مەرزیە فەریقی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
مەرزیە فەریقی
لەدایکبووی 1958.05.22
مه‌ریوان ، کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات
مردووی 2005.09.18
ستۆکۆڵمی پایته‌ختی سوید
پیشەکان گۆرانیبێژ ، پێشمه‌رگه‌
ساڵانی چالاکبوون ١٩٧٧ - ٢٠٠٥

مەرزیە فەریقی (١٩٥٨ - ٢٠٠٥) گۆرانیبێژێکی کورد بوو. مەرزیە لەدایک بووی شاری مەریوان بوو و لەگەڵ ھاوسەرەکەی ناسر ڕەزازی (گۆرانیبێژ) ماوەیەک لە نێو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون. لە ژێر نەشتەرگەریی دڵ دا لە سوید تیا چوو.


ژیان[دەستکاری]

مەرزیەی فەریقی ساڵی ١٩٥٨ زائینی لە شاری مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، بەڵام دایک و باوک و کەس و کاری خەڵکی شاری سنەن. خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەستپێکردووە، ھەر لەتەمەنی ٩ ساڵانەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە. چەندین جار لە مەدرەسەکەیاندا لە بۆنە و جەژنەکاندا، بەشداری کردوە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.

مەرزیە ‌لە ‌سەرەتا دا بە گۆرانیی فارسی و بە گۆرانییەکانی فەتانە وەلیدی (گۆرانیبێژی بەنێوبانگی کوردستانی رۆژھەڵات) دەستی بە تێکۆشان کردووە. بەڵام لەبەر زوڵم و زۆرێک کە حکوومەتی حاکم لە ‌کورد و زمان و ئەدەب و ھۆنەری کوردی دەکرد، وازی لە گۆرانی فارسی ھێناوەو گوتنی گۆرانی کوردی لەپێش گرتووە.

مەرزیە دوای تەواو کردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان، لەبەر ئەوەی ئەو شارە بچووک و دەرەتان بۆ خوێندن کەم بوو، دەچێتە شاری سنە کە ناوەندیی پارێزگایەبۆ. درێژەدان بەخوێندن لەوێ دەڕواتە زانستە ئامادەیی و خوێندنی مامۆستایەتی تەواو دەکا. ھەر لەو شارە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ کۆڕی مۆسیقای سنە چەندین جار چۆتە سەر شانۆ و گۆرانی گووتوە. پاش تەواو کردنی ئەو دەورەیە لە سنە، دەگەڕێتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێکی نزیک ئەو شارە بووەتە مامۆستای ئەو گوندە. مەرزیە پاش دوو ساڵ دەرس گوتنەوە گوێزراوەتەوە بۆ سنە و لەوێ، لەو شارە لە مەدرسەی سەرەتایی دامەرزاوە و دەستی بە وانە گوتنەوە کردووە.

ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسر ڕەزازی زەماوەند دەکا، بەڵام لەبەر سەرداھاتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، چونکە ‌لەگەڵ ناسر شانبەشان لەخۆنیشاندان و ڕێپێوان و خەبات دژی شای دەرکراو، خەباتی کردووە دەکەوێتە چاوەدێریی. کە ‌کۆماری ئیسلامی دێتەسەر کار، لەگەڵ ناسر خەباتی خۆی بۆ رزگاریی کوردستان ھەر درێژە ‌پێداوە، بەڵام ئەمجارەیان گیراوەو بۆ ماوەیکی کورت کەوتۆتە ‌بەندیخانەو کاری مامۆستایەتییەکەی لێ سێندراوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠ کە کۆماری ئیسلامی شارەکانی کوردستانی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، مەرزیەش لە بەر راوەدووونان و گرتن نەیتوانی لە شار دا بمێنێتەوە و چووە بۆ لای ناسر لە شاخ و ئەویش بوو بە پێشمەرگە. مەرزیە لە گەڵ ناسر و دوومنداڵیان دڵنیا و ماردین شانبەشان لە چیا، لە شۆڕشی کوردستان دا لەناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران خەباتیان کردووە. ناسر و مەرزیە بە خەباتی ھونەریی خۆیان لە چیا لە ناو کۆڕی بانگەواز دا کۆمەڵێک گۆرانی و سروودی نیشتمانیی و شۆڕشگێڕییان بڵاو کردۆتەوە کە ‌بوونە ‌تەوێردی سەر زاری پێشمەرگەو خەڵک و رادێوکانی شۆڕشی کوردستان.

لە ساڵی ٢٠٠٥ دا لە ژێر نەشتەرگەریی دڵ دا تیا چوو.

چەند گۆرانی مەرزیە فەریقی[دەستکاری]

لانکۆڵێ[دەستکاری]

لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لەدار ھەنارێ
وەستا بێ لەتارانێ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ
دەڵێ لەلانێکدا نانوم دەبا بۆی سازکەم جۆڵانێ
ھەی رۆڵەسەر دڵ خڕبی باب مردووبی، شەو درەنگەبۆ جێژوانێ
تاوە ‌رۆژی رووناکە ‌ھەموو عالەم دەیزانێ
 
قەت نەبوو بڵێ دانیشین تۆزێک بکەن ڕاو تەگبیر
سەد لەعنەت لەو کەسەی بێ دەس لەباڵات بکا گیر
جا چی بوو ماڵەبابم ئەتۆ جحێڵەو ئەمن پیر

ئەو قورعانەی بتگرێ ھێنات لێکت کردووە
سێ جار دەستت پێدادا بۆ مزگەوتت بردەوە
بۆ خۆت کەیفم بۆ دەکەی بەدەم داخ و دەردەوە
دەستەو ئەژنۆت داناوم بەھەناسەی سەردەوە

لانک لانک لانکۆڵێ ، لانک لەدار ھەنارێ
وەستا بێ لەتارانێ ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ
دەڵێ لەلانێکدا نانوم دەبا بۆی ساز کەین جۆلانێ
ھەی رۆڵەسەر دڵ خڕ بی باب مردووبی، شەو درەنگەبۆ جێ ژوانێ
تاوە رۆژی رووناکە ‌ھەموو عالەم دەیزانێ

سڵاو بۆ پێشمەرگە[دەستکاری]

سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش
پڵنگی ھەردی وڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە
 
لەدەوری دەست و تفەنگت گەڕێم کەڕۆژی خەبات
لەئاستی ھەڵمەتی تیژت چ ئاگرێ بەرگە

ئەوێستەتۆی لەشەوی تار مۆمی ھەڵگیرساو
لەنێو دڵی شەوەزەنگا وەکوو گڕێک راساو
      
کە ‌ڕاتشەکاندووە ‌ئاڵا بەدەستی خاراوت
دەگەی لەکۆسپ و بوواران بەھەستی پاراوت

سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش
پڵنگی ھەردی ووڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە

ژنان[دەستکاری]

ژن ئەی مایەو ماک و ھەوێن
ئێوە زەریان گەر بھەژێن
بوومە لەرزەن گەر بلەرزێن
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
ئەی ژنانی دایکی زەوین
ئەی ژنانی ڕەنج و کەوین
ئەی ژنانی زام و ئەوین
ئەستێرەمان لەئێوەزا
گەردنتانا شەو چرا
مێژووی ئێوە جیھانی بوو
زامی ئێوە ‌بارانی بوو
دژی ئێوە ‌نەزانی بوو
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
باڵاتان باڵای وڵاتە
سنگتان کەلی ڕۆژ ھەڵاتە
بوونات ڕۆژی پڕ لەھاتە
ئەستێرەمان لەئێوەزا
گەردنتانەشەو چرا

ئەم سرودە، ھۆنراوەی شێرکۆ بێکەسە، مەرزیەی فەریقی بەبۆنەی ٨ی مارچ (ڕۆژی جیھانی ژن) لە میدیا تی ڤی بڵاوی کرد. ژنە ھۆنەرمەندی کورد مەرزیە فەریقی جیاواز ، لە کاری ھونەری وەکوو ژنێک لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی ژنان لەدەرەوەی وڵات لەبەرانبەر مەسەلەی مافی ژن چالاکانە بەشداری کردووە. مەرزیە لە ‌دەرەوەی وڵات ئەندامی کۆمەڵەی مافی پاراستنی منداڵان لەسوید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ھەروەھا ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەییە.

ھونەری مەرزیەی فەریقی[دەستکاری]

یەکەمین گۆرانی کوردی کە تۆماری کرد گۆرانی مەرزیەی فەریقی: لەسەر کانی دێتەوە ‌لێو بەکەنی و گۆزەبەشانەوە بوو. مەرزیە فەریقی زۆر حەزی بەبیستنی کارە ھونەرییەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت تیپی مۆسیقای سلێمانی و زیاتر حەزی بە گۆرانییەکانی ھونەرمەندان کەریم کابان و قادر کابانی کردووە.

یەکەمین سرودێک کە مەرزیە، تۆماری کرد سرودی سڵاو بۆ پێشمەرگە بوو. دوای ئەوە گۆرانی گیانەکەم بەئاسمانی شین ئەم گۆرانییە ‌ھۆنەرمەندی گەورەی کورد عەزیز شاھرۆخ گووتەیەتی بەڵام مەرزیە دەسکاری شیعرەکانی کردووەو لە قالبی شۆڕشگێڕی دا وتوویە. دوای ئەوە ‌گۆرانی ماچی خودایی و گۆرانی مەرزیەی فەریقی: پاییز ئەمانە ‌ھەموویان دیاری سەردەمی پێشمەرگایەتین. دەتوانین بڵێین کە مەرزیە یەکەمین گۆرانیبێژی ژن بوو کە سرودی تۆمار کردووە.

مەرزیە ‌بەر لەوەی کە ببێ بەھاوسەری ناسر، لەسەردەمی شا دا، لە ‌سنە ‌لەگەڵ فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە گۆرانی گوتووە، بەڵام لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی دا کەتێکۆشانی ھۆنەری بۆ ژن قەدەخەبووە، وازی لەکاری ھۆنەری ھێناوە، بەڵام وەک باس کرا، لەشاخ کاری ھۆنەری دەس پێکردۆتەوە، بەداخەوە لە شاخ لەبەر نەبوونی دەرەتانی ھۆنەری و ھەڵگۆزو داگۆزی پێشمەرگایەتی و چەندین ھۆکاری دیکە، ناچار لەگەڵ ناسر و منداڵەکانی وازیان لەپێشمەرگایەتی ھێناوەو ساڵی ١٩٨٥ ھاتوونەتە وڵاتی سوید و وەکوو پەنابەر ماونەتەوە. مەرزیە ‌لە سوید بووەبەخاوەن کوڕێکی دیکە بەناوی کاردۆ .

سەرەتا مەرزیە ‌لەگەڵ ناسر لە سوید و ئورووپا، کاری ھۆنەری دەست پێکردۆتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەکاردۆ منداڵ بووە، بۆ ماوەیک وازی لەکاری ھۆنەری ھێناوە. مەرزیە ساڵی ١٩٩٤ دیسان کاری ھۆنەری کردۆتەوەو لەگەڵ ناسر (سی دی) یەکی تۆمار کردووەکەچەند گۆرانی تازەی تێدا بڵاو کردۆتەوە. ئەوسا دواتر لەگەڵ ناسر لە سوید، ئیتالیا، ئاڵمان، سویس، بەلژیک، ئینگلیس، دانمارک، فینلاند، ئوتریش، کانادا، ئوسترالیا و ئامریکا لە ‌ئاھەنگ و بەرنامەدا بەشداری کردۆتەوە، مەرزیە ‌کاری ھۆنەری خۆی لەوێ درێژەپێداوەو بۆ خزمەت بەمافی ژنیش ھەنگاوی ھەڵگرتووەو کۆتایی نەکردووە.

کاریگەریی ناسر لەسەر گۆرانییەکانی مەرزیە[دەستکاری]

ناسر رەزازی وەکوو ھاوسەری مەرزیە، لەبواری کاری ھۆنەری گۆرانی گووتندا، زۆر یارمەتی مەرزیەی داوە. کاریگەریەکانی ناسر لەسەر مەرزیە ‌بۆ وێنە گووتنی گۆرانی بەچوار زاراوە واتە: ھەورامی، کورمانجی، کەلھۆڕی و سۆرانی یە و یەکەم گۆرانیبێژی ژن لە کوردستان مەرزیەی فەریقی یە کە توانیوەتی بەم چوار زاراوە ‌گۆرانی بڵێ.

سەرچاوەکان[دەستکاری]