عومەر خەییام

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
033-Earth-could-not-answer-nor-the-Seas-that-mourn-q75-829x1159
Inscript in Morića Han

ئەبوولفەتح عومەر کوڕی ئیبراھیم خەیام، ناسراو بە "عومەر خەیام" لە ساڵی ٤٣٩ی کۆچیی مانگی لە شاری نیشابووری ئێران لە دایک بوە. خەیام یەکێک لەو مەزنە تۆرەڤانانەی ئێران و تەنانەت جیھانیشە کە نەک تەنیا بۆ وڵاتەکەی تەنانەت بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش جێگەی فەخر و سەربەرزییە. ئەو مرۆڤە بلیمەتە لە زۆربەی زانست و ھونەری و ... سەردەمی خۆیدا شارەزایی و وەستا بوەو، لە حیکەمت و ئەستێرە ناسیدا کەموێنە بوە. زۆر لە خەڵکان ھەرکات گرێیەکیان لە کارەکانیان دەرکەوت و بۆیان نەکردایەوە ھانایان وەبەر خەیام دەبرد. خەیام یەکێک لە لایەنگرانی "ئیبنی سینا" بووە. خەیام گەلێ سەفەری بۆ ئەملاوئەولایان کردوە وەک: ئیسفەھان، بەلخ، ھەرات، سەمەرقەند، بوخارا و حیجاز و ...ھتد. عومەر خەیام لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بە دەستووری جەلالەدین مەلەکشای سەلجووقی ڕۆژژمێری ئێرانیی دەستکاری و نۆژەن کردەوە و زۆر کاری دیکەی لەو بوارەدا بە ئەنجام گەیاند. سەرەنجام خەیامی نەیشابووری لە ساڵی ٥١٧ی کۆچیی مانگی بۆ ھەمیشە بەرەو ھەوارگەی باوەجێ رۆیشت و لە "ئیمامزادە محروق" لە نیشابوور بەخاک ئەسپێردراوە. ھەنووکە گۆڕی خەیام بۆتە زیارەتگەیەکی پیرۆز بۆ ئەدەبدۆست و ھونەرمەندانی ئێران و جیھان.

گۆڕی خەیام لە نیشابوور

ناوبانگی خەیام لە سەردەمی خۆیدا زۆرتر لە بوارەکانی حێکمەت، پزیشکی ، ئەستێرەناسی و بیرکاریدا بوە. لەو کاتەدا بە ھیچ شێوەیەک شاعیری نەکردۆتە پیشەی خۆی و سەڕەڕِای چوارینەکانی و رەنگینەکانی بانگەشەی شاعێرێتی نەکردوە. بەڵام ھەنووکە ناسراویی و ناوبانگی خەیام زۆرتر بە خاتری چوارینە فەلەسەفییەکانیەتی. خەیام سەرەڕای نێوبەدەرەوەیی زانستی و کەسایەتیی و بلیمەتی، لە ھۆنینەوەی ھەڵبەستەکانی (چوارینەکانی)دا ھەرچەندە کەم، بەڵام پاراو و پڕ نێوەرۆک خەیامی گەیاندۆتە لووتکە، چوارینەکانی خەیام لەوپەڕی رەوانی و پاراویدا، بەدوورن لە ھەر چەشنە رواڵەت سازییەک. ھەڵبەست و ھۆنراوە رەنگینەکانی سەرەڕای سادە و ساکار و رەوان بوونیان، لێوڕێژ و پڕن لە واتا و چەمکی فەلسەفیانە. ھەربۆیەش تاکوو ئێستا بەچەندین زمانی زیندووی جیھان وەڕگێردراون.


لە راستیدا خەیام لە ھەڵکەوتووترین ھەڵبەستڤانێکە کە، ھەڵبەستی بۆ بیروەزری فەلسەفی خۆی بەکار ھێناوە و ھەڵبەستەکانی زۆر بە روونی و جوانی توانیویانە پەیامە فەلەسەفییەکانی بۆ سەرانسەری جیھان و کۆمەڵگەی مرۆیی بگوازێتەوە.

سەرسووڕمان لە خولی دەوران، نەگەیشتن بە راز و نیازەکان، مەرگ و نەمانی مرۆڤ، ناپایەداری گەردوون، لەدەست نەدانی ھەل و کات، بێتوانایی و دەستەوەستانیی مرۆڤەکان لەھەمبەر سووڕی زەمەن لە چەمکە سەرەکییەکانی ھەڵبەستەکانی خەیام پێک دێنن.

خەیام مرۆڤێکی سەمەرە(فوق العادە) بوە کە پایە و کۆڵەکەی ھزر و ئەندیشە فەلسەفییەکانی لە شوێن و کاتێک دامەزران کە لێواولێو بوە لە نەزانی و جەھل و دەمارگرژی.

کۆمەڵێک خەیام بە سۆفی دەزانن و واتا و چەمکی سۆفیانە لە چوارینەکانیدا ھەڵدەھێنجن. ئەگەرچی لە ھەندێک پەیڤ و ھۆنراوە و چوارێنەکانی وتارو چەمکی سۆفیانە رەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە: بێبایەخ کردنی دنیا و زەمەن و کات! ئیدی ئەوە ھۆی ئەوە نیە کە خەیام سۆفی بوە. دەکرێ بڵێین کە خەیام لەو تاقانە بلیمەت و زانایانەیە کە ئێستاشی لەگەڵ دابێ ھزر و ئەندیشە و بیرەکانی چرای رێگای داھاتوون. ھێڵی سەرەکی ھزر و ئەندیشەی خەیام خوێندنەوە، ئاگاکردنەوەی مرۆڤ لە گەردوون و مەرگ و ژیانە. بۆ ئەوەی بێ وەفایی و بێ برەویی گەردوون و جیھان باشتر بۆ مرۆڤەکان دەربخا و ، سام و قەڵافەتی مەرگ روونتر دەکاتەوە باسی مەرگی "پەری روومەتان" دەکا و دەڵێ :

خاکێ کە لە ژێر پێ و پلی شوانانە سنگ و مەمک و کوڵم و دەمی جوانانە یان بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتدران و خاوەن کۆشک و قەڵایان نیشان بدا کە ، مەرگ رۆژێک بەرۆکی ئەویش دەگرێ ، دەڵێ :

ھەر خشتێ لە لا قوژبنی دیوارێکە
یان شانی وەزیرەیان سەری سوڵتانێکە
ئەم گۆزە کە جێ ئاوی کرێکارێکە
چاو و دڵی چەندە وەزیر و خونکارێکە

خەیام باوەڕی وابوو کە مرۆڤ لەھەمبەر چەرخی گەردوون لاواز و دۆش دامانە. واتە ھەرچەندە بەرزبێتەوە و ھەرچەندە نزم بێتەوە و چەندە کەم و زۆر کات سەرەنجام رۆژێک مەرگ بەرۆکی دەگرێ!؟ راوێژی خەیام لە ھەندێک بارودۆخدا سەرەڕای "لێبڕاوێتی" لە پەیڤدا، سارد دەبێتەوە و بۆ وێنە: مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی دەستەوەستان و بێدەسەڵات نیشان دەدا و لە ھاتن و چوونی مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ:

ھاتوومە جیھان چم بە چ کرد؟ تێگەی: ھیچ
ھەر بنج و بنەوانی جیھان دەرخەی: ھیچ

یان:

ئەم کۆنە سەراو پەردەکە دنیای ناوە
شایی لەبەرێک، شینە لە پیێنسەد لاوە

یان:

لەم ھاتنە بێھوودەیە بیرم شاشە
سەرباری خەمان بیروخەمی ئەولاشە

لە روانگەی خەیامەوە راز و نێھنییەکانی سروشت زۆر لەوە قووڵتر و پڕماناترن، کە گرێی ئەو رازە ھەروا بە ئاسانی بکرێتەوە. بەڵام بنەمای گەردوون لە ھاتن و چووندا دەبینێتەوە!! قسە لەسەر خیام و ، بیرو باوەڕی خەیام بێکۆتاییە. خەیام ھەڵکەوتوویەک بوە کە لە چاخی خۆیدا ئەگەر لە ھەموو خەڵکی دەورووبەری خۆی زاناتر نەبووبێ، لە ھەمووان ئازاتر و بوێرتر بوە." لە جیھان ورد بۆتەوە و تێی ڕوانیوە و زانیویە کە ئەم کردارە رەنگین و سەنگینە بە بێ وەستا نەکەوتۆتە گەڕ و دانەرو رانەرێکی ھەر دەبێ ھەبێ".

خەیام لە ھەموو لێکدانەوەکانیدا گەیشتۆتە سەر ئەو قەناعەت و باوەڕە کە تێگەییوە کە ھیچی لێ تێناگا؟! ئەوەش بەڕاستی پایە و بنەمایەکی بەرزە لە زانستداو، بۆ ئێمەی مرۆڤی ئەو سەردەمە دەبێ وەک قوتابخانەیەک سەیری بکەین و لێی فێربین.

سۆقرات دەڵێ: من و خەڵکی ئاتینا نەزانین. من دەزانم کە نەزانم. بەڵام ئەوان ئەوەندە زانا نین کە بزانن نەزانن. ھەر ئەوە جیاوازییە گەورەیەش دەبێتە ھۆی کوشتنم.

سەرچاوەکان[دەستکاری]