زازاکی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

زازاکی (کردکی، کرمانجکی، دملی) یەکێکە لە زاراوە کوردیەکان کە لە باکووری کوردستاندا کۆمەڵە کوردێک پێی قسە دەکەن. لە شارەکانی وەکوو: ئامەد (دیاربەکر) و دەرسیم زازاکی ھەوە.

ھەتا ماوەیەکیش لەمەوبەر، ئەو کەسانەی‌ بە زمانی‌ زازا قسە دەکەن، بە بەشێکی‌ دانەبڕاو لە کورد لە قەڵەم ئەدران، کە بە سەر تورکیە، ئێران، عێراق و سوریەدا بڵاوبوونەتەوە. لە ١٩٨٠کاندا، دروست کردنی‌ ئەلفبایەکی‌ لاتینیی‌ گونجاو بە زمانی‌ زازا بڵاوکرایەوە، بووە ھۆی‌ گەشەسەندنی‌ جۆرێک لە ناسیونالیزمی‌ زازایی‌ کە ھێندێک لە کوردەکان وەک دەستێکی‌ ھەواڵگرییە تورکییەکان ئاماژەی‌ پێ‌ دەکەن. وەک مەبەستێک بۆ پارچە پارچەکردنی‌ کوردەکان و لاوازکردنی‌ چەکدارەکانی‌ پارتی کرێکارانی کوردستان.

ناسیۆناڵیزمی‌ زازایی‌ ھێشتا لای‌ ھێندێک لە زازاکانەوە کە خۆیان بە کورد دەزانن، دژایەتی‌ دەکرێ. ناسیۆنالیزمی‌ زازایی‌ گرنگی‌ بە دیالێکتی‌ زازایی و ئەو زازاکیە رەسەنانە ئەدا کە لە تورکیە دان. ھێندێ‌ لە ناسیۆنالیستە زازاییەکانیش نیشتمانێکی‌ سەربەخۆی‌ زازاییان دەوێ‌ لە تورکیەدا کە پێی‌ دەڵێن (زازایستان) کە بێ‌ گومان لایەنگری‌ لە پەکەکە لە ناو قسەکەران بە دیالێکتی‌ زازاییدا کەم دەکاتەوە. زازا (کە ژمارەیان دەوەستێتە سەر ئەوەی‌ تا چەند باوەڕمان بە رەگەزو پێناسەی‌ زمانەوانیان ھەبێ‌، رەنگە لە ملیۆنێکەوە تا سێ‌ ملیۆن بن) دابەش بوون بە سەر موسوڵمانی‌ سوننی‌ و عەلەوییدا. بە شێوەیەکی‌ ئاسایی‌ ئەوانەی‌ بە زازایی‌ قسە دەکەن بە کورد دادەنرێن و زازایش لای‌ ناسیۆنالیستە کوردەکان و زۆر لە زاناکانیش بە بەشێک لە زمانی‌ کوردی‌ دەزانرێ. ناسیۆنالیستە زازاییەکانیش دەڵێن کە ئەوان خەڵکێکی‌ سەربەخۆن، بە ھۆی‌ لێک تێنەگەیشتنی‌ ئەوانەی‌ بە زازایی‌ قسە دەکەن و ئەوانەی‌ بە کرمانجی‌ دەدوێن، کە نزیکەی‌ ٨٠% رەگەزی‌ کورد دەگرێتەوە. ھێندێ‌ زمانناسیش پێیان وایە زازایی‌ نزیکایەتیی‌ لەگەڵ زمانی‌ کوردی‌ و دیالێکتەکانیدا نیە. ھەر چۆنێک بێ‌ کەسایەتیی‌ رەگەزی‌ لە لایەن فاکتەرە نێوخۆییەکانیشەوە ھەروەک فاکتەرە دەرەکییەکانی‌ وەک رەگەزو زمان، کاری‌ لێ دەکرێ‌. ناسنامەی‌ رەگەزی‌ بە شێوازێکی‌ گشتی‌ پێکھاتەیەکی‌ کۆمەڵایەتییەو دەکرێ سیاسەتی‌ دەوڵەت کاریگەرییەکی‌ زۆری‌ لە سەر ھەبێ‌.

ناسیۆنالیزمی‌ زازایی‌ لە سەرەتادا لە ئورووپاو لە نێو کۆچبەرە زازاییەکاندا دەرکەوت، ئەو کاتەی‌ کە جیاوازی‌ زازایی‌ و کرمانجی‌، بە ھۆی‌ ئەتمۆسفێرێکی‌ ئازادەوە، زیاتر بەدەرکەوت. لە ئورووپا، کۆچبەرانی‌ تورکیە ناچار بە فێربوونی‌ زمانی‌ تورکی‌ نەدەکران، بەڵکوو دەیانتوانی‌ زازایی‌ یان کرمانجی‌ وەک زمانی‌ دایک ھەڵبژێرن. کە ئەویش بووە ھۆکارێکی‌ دروست بوونی‌ ناسیۆنالیزمی‌ زازایی‌. ھۆکارێکی‌ تریش بەرھەڵستی‌ کردنی‌ ھێندێک ناسیۆنالیستی‌ کورد بوو.

تا ئێستا ناسیۆنالیزمی‌ زازایی‌ زۆرتر بابەتی‌ سیاسییەکانی‌ تاراوگەیەو دیاردەیەکی‌ سنووردارە. بەڵام کاریگەریشی‌ لە سەر گفتوگۆی‌ ناسنامە رەگەزییەکانی‌ نێو تورکیەدا ھەیە. گفتوگۆکانی‌ ئەم دواییانە سەبارەت "خوێندن بە زمانی‌ دایک" لە تورکیەدا و سیاسەتی‌ حیزبی‌ دادو گەشەپێدان بۆ کردنەوەی‌ کاناڵێک بە زمانی‌ کوردی‌، رەنگ ناکۆکییەکانی‌ نێوان زازایی‌ و کرمانجەکان بەھێزتر بکا. "تی‌.ئار.تی‌.٦" تەنیا بە کرمانجی‌ بەرنامەی‌ ھەیە. بەڵام پلانیش ھەیە کە بە دیالێکتەکانی‌ زازا و سۆرانیش بەرنامەی‌ ھەبێ‌. ئەویش لە لایەن زۆر لە زازاکانەوە پێشوازی‌ لێ دەکرێ‌.لە بازنەیەکی‌ گفتوگۆی‌ ئینتێرنێتی‌ دا، ناسیۆنالیستە زازاکان ئەوەیان دەربڕیوە، کە ئەوان کاناڵێکی‌ سەربەخۆی‌ زازاییان دەوێ‌، نەک کاناڵێکی‌ کوردیی‌ کرمانجی‌.

مارتن فان برۆنسنی‌ ئەنترۆپۆلۆژیست، باس لە بەربڵاوی‌ بیرۆکەی‌ "کودەتا" دەکا لە نێو کوردەکاندا، کە ناسیۆنالیزمی‌ زازایی‌ بە دەستێکی‌ دەزگا ھەواڵگرییەکانی‌ تورکیە دەزانن. پێ‌ دەچێت ئەو بۆچوونەی‌ ناسیۆنالیستە کوردەکان بێ‌ بناغە نەبێ‌. لە راستیدا، زۆرێک لە تورکە ناسیۆنالیستەکان پشتگیری‌ لەو بیرۆکەیە دەکەن کە زازا کورد نین. ئەوانە پێیان وایە ئەو بیرۆکەیە پرۆسەی‌ تواندنەوەی‌ کورد خێرا دەکاو لایەنگیرێتی‌ لە پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستان کەم دەکاتەوە. لە ساڵی‌ ١٩٩٦دا رێکخراوی‌ دێموکراسی‌ تورکی‌ (کە دامەزراوەیەکی‌ نادەوڵەتییەو گرنگی‌ ئەدات بە پێکھاتنی‌ دێموکراسی‌ سەقامگیر لە تورکیەدا) نامیلکەیەکی‌ بچووکی‌ دەرکرد، کە رەخنە لە بۆچوونی‌ ناسیۆنالیستانەی‌ پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستان دەگرێ‌، و بیرۆکەکەی‌ خۆیان لەوەدا چڕ دەکەنەوە کە کوردەکان سروشتێکی‌ نایەکدەستیان ھەیەو بە تایبەتیش کە ھێندێ‌ زازا، خۆیان بە کورد نازانن. نامیلکەکە ئەوە پێشنیار دەکا، کە باشترە کوردەکان بەشێک بن لە دێموکراسیی‌ تورکیە، تا ئەوەی‌ لە کۆمەڵگایەکی‌ ناچون یەکدا گیر بخۆن بە دەست توندوتیژی‌ ھۆزگەرییەوەو بیروباوەڕی‌ عەشایری‌ زاڵ بێ‌ بە سەریاندا.

بەڵام حەزو ئارەزووی تورک لە نایەکدەستی‌ کولتووری‌ کوردیدا تەمەنی‌ لەوە درێژترە، ناسیۆنالیستی‌ تورک حەسەن رەشید تانکوت لە ساڵی‌ ١٩٦١دا پێشنیاری‌ کردنەوەی‌ دەروازەیەکی‌ کردوە بۆ زازاو کرمانجەکان، تا باشتر جێ‌ بگرن لە کولتووری‌ تورکیدا. ھێندێک نووسەری‌ تورکیش زازایان وەک گرووپێکی‌ رەگەزیی‌ سەربەخۆ خستۆتە روو کە جیاوازن لە کورد. ھێندێک لە کوردەکان باس لە پێوەندی‌ نێوان دامەزرێنەری‌ ناسیونالیزمی‌ زازا، ئەبووبەکر پەموکچو (لە ساڵی‌ ١٩٩٣دا مردوە) و دەزگا نھێنگرە تورکییەکان دەکەن و پەموکچو بە ھەوڵدان بە دابەش کردنی‌ نەتەوەی‌ کورد تاوانبار دەکەن.

بزووتنەوەی‌ ناسیۆنالیزمی‌ زازا لە لایەن تورکەکانەوە پێشوازیی‌ لێ دەکراو لە لایەن چەندین بازنەی‌ نھێنگری‌ تورکیەوە یارمەتیی‌ دارایی‌ پێدەبەخشرا. لەو کاتەوە پەموکچو بە ھەبوونی‌ پێوەندی‌ بە دەزگاکانی‌ تورکیەوە تاوانبار دەکرا. بەڵام دیسان کوردەکان دەزگایەکی‌ چاپەمەنی‌ زازایان لە تورکیەدا بەوە تاوانبار دەکرد کە لە لایەن تورکەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە. لە وتووێژێکدا بۆ کورد میدیا ـ ناسیۆنالیستیی‌ کوردو زازاناس ـ مالمیسانژ دەڵێ: ناوی‌ ئەو دەزگای‌ بڵاوکردنەوەیە (زازایستان) خانەی‌ چاپ و بڵاوکردنەوەی‌ زازایی‌ بوو کە بەشێک بوو لە دەزگای‌ نھێنگریی‌ تورکی‌ بۆ پەلاماردانی‌ بزووتنەوەی‌ نەتەوەیی کورد. دیسان دەڵێ: ئەو دەرئەنجامەی‌ من پێی‌ گەیشتووم ئەوەیە ( گرووپی‌ ناسیۆنالیزمی‌ زازا) گرووپێکن لە نێو دەوڵەتدا، بە واتایەکی‌ دروستتر پێگەیان گرووپێکە ھاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتدا (کوردیش میدیا ٦ ئوکتۆبری‌ ٢٠٠٣).

ھەروەھا عەبدوڵڵا ئۆجەلانی‌ سەرۆکی‌ پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستان، ئەوە دەرئەبڕێ کە رێکخراوی‌ نھێنگریی‌ نەتەوەیی‌ تورکیە ـ (میت) لە پشت گەورەکردنی‌ چالاکییە سیاسی‌ و کولتوورییەکانی‌ زازا دان لە تورکیەدا (میت لە پشت ئەم کارەوەیەو مەبەستیشیان راوەستاندنی‌ گەشەی‌ ھەستی‌ نەتەوەیی‌ کوردە). لە لایەنی‌ ئەتمۆسفێری‌ سیاسیشەوە ئاماژە بەوە دەکرێ‌ کە کەسایەتیی‌ زازا زیاتر لای‌ لێ بکرێتەوە. حیزبی‌ بزووتنەوەی‌ ناسیونالیستی‌ تورکی‌mhp ھیچ کاتێک زمانی‌ کوردی‌ لە لێدوانە سیاسییەکاندا بەکارناھێنێن، بەڵام عەبدوڵڵا ئەرزاقچی‌ ئەندامی‌ ئەو حیزبە لە ساڵی‌ ٢٠٠٦ دا و لە لێدوانێکی‌ سرنجڕاکێشدا بە زمانی‌ کوردی‌ وتی‌: من زازام، من کوردم و ھیچ کێشەیەکی‌ کوردیش لە کایەدا نیە. ـ( زەمان ١٠ی‌ مایسی‌ ٢٠٠٦).

ئەرزاقچی‌ دەیویست بڵێ‌ کە چیتر کێشە نیە لە تورکیەدا، ئەگەر کەسێک خۆی‌ بە کورد یان زازا بزانێ. لە ساڵی‌ ٢٠٠٧ دا دەزگای‌ راپرسی‌ (کۆندا)، ھەنگاوێکی‌ گەورەی‌ ھاویشت لە جیاوازیکردنی‌ رەگەزیدا لە نێوان زازاو کورددا. پێشتریش گرووپێکی‌ بیروڕا گۆڕینەوەی‌ ناسیۆنالیستی‌ تورکیش راپۆرتێکی‌ لەسەر زاز ـ کورد بڵاو کردبۆوە. ئێستاش زۆر رۆژنامەو چاپەمەنی‌ ئینتێرنێتی‌ تورک ھەن کە زازا بە کورد لە قەڵەم نادەن، نموونەیەک لە وانە بەشداریکەرێکی‌ زازایە لە رۆژنامەی‌ تودەی‌ زەمانی‌ تورکیدا کە دەڵێ: بە ملیۆن کورد و زازا ھەن کە خۆیان جیاواز نابینن لە براو خوشکە تورکەکانیان و کێشەکانیشیان جیاواز نین لە کێشەکانی‌ ئەم وڵاتە. نووسەرەکە لایەنگرێتی‌ خۆی‌ بۆ تورکیە دووپات دەکاتەوە. (تودەی‌ زەمان ٢٣ی‌ ئابی‌ ٢٠٠٨).

تەنانەت ئەردوغان لە سەردانەکەیدا بۆ ھەکاری‌ لە کانوونی‌ یەکەمی‌ ٢٠٠٨دا، جیاوازی‌ کرد لە نێوان زازاو کورد دا، عەبدووڵڵا دەمیرباشی‌ پارێزگاری‌ پێشووی‌ دیاربەکر و ئەندامی‌ (DTP) لەم دواییانەدا، کاریگەریی‌ ناسیۆنالیزمی‌ زازایی‌ لەسەر دانیشتوانی‌ باشووری‌ رۆژھەڵاتی‌ تورکیە رەت دەکاتەوە. بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە سیاسەتمەدارانی‌ تورک دەستیان کردوە بە جیاوازیی‌ کردن لە نێوان زازاو کورددا ئەویش بە مەبەستی‌ لاواز کردنی‌ داوا ناسیۆنالیزمییەکانی‌ کوردەکان ـ کوردیش میدیا ٢٠ی‌ کانوونی‌.

زۆرینەی‌ زازا ناسیۆنالیستەکان دژ بە پەکەکەن، ئەوەش یارمەتیدەرێکە بۆ ئەنکارا لە جەنگەکەیدا دژ بە چەکدارە کوردەکان. زازا ناسیۆنالیستەکان پەکەکە بە چالاکیی‌ ئەنتی‌ زازایی‌ تاوانبار دەکەن و پێیان وایە ھەم پەکەکە و ھەم سوپای‌ تورکیە بەشدارن لە کەمکردنەوەی‌ دانیشتوانی‌ ناوچە زازاییەکاندا. زازا ناسیۆنالیستەکان ترسی‌ توانەوەیان ھەیە لە بەرامبەر ھەردوو ناسیۆنالیزمی‌ کوردو دەوڵەتی‌ تورکیەدا. پێدەچێ کەسایەتیی‌ زازا ببێتە ئامرازێکی‌¬تر لە ململانێی‌ سیاسیی‌ نێوان تورکیەو ناسیۆنالیزمی‌ کورددا، کەش و ھەوایەکی‌ کلتووری‌ ئازاد لە تورکیەدا بوارێکی‌ زیاتر ئەدا بە خوێندن بە زمانی‌ دایک وەک زازایی‌ و کرمانجی‌، ھەر ئەوەش رەنگە ھاوکێشەی‌ دوژمنی‌ ھاوبەش لە نێوان رەگەزە ناتورکەکاندا کەم بکاتەوە. لەو حاڵەتەدا رەنگە ناسیۆنالیزمی‌ کوردی‌ ھەڕەشەیەکی‌ گەورەتر بێ لەسەر زازایی‌ تا دەوڵەتی‌ تورکیە.

تورکەکان دەترسن کە ئەو کێشەیە ببێتە ھۆی‌ ھەڵوەشاندنەوەی‌ تورکیە. بەوەی‌ چەند نەتەوە ھەن لە تورکیەدا. ئیمپراتۆری‌ عوسمانی‌ دوای‌ جەنگی‌ جیھانیی‌ یەکەم و لە پەیمانی‌ سیڤەردا، ١٩٢٠، دابەش کرابوو بۆ گەلێ‌ ناوچەی‌ نەتەوەییانە، لەوانە یۆنانی‌ و کوردی‌ و ئەرمەنی‌ و... بۆیە تورکەکان دەترسن جارێکی‌ تریش زەوی‌ و زارێکی‌¬تر بۆ نەتەوەکانی‌ نێو تورکیە لە دەست بدەن. ئەو حاڵەتەی‌ زۆر تورک بە وڕێنەی‌ سیڤەر ناوی‌ دەبەن.

لە کۆتاییدا ناسیۆنالیزمی‌ زازایی‌ رەنگە رۆڵێک بگێڕێ لە گفتوگۆکانی‌ تورکی‌ ـ کوردیدا بەڵام ئەوە روون نیە کە کەسایەتیی‌ سەربەخۆی‌ زازایی‌ لایەنگرییەکی‌ زۆر بە دەست بێنێ‌ لە ناو قسەکەران بە زمانی‌ زازاو زۆربەیان تا ئێستا خۆیان بە تورک یان کورد دەزانن. گەر کەسایەتیی‌ زازایی‌ ببێتە شتێکی‌ باو، لایەنگیرێتی‌ سێ‌ میلیۆن زازا بۆ پەکەکە و ناسیۆنالیزمی‌ کوردی‌ لاواز دەبێ.

بەستەر بۆ دەرەوە[دەستکاری]

Wikipedia
ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد بە زازاکی
  • [١] Ethnologue on Zazaki (language)
  • [٢] (Zazaki.net)
  • [٣] Academic Research Center of Zazaki
  • [٤] Zazaki Wikipedia
  • [٥] Only Zazaki news