بەغدا

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
بەغدا
—  شار  —
بغداد
وێنەی شاری بەغدا
بەغدا لە عێراق ھەڵکەوتووە
بەغدا
جێگەی بەغدا لەسەر نەخشەی عێراق
پۆتانەکان: 33°20′00″N 44°26′00″E / 33.3333333°N 44.4333333°E / 33.3333333; 44.4333333پۆتانەکان: 33°20′00″N 44°26′00″E / 33.3333333°N 44.4333333°E / 33.3333333; 44.4333333
وڵات  عێراق
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١١)
 • سەرجەم ٧٬٢١٦٬٠٤٠

شاری بەغدا (بەعەرەبی: بغداد، بەئینگلیزی: Baghdad، بەتورکی: Bağdat)، گەورەترین شاری عێراقە و دووەم شاری گەورەی عەرەبییە لە نیشتمانی عەرەبیدا لەپاش قاھیرە. بەغدا لەنێوان ساڵانی ٧٦٢ بۆ ٧٦٤ درووست کراوە. لەسەردەمێکدا پایتەختی خەلافەتی عەبباسی بووە. روباری‌ دیجلە بە ناوەڕاستیدا تێدەپەڕێت و بەغدا دەکات بە دوو بەشەی‌ سەرکییەوە لەڕووی‌ جوگرافییەوە، شاری‌ بەغدا لە دەیەی‌ یەکەمی‌ سەدەی‌ ھەژدەیەمی‌ زاییندا مەسنووڕبەشێوەیەکی‌ بازنەیی‌ بە دەوری‌ رووباری‌ دیجلەدا نەخشەسازی‌ بۆ کێشاوە و دروستی‌ کردووە. بەغدا لە کۆندا پایتەختی‌ عوسمانییەکان بووەو پایەیەکی‌ بەرزی‌ ھەبووە لەو کاتەدا، لە بەر ئەوەی‌ بە گرنگترین ناوەندی‌ عیلم و زانیاری‌ ژمێردراوە، بۆ ماوەی‌ چەند سەدەیەکیش جێگەی‌ پێکگەشتن و ژوانی‌ زاناکانی‌ ئەو سەردەمە بووە. شاری‌ بەغدا یەکێکە لەو شارەنانەی‌ لە مێژووی‌ دەوڵەتی‌ عەباسیدا پانتاییەکی‌ گەورەی‌ ھەیە و پەیوەستە بە مێژووی‌ ئەوانەوە ، لە بەرئەوەی‌ دووەمین خەلیفەی‌ عەباسییەکان کە ئەبو جەعفەری‌ مەنصور بوو لە ساڵی‌ ٧٦٢ی‌ زاییندا بەغدای‌ بە پایتەختی‌ خۆی‌ ھەڵبژارد دوای‌ ئەوەی‌ بە سەر نەیارەکانیدا سەرکەوت لە عەباسی‌ و عەلەوێکان ، شاری‌ بەغداد لەو سەردەمەدا لەڕووی‌ بیناسازییەوە شتێکی‌ جیاوازو نوێ‌ بوو، لە چاو شارەکانی‌ دیکەی‌ عەرەبدا، ئەو سەردەمە لەڕووی‌ شێوە بازنەیی‌ و بیناسازییە قەشەنگەکەیەوە کە لە ئەورووپادا بە ھونەری‌ ئەرابێسک ناسراوە کە ھونەرێکی‌ تایبەتە بە زەخرەفەی‌ ئیسلامیی‌، لە سەردەمی‌ (ھارونە رەشید)دا ئەم شارە گەشتۆتە لقە پۆپەی‌ بەرزی‌ و شکۆداریی‌ خۆیی‌ و خانوەکانی‌ تادەھات بە چواردەوریدا جوانتر و فراوانتر دەبوون و وەک چەند شارێکی‌ بچکۆلەی‌ یەکگرتوو دەھاتە بەر چاو کە ژمارەیان ٤٠ شارێک دەبوو.

مێژوو[دەستکاری]

شاری‌ بەغدا، پاش مردنی‌ ھارونە رەشید لە ساڵی‌ ١٩٣ی‌ کۆچیدا کە بەرامبەر بە ٨٠٩ زایینی‌ دەکات، ئەمینی‌ کوڕی‌ ھارونە رەشید، بە خەلیفە ھەڵبژێردرا، لە سەردەمی‌ ئەمیندا، ئاشوب‌ و شەڕو شۆڕێکی‌ زۆر، کەوتە شاری‌ بەغداوە تا بە کوشتنی‌ خۆی‌ کۆتایی‌ پێھات، دوایی‌ ئەو مەئمونی‌ برای‌ کرا بە خەلیفەی‌ بەغدا لە ساڵی‌ ٨١٤ی‌ زایندا، لە دوای‌ مردنی‌ ھارونە رەشید بە دوو ساڵ ناکۆکی‌ دەکەوێتە نێوان ئەمین مەئمونەوە و بەم جۆرە دەسەڵاتێکی‌ سەربازی‌ تێدا ھاتەکایەوە، لە سەردەمی‌ مەئموندا بەغدا بۆ یەکەمین جار ماوەی‌ ١٤ مانگ گەمارۆی‌ ئابووری‌ سەپاوە بە سەریداو بە حوکمی‌ ئاگرو ئاسن چووە بەڕێوە. لە کۆتایی‌ ٨١٢ی‌ زایین دا ھەردوو سەرۆکی‌ سوپای‌ مەئمون کە ناویان (ھەرسەمەو گاھیر) بوو توانیان لە دوو قۆڵەوە گەمارۆی‌ شاری‌ بەغدا بدەن، بەو شێوەیە خەلیفە لە کۆشکی‌ سەرۆکایەتی‌ خۆیدا کە بە کۆشکی‌ خولد ناسراوە و دەکەوێتە سەر کەناری‌ دیجلە، بە تەنیا مایەوە، لەکاتێکدا کە ھەوڵی‌ خۆدەربازکردنی‌ دەدا بەدیل گیراو کوژرا، بەو شێوەیە گەمارۆکە کۆتایی‌ پێھات ، بەڵام بە کوشتنی‌ ئەمین خەڵکی‌ شاری‌ بەغدا زۆر توڕەو نیگەران بوون ، بەم شێوە وێرانی‌ و قاتوو قڕی‌ ڕووی‌ لەو شارە کرد و جوانییەکەی‌ پێشوی‌ نەما.

پاش دروستبوونی‌ پشێوی‌‌و شەڕو شۆڕ لە بەغدادا، نزیکەی‌ دوو ساڵێک ئیبراھیمی‌ کوڕی‌ مەھدی‌ عەباسیی‌، بەسوود وەرگرتن لەو ناکۆکیانەی‌ کە لە نێوان خەڵک و عەباسییەکاندا ھەبوو، خەریک بوو دەسەڵات بگرێتە دەست، بە لام بەھۆی‌ ناپاکی‌ لێکردنی‌ سەرکردەکانیەوە ناچار بوو دەسەڵات بداتەوە دەست مەئمون، لەبەر ئەوەی‌ مەئمون فارسەکان پشتیوانیان لێدەکرد و ھەوڵی‌ دەدا کە پایتەختی‌ عەباسی‌ بگوازێتەوە بۆ خوراسان بۆ ئەوەی‌ بە باشی‌ کۆنتڕۆڵی‌ کاروبارەکانی‌ دەوڵەت بکات، داوای‌ ئەویش حەسەنی‌ کوڕی‌ سەھل خەلافەتی‌ وڵاتی‌ عێراق و حیجاز و یەمەنی‌ گرتە دەست، بەو شێوەیە باری‌ ئەمنی‌ بەغدا رووی‌ لە خراپی‌ کردو بشێویی‌ و فیتنە باڵی‌ بەسەردا کێشا بە یەکجاری‌، تا ئەو کاتەی‌ کە مەئمون لە ساڵی‌ ٨٢٠ گەڕایەوە بەغداو ئەو شارەش کەمێک گەرایەوە سەر دۆخی‌ جارانی‌ خۆی‌، تا ساڵی‌ ٨٣٤ زایین مەئمون کۆچی‌ دوایی‌ کردو خەلافەت درایە دەست موعتەسەمی‌ برای‌ . لەو کاتەوە بەغدا ئارامی‌ بەخۆیەو نەبینی‌ تا ساڵی‌ ١١٥٧ زایین، لەو مەملەکەتە گەورە و ئاوەدانە تەنھا شارەکۆنەکە خۆی‌ و ھەندێک لە دەوروبەری‌ مانەوە. لە ساڵی‌ ١٢٥٨ دا ھۆلاکۆش بە سوپایەکی‌ گەورەوە گەمارۆی‌ بەغدای‌ داو داگیری‌ کرد، ئاگری‌ شەڕو فیتنەی‌ ناوخۆش ھەر بەردەوام بوو، تا ئەو دەمەی‌ تەتارەکان چونە بەغدا و کۆتاییان بە دەسەڵاتی‌ موعتەسەم ھانی‌ و خۆیی‌ و ماڵ و منداڵ و دارو دەستەکەیان ھەموو کوشت و قەتڵ و عامێکی‌ گەورەشیان لەو شارەدا بەرپاکرد و بەزەییەیان بە ژن و منداڵ و پیریشدا نەھاتەوە، بەو شێوەیە کۆتایی‌ بە دەسەڵاتی‌ خەلافەتی عەبباسی‌ ھات کە زیاتر لە پێنج سەدەی‌ خایاند.

شاری‌ بەغدا لە سەردەمی‌ ئەحمەد جەلائیری‌دا تەیمووری لەنگ زیاد لە جارێک پەلاماری‌دا و دواجاریان لە ساڵی‌ ١٤٠٠ زایندا داگیری‌ کردو ئازارو ئەشکەنجەیەکی‌ زۆری‌ دانیشتوانەکەی‌ داو پەرژو بڵاوەی‌ پێکردن و لە ماوەی‌ ھەفتەیەکدا کارێکی‌ وای‌ پێکردن بەھیچ زمانێک باسناکرێت. پاش ئەوەی‌ تەیموری‌ لەنگ لە ساڵی‌ ١٤٠٤ی‌ زایندا کۆچی‌ دوایی‌ کرد، جارێکی‌ دیکە سوڵتان ئەحمەد جەلائیری گەڕاوە بۆ بەغداد لە ١٤٠٥دا ، دوای‌ ئەویش ناکۆکی‌ کەوتە نێوانیان لەگەڵ سوڵتان قەرە یوسفی‌ تورکمان نەژاددا و تورکمانەکان لە ساڵی‌ ١٤١٠ دا توانیان سوڵتان ئەحمەد بکوژن و لە ساڵی‌ ١٤١١ بە سەرۆکایەتی‌ محەمەد شا بچنە سەر حوکم و دەسڵاتی‌ شاری‌ بەغدا بگرنەدەست دوای‌ ئەوەی‌ دەرگاکانی‌ ئەو شارە لەلایەن خەڵکەکەیەوە داخرا بە ڕوویاندا. بەو شێوەیە بەغدا لە ژێر دەسەڵاتی‌ تورکمانەکاندا مایەوە تا ساڵی‌ ١٥٠٩ زاینیی‌ ، تا ئەو کاتەی‌ سەفەوییەکان بە سەرکردایەتی‌ شا ئیسماعیلی‌ سەفەوی بەغدایان داگیر کرد لە ساڵی‌ ١٥٣٥ زاییندا، لە دوای ئەوانیش جارێکی‌ دیکە عوسمانییەکان ھاتنەوەو دەسەڵاتیان لە سەفەوێکان سەندەوە و دواجار جارێکی‌ دیکە سەفەوییەکان توانیان لە ساڵی‌ ١٦٢٤دا دەسەڵاتیان لێبسەننەوە و تا ساڵی‌ ١٦٣٩ فەرمانڕەوایی‌ بەغدایان کرد، تا ئەو دەمەی‌ سوڵتانی‌ عوسمانیی‌ مرادی‌ چوارەم حوکمی‌ بەغدای‌ گرتە دەست و تا ئەو کاتەی‌ کە ئینگلیزییەکان لە ئاداری‌ ١٩١٧دا ھاتن و دەسەڵاتیان گرتە دەست ھەر ئەوان حوکمی‌ بەغدایان کردووە. بەمشێوەیە بەغدا ھەروەکو زۆربەی‌ ناوچەکانی‌ دیکەی‌ عێراق کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی‌ و ئینتدابی‌ بریتانیاوە تا ئەو کاتەی‌ شۆرشی‌ بیست واتە پورە ئەلعەشرین دەستی‌ پێکرد.

لەمێژووی‌ شارستانیدا[دەستکاری]

شاری‌ بەغدا لە چوارچێوەی‌ شارستانیەتی‌ خۆیدا چەند گۆرانکارییەکی‌ گەورەی‌ بە سەردا ھاتووە، لە سەردەمی‌ بابلیی و سلوقی‌ و گریک و تورک و فارسەکانەوە کە بە شارەکانی‌ کیسرا ناودەبرا دەستی‌ پێکردوە ھەتاکو ئەمڕۆ کە بە بەغدای‌ عێراقی‌ فیدڕاڵ دەناسرێت. دوای‌ ئەو ھەموو کارەسات و نەھامەتییەی‌ کە بە سەر شاری‌ بەغدادا ھاتووە لە مێژوودا، ھێشتا ھەروەکو خۆی‌ ماوەو لە ھەردوو دەرگای‌ سەروو خوارویەوە بە ڕووکاری‌ ڕۆژئاوای‌ دیجلەدا چەند ناوچەیەکی‌ دیکەی‌ نوێش چۆتەسەری‌. بەغدا لە سەردەمی‌ ھارونە رەشیددا مەڵبەندی‌ رۆشنبیریی‌ و زانست بوو، لە ٨٠٠ زایندا ئەو دەمە دانیشتوانەکەی‌ پتر لە یەک مایۆن کەس دەبووە، بەڵام بەھۆی‌ شەڕە یەک لە دوایەکەکانی‌ تورک و تەتار و فارس و مەغولەوە کاولو وێران بوو، ھەروەھا گەلێک کارەساتی‌ وەک سوتان و لافاو نەخۆشی‌ و برسێتیش ڕوویان تێکردووە .

شاری‌ بەغدا لە ساڵی‌ ١٩٢١دا بۆتە پایتەختی‌ عێراق و بەھۆی‌ شەڕی ئێران و عێراقەوە لە ساڵانی‌ ھەشتاکاندا و جەنگی‌ کەنداوی‌ دووەم لەساڵی‌ ١٩٩١دا و جەنگی‌ کەنداوی‌ سێیەم لە ساڵی‌٢٠٠٣، جارێکی‌ دیکەش کەوتۆتەوە بەر شاڵاوی‌ وێران کاریی‌ و قات و قڕی ‌و برسێتی‌ و شەڕی‌ برکوژیی‌ و تایەفەچێتی‌ بەھۆی‌ سیاسەتی‌ وڵاتانی‌ دراسێیەوە. ئێستا شاری‌ بەغدا دەکەوێتە سەرووی‌ شاری‌ بابل بە ٩٠ کیلۆمەتر و چەند کیلۆمەترێکیش لە سەروی‌ شاری‌ قتیسون واتە ئەلمەدائینی‌ جارانەوەیە کە بە سەنتەری‌ ناوەندی‌ وڵات دادەنرا تا ئەو کاتەی‌ لە سەردەمی‌ عەباسێکاندا شاری‌ بەغدای‌ ئێستا جێگای‌ گرتەوە.

مێژووی‌ فەرمانڕەواییکردن لە شاری‌ بەغدا[دەستکاری]

ئەو کەسانەی‌ کە لە شاری‌ بەغدادا فەرمانڕەواییان کردووە زۆرن، بەڵام گرنگترینیانە ئەمانەن:

ناوە مێژووییەکانی بەغدا[دەستکاری]

لەوانە "ئەلمەدینە ئەلمدەوەرە" واتە شارە خڕەکە کە شتێکی‌ نوێ‌ بوو لە سەردەمی‌ خۆیدا.[ژێدەر پێویستە]

ھەروەھا دارولسەلام ، زەورا. ئەو شوێنەی‌ لە بنەڕەتدا بەغدای‌ تیادامەزرا پێی‌ دەوترا شوینزییە.

مۆزەخانەو مزگەوت و قوتابخانە کۆنەکان[دەستکاری]

لە شاری‌ بەغدادا چەند مۆزەخانەیەکی‌ تێدایە پاشماوەی‌ گەلێک ئاسەواری‌ کۆنی‌ تێدا نیشان دەدرێت وەکو خشڵ و دراوی‌ کۆن و پەیکەری‌ کۆنی‌ سەدەکانی‌ پێش زایین ھەتا سەدەی‌ حەڤدەی‌ زاینیی‌، ھەروەھا ئاسەواری‌ سەردەمی‌ خەلافەتەکانی‌ ئیسلامی‌. لە شاری‌ بەغدادا کۆنترین مزگەوتی‌ مێژوویی‌ تێدایە مێژوویان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی‌ موعتەسەم، لەوانەش مزگەوتی‌ ئەلخولەفا کاتی‌ خۆی‌ بە مزگەوتی‌ خەلیفە موعتەسەم ناوی‌ براوە، ھەروەھا مزگەوتی‌ ئەحمەدییە کاتی‌ خۆی‌ قوتابخانەکەی‌ ئیمام ئەحمەدی‌ حەنبەل بووەو مزگەوتی‌ ئیمام موسای‌ کازم ‌و مزگەوتی‌ مەرجان کە دەکەوێتە بازاڕی‌ شۆریجەی‌ شاری‌ بەغداوە. ھەروەھا مزگەوتی‌ مەنسور و مەھدی‌ و مزگەوتی‌ رەسافە، ھەروەھا چەند قوتابخانەیەک کە خاوەنی‌ مێژوویەکی‌ دێرینن، وەکو قوتابخانەی‌ ئەلشەرقییە لە نزیک مەزارگەی‌ ئەبی‌ حەنیفەی‌ نوعمان و قوتابخانەی‌ موەفەقییە، ئاسفییە، سلجوقییە، نازمیە.

ئابووری[دەستکاری]

شاری‌ بەغدا لەرووی‌ بازرگانییەوە بە سەنتەرێکی‌ گرنگی‌ بازرگانی‌ دادەنرێت، بۆ ھەموو پارێزگاکانی‌ عێراق، ھاوکات چەند کارگە و وەرشەیەکی‌ پیشەسازیی‌ گرنگی‌ تێدایە لە بەرئەوەشە کە بە سەنتەری‌ پیشەسازیی‌ دەژمێردرێت، لە ھەمان کاتیشدا.

ھەروەھا بەغدا وەکو بازنەیەکی‌ پەیوەندی‌ وایە لە نێوان سووریا و تورکیا و ھیندستان و خوارووی‌ رۆژھەڵاتی‌ ئاسیادا کە لەڕووی‌ بازرگانیردنی‌ نێودەوڵەتییەوە شوێنێکی‌ گرنگی‌ ھەیە، ھاوکات بە غدا لەڕووی‌ گەشتیارییەوە شوێنی‌ گرنگە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ساڵانە ڕووی‌ تێدەکەن، بەتایبەتی‌ زۆربەیان لە وڵاتانی‌ دراسێوە دێن بە مەبەستی‌ زیارەت کردنی‌ شوێنە پیرۆزەکانی‌ وەک شاری‌ نەجەف و کەربەلا و چەند شوێنی‌ دیکەش کە بە شاری‌ بەغدادا تێدەپەڕن. لە ھەمان کاتیشدا لەڕووی‌ کشتوکاڵییەوە بە ناوچەیەکی‌ گرنگی‌ عێراق دادەنرێت، لەبەرئەوەی‌ سامانێکی‌ ئاویی‌ باشی‌ ھەیەو زەویەکەشی‌ بە پیتە.

دیمۆگرافیا[دەستکاری]

زۆرینەی‌ دانیشتوانی‌ شاری‌ بەغدا سوننە مەزھەبن‌و ھاوکات ‌و کورد و تورکمانیش پێکھاتەیەکی‌ دیکەی‌ دانیشتوانی‌ ئەم شارەن. یەزیدی‌ و سوبی‌ و مەسیحییەکانیش کەمایەتییەکی‌ دیکەن و لە پێش ساڵی‌ ١٩٤٨یشدا جولەکەکانیش رێژەیەکی‌ زۆریان لەشاری‌ بەغدا ھەبوون، بەڵام دوای‌ دامەزراندنی‌ دەوڵەتی‌ جولەکە ژمارەیان بەرەبەرە ڕووی‌ لە کەم بوونەوە کرد تا ساڵانی‌ پەنجاکان وای‌ لێھات ژمارەیان بەرەو نەمان چوو.

بیناسازی و نیشتەجێبوون و دانیشتوان[دەستکاری]

لە ئێستادا شاری‌ بەغدا بە یەکێک لە چوار پایتەختە گەورەکەی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامیی‌ دادەنرێت لەڕووی‌ گەورەیی‌‌ و زۆریی‌ دانیشتوانەکەیەوە، شاری‌ بەغدا بە شەقامە پان ‌و رێکەکانی‌ بەناوبانگە کە بەدەوریدا کۆشک و تەلاری‌ مۆدێرن چوون بە ئاسماندا، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١١، ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە ٧,٢١٦,٠٤٠ کەس بووە.

شوێنە بەناوبانگەکانی بەغدا[دەستکاری]

لەشاری‌ بەغدادا گەلێک شوێنێکی‌ گرنگ‌و بەناوبانگ ھەن کە بوونەتە ناسنامەی‌ ئەو شارە. لەوانەش قوتابخانەی‌ (الاصفیة و مزگەوتی‌ مەرجان و مزگەوتی‌ قەبەلانی‌ و زانکۆی‌ مستنصریة و مزگەوتی‌ خولەفا ‌و شوێن نەزەرگەی‌ ئیمام موسای‌ کازم و مەرقەدی‌ شێخ عەبدولقادری گەیلانی‌ و مزگەوتی‌ حوسەین پاشا و مزگەوتی‌ ئیمام ئەعزەم و تەواری‌ بەغداو کاتژمێرەکەی‌ شاری‌ بەغداو وێستگەی‌ شەمەندەفەری‌ نێو دەوڵەتی‌ و تابلۆی‌ ئازادی‌ جەواد سەلیم (واتە نصب الحریة)ی‌ گۆڕەپانی‌ تەحریر، پەیکەری‌ کەھرەمانە و دوورگەی‌ بەغدای‌ گەشت و گوزاریی‌ و گۆرەپانی‌ پاشایەتی‌ لە ناوچەی‌ ئەعزەمیە و یاریگای‌ شەعب کە گەورەترین یاریگای‌ تۆپی‌ پێی عێراقە. ھەروەھا کتێبخانەی‌ "بەیتولحیکمە" و گۆڕەپانی‌ ئاھەنگ گێڕانی‌ "کەوانی‌ سەرکەوتن" کە بە ساحەی‌ ئیحتیفالات ناسراوە و مینۆمێنتی‌ سەربازی‌ ون و کۆشکی‌ کۆبوونەوەکان ‌و پردی‌ ھەڵواسرا و و پردی‌ دوو قات واتە (جسر المعلق و جسر ذو الطابقین) بازاڕی‌ شۆریجە و بازاڕی‌ غەزل کە دەکەونە ناوەڕاستی‌ شاری‌ بەغداو کۆنترین بازاڕن لەو شارەدا.

جوگرافی[دەستکاری]

رووباری‌ دیجلە لە ناوەراستی شاری بەغدا

شاری‌ بەغدا لەڕووی‌ جوگرافییەوە دەکرێت بە دوو بەشی‌ ناوەڕاستەوە کەبە بەشی‌ ڕۆژئاوای‌ رووباری‌ دیجلە دەوترێت ناوچەی‌ کەرخ ‌و بە بەشی‌ رۆژھەڵاتیشی‌ دەوترێت ناوچەی‌ رەسافە، ئەمڕۆ لە ھەردوو ئەم ناوچانەدا کۆشک و تەلاری‌ نوێ‌ بەرچاو دەکەون، بەڵام لە بەشی‌ رەسافە ناوچەی "ئەلمرادە" ھەیە کە بەشەقام و کۆڵانە تەسک ‌و باریکەکانی‌ بەناوبانگە. شاری‌ بەغدا دەبێت بە دوو بەشی‌ ناوەڕاستەوە بە ھۆی‌ رووباری‌ دیجلەوە کە بە ناوەندیدا دەڕوات، یەکەم بەشی‌ (رەصافە) کە لەم ناوچانە پێکدێت "ئەعزەمیە، بەتاوین ،کەڕادە، شەعب ،بەغداد جدیدە، زەعفەرانیە، وەزیریە، شەقامی‌ فەزل گەرەکی‌ شێخ عومەر کە زۆربەی‌ دانیشتوانەکەی‌ کوردن ، شەقامی‌ سەعدون و مەدینە سەدر ، شەقامی‌ ئەبونوئاس ، حەی‌ ئور، ناوچەی‌ نۆی‌ نیسان ، غەدیر، بنوک، شەقامی‌ فەلەستین و شەقامی‌ نیزال ، شەقامی‌ مەغریب ، ناوچەی‌ صلێخ، جادریە، باب شەرقی‌، مەسبح، شارەوانیی‌، کەمپی‌ سارە، حوسێنییە، زەیونە، مەشتەل، بوب ئەلشام، راشدیە. ھەروەھا بەشی‌ دووەم کەبەشی‌ (کەرخ)ی‌ پێدەوترێت بەشدەکرێت بە سەر ئەم ناوچانەدا، ناوچەی‌ کازمیە، عامریە، مەنصور، قادسیە، دۆرە، سەیدیە، غەزالیە، حەی‌ جیھاد، مەدینەی‌ حوریە، شوعلە، ناوچەی‌ سەوز، چواردەی‌ رەمەزان، حەی‌ ئیعلام ،عتێفییە، حەی‌ عامل، شرگە الرابعە ، حەی‌ توراپ و زەورا‌و شارع حەیفاو حارپیە و بەیاع و دەولەعی‌ و صالحییە وەشاش و حەی‌ یەرموک و جامیعە ھەروەھا ناوچەی‌ عەرەبی‌ جبور.

پردە بەناو بانگەکان[دەستکاری]

ئەو پردانەی‌ کە ھەردوو بەشی‌ کەرخ و رەسافەی‌ شاری‌ بەغدا بەیەک دەگەیەنن بریتین لە: پردی‌ ئەئمە، پردی‌ ئەعزەمیە، پردی‌ شوھەدا، پردی‌ کۆماریی‌، پردی‌ ئەحرار، پردی‌ رەشید، پردی‌ ھەڵواسراوی‌ بەغداد، پردی‌ جادریە، پردی‌ دووقات، پردی‌ بابلموعەزەم، پردی‌ موسەننا پردی‌ رەسافە و پردی‌ دۆرە.

ناوچە پیشەسازییەکان[دەستکاری]

ناوچە پیشەسازییەکانی‌ شاری‌ بەغدا، لە سەنتەری‌ شارەوە درێژدەبنەوە تادەرەوەی‌ شارو دەوروبەری‌، وەکو ناوچەی‌ پیشەسازیی‌ تاجی‌. شاری‌ بەغدا ئێستا نزیکەی‌ ١٠٠٠ کیلۆمەتری‌ چوارگۆشەی‌ داپۆشیوەو لەدوای‌ پرۆسەی‌ ئازادکردنی‌ عیراقیش پرۆژەی‌ ئاوەدانکردنەوە بە شێوەیەکی‌ بەر فراوان دەستی‌ پێکردووە ھاوکات باری‌ ئەمنی‌ ئێستای‌ بەغداش، بەرەو باش بوون دەچێت و بە شێوەیەک رۆژانە بە سەداھا خێزان لە ھەرێمی‌ کوردستان و وڵاَتانی‌ دراس و جیھانەوە دەگەڕێنەوە ئەم شارە دێرینەو بە شێوەیەکی‌ گشتی‌ ئێستا ژیان تێدا بەرەوە ئارامی‌ سەقامگیری‌ دەچێت و رۆژ لە دوای‌ رۆژ لە گەورە بوون و جوانتر بووندایە.


سەرچاوەکان[دەستکاری]