قادر ئەلیاسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قادر ئەلیاسی
لەدایکبووی١٩٦١
ئەلیاسیی بەردیعەلی (قەرەحەسەن _ قەرەسەنی _ خەلیفە حوسەین)، سەرپێڵی زھاو، پارێزگای کرماشان، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
پیشە(کان)گۆرانیبێژ، پێشمەرگە، نووسەر
ساڵانی چالاکبوون١٩٧٩ ھەتا ئێستا

قادر ئەلیاسی (١٩٦١ لە گوندی ئەلیاسیی بەردیعەلی (قەرەحەسەن ـ قەرەسەنی ـ خەلیفە حوسەین) لە نزیکی سەرپێڵی زھاو)، ھونەرمەندی گۆرانیچڕ، خەڵکی مەڵبەندی سەرپێڵی زھاو لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشانە.

ژیان[دەستکاری]

قادر ئەلیاسی لە ساڵی ١٩٦١ی زایینی لە ئاواییەکی سەر بە ناوچەی زەھاو، بە ناوی ئەلیاسیی بەردیعەلی (قەرەسەنی ـ قەرەحەسەن ـ خەلیفە حوسەین) لە دایک بووە. بەھۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکەیاندا نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا بچێتە مەدرەسە و بخوێنێ. بۆیە لە تەمەنی ١٠ تا ١٢ ساڵانیدا دەرگای قوتابخانەی بە ڕوودا کراوەتەوە و لە ماوەی ٢ ساڵدا توانیویەتی ٥ پۆلی سەرەتایی تەواو بکات. دەورانی سێ ساڵی ناوەندیشی لە قوتابخانەی ناوەندیی سەعدی لە میرئەحمەدی شاری سەرپێڵی زەھاو و ساڵەکانی یەکەم و دووھەمی دواناوەندی لە قوتابخانەی حەکیم نیزامی ھەمان شاردا بە سەرکەوتنەوە تەواو کردووە. لەگەڵ ئەوەی هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە دەستی پێ کردبوو و دوای فیوای جیهادی خومەینی (هاوینی ١٩٧٩) گەیشتبووە ئەوپەڕی دڕندەیی خۆی، قادر تا دووهەمی دواناوەندی درێژەی بە خوێندن دا و هاوینی ١٩٨٠ ناوی خۆی بۆ ساڵی سێھەمی دواناوەندی نووسیبوو کە شەڕی نێوان عێراق و ئێران هاتە ئاراوە. ناوبراویش ڕێگایەکی دیکەی بێجگە لە پێشمەرگایەتی بۆ نەمایەوە. بۆیە ساڵی ١٩٨١ تێکەڵ بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

قادر ئەلیاسی تاکوو پلەی ئەندامەتی کۆمیتە شارستان لەو حیزبەدا پێش چوو. ئەلیاسی دەستێکی زۆر گرینگ و بنەڕەتی لە دانان و پێکھێنانی کۆمیتە و ھێزی داڵەھۆدا ھەبووە. لە ساڵی ١٩٨٨، لەگەڵ ڕەعدە پاڵانی ھاوسەرگیریی کردووە و ئەنجامی ئەو ژینە هاوبەشە دوو منداڵ بە ناوەکانی تۆڵە و تەوارە. قادر ئەلیاسی ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ڕەعدە پاڵانی و یەکێک لە براکانی بە ناوی سامرەند چوونە وڵاتی نوروێژ و لەوێ گیرسانەوە.

گۆرانیبێژی[دەستکاری]

قادر ئەلیاسی هەر لە منداڵییەوە لە ڕێگای چالاکیی قوتابخانەكانەوە دەستی بە گۆرانیوتن کرد و لە کاتی پێشمەرگایەتیشدا گۆرانیی بۆ هاوڕێ پێشمەرگەکانی چڕیوە. دوای گەیشتنی بە ئورووپا بە شێوەیەكی ڕەسمی دەستی بە کاری هونەری کرد و تا ئێستا خاوەنی یەک کاسێت و دە CDی تۆمار کراوە.

نووسین[دەستکاری]

ھەر چەند قادر ئەلیاسی زۆرتر وەک ھونەرمەندی دەنگبێژ ناوبانگی دەرکردووە بەڵام لە کاری نووسینی ئەدەبی و وەرگێڕانیشدا ڕۆڵی هەبووە. هەر وەها لە سەرەتای ١٩٩٥ەوە دەستی کردووە بە نووسینی بیرەوەرییەکانی کە تا ئێستا دوو بەرگی لێ چاپ و بڵاو بووەتەوە.

تەلەڤیزیۆن[دەستکاری]

قادر ئەلیاسی چەند ساڵێک لە تەلەفزیۆنی تیشک کە ناوەندەکەی لە پاریس بوو بەرنامەیەکی ھونەری بە ناوی زەریاو بەڕێوە دەبرد.

ژێدەر[دەستکاری]