عەباس کەمەندی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عەباس کەمەندی

لەدایکبوون (١٩٥٢-0١-0١) ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٢
مەرگ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤(٢٠١٤-٠٥-٢٢) (٦٢ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگوەستانی دڵ
شوێنی حەوانەوەزیارەتانی ئاساوڵە
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترکەمەندی
پیشە
چالاکبوون١٩٧٠–٢٠١٤
مناڵ(ەکان)٤
پیشەی مۆسیقی
کۆمپانیاکان
  • ھومایوون
  • سرووش

عەباس کەمەندی (لەدایکبووی ١٩٥٢–مردووی ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤) گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، دەرهێنەری فیلم، ھونەرمەند، نیگارکێش، نووسەر، شاعیر و دەرھێنەری بواری شانۆیە کە لە سنە لەدایکبووە.[١][٢]

ژیان[دەستکاری]

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

عەباس کەمەندی، لەدایکبووی شاری سنە لە گەڕەکی جەواراوا لەدایکبووە. باوکی شمشاڵ ژەن بووە و دەگخۆشیش بووە. زۆربەی بنەماڵەی باوکی ئەم ھونەرمەندە قەساب بوون و کەشێکی سونەتی (داب و نەریتی کۆن) بە سەریاندا زاڵ بووە، کە بە گووتەی خۆی دەڵێت: «کوڕ بۆ قەسابی و کچیش بۆ شووکردن دەھاتنە دونیاوە» و خوێندیش لەو بنەماڵەیەدا قەدەغە بووە و ھەرگیز دەرفەتی خوێندنی بۆ نەڕەخساوە. لە تەمەنی سێ مانگیدا باوکی لەلایەن مامییەوە کوژراوە. تا تەمەنی حەوت ساڵی دایکی نەبینیوە، وەک خۆی دەڵێت: «گەر دایکی نەگەڕابایەتەوە لای لەناو قەسابخانەکان لەناودەچوو». کەمەندی تەنھا لە سنەدا ژیانی بەسەربردووە و زانکۆشی نەخوێندووە.

ژیانی ھونەری[دەستکاری]

سەرەتای ھونەر (١٩٧٠–١٩٧٢)[دەستکاری]

تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆی سنە[دەستکاری]

کەمەندی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستیکردووە بە کاری ھونەری و یەکەم خەڵاتی زمانی کوردی وەرگرتووە بۆ نووسینی چیرۆکێکی کوردیی بەناوی «شەوبۆ و حەمە شوان» بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی نووسەر بۆ ڕادیۆی سنە. ئەم چیرۆکە دوو جار لە ڕادیۆی سنە پەخشکرا و پێشوازییەکی زۆری لێکرا، کە وای لە کەمەندی کرد کە دووبارە بینووسێتەوە و پەخشی بکاتەوە. دوو ساڵ دوای ئەوەی لەلایەن ڕادیۆی سنەوە وەرگیرا، تەلەڤیزیۆنی سنە دامەزرا، و کەمەندی دەستیکرد بە نووسینی سیناریۆ بۆ بەرنامە و فیلم و زنجیرەکان. یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانی تەلەڤیزیۆنیی بریتیبوو لە دۆبلاژکردنی زنجیرەی «لۆرێڵ و ھاردی» بۆ زمانی کوردی، کە خۆی کاری دۆبلاژی بۆ چوار کەسایەتیی ناو زنجیرەکە دەکرد.

لە ساڵی ١٩٧١دا، دوای بەشداریکردن لە شەوێکی شیعریدا لەگەڵ ئامادەبوونی چەند کەسایەتییەکی گرنگیی ئەدەبیاتی کوردی، کە یەکێک لەوانە ڕەحیم موعینی کرماشانی بوو، بەرپرسیارێتی نووسین و ئاوازدانان درایە دەست کەمەندی لە خانەی فەرھەنگ و ھونەر بە پێشکەشکردنی شیعری حافزی. تا ١٩٧٧، سەدا ٩٥ی ئەو گۆرانییانەی لە ڕادیۆی سنە تۆماردەکران ھی خانەی فەرھەنگ و ھونەر بوون.

دەستپێکردنی گۆرانیبێژی[دەستکاری]

ناسینی حەسەن کامکار[دەستکاری]

لە ساڵانی سەرەتای کارکردن لە ڕادیۆی سنە، حەسەن کامکاری بەڕێکەوت ناسی و یەکەم کاری کرد لە دونیای میوزیکدا بە گووتنی گۆرانییەک کە حەسەن کامکار بۆ جەژنی ٢٥٠٠ ساڵەی شاھەنشای ئێران. دوای ئەوە کارکردنی کەمەندی و کامکار بەو شێوەیە ڕۆیشت تا ڕاپەڕین.

کارکردن لەگەڵ کامکاران و بەناوبانگبوون[دەستکاری]

دوای یەک دوو ساڵێک، کەمەندی دەستیکرد بە گۆرانیوتن بە شێوازێکی لێھاتوو و پڕۆفیشناڵانە و نزیکەی ٣٠ گۆرانی لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بە دەنگی کەمەندی پەخشکران پێش ڕاپەڕین. زۆربەی گۆرانییەکانی بریتیبوون لە گۆرانیی ناوخۆیی کوردی، و لەجیاتی وتنەوەی گۆرانیی فۆلکلۆری، شیعری کوردی دەکردە گۆرانی. دوای ڕاپەڕین، کەمەندی درێژەی دایە چالاکییە موزیکییەکانی لەگەڵ گرووپی کامکاران، کە دوایی بوونە بەناوبانگترین گرووپی مۆسیقیی کوردیی لە ئێران. یەکەم بەرھەمی ئەم کارکردنەیان ئەلبومی «ھەورامان» بوو، کە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن کۆمپانیای سرووشەوە بڵاوکرایەوە. کەمەندی و گرووپی کامکاران دواتر ئەلبومی «پرشنگ» و دواتر «گەلاوێژ» یان بڵاوکردەوە، کە تا ئێستاش یەکێکن لە بەربڵاوترین گۆرانییەکان لە ناوخۆی کوردستان.

دابڕان لە ھونەر[دەستکاری]

جیابوونەوەی لە گرووپی کامکاران دابڕینیشی بوو لەگەڵ دونیای مۆسیقا، کە زیاتر گرنگی پێدەدا لە کاری سەرەکیی خۆی، کە نووسین بوو بۆ ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن. زیاتر لەم چالاکیانە، کەمەندی ئەدەبیات و فۆلکۆری کوردستانی نووسیوە کە ٦ ھەزار پەڕەیە و لە کتێبخانەی فەرھەنگی لە تاران پارێزراوە. سەرەڕای ئەو ھەموو کارەی لە دونیای ھونەریدا، کەمەندی پەشیمانە لە ھونەر و دەڵێت گەر جارێکی تر لەدایکببێتەوە ھەرگیز نزیکی ھونەر و ھونەرمەندان ناکەوێتەوە. بەو ھۆیەشەوە ڕێگەی نەداوە ھیچ کام لە کوڕ و کچەکانی کار لە ھونەردا بکەن.

مەرگ[دەستکاری]

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤، لە تەمەنی ٦٢ ساڵی، بەھۆی ڕاوەستانی دڵەوە کۆچی دوایی دەکات و لە زیارەتانی ئاساوڵە (بەھەشتی محەممەدی) دەنێژرێت.

ژیانی تایبەتی[دەستکاری]

لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا ژیانی ھاوسەریی پێکھێناوە و باوکی سێ کچ و کوڕێکە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

ئەلبومەکان[دەستکاری]

  • ھەورامان
  • پرشنگ
  • گەلاوێژ
  • کیژی کورد

ئەدەبیات[دەستکاری]

  • دیوانی شیعری کوردی و فارسی، شیعر.
  • کۆکردنەوەی دیوانی میرزا شەفیع[٣]
  • وەرزشی کۆنی پاڵەوانە کوردەکان
  • ژیاننامەی سەیید عەلی ئەسقەر کوردستانی
  • ھەورامان
  • لێکدانەوەی دیاردە کلتوورییەکان
  • کۆکراوە شیعری ھیجایی پێش ئیسلام

فیلمنامە[دەستکاری]

فیلم[دەستکاری]

  • اسب (ئەسپ)
  • یک سبد علف (یەک سەبەتە گیا)
  • پرواز در قفس (فڕین لە قەفەسدا)
  • ارثیە مامە رحیم (میراتی مامە ڕەحیم)
  • عضو جدید اوپک (ئەندامی نوێی ئۆپک)
  • نبرد رمادیە (جەنگی ڕەمادییە)
  • کوچە سرخ (شەقامی سوور)
  • کاروانسرا (کاروانسەرا)
  • وکیل اول (وەکیلی یەکەم)
  • قلم و شیطان (قەڵەم و شەیتان)
  • پھلوان پنبە (پەنەی پاڵەوان)

تەلەڤیزیۆن[دەستکاری]

  • داستانی منزل نو مبارک
  • عروسکی پھلوان پنبە (پەخشی بووکەڵەیی پەنەی پاڵەوان)
  • مستند دستان سرایان
  • مستند کھنە ھواران (معرفی مشاھیر کردستان) [دۆکیومێنتاری کۆنە ھەواران (ناساندنی بەناوبانگیی کوردستان)]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "عەباسی کەمەندی بە "هەڵەی پزیشكی" مردووە". www.rudaw.net. Retrieved 2021-07-19.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "عباس کمندی درگذشت | خبر فارسی". khabarfarsi.com. Retrieved 2024-02-04.
  3. ^ "کوردپا: نامرێ پیاوی حەوت ھونەر". Archived from the original on 21ی Juneی 2020. {{cite news}}: Check date values in: |archive-date= (help) ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]