ویکیپیدیا:سەلماندنیبوون

پەڕەی semi-protected
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە ویکیپیدیای کوردی سەلماندنیبوون مانای ئەوەیە خەڵکانی تر کە ویکیپیدیا بەکاردێنن بتوانن بزانن زانیارییەکانی ناوی لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ھاتووە. ویکیپیدیا لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکان بڵاو ناکاتەوە، زانیارییەکانی ناوی سەلماندنیان بۆ کراوە بە لێکۆڵینەوەی متمانە پێکرا و پشت پێ بەستراو، نەک بیروڕای نووسەر یان زانیاری نووسەر بۆ سەلماندنی زانیارییەک. ئەگەرچی دڵنیاش بوویت کە شتێک ڕاستە، دەبێت سەرچاوەی باوەڕپێکراوی بۆ زیادبکەیت پێش ئەوەی زانیارییەکە بنوسیت لە ویکیپیدیا.

مەرجی سەرەکی ھەر نووسراوەیەک بۆ ھاتنە ناو ویکیپیدیاوە، سەلماندنیبوونە، نەک ڕاستبوونی؛ بەو مانا کە ھەر شتێکی زیاددەکرێتە سەر ویکیپیدیا، خوێنەر بتوانێ بگاتە شوێنێکی بڕواپێکراو کە پێشتر ئەوەی بڵاوکردبێتەوە، نەک نووسراوەیەک کە بە بڕوای دانەری زانیاری، ڕاستی بێت. ئەگەر سەرچاوەکان دژ بەیەکتر بوون ئەوا بێلایەنی ڕوانگە بەکاربێنە ئەوە بخە ڕوو کەسەرچاوە جیاوازەکان چی دەلێن، و بایەخی گونجاو بدە بەھەر سەرچاوەیەک کە دایدەنێیت.

ئەم سیاسەتە پێویست دەکات گشت نووسراوەکان سەرچاوەیەکی بڕواپێکراویان ھەبێت؛ لەناویاندا وتارەکان، پۆلەکان، داڕێژەکان، پێرستەکان، لێدوانەکان؛ بە تایبەت ئەو نووسراوانەی کێشەیان لەسەر ھەیە یا لەوانەیە کێشە سازکەن و ھەروەھا ھەموو دووپاتکراوی وتەکان، دەبێ سەرچاوەی ڕاستەوخۆیان ھەبێت، دەنا دەسڕێنەوە. بە تایبەت ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان؛ ھەرجۆرە کەرستەی زیادکراو بۆ سەر ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان بەبێ سەرچاوە یان سەرچاوەی لاواز، تکایە بە خێرایی بیسڕەوە.

لەبەر ئەوەی ئەمە ویکیپیدیای کوردییە، سەرچاوەی کوردی لە ئاستێکی بەرزتردایە؛ ئەگەرچی بەکارھێنانی سەرچاوەکان بە زمانەکانی دیکەش ڕێگە دراوە.

ویکیپیدیا:سەلماندنیبوون لەگەڵ ویکیپیدیا:لێکۆڵینەوەی تاکەکەسی نەبێت و ویکیپیدیا:بێلایەنانەبوونی ڕوانگە، ڕێبازەکانی ناوەڕۆکی ویکیپیدیا پێکدێنن؛ ئەمانە پێکەوە مەرجەکانی وەرگیرانی نووسراوەکان لە ویکیپیدیادا ڕوون دەکەنەوە. ئەم سێ وتارە، پێکەوە دەبێ لەبەرچاو بگیرێن و ئەرکی ھەموو بەکارھێنەران و دانەرانی وتارێ نوێیە کە لە بنەمای ئەمانە تێبگەن.

بەرپرسایەتیی ھێنانەوەی بەڵگە

بەرپرسایەتیی ھێنانەوەی بەڵگە بۆ نووسراوەکان لە ویکیپیدیادا دەگڕێتەوە بۆ نووسەر یان دانەری. ھەموو وتە گێڕاوەکان و ھەر نووسراوێک کە کێشەی لەسەر ھەبێ یا لەوە دەچێ کێشە سازبکات، دەبێ بە شێوەی ناوەکی، ئاماژەی ھەبێ بە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو. ئاماژە بە سەرچاوە بۆ ئەم جۆرە ناوەڕۆکە دەبێ بە ڕوونی، وردی و بە ژمارەی لاپەڕەوە بێت. ئەگەر سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو بۆ باسێک نەبێت، وتاری ئەو باسە نابێ لە ویکیپیدیادا ھەبێت.

بۆ چۆنیەتی نوسینی سەرچاوە بڕوانە ئاماژە بەسەرچاوە، سەلماندبوون، توێژینەوەی سەرەتایی قەدەغەیە، و سیاسەتی بێلایەنی ڕوانگە بەشێکی گرنگی ناوەڕۆکی ویکیپیدیایە. کە ھەرسێکیان بەیەکەوە کاردەکەن بۆ خستنەڕووی ناوەڕۆک لە ویکیپیدیا، کەوایە نووسەرەکان پێویستە تێگەیشتنیان ھەبێت بۆ خاڵی گرنگی ھەرسێ ئاماژە پێدراوەکەی سەرەوە، وتارەکان پێویستە شوێن سیاسەتی مافی لەبەرگرتنەوە بکەون.

ئەگەر بەشێک لە وتارێک بێ سەرچاوەیە، دەتوانی بە دانانی {{بەڵگە}} داوای دانانی ئاماژە بە سەرچاوەی ئەو بەشە بکەیت؛ بۆ وتارەکان دەتوانی داڕێژەی {{بێ سەرچاوە}} بەکاربێنیت. لە جێگەی ئەوە، دەتوانی باس و لێدوان بۆ داواکاری سەرچاوە، یان یەکسەر نووسراوەکە گواستنەوە بکەی بۆ پەڕەی وتووێژ تا دوای سەلماندنی، بگەڕێتەوە شوێنی خۆی. ئەو نووسراونەی ناسەلمێندرێن دەبێ بسڕێنەوە یان بۆ سڕینەوە پێشنیار بکرێن. بەڵام نووسراوکان کە بێ سەرچاوەن یان سەرچاوەکەیان لاوازە، لە ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان بە ھیچ شێوەیەک نابێ گواستنەوە بۆ پەڕەی وتووێژ بکرێن یان بمێننەوە، بە خێرایی دەبێ بسڕێنەوە.

سەرچاوەکان

سەرچاوەی بڕواپێکراو

وشەی «سەرچاوە»، وەک ئەوەی لە ویکیپیدیادا بەکاردێت، سێ واتا لەخۆ دەگرێت: بەشێک لە خۆی بەرھەمەکە (وەک داکیوومێنت، وتار، کتێب یان نووسراوە)، دانەری بەرھەم (وەک نووسەری کتێب)، و بڵاوکەرەوەی بەرھەم (وەک ڕۆژنامەی نییۆیۆرک تایمز). ھەر سێی ئەمانە دەتوانن ببنە ھۆی بڕواپێکراوی.

وتارەکان دەبێ لەسەر بنەمای زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی، بێبەش و گشتیی بێت کە کە متمانە ھەبێت بە ڕاستوتنی. سەرچاوەی بڕواپێکراو پێویستە بۆ ئەوەی متمانەی پێ بکرێت، و ئاماژە پێی پێویستە بۆ ئەوەی خوێنەور ڕەوانەی سەرچاوە بکرێت تا بایەخەکەی بگەڕێتەوە بۆ بەرھەمھێنەر یان بڵاوکەر. بەمە بەرگری دەکرێت لە دزینی نووسراوەکان، شکاندنی مافەپارێزراوەکان، و زیادکردنی بانگەشەی ناڕاست بۆ سەروتارەکان. سەرچاوە دەبێ بەباشی ئەوەی لە وتارەکە نووسراوە، لەخۆبگرێت. ئەگەر لە وتارەکەدا بانگەشەیەکی تایبەت کراوە یان باسێکی نوێ کرابێت، پێویست بە ئاماژە بەسەرچاوەیەکی بەھێزە. ئاستی سەرچاوە، پێوەندی ھەیە بە ناوەڕۆکی وتارەکە. بەڵام بە شێوەی گشتی، جێ متمانەترین سەرچاوەکان ئەمانەن: چاپەمەنییەکان وا پێداچوونەوەی تاکیان ھەیە، ئەو کتێبانەی لەلایەن دەزگای چاپەمەنیی زانکۆکانەوە بڵاو دەبێتەوە، پەرتووکی زانکۆکان، گۆڤارەکان، چاپەمەنییەکان، ئەو کتێبانەی لەلایەن دەزگایەکی بەناوبانگی بڵاوکردنەوە لە چاپ دراون؛ و ڕۆژنامە گشتییەکان. میدیا ناسراوەکانیش دەتوانن وەک سەرچاوە بەکاربێن. نووسراوە ئاکادێمیاکان و ئەو چاپەمەنییانەی پێداچوونەوەی تاکیان ھەیە، جێ متمانەترین سەرچاوەکانن و ھەرکات لەبەردەستدابن، بەسوود دەبن. سەرچاوە بڕواپێکراوە جگە لە ئاکادێمیایییەکانیش دەتوانن بەکاربێن، بە مەرجێ لە چاپەمەنییە ناسراوەکان بن. کاتێ لە دوو سەرچاوەدا دوو بابەتی دژ بە یەک ھاتبێت، لە وتارەکەدا دەبێ بە ڕوونی ئەوە بەم شێوە دابنرێت: "x دەڵێ........ ، لەکاتێکدا y دەڵێ........" و ئەمە بە باشی دەبێ بە ئاماژەی ناوەکی دیاری بکرێت.

بۆ وتووێژ و لێدوان سەبارەت بە جێ متمانەبوونی سەرچاوەیەکی تایبەت، چاوبکە لە ویکیپیدیا:سەرچاوەبڕواپێکراوەکان/ئاگایی؛ بۆ ڕێنوێنی سەبارەت بە ناسینەوەی سەرچاوەبڕواپێکراوەکان چاوبکە لە ویکیپیدیا:لێکدانەوەی سەرچاوە بڕواپێکراوەکان.

سەرچاوەی گومانلێکراوە

سەرچاوە گومانلێکراوەکان ئەوانەن و ئاستی بڕواپێکراوبوونیان بەرز نەبێت بۆ ڕاستاندنی زانیارییەکان، یا پێداچوونەوەی بڵاوکراوەکانیان نەبێت. ئەم جۆرە سەرچاوانە کە ماڵپەڕەکان و چاپەمەنییەکان لەخۆ دەگرن، دەتوانن بڵاوکەرەوەی ڕوانگە تاکەکەسییەکان بن، یان ببنە ھۆی گەشەی دەنگۆکان. سەرچاوە گومانلێکراوەکان تەنھا دەبێ بۆ نووسراوەی سەبارەت بە خۆیان بەکاربێن و بە شێوەیەکی دیکە ناتوانن بەکاربێن و نابنە ھۆی سەلماندنی زانیاری.

سەرچاوە بڵاوکراوەکانی خۆیی (لەچاپدراو یان سەرھێڵ)

ھەرکەسێک دەتوانێت ماڵپەڕێک دابنێت یا پارە بدات کتێبێکی بۆ لەچاپ بدەن و ئینجا بانگەشە بکات کە شارەزای بوارەکەیە. ھەربۆیە بڵاوکراوەکانی خۆیی وەک ھەرجۆرە کتێب، گۆڤار، ماڵپەڕ و بلاگ، مەکۆ، توویت و ھتد بە ھیچ شێوە وەرناگیرێن.

ھەڵبەت لەوانەیە کەسێکی شارەزا لە بوارێکدا ھەوڵی بڵاوکردنەوەیەکی خۆیی دابێت؛ ئەوە دەتوانێ ببێتە سەرچاوە، بەڵام مەرجی شارەزابوونی کەسایەتییەک لە بوارێکدا ئەوەیە کە پێشتر بەرھەمێکی بڵاوکراوەی ھەبێت لەلایەن دەزگایەکی بڵاوکردنەوە، ھەر لەو بوارەدا.

بڵاوکراوە خۆیییەکان ھیچ کات نابێ وەک سەرچاوە بەکاربێن بۆ دەستکاری وتارەکان سەبارەت بە کەسایەتییە زیندووکان؛ تەنانەت کاتێ بڵاوکەر شارەزای بوار بێت، یان بەناوبانگ بێت.

سەرچاوەی گومانلێکراوە و بڵاوکراوەکەی خۆیی وەک سەرچاوە بۆ خۆیان

سەرچاوە گومانلێکراوەکان و بڵاوکراوەکانی خۆیی بێ ئەوەی بسەلمێت کە شارەزای بوارێک بن، دەتوانن وەک سەرچاوە بەکاربێن بۆ نووسراوە سەبارەت بە خۆیان، بە تایبەت بۆ وتارەکانی سەبارەت بە خۆیان؛ بە مەرجێک:

  1. ھەموو نووسراوەکانی بەڕوونی تەنھا بەخۆدا وتن نەبێت.
  2. بانگەشەی تێدا نەبێت سەبارەت بە بابەتێکی دیکە یا کەسایەتییەکی دیکە.
  3. گومانی بەھێز نەکرێت لە کەسایەتیی نووسەرەکەی.
  4. ھەموو وتارەکە تەنھا لەسەر بنەمای ئەو سەرچاوە نەنووسرێت.

ویکیپیدیا وەک سەرچاوە

بەکارھێنانی وتارەکانی ویکیپیدیا یان ئەو شوێنانەی خۆیان بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان ویکیپیدیایان بەکارھێناوە، وەک سەرچاوە، گونجاو نییە چون دەبێتە لەخۆسەرچاوە ھێنانەوە یان سەرچاوەھێنانەوەی بازنەیی ئەمانە نابنە ھۆی سەلماندنی زانیارییەکان. ویکیپیدیا تەنھا دەتوانێ ببێتە سەرچاوە بۆ نووسراوەکانی سەبارەت بەخۆی، وەک وتارێک سەبارەت بە ویکیپیدیا.

سەرچاوە غەیری کوردییەکان

بەھۆی ئەوەی ئێرە ویکیپیدیای کوردییە، ھەمووکات بەکارھێنانی سەرچاوەی کوردی پێشنیار دەکرێت، مەگەر ئەوەی سەرچاوەی کوردی سەبارەت بە بابەتێک یان نووسراوەیەک دەست نەکەوێت. کاتێ وتەیەک لە زمانێکی دیکە دەھێنیتەوە، پێویستە وتەکە بە ھەردوو زمانی سەرچاوە و کوردی لە وتارەکەدا (یان لە پەراوێزدا) ببێت. کاتێ ئاماژە دەکرێ بە سەرچاوەیەک بە زمانێکی دیکە، ئەگەر بەکارھێنەرێک داوای کرد، دەبێ ئەو ئاماژە بە ھەردووزمانی سەرچاوە و کوردی زیادبکرێت (ئەگەر بەھۆی درێژبوونەوەی دەق جێگە نەبوو، دەبێ لە پەڕەی وتووێژ بکرێت).

سەرچاوەی تایبەت پێویستە بۆ بانگەشەی تایبەت

ھەندێ نیشانە ھەیە کە دەتوانێ ئاگاداری بدات بە بەکارھێنەر بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی بڕواپێکراوبوونی سەرچاوەیەک:

  • بانەگەشەیەکی نوێ یان گرینگ کە تا ئێستا لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسی نەکرابێت؛
  • وتە و نووسراوەکانی کەسێک کە گومانڵیکراو بێت بۆ ڕاستبوون یا نەبوونی وتەکانی، باسێک بکا کە پێشتر خۆی دژی بووە؛
  • بانگەشەیەک کە دژی بڕواکانی کۆمەڵگا بێت یان دژی بڕواکانی شارەزاکانی زانست، پزیشکی، مێژوو، ڕامیاری یان ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان بێت. ئەمە بەتایبەت کاتێ دروستە کە ئەو کەسە بانگەشە بکات کە دەیانەوێ دەنگەکەی بخنکێنن.

بانگەشەیەکی سەیر و تایبەت پێویستی ھەیە بە سەرچاوەیەکی بەھێز بۆ سەلماندن. ئەگەر سەرچاوەیەکی وەھا لەبەردەستدا نەبێت، ئەو بانگەشە نابێ بێتە ناو ویکیپیدیاوە. لەگەڵ ئەمانە ئاگاداری ڕێبازەکانی دیکە ویکیپیدیا بن وەک ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان و بێلایەنانە بوونی ڕوانگەکان.

دەستپێگەیشتنی سەڕچاوەکان

سەلماندنیبوون لێرەدا بەو واتایە کە ھەموان دەبێ بتوانن سەرنجی شوێنی وەرگرتنی زانیارییەکانی بەکارھاتوو بۆ نووسینی وتارەکە بدەن، تاکوو بزانن کە ئەوە پێشتر لە شوێنێکی بڕواپێکراوی دیکە بڵاوکراوەتەوە و لێکۆڵینەوە تاکەکەسی نییە. ڕێبازی سەلماندنیبوون باسی چۆنیەتی دەستپێگەیشتنی سەرچاوکان ناکات: ھێندێ لە سەرچاوەکان سەرھێڵن و بۆ دیتنیان دەبێ پارە بدرێت، ھێندێکی دیکە لەچاپدراون و تەنھا لە مەکۆی کتێبەکانی زانکۆکان دەستدەکەون.