حەسەن زیرەک

لە ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی, گەڕان
حەسەن زیرەک
Hasan zirak 2.jpg
لەدایکبوون حەسەن زیرەک
١٩٢١
بۆکان
مەرگ ١٩٧٢ (٥٠ ساڵ)
بۆکان
هۆکاری مردن شێرپەنجەی جەرگ
نەتەوە کورد
پەروەردە نەخوێندەوار
ناسراو بە هۆی دنەگی خۆش
هاوسەر(ەکان) میدیا زەندی
منداڵەکان ئارەزوو، ساکار


حەسەن زیرەک گۆرانیبێژی ناوداری کورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سرووشتی (لەدایک‌بوون ١٩٢١ - کۆچی دوایی ١٩٧٢) لە شاری بۆکان ھاتۆتە دنیاوە. لەبەر ھەستی نیشتمان‌پەروەری لەلایەن حکومەتەکانی ئێران و عێراق ئازاری زۆری چێشت.


ناوەرۆک

[دەستکاری] پوختەی ژیان

حەسەن زیرەک لە گەڕەکی سەر قەڵا، ھەر ئەو شوێنەی کە قەڵای سەردار و مزگەوتی جامیعا ‌و حەوزەگەورەی بۆکانی لێ ھەڵکەوتووە، لە رۆژی ٢٩ی مانگی ١١ی ساڵی١٩٢١ لە دایک بووە. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەن‌‌کەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆکان لە شاییەکانی ناو شار و گوندە کانی بۆکان گۆرانی وتووەتوە. لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکاو ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکان کردووە. تەمەن ١١ ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی‌ دوایی دەکات و دایکیشی مێرد دەکاتەوە. زیرەک و خوشک و براکانی دەکەونە ژیانێکی پڕ لە سەخڵەتی جیا لە یەک. لەو ساڵەوە ھەتیو دەمێنێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەست دەکا بە قاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاواتەکان. ساڵی ١٩٥٣ بۆ یەکەم جار دەنگی لە رادیۆی کوردی بەغداد بیستراوە. ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، ھەر لەو ساڵەدا لەگەڵ مێدیای زەندی زەماوەندی کردووە. لە ساڵانی ١٩٦٠١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی شانۆی ھونەرەجوانەکان لەگەڵ سێوەخان و رەشۆڵ عەبدوڵڵا لە شانۆنامەکانی «بوکی ژێر دەواری رەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

حەسەن زیرەک ئەگەرچی لە بنەماڵەیەکی ھەژار بوو و لە خوێندن بێ‌بەش بەڵام توانی بە دەنگە ناسکەکەی خۆی ببێتە ئاوازێ لە گوێی ھەموو کوردێکدا بزرەنگێتەوە. حەسەن زیرەک لە ژیاندا ئازاری زۆری کێشا.

Hesen-Zirak.jpg

[دەستکاری] ژیانی ھونەری

لە ماوەی ژیانی ھونەری، زیرەک دەربەدەری زۆری چێشت. ماوەیەک لە شارەکانی ئێران و ماوەیەک لە عێراق. لە ڕۆژانی دەسپێکی ژیانی لە باشووری کوردستان، لە قاوەخانەیەک لە شاری سلێمانی کاری دەکرد. ڕۆژێک بەدەم کارەوە لە ژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت. ئەو گۆرانیە و دەنگی بە سۆزی زیرەک ھەستی ڕێبوارێک دەبزوێنێ و ئەو ڕێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە ژیانی زیرەک‌دا و ڕێگەی بۆ دەکاتەوە بڕواتە ڕادیۆی بەغداد. ئەو ڕێبوارە مام جەلال (جەلال تاڵەبانی، سکرتێری یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق) بووە. بۆ ماوەیەک لە ڕادیۆ بەغداد کار دەکات و کاتێ لە ساڵی ١٩٥٦ بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دەست بەکار دەکات حەسەن زیرەک بۆ تاران بار دەکات و لەوێ درێژە بە کار دەدات. زۆربەی بەرھەماکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئێرانی وەک حسەین یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەک و ئەحمەد عیبادی بووە.

حەسەن زیرەک ئەگەرچی لەبەر بار و دۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێ‌بەش ماوە، بەڵام توانای بێ‌وێنەی لە ھۆنینی شێعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردی ھەبوو. ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێ‌وێنەی بووە ھۆی ئەوەی کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە سەرانسەری کوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک. ئێستاکەش لە شار و گوندەکانی کوردستان و لە ماڵی کوردەکان گوێ لە گۆرانییەکانی دەگیرێت.

حەسەن کاتێ لە تاران بوو، لەگەڵ وێژەری بەشی کوردی ڕادیۆ تاران، خاتوون میدیا زەندی یەکیان ناسی و دوای ماوەیەک ژیانی ھاوسەریان پێک‌ھێنا. بەرھەمی ئەو ژیانە دوو کچ بە ناوەکانی «ئارەزوو» و «ساکار» بوو ؛ زیرەک چەن گۆرانییەکی بە کچەکانی‌دا وتووتەوە.

حسەن زیرەک نە لە ئێران و نە لە عێراق ڕووی خۆشیی نەدی. ھەڵسووکەوتی حکوومەتی ئێران کێشەی زۆری بۆ درووست‌کرد. بۆ نموونە دوای ماوەیەک ئیتر ڕێگەیان نەدا بە ڕادیۆ تاران. ئەوە دڵی ناسکی زیرەکی ڕەنجاند و بڕیاری‌دا چی‌تر نەگەڕێتەوە تاران. باری کرد بۆ عێراق بەڵام لە بەغداد دەست‌بەسەر کرا و لە بەندیخانە ئەشکەنجە درا. خۆی دەگێڕێتەوە کە لە بن‌میچ ھەڵ‌واسراوە و لێی‌دراوە. بۆیە دوای ڕزگاری ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە بەڵام بۆ چارەڕەشی، لە ئێرانیش ساواک دەیگرێ و ئەشکەنجەی زۆری دەدەن؛ زیرەک لە شوێنێک چۆنییەتی ئەشکەنجەکان دەگێڕێتەوە و ئەو گێڕانەوە وەک یادگاری ماوەتەوە لێی. حەسەن زیرەک لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ کرماشان کاری کردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەک موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەکبەر ئیزەدی و بەھمەن پوڵەکی کاری کردووە و ئەو ھاوکارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی وا کە وەک شاکارەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە یادگار ماون.

گڵکۆی حەسەن زیرەک لە سەر ناڵەشکێنە

[دەستکاری] کۆتایی ژیان

دوایین ساڵەکانی ژیانی حەسەن زیرەک لە نەخۆشی و کەساسی‌دا بوو. لە شاری بۆکان قاوەخانەیەکی دانا. کەمتر دەیخوێند و زیاتر لە نێو نزیکەکان و دۆستدارانی‌دا بوو. ماوەیەکی زۆر ئازاری نەخۆشینی چێشت. ساڵی ١٩٧١ نەخۆشی ھێرشی بۆ دێنێ و شێرپەنجەی جەرگ لە عەردی دەدا و دوای ماوەیەکی زۆر لە جێگادا کەوتن لە ١٩٧٢دا لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەکەی دەکا و لە سەر ویستی خۆی لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنە، کە دەڕوانێتە بۆکان ئەسپاردەی دایکی نیشتمان دەکرێت.

[دەستکاری] کۆمه‌ڵێک کتێب له‌باره‌ی ژیانی و به‌رهه‌مه‌کانی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ک

  • چریکه‌ی کوردستان
  • ژیان و هونه‌ری
  • گه‌وهه‌رێ
  • حه‌سه‌ن زیره‌ک و هێندێ له‌ به‌رسه‌رهاته‌کانی

[دەستکاری] سەرچاوەکان

http://www.youtube.com/user/hassanzirak?feature=mhum

http://www.kurdonline.com/music/hassan_zirak.php

http://www.reocities.com/ziraksongs

http://www.farsijam.com/members/513

http://www.hassanzirak.net

http://www.facebook.com/pages/Hassan-Zirak/26008177429?v=info

ئامڕازە تاکەکەسییەکان

شێوەزارەکان
شوێنناوەکان
کردارەکان
ڕێدۆزی
ئامرازدان
بە زمانەکانی تر