعیلیەکان خۆیان دا بە دەستەوە دوای ئەوەی قەڵای ئەلموتی پایتەختیان گیرا لە باکوری ئێران، وھۆلاکۆ زۆری لێ کوشتن پاشان ھۆلاکۆ سوپاکەی کردە دووبەشەوە و گەمارۆی بەغدای دا و بەنداو و کەناڵەکانی ئاودێری وێرانکرد کە بووە ھۆی تێکدانی کشتوکاڵ و گەیشتنی ئاو بە شارەکە، پاشان کەوتە بۆمباران کردنی قەڵا و مەنجەنیقەکان کە ڕووخانی حاکمە عەبباسییەکانی ئاسان کرد یەک لە دوای یەک ھەتا دەوری شاری دا لە ھەموو لایەکەوە، پاشان موستەعسیم ویستی وتوێژ بکات لەگەڵیان بەڵام ھۆلاکۆ ڕەتی کردەوە، و بەغدای گرت لە ١٠ی شوباتی ١٢٥٨. کوشتارگەیان گێڕا بە حەقی خەڵکەکەی و بەپێی ھەندێک سەرچاوە ژمارەی کوژراوان گەیشتنە میلیۆنێک کەس، ھەروەک شارەکەیان تاڵان کرد و سوتاندیان، کتێبخانەکانیان پێچایەوە وا باس دەکرێت ڕووباری دیجلە ڕەش بوو لەبەر زۆر ئەو وەرقە سوتاوانەی فڕێدرایە ناوی، ھەمان حاڵ بەشی مزگەوت و کۆشک و زانکۆکان بوو، و ھۆلاکۆ بڕیاری بەند کردنی خەلیفەی دا وخواردن و خواردنەوە لێ قەدەغە کرد تا کۆچی دوایی کرد لە ٢٠ی شوباتی ١٢٥٨ز بەمەش خەلافەتی عەبباسی لە بەغدا کۆتایی پێ ھات.

سەردەمی عەبباسی چوارەم[دەستکاری]

سەردەمی عەباسی چوارەم یان سەردەمی سوڵتانە مەمالیکیەکان، دابەش دەبێت بۆ ئەم قۆناغانەی خوارەوە؛

خەلافەتی عەبباسی لە قاھیرە[دەستکاری]

مەمالیکەکان حوکمی میسریان گرتە دەست لە سالی ١٢٥٠ز لە دوای نەمامی دەوڵەتی ئەییوبی، لە زۆربەی حاڵەتەکان حوکم لە ناو یەک خێزاندا نەئەمایەوە و ئەگۆڕا، نزیکەی ٤١ سوڵتانی مەملوکی بوون ھەندێک لە سوڵتانەکان لائەبران ودائەنرانەوە، ٢٨ سوڵتانیان لەسەر دەستی مەمالیکەکان خۆیان لەناو بران، ئەم ڕکەبەریەش بووە ھۆی ناجێگیری سیاسی لە نێویاندا.

لەگەڵ ئەوانەشدا، مەمالیکەکان دەورێکی دیاریان گێڕا لە پاراستنی ڕۆژھەڵات لە سەرەتای سەردەمەکەیاندا، دوای ئەوەی ھۆلاکۆ بەغدای گرت و خەلافەتەکەی ڕوخاند، بە ھێزەکانیەوە بەرەو وڵاتی شام ڕۆیشت، نەسیبینی گرت رەھا و حەلەب، لەم نێوەندەدا سەیفەدین قەتز بە سوپایەکەوە لە میسرەوە دەرچوو بۆ وڵاتی شام، کە ھۆلاکۆ دوای وێران کردنی حەلەب دیمەشقی سوتاند، و سوپای مەمالیک و ھۆلاکۆ بەیەک گەیشتن لە شەڕی عەین جالوت لە جەلیل ساڵی ١٢٦١ کە سەرکەوتن بۆ مەمالیکەکان بوو، بەم شێوەیە میسر لە شەڕی مەغۆل ڕزگاری بوو، و مەمالیکەکان پێیان تیا جێگیر کرد وکۆنتڕۆڵی وڵاتی شام و حیجاز و میسریان کرد، بەمەش دەوڵەتێکی فراوانیان دامەزراند.

قەتز لە ڕێگە گەڕانەوە بۆ میسر گیانی لە دەست دا و زاھیر بێبرس بووە سوڵتان لە دوای ئەو، کە بێبرس سەرکەوتوو بوو لە شەڕەکانیدا لەگەڵ خاچھەڵگرەکان، فەتحی یافا و ئەنتاکیە و قەڵاکانی دەوروبەری کرد، سێ ساڵ تێپەڕ بوو جیھانی ئیسلامی بێ خەلیفە بوو، لەگەڵ ئەوەی سوڵتانی ئەیوبی لە دیمەشق موبایەعەی دا بە ئەبوعەباس ئەحمەد بەڵم لەو کاتە مەمالیکە بە بەھێزی لە میسر دەرکەوتن، و کاتێک قەتز دەستی گرت بەسەر دیمەشقدا لە ئەنجامی شەری عەین جالوت، خەلیفە ڕۆیشت بۆ حەلەب کە ھێشتا لە ژێر دەستی ئەیوبییەکان بوو، لە حەلەب موبایەعەی پێدرا و ناونرا حاکم بیئەمر لا، لەگەڵ ئەوەی ئەم خەلیفە تەنھا لە حەلەب ناوی ھەبووە لەبەر ئەوە زۆر لە مێژوو نوسان ئەم خەلیفەیە لائەبەن لە لیستی خەلیفەکاندا و دایدەنێن بە ھەوڵێک بۆ ژیانەوەی خەلافەت، بەڵام ھەوڵی تەواو لەسەر دەستی زاھیر بێبرس درا لە سالی ١٢٦٢ز، کاتێک ئەحمەدی کوڕی خەلیفە زاھیر بیئەمر لا گەیشت بێبرس ئاھەنگێکی گێڕا و موبایەعەیان بەڕەسمی موبایەعەیان پێدا و ناویان نا موستەنسیر بیلا و بڕیاری دەرکرد ناوەکەی بخرێتە سەر سکەی پارە و ناوی بھێنرێت لە خوتبەی ھەینیدا.

بێبرس داوای لە خەلیفە کرد کە ڕاسپاردەیەک بنوسێت و ھەموو ئیش و بەڕێوەبردنێکی دەوڵەت باتە دەستی، و خەلیفەش ئەو ڕاسپاردەیەی دا پێی کە خۆی ھیچ شتێکی لە دەستدا نەبوو، و تەنھا وەک ھێمایەک بۆ دەوڵەت و سەرچاوەیەک بۆ شەریعیەتەکەی بوو، ھەروەک باس لەوە کرا بوو لە ڕاسپاردەکەدا کە بەغدا بگەڕێنرێتەوە بۆ دەوڵەت و کورسی خەلافەت ببرێتەوە ئەوێ، کاتێک خەلیفە خۆی بە سەرکردایەتی سوپاکەی دەرچوو بەرەو عێراق، لە یەکێک لە شەڕەکاندا لەگەڵ مەغۆل کوژرا پێش ئەوەی بگاتە بەغدا، و لە قاھیرە موبایەعە درا بە حاکم بیئەمر لای دووەم و سی ساڵ مایەوە.

بە گشتی دەوڵەتی عەبباسی وەک مانای دەوڵەت ڕوخا لەگەڵ روخانی بەغدا ساڵی ١٢٥٨ز، بەڵام خەلافەتی عەبباسی بەردەوام بوو تا ساڵی ١٥١٧ وەک ھێمایەک بۆ دەوڵەت و ڕۆلە ئاینیەکەی، و خەلافەتی عەبباسی ڕوخا لەگەڵ ڕوخانی دەوڵەتی مەملوکی لە شەڕی مەرج دابق کە سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی سەرکەوت بەسەر مەمالیکەکاندا، بە ھیزەکانیەوە بەرەو باشور ڕۆیشت و فەتحی زۆربەی شارەکانی وڵاتی شامی بە ئاشتی کرد و پاشان بەرەو میسر ڕۆیشت و دواین مەمالیک (ئەشرەف تومان بای) لە شەڕی ڕیدانیە شکاند لە نزیک قاھیرە، و لەگەڕانەوەی خۆیدا سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی دوایین خەلیفەی عەبباسییەکان متوەکیلی سێیەمی برد بۆ قوستەنتینیە دوای ئەوەی خەلیفە دەستبەردار بوو لە لە دەسەڵات بۆی، بەمەشە نەک خەلافەت ڕۆیشتە دەستی عوسمانییەکان بەڵکو لقی یەکەمی خەلافەت کۆتایی پێ ھات کە لقی عەرەبی یان بە شێوەیەکی وردتر (لقی قوڕەیش) لەبەرئەوەی ھەموو خەلیفەکانی پێشتر بە ڕاشدین و ئەمەوی و عەبباسییەکان ئەچوونە سەر ھۆزی قوڕەیش کە ھۆزی پێغەمبەر محەممەد بوو، ولقی دووەمی خەلافەت کرایەوە کە نەوەکانی عوسمان بوون.

عەبباسیەکان دوای نەمانی خەلافەتەکەیان[دەستکاری]

چەند دەوڵەتێک دامەزران کە لە نەوەی خێزانی عەبباسیەکان بوون، بە ھۆی ئەو شوێنەی لە جیھانی ئیسلامیدا ھەیەتی لە دوای نەمانی دەوڵەتی عەبباسی و ھەندێک جار میرنشینی عەبباسی پێش ڕوخانی دەوڵەتەکە بە شێوە سەربەخۆ دائەمەزران، کە ھیچ کام لەوانە داوای حەقی خەلافەتیان نەئەکرد دوای ڕوخانی خەلافەتی عەبباسی بە تەواوی لە ساڵی ١٥١٧ز یان لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە ساڵی ١٩٢٢ز وبە گشتی تا ئەمڕۆ، لە شوێنی جیاواز لە جیھانی ئیسلامیدا ژمارەیەکی زۆر خێزان ئەژین کە ئەگەڕێنەوە سەر عەبباسیەکان بە ئەسڵ، بە تایبەت لە سعودیە و یەمەن و تورکیا و ئێران و وڵاتی شام و میسر و سوودان و ھیندستان و پاکستان و ئەفغانستان و ئۆزبەکستان، لەگەڵ ئەوەی دوایین دەوڵەتیان لە ناوچوو ساڵی ١٩٦٧ ھەندێک لە عەبباسییەکان لە شوێنی دیاردان وەک سەرۆکی سۆدان (عومەر ئەلبەشیر).

عومەر حەسەن بە شیر، سەرۆک کۆماری سۆدان لە ساڵی ١٩٨٩ەوە، نەژادی ئەگەڕێتەوە سەر خێزانی جەعلیەکان کە ڕاستەوخۆ ئەچنەوە سەر عەباسی کوڕی عەبدول موتەلیب
  • میرنشینی بادینان: کۆنترین میرنشینی سەربەخۆی عەبباسیە و دامەزرا لە ساڵی ١٣٦٧ لە باشوری کوردستان (کوردستانی عێراق) لە سەر دەستی مەلیک بەھادین عەبباسی یەکێک لە حەفیدەکانی خەلیفە موستەعسیم و شاری عەمادیە کە ئەکەوێتە پارێزگای دھۆک پایتەختەکەی بوو وم یرنشینەکەی ھەندێک لە ناوچەکانی ھەولێر و موسڵی ئەگرتەوە، ئەم میرنشینە ماوەیەکی زۆر مایەوە، و توانی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت لەگەڵ ئەوەی ئەکەوتە سەر سنوری دوو ئیمپراتۆری گەورە عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، لەگەڵ ئەوەی کۆتایەکەی لەسەر دەستی ھیچ کام لەو دوو ئیمپراتۆریەتە نەبوو بەڵکو لەسەر دەستی میرنشینی سۆرانی ڕکەبەری بوو لە ساڵی ١٨٣٤ز. خێرا عوسمانیەکان دەستیان کرد بەسەریدا و خێزانی فەرمانڕەواکە ڕۆیشتن بەرەو حەلەب و ھەندێکیان بەرەو جیزان و یەمەن ڕۆیشتن وئێستا بە (ئال عاسم) ناسراون.
  • میرنشینی جەعلین، لە باکووری سوودانی ئێستا دامەزرا، و ئەگەنەوە بە عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیب ڕاستەوخۆ بێ ئەوەی بچنەوە سەر نەوەی خەلیفە عەبباسییەکان لە قاھیرە و بەغدا، دوای نەمانی مەمالیکەکان ھەندێکیان ڕۆیشتن بەرەو سۆدان کە سەربەخۆییان ڕاگەیاند لە ساڵی ١٥٨٨ لە سەر دەستی سەعید ئەبودەبو سوشەندیان کردە پایتەخت، ١٧ میری عەبباسی حوکمیان کرد تا محەممەد عەلی پاشا دەستی بەسەرا گرت لە کاتی فەتحی سۆدان لە ساڵی ١٨٢٣، بەوە دۆڵی نیلی ڕێکخست.
  • میرنشینی بەھالبۆر، دامەزرا لە وڵاتی سەند ساڵی ١٧٠٢ لە سەر دەستی میر محەممەد موبارەک خانی یەکەم، جێگیربوونی ھۆزە عەبباسیەکان لە ھیندستان ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی عەبباسی، ئەگەنەوە بە عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیب ڕاستەوخۆ بێ ئەوەی بچنەوە سەر نەوەی خەلیفە عەبباسیەکان لە قاھیرە و بەغدا، و میرنشینەکەیان جیا ئەکرێتەوە بە گەشەی ئابوری و گرنگی دان بە زانست و ئەدەب بەتایبەت زانستی شەریعە، و ئەم میرنشینە کۆتایی نەھات بە شەڕ بەڵکو لە ئەنجامی سەربەخۆیی ھیندستان لە ساڵی ١٩٤٧ و دابەشبوونی بۆ دوو دەوڵەت کە پاکستان و ھیندستانی ئێستان، و دوایین خەلیفەی عەبباسی لە بەھاولبۆر خرایە سەر پاکستان.
  • میرنشینی بستیکی عەبباسی دامەزرا ساڵی ١٦٧٣ لەسەر دەستی میر عەبدول قادر کوڕی حەسەن یەکێک لە حەفیدەکانی ھارون ڕەشید، کە ناوچەی ئەھواز وکەنارەکانی کەنداوی عەرەبی لەلای ئێران، ١١ میر حوکمیان کرد تا شای ئێران محەممەد ڕەزا بەھلەوی دەستی بەسەرا گرت ساڵی ١٩٦٧ز، کە دواین دەوڵەت بوو لە نەژادی عەبباسیەکان بێت، و خێزانە فەرمانڕەواکەی ڕۆیشتن بەرەو شانشینی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین.

ئایین[دەستکاری]

ئاینی ئیسلام یەکێک بوو لە پێکھێنەرە سەرەکیەکانی دەوڵەتی عەبباسی لەسەر دامەزرا، ئەم ئاینە پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی لەلایەکەوە سلبی بوو و لە لایەکەوە ئیجابی بوو، کە بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە نێو نەتەوە نا ئیسلامەکاندا کە بە ڕێگەی تایبەتی خۆیان و بە کاریگەری فەلسەفە و بیروباوەڕە کۆنەکانیان تێگەیشتن لێی، و ھەندێک ئیجتیھاد کرا لەلایەن فەقێکان کە بووە ھۆی دروستبوونی تائیفە و مەزھەبی جۆراوجۆر لە ناو دامەزراوە ئیسلامیەکەدا، و ھەندێکیان نەمان و ھەندێکی تریان تا ئەمڕۆ ماون. لەو تائیفە ئیسلامیانەی دروست بوون لە سەردەمی عەبباسی موعتەزیلە و مەرجیئە و ئیبازی و ھتد، ھەروەک لە شیعەدا چەند تائیفەیەکی جیاواز دەرکەوتن وەک، ئیسماعیلی و عەلەوی و دوڕزی، ھەروەھا سۆفیگەری دامەزرا لە سەرەتای سەردەمی عەبباسی.

لە دیارترین کاریگەریەکانی سەردەمی عەبباسی، پێشکەوتن و گەشەسەندنی چوار مەزھەبە گەورەکە بوو کە ئەوانیش (شافعی و مالیکی و حەنبەلی و حەنەفی)ن، ھەروەھا گرنگیەکی زۆریان دا بە فەرمودەکانی پێغەمبەر و ناودارترین کۆکەرەوەکانی فەرمودە لەو سەردەمە دەرکەوتن وەک بوخاری و موسلیم و تورمزی و ئەحمەد کوڕی حەنبەل و ئەوانی تر.

گفتوگۆ ئیسلامییە فەلسەفییەکان یەکێک لە سیماکانی سەردەمی عەبباسی بوو بە تایبەت لە سەردەمی بەھێزیدا، لە دیارترین ئەو گفتوگۆیانە ئەوەبوو کە لەسەر ئەزەلیەتی قورئان بوو، کە موعتەزیلە و ئیبازیەکان وتیان قورئان دروستکراوە و خەلیفە مەئمون پشتی گرتن، لە کاتیکا سوننە و ئەشاعیرەکان ئەڵێن قورئان تەنھا وتەی خوایە، ھەروەک چەندین گفتوگۆی تر ڕویدا لەسەر بینینی خوا لە ڕۆژی دواییدا، و گفتوگۆی پەیوەست بە ڕەگەزی فریشتە و زۆر بابەتی تر.

لەگەڵ ئەوەی ئیسلام ئاینی دەوڵەت بوو بێ دیاری کردنی مەزھەب و تائیفە، بەڵام ئاینەکە کاریگەر دەبوو بە تائیفەی خەلیفەکان، مەئمون و موعتەسیم و واسیق موعتزەیلەیان ڕاگەیاند وەک ئاینی دەوڵەت، و متوەکیل شافعی کرد بە مەزھەبی ڕەسمی، بەڵام موعتەسیم بیلا بەلای شیعەدا ئەیشکاندەوە لەگەڵ خەلیفەکانی کە لە سەردەمی دەوڵەتی بوەیھی ھاتن، بە پێچەوانەی ئەو خەلیفانەی لە سەردەمی دەوڵەتی سەلجوقیدا ھاتن بە لای سوننەدا ئەیانشکاندەوە.

لە سەردەمی گەشەسەندنی عەبباسی پەیوەندی دەوڵەت لەگەل دانیشتووە نا موسڵمانەکاندا باشترین حاڵەتی ھەبوو بە تایبەت لە سەردەمی مەنسور و ڕەشید.

ڕۆشنبیری[دەستکاری]

شیعر[دەستکاری]

لەم سەردەمە ڕەوانبێژترین و زمانپاراوترین شاعیرە عەربییەکان دەرکەوتن کە تا ئێستا شیعرەکانیان ئەوترێتەوە، دیارترین سیماکانی شیعری عەبباسی جۆراوجۆری بابەتەکانیەتی کە ھەموو ڕووەکانی کۆمەڵگە و بابەتەکانی ئەگرتەوە، کە ئەبنە سەرچاوەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی قۆناغە جیاوازەکانی سەردەمی عەبباسی.

شیعری عەبباسی بە پلەی یەکەم شیعری عەرەبی بوو، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک شاعیر دەرکەوتن کە شیعریان بە فارسی و تورکی ئەنووسی، و پاڵپشتی کران لەلایەن فەرمانڕەوا و سوڵتانەکانی ناوچەکەیان، بۆ نمونە؛ جەلالەدینی ڕۆمی لە دایک بوو ساڵی ١٢٠٧ز، کە بە فارسی شیعری ئەنوسی و دامەزرێنەری ڕێگەی مەولەوییە.

ئەدەب[دەستکاری]

منارەی مزگەوتی متوەکیل عەلاڵڵا لە سامەڕای پایتەخت، یەکێک لە شێوەکانی بیناسازی عەباسی

ئەدەب یەکێک لە بوارە دیارەکانی سەردەمی عەبباسی، و تایبەتمەندیەکانی بریتی بوو لە ڕەوانبێژی زمانی بەکارھێنراو لەلایەک و ھەمەجۆری شێوازەکەی لەلایەکی تر، لەگەڵ گەشەسەندنی دەوڵەتدا و دەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆر ئەدیب و شاعیر و چیرۆکنوسان، جوانکاری تێکست و گرنگی دان بە وشەکاری کە لەڕاستیدا بووە ڕکەبەری لە نێوان ئەدیبەکان و ڕکەبەرەکاندا، وەک ئەو مشتومڕانەی ڕوویدا لە نێوان بەدیعو زەمان ھەمزانی و خەواڕزمی لە کۆتاییەکانی سەدەی دەیەم.

لەگەڵ ئەدەبی نوسراودا، ئەدەبی گێڕانەوە بڵاوبوویەوە لەوانە چیرۆکەکانی (ھەزار و یەک شەوە) کە لەوەوە ھەموو چیرۆکە خەیاڵیە عەرەبیەکان نوسراون وەک سیندیباد و عەلی بابا و عەلائەدین و زۆری تر لەو چیرۆکانەی کە ئەگێڕانەوە لە کۆڕەکاندا، تا نوسرانەوە لە سەدەی دەیەم، و وەرگێڕان بۆ زۆر لە زمانە ئەوروپیەکان و سەرکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی.

بیناسازی[دەستکاری]

عەبباسییەکان گرنگیەکی دیاریان دا بە بیناسازی، چەند شارێکی نوێیان بنیاتنا لەوانە شاری بەغدا و سامەڕا و متوەکیلیە و ڕحبە. ھەروەک عەبباسییەکان ھەستان بە بنیاتنانی تۆڕێکی فراوان لە ڕێگا وپرد بە تایبەت لە عێراق، و فێرگە و زانگە ونەخۆشخانەکانیان کردەوە لە شارە گەورەکاندا و شوێنی تایبەت بۆ میوانداری نەدارەکان و ئوتێلی تایبەت بە ڕێبوارەکانی شارەکە، ھەروەک ئاویان لە ڕێگە گشتیەکانیانی ناو شار و دەرەوەیدا دانا.

ھونەری بیناسازی عەبباسی کاریگەری بیناسازی عێراقی کۆنی لەسەر بوو بە تایبەت بیناسازی ئاشوری و فارسی. لەگەڵ بیناسازیدا ھونەری زەخرەفە تێکەڵ کرا، کە زۆر لە ڕەخنەگران بە زمانی ھونەری ئیسلامی دائەنێن، زەخرەفەی مزگەوت و کۆشکەکان بە شێوە ئەندازەیی و ڕوەکیەکانی لە ئەورووپا بە ئەرەبیسک ناو دەبرا.

مۆسیقا وگۆرانی[دەستکاری]

پێشکەوتنی مۆسیقا بەستراوە بە بارودۆخی باشی ئابوری دەوڵەتەوە لە سەردەمی بەھێزیدا و لە لایەن خەلیفەکانەوە پاڵپشتی مۆسیقا و گۆرانی ئەکرا ھەر لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە، مۆسیقای عەرەبی تێکەڵ کرا لەگەڵ جۆرەکانی مۆسیقای سریانی و فارسی و دواتر بە ھۆی ھاتنی وەفدی ھۆزی کوردی و سەلجوقیەکانەوە ئامێرە مۆسیقیە ھەواییەکان بەکارھێنران و جێگەی ئامێرە مۆسیقیە وەتریەکانی گرتەوە کە لای عەرەب پێشتر بەکار ئەھێنران.

زانست[دەستکاری]

زانستە گشتییەکان[دەستکاری]

یەکێک لە نەخشەکانی ئیدریسی

عەرەب لە نیمچەدوورگەی عەرەبی زانستی ھەمەجۆریان نیە، ھەروەک ئەمەوییەکان گرنگیان نەدا بە بوارە ھەمەجۆرەکانی زانست، لەبەر ئەوە دامەزراندنی زانستی عەرەبی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەبباسی، سەرەتا پشتیان ئەبەست بە وەرگێڕانی ئیشی فەیلەسوف و زانا یۆنانیەکان وەک ئەرستۆ و ئەفڵاتون ئەمەش بە پاڵپشتی چینی فەرمانڕەوا، و لە قۆناغی دووەمدا زانا عەبباسییەکان داھێنانیان کرد لە زانستی بیردۆزی و تەکنیەکاندا لە یەک کاتدا، ھەر لەو کاتانە نەزانی و نەخوێندەواری لە ئەورووپادا بڵاو بوون بە شێوەیەکی ترسناکانە کە ئەگەر ھەوڵی خەلیفەکان و دەوروبەریان نەبوایە زانستی ئیغریقی بە تەواوی تیا ئەچوو، ئەمەش وایکردووە کە ژمارەیەک لە مێژوونوسە ڕۆژئاواییەکان زانست لە ڕاستیدا بە یەکێک لە دامەزراوەکانی شارستانی ئیسلامی ئەژمێرن، جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمەوییەکانی ئەندەلوس بە ھەمان شێوە ھانی زانستیان داوەو لە ڕێگەی قوڕتوبەوە زیاتر زانستەکان گوازراوەتەوە بۆ ئەورووپا تا لە ڕێگەی بەغداوە. بێجگە لە قۆناغی شەڕی خاچھەڵگری و بوونی سەفەراتەکان، کە گوێزانەوەی ئەم زانستانە بوونە ھۆکاری دروستبوونی شارستانەتێکی مرۆڤایەتی نوێ.

زۆر لە مێژوونوسان ھۆکاری ئەو داڕمانەی لە زانستی عەبباسیدا ڕوویدا لە سەدەی دەیەمەوە ناگەڕێننەوە بە تەنھا بۆ ئاڵۆزی باری سیاسی و خراپبونی ئاستی گوزەران، بەڵکو ھۆکارێکی تر دەرکەوتنی ئاڕاستە ئاینیە توندڕەوەکان بوو کە دەستی گرت بەسەر کۆشک و بەشێوەیەکی سلبی کاری کردە سەر زانست.

لە دیارترین دەستکەوتەکانی سەردەمی عەبباسی، کێشانی یەکەم نەخشەی ھەموو جیھان بوو لەسەر دەستی (ئیدریسی) کە ساڵی ١١٠٠ز لە دایک بووە وکتێبەکەی لە بواری جوگرافیادا بە یەکەم کتێبی ئەو بوارە دادەنرێت لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوادا. ھەر لە زانا دیارەکانی عەبباسیەکان ئیبن ھەیسەمە کە نزیکی ھەزار دانراوی ھەیە لە بواری پزیشکی و فەلسەفە و بیرکاری و فیزیا، و زانا عەبدوڵڵا بەتانی ناسراو بە زانستی بیرکارییە و ھەروەک زانا (ئیبن سینا) دەرکەوت لە بواری یاساکانی پزیشکی و زانا (ئیبن بیتار) دەرکەوت لە بواری دەرمانناسیدا لەگەڵ زانا جابری کوڕی حەیان کە زانایەکی کیمیا بوو و ھارون ڕەشید یارمەتی دا. ھەروەک زانا (کەنەدی) ھەیە کە لە دیارترین فەیلەسوفەکان بوو و ھەروەھا ڕازی کە دانراوی پزیشکی و گەردووناسی دیاری ھەیە و بە ھەمان شێوە زانستی مێژوو پێش کەوت و لە مێژوونوسە دیارەکانی ئەو سەردەمە (ئیبن کەسیر) ە ھەروەھا ئیبن خەلکان، ھەر لەو زانستانەی لە دەوڵەتی عەبباسیدا دروستبون زانستی جەبرە کە خواڕزمی یاسای یەکەم لۆگاریزمی داھێنا لە جیھاندا.

تەنھا موسڵمانەکان سەرگەرمی زانست نەبوون وزۆر لە زانا نا موسڵمانەکان دەرکەوتن وەک کسیۆفیلی کوڕی توما کە لە پایەی گەورەی زاناکانی گەردونناسی بوو لای خەلیفە، ھەروەھا قەیسی مارۆنی مێژوونوس کە دانراوێکی دانا مێژووی ھەموو مرۆڤایەتی نوسیەوە لە سەردەمی دروستبوونی ئادەم تا خەلیفە موعتەزید، و زۆر زانای تر.

وەرگێڕان[دەستکاری]

عەبباسییەکان گرنگیان دا بە وەرگێڕانی کتێب و نوسراوە کۆنەکان بۆ عەرەبی، کە ئەوە سەرەتای شۆڕشە ڕوناکبیری شارستانیەکەی سەردەمی عەباسی بوو، عەرەب گوێیان نەدا بە زمانی یۆنانی کە زۆربەی دانراوە کۆنە زانستیەکانی پێ نوسرا بوو وەک ئەوانەی ئەرستۆ و ئەفلاتون، لەگەڵ گرنگی دانی خەلیفەکان بە زانست بەتایبەت ئەبوجەعفەری مەنسور و ھارون ڕەشید و مەئمونی کوڕی، دەستکرا بە وەرگێڕان لە بەگشتی لە سریانیەوە و بە شێوەیەکی کەمتر لە فارسیەوە، و وەرگێڕانەکان بە دوو قۆناغ ئەکرتن لە یۆنانیەوە بۆ سریانی و پاشان لە سریانیەوە بۆ عەرەبی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]