ھونەر

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

ھونەر بوارێکی ھەمەڕەنگی چالاکییەکانی مرۆڤە و بەرھەمەکانی ئەو چالاکییانەیە؛ ئەم گوتارە بە پلەی یەکەم تیشک دەخاتە سەر ھونەری بینراو، کە دروستکردنی وێنەکان و تەنەکان لەخۆ دەگرێت لە ڕشتەکانی سەر بە وێنەکێشی، پەیکەرسازیی، چاپەمەنی، وێنەگریی و ھەروەھا میدیا بینراوەکانی تر. زۆربەی جار بیناسازییش بە یەکێک لە ھونەرە بینراوەکان دادەنرێت؛ گەرچی، وەک ھونەرە ڕازاوەکان، لە سازکردنی بیچمەکانەوە دەگلێت کە تێیدا لەبەرچاوگرتنی کردارییانەی بەکارھێنان بنچینەییە — بەشێوەیەک کە ئاسایی سەر بە وێنەکێشیی نییە، بۆ نموونە موزیکا، شانۆ، فیلم، سەما و ھونەرە نوواندنەکانی تر، ھەروەھا وێژە و میدیاکانی تر وەک میدیای کارلێکردوو کە دەچنە ژێر پێناسەیەکی فراوانتری ھونەر یاخود ھونەرەکانەوە. ھەتاکو سەدەی ١٧، ھونەر بۆ ھەر جۆرێک لە لێزانیی و کارامەیی دەگەڕایەوە وە جیانەکرابوویەوە لە پیشەگەریی یا زانستەکان، بەڵام لە بەکارھێنانە مۆدێرنەکەیدا دووای سەدەی ١٧، کە تێیدا لەبەرچاوگرتنی ئیستەتیکا باڵاترینە، ھونەرە جوانەکان جیاکراوەتەوە و ناسراوەتەوە لە شارەزاییە وەدەست ھاتووە گشتییەکان، وەک ھونەرە ڕازاوەکان و ھونەرە بەکاربەرەکان.

ھونەر لە ڕووی لاسایی (وەک نووێنەری بوویەر)، دەربڕین، ئاڵوگۆڕی سۆز، یان چۆنایەتییەکانی ترەوە دەناسرێتەوە. لە ماوەی ڕۆمانتیکدا، ھونەر وەک «توانایەکی تایبەتی مێشکی مرۆڤ دەبینرا کە لەگەڵ ئایین و زانستدا پۆلێن بکرێت». ھەرچەندە پێناسەی ئەوەی کە ھونەر پێکدەھێنێت جێی ناکۆکییە، وە بەدرێژایی کات گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، پێناسە گشتییەکان ئاماژە بە بیرۆکەی ئەو شارەزاییە خەیاڵیی و بەھرەمەندانەیە دەکەن کە لە ئافراندن و توانای مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. سروشتی ھونەر و چەمکە پەیوەستەکانی وەک داھێنان و لێکدانەوە، لە لقێکی فەلسەفەدا شرۆڤە دەکرێن کە بە ئیستەتیکا ناسراوە.