عادل نادری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عادل نادری
لەدایکبووی١٩٧٢
بۆڕیەر، ناوچەی ژاوەڕۆی ھەورامان، پارێزگای کوردستان، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
پیشە(کان)گۆرانیبێژ
ساڵانی چالاکبوون١٩٨٩ ھەتا ئێستاکە

عادل نادری (١٩٧٢ لە بۆڕیەر - ) گوورانیبێژی کوردی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. ئەو بە شێوەزارە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی گۆرانیی گوتووە. ئەو بەتایبەت بە گۆرانیی با سیروان بموات لەناو گەلی کورددا ناوبانگی دەرکردووە.[١]

ژیان[دەستکاری]

عادل نادری لە ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی بۆڕیەر لە ناوچەی ژاوەڕۆی ھەورامان لە پارێزگای ئەردەڵانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. لە تەمەنی ١١ ساڵی دوور لە بنەماڵەکەی گوندەکەی بە جێ ھێشت و بۆ کار کردن لە شاری سنەدا نیشتەجێ بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٨٩ دەستیکرد بە گۆرانی گوتن و یەکەمین کاری خۆی بڵاوکرد.[١]

عادل نادری بۆ فێربوونی مەقامەکانی کوردی ھەوڵێکی زۆری دا. بۆ فێربوونی حەیران چوو بۆ ھەولێر و بۆ فێربوونی ھۆرە چوو بۆ کرماشان.[١]

کارەکانی عادل نادری ناوەڕۆکی دڵداری یان نەتەوەدۆستانەیان ھەیە. ئەو بۆ بوونەکانی نەتەوەیی وەکوو ھەڵەبجە، کۆبانی و عەفرین گۆرانیی تایبەتی گوتووە. ئەو بۆ گۆرانییەکانی لە ھەڵبەستەکانی شاعیرە ناودارەکانی کورد کەڵکی وەرگرتووە، بەڵام بەشێک لە گۆرانییەکانیشی خۆی دەقی بۆیان نووسیوەتەوە.[١]

عادل نادری لەگەڵ ھونەرمەندانی ژەنیاری کورد وەکوو حەمید حاسلی و پەیام میری ھاوکاریی کردووە.[١]

لە ڕۆژی ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ ڕاگەیاندرا کە عادل نادری لەلایەن ڕێکخراوەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بانگھێشت و لێپرسینەوەی لێکرایە، و ھەڕەشەی لێ کرایە کە بەشداری ئەو ڕێوڕەسمانەی تایبەت بە نەورۆز کە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە ڕێکدەخرێن نەکات.[٢] [٣]

کۆنسێرتەکان[دەستکاری]

عادل نادری بە ھاوڕێی گرووپی مۆسیقای ژوانا لە «کۆنسێرتی ئانلاینی مۆسیقای کوردی گوڵان» لە پەردیسی سینەمایی بەھمەنی سنە لە ١ تا ٣ی گوڵانی ١٣٩٩ بەشداریی کرد کە کەماڵ سەفیخانی و سەعدوڵڵا نەسیریش تێدا بەشدار بوون و بۆ دەسخۆشی و رێزگرین لە پارێزەرانی تەندروستی لە قەیرانی کۆرۆنا لە ھۆڵی خاڵی بەڕێوەچوو و لە ڕێگای ئینستاگرامەوە پێشان درا.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]