نالی

لە ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی, گەڕان
پەڕگە:Nali 1.jpg
وێنەیەکی کێشراوی نالی

نالی دامە‌‌‌زرێنە‌‌‌ری قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابان و لە گەوە‌‌‌رە‌‌‌ترین شاعیرەکانی سۆرانیە‌. نالی ناوی خدر (خضر)ە‌‌‌ کوڕی ئەحمدی شاویسی ئاڵی بەگی میکایلیە لە گوندی خاکوخۆڵ ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەکتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابلاغ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خوێندووە. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی سەردەمی خۆی بووە، بێجگە لە زمانەکەی خۆی فارسی و تورکی و عەرەبی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون.

پێرست

[دەستکاری] لەدایکبوون و مردنی نالی

سەبارەت بەتەمەنی نالی چەندین بۆچوونی جیاواز ھەیە:

هەموو ئەم لێکۆڵەرانە، بێجگه سەججادی، مێژووی لە‌دایکبوون و مردنی نالییان وەک یەک دانا و بەو پێیه نالی ٥٦ ساڵ ژیاوە. تەنها بەپێی بۆچوونەکەی سەججادی تەمەنی بووه ٥٨ ساڵ.

ئەم جیاوازیەش وەکو سەرنجی بۆ دراوه قسەی مامۆستا سەجادی لەلایەک و دکتۆر خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد له لایەکی‌ ترەوه دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراوردکردووه. جا ئەگەر وە‌ها بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه. بەڵام له ڕۆزنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنیی ی"وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"‌دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠-١٨٠١ی زایینی بەرامبەر کراوه. بەپێی ئەمه وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی له دایکبوونی نالی دەکاته ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێته ٥٦ ساڵ.

لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوە‌یەکی ڕاستەقینه و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. بەڵام هەندێ شت هەیه دەبنه هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی "نالی" و نزیکبوونەوە له زانینی ساڵی له دایکبوون و مردنی.

[دەستکاری] پەیوەندی نالی بە میرنشینی بابان

نالی لەگەڵ ھەر دو میری بابانی ھاوکاتی خۆی واتە سلێمان پاشا و ئەحمەد پاشا پەیوەندییەکی باشی ھەبووە. ئەم پەیوەندییەش لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمانە هەندێ بەڵگەن لەسەر ئەو پەیوەندییە:

  • ئەو غەزەلەی که ‌سەرەتاکەی ئەم بەیتەیە:

بولبولی تەبعم ئەوا دیسان سەناخوانی دەکات

که تێیدا دەڵێت:

هودهودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوه یەقین

خۆی که دامێن‌گیری شاهی ئاسەفی سانی دەکات

شاهی ئاسەفی یەکەم حەزرەتی سولەیمان پێغەمبەر بووه که شالیارەکەی ناوی ئاسەفی کوڕی بەرخیا بووه و مەبەستی له شای دووەمی ئاسەفیش، سولەیمان پاشای بابانه.

  • ئەو غەزەلەی، ئەوەی یەکەم بەیتی ئەمەیه:

ئەم تاقمه موماتزه کەوا خاسەیی شاهن

ئاشوبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن

ئەوانەش هەمووی بریتییه له پیاهەڵدان و باسکردنی تاقمه سوپایەک. دەبێت ئەو سوپایه سوپای کێ بووبێت، ئەگەر هیی سلێمان پاشای بابان یان ئەحمەد پاشای کوڕی نەبووبێت؛ بەتایبەتی، که پەڕتووەکەکانی مێژوو دەڵێن، ئەم ئەحمەد پاشایە سوپایەکی ڕێکوپێکی و تازه بابەتی پێکهێناوه. وەکو مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەڵێت: "نازانم 'نالی' له کاتی دەستەڵاتی ئەحمەد پاشادا له سولەیمانی ماوەتەوه و ئەو سوپایەی به چاوی خۆی بینیوه و باسەکەیان بۆ گێڕاوەتەوه و دووربە‌دوور پێناسەی کردووه، یاخود مەبەستی سوپای سلێمان پاشای باوکیەتی، ئەوەی لە ١٢٣٤ی کۆچییەوه تا ١٢٥٤ حوکمرانیی سولەیمانی کردوە؟!"

  • قەسیدە درێژەکەی، ئەوەی بۆ سالمی هاوڕێی گیانی به گیانی خۆی ناردووه و ئەوەش تێکڕا پرسیاره له وەزعی سولەیمانی پاش نەمانی دەوری بابانەکان.
  • غەزەلەکەی، ئەوەی بەبۆنەی سەفەری حەجی (نووری ڕوودباری)یەوه وتوویەتی که وەک له تێکڕای بەیتەکانەوه دەرئەکەوێ خاوەنی ڕێبازی نەقشبەندی و یەکێک بووه له موریدە ناودارەکانی مەولانا خالید (١١٩٧ی.ک-١٧٨٣ی.ز، ١٢٤٢ی.ک-١٨٢٦ی.ز).

[دەستکاری] بەجێهێشتنی کوردستان

لەدوای بیست و پێنج ساڵی تەمەنی، کوردستان جێدەھێلێت و دەچێتە حەج، و دوای تەواو کردنی حەجەکەی رووی کردۆتە شام لە ساڵی ١٨٥٠ تا کۆتایی ساڵی ١٨٥٤ نالی لە شام بووە، لەو ماوەیەدا میرنشینی بابان دەڕووخێت و، دەنگوباسی ڕووخانەکەی پێدەگات، ھەست دەکات خۆشیەکەی سلێمانی نەما، حەبیبەنەما، دۆست و ئەحبابەکانی وەکو جاران نەمان، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمی جێیانی گرتەوە، (سالم)یش نەک ھەر ھاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکوو تکای لێدەکات نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێت:

تو خوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر

نالی نائومێد بووە و بە ناعیلاجی رووی لە ئەستەمبوڵ کردووەو لەوێ لەلای ئەحمەد پاشای بابان ئەبێ لەگەڵ پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و ئەدیبانەیان لەدیوەخانی ئەحمەد پاشادا رابواردووەو ، ھەموویان بە مامۆستا بانگیان کردووە.

[دەستکاری] ھۆنراوەکانی نالی

زۆربەی ھۆنراوەکانی نالی، ھۆنراوەی دڵداریین یاخود پیاھەڵدانە بەسەر گوێدرێژەکەیدا، لەگەڵ ھەبوونی کۆمەڵێک لەشیعری ئایینی، ھەروەھا شیعری نیشتمانپەروەریش لەنێو شیعرەکانی نالی ـدا بەدیدەکرێت.

لەشیعرەکانی ھاوپۆلی دڵداری:

زوڵــــفـــت بـــەقەدتـــدا کــە پــەرێشـان و بــــڵاوە،
ئـــەمـــڕۆ لەمــنی شیـــفـــتە ئـــاڵـــۆز و بــــەداوە

ئـــەم عومرە عەزیزە کە لە بـــۆت نەقـــــد و دراوە
سـەد حەیف و درێغا کە مـوســوڵمـــانـی نەماوە!

عومـرێکـی درێـــژە بەخەیاڵی سەری سوڵفـــت
سەودا و پەرێشانــــم و، ســـەودایـەکی خــــاوە

ھەرچەندە کە ڕوتـــم، بــەخــوا مائیلی ڕووتـــم
بێ بەرگییە عیللەت کەھەتیو مەیلی ھـەتـــاوە

(مانی) نییەتی قووەتی تەسویری بــرۆی تـــــۆ
ئەم قەوسە بەدەستی موتەنەففیس نەکشاوە

بۆچی نەگریم، سەد کەڕەتم دڵ دەشکێـــنـــی!
مەی بۆ نەڕژێ، شووشە لە سەد لاوە شــــکاوە

بـــێ ئیفادەیە مەنعی من ئێســــتاکە لەگریان
بـــۆ عــــاشقــی بێچـــــــارە زووەم ئـــاوە ڕژاوە!

ھــــەر جۆگە و جێگێکی کەوا سور و سوێر بێ
جێــــــی جۆششی گریانی منە و خوێنە ڕژاوە

ســــۆزی دڵمە باعیثی تــاو و کوڵــــی گریـــان
مەعلومە کـــــە ئاگر سەبەبی جۆششـی ئاوە

(نالی) وەکو زوڵفت کە موتیعی بەری پێتـــــە
تێکی مەشکێنە، بـەجەفا مەیخـــــــــــەرە لاوە


لەسەردەمی نالیدا، شیعر نووسین بە کوردی شێوەزاری سۆرانی وەک عەیبەیەک وابوە، نالیش یەکەم کەس بووە کە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی شیعر بنووسێت، بۆیە کاتێک کە خەڵکان و رۆشنبیران و شاعیرانی ئەو سەردەمە شیعرەکانی نالی دەبینن، دەست دەکەن بە تانە لێدان لەنالی و لەشیعرەکانی، نالیش بەم شێوەیە وەڵامییان ئەداتەوە[١]:


تەبعی شەکەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکـــــــا،
ئیمتیحانی خۆیە مەقـــسودی، لە(عمدا) وا دەکــــــا

یا لەمـــــەیــدانـی فــەســاحــەتدا بە میسلی شەھسەوار
بێ تەئــەمـــــمول بـــەو ھەمـــو نەوعـــە زوبــــــانی رادەکا

کــــەس بە ئەلـــــفازم نــــەڵــــێ خۆ کوردییە خۆ کردییە
ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبـی مــــەعنــا دەکــــا

بــــێتە حوجرەم، پارچە پارچەی موسوەدەم بکــڕێ بەڕۆح،
ھـــــــەرکەسێ کوتاڵ و پارچەی بێ بەدڵ سەودا دەکــــا

شــــــــیعری خەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکـی؟!
کەی لە دیـــــققەتدا پەتــــــــک دەعوا لەگەڵ ھەودا دەکـا ؟!

[دەستکاری] دوو نامەکەی نالی و سالم

یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی ئەو شیعرەیە کە بۆ سالم ی نووسیوە و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، ئەو دوو قەسیدەیە بە ناوی (دوو نامەکەی نالی و سالم)ەوە ناوبانگیان دەرکردووە. نالی ئەو قەسیدەیەی وەکو نامەیەک بۆ سالمی هاوڕێی نووسیوە و باسی دوورە ولاتی خۆی لە شام دەکات و هەست و تاسەی دووری نیشتمان و شارەزوور و سلێمانی کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوو، دەردەبڕێت. (عەبدالرحمن سالم)یش لە وەڵامدا شیعرێکی بەرزی بۆ دەنووسێت و هەردووکیان بە خەیاڵ و بە (با) دا، نامەکانیان دەنێرن. نالی بەم شێویە قسیدەکەی دەست پێ دەکات:

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور

وەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور

ئەی لوتفەکەت خەفییو هەوا خواە و هەمدەمە!

وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزور!


مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بەم شێوەیە ئەو دوو بەیتە شیعرەی شیکردۆتەوە و دەڵێ: نالی لە ڕێگای (با)ی تیژڕەوەوە نامەکەی دەنێرێت و پێی دەڵێت:”خوا بمکا بە قوربانی تۆزی ئەو ڕێگایەی تۆ بەسەریا ئەڕۆی، تۆ شارەزای هەموو کون و کەلەبەرێکی شاری شارەزووری و ڕێت لێ ون نابێ، بڕۆ ئەم نامەیەم بۆ بگەیەنە و هەواڵم بۆ بپرسە و بزانە…”. نالی بەو شێوەیە تاسەی دووری خۆی و دوورە وڵاتی دەکاتە هەوێنی ئەو شیعرە بەرزە کە “هەڵقوڵاوی ئاخ و دەنگدانەوەی ژانی دەرونی خۆیەتی”.

[دەستکاری] پەراوێزەکان

  1. کتێبی زمان و ئەده‌بی کوردی، بۆ پۆلی چوارەمی ئامادەیی، حکومەتی هەرێمی کوردستان

[دەستکاری] سەرچاوە

  1. دیوانی نالی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد – بەغدا ١٩٧٦]
  2. ماڵپەڕی خۆزگە - ژیانی نالی
  3. وێبلاگی زمانی کورد - بابەت: نالی ئامادەکردنی کاوە ئەمین

دیوانی نالی

ئامڕازە تاکەکەسییەکان

شێوەزارەکان
شوێنناوەکان
کردارەکان
ڕێدۆزی
ئامرازدان
بە زمانەکانی تر