محەممەد ماملێ

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
محەممەد ماملێ
لەدایکبوون ١٩٢٥
مەهاباد
مەرگ ١٩٩٩
مەهاباد
نەتەوە کورد
پیشە گۆرانیبێژ ، مەقامبێژ
ئایین ئیسلام ، سوننی
ھاوسەر ئامین مەولوودیان و دوو هاوسەری تر
منداڵەکان چیا، وریا، خوسرەو، چالاک و ...
ماڵپەڕ
http://www.mamle.net

محەممەد ماملێ (لەدایک‌بوون ١٩٢٥ - کۆچی‌دوایی ١٩٩٩) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، مەقامبێژ کورد، خەڵکی مەھاباده.

ژیانی بنەماڵەیی[دەستکاری]

محەمەدی ماملێ، کوڕی میرزا سەعیدی ماملێ (مام عەلی) لە ساڵی ١٩٢٥ لە بنەماڵەیەکی ھونەرمەند و نیشتمانپەروەر، لە گەڕەکی ھەرمەنییانی مەھاباد لەدایک‌بوو. میرزا سەعید ھەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بە ھۆی ھونەری دەنگ‌خۆشی و مەقامزانی و شێعرخوێنی (بەتایبەت شێعرەکانی وەفایی) لە کۆڕەکانی عارفانەی خانەقای شەمزینان، ڕێز و حورمەتێکی زۆری لێ گیراوە و لە گەڕەک و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە.

لە زۆر کەسی بەتەمەنی ناوچەی موکریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ دەگەڵ ھونەرمەندی بەناوبانگ سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی کە لە ساڵی ١٩٣٢ دا ھاتووەتە موکریان و لە باغی میرزا شەریفی حاجی ڕەشید، بۆ خەڵکی مەھاباد گۆرانی گوتووە، بەشدار بووە. محەمەد حەمەباقی نووسەری کتێبی "سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی" دەڵێ:

حاجی غەنی چایچی بۆمی گێڕایەوه كە جگه له سەعیدی ماملێ، سێ گۆرانیبێژی تری مهابادی، به ناوی عەبدوڵلا ڕەش، كەوێ جوو و حسەینی قاقی گۆرانییان لەگەڵ سەید عەلی‌ئەسغەر وتووه. سەید عەلی‌ئەسغەر له ڕادەبەدەر ڕێزی بۆ ئەم گۆرانیبێژانە دادەنا؛ بەتایبەتی بۆ سەعیدی ماملێ.

لەم بارەیەوە محەمەدی ماملێ دەگێڕێتەوە کە :

ھەر جارەی سەعیدی ماملێ بەندێکی خۆشی گۆرانی وتووە، سەید عەلی‌ئەسغەر لە جێی خۆی ھەڵساوە و سەعیدی ماملێی ماچ کردووە.

محەمەدی ماملێ خۆی لە بارەی میرزا سەعیدی باوکیدا گوتوویە:

«بابم نەخوێندەوار بوو و لە نێو بازاڕدا دوکانێکی چکۆڵەی خوری فرۆشتنی ھەبوو. ئێمە شەش کوڕ و کچێک بووین.. ھەربە گشتی تایفەی ئێمە، تایفەی گۆرانیبێژانە. بابم زۆربەی ئەو گۆرانییانەی کە ئەمنیش دەیانڵێمەوە، بۆ خۆی دایناون و ئاھەنگی خستوونەسەر. نەیتوانیوە سازێک لێ بدا، بۆ ئەو مەبەستە سازژەنی خۆی ھەبووە. ئەو لە ھەموو گۆرانییەکی زیاتر حەزی لە گۆرانی ئایینی و دڵداری بوو.

ھەر‌چەند بنەماڵەی ماملێ بە تێکڕایی ھونەرمەند و دەنگخۆش و گۆرانیبێژن، بەڵام محەمەدی ماملێ ھونەرمەندێکی دەگمەن و ھەڵکەوتە بوو کە لە دوای میرزا سەعیدی باوکی و ھەروەھا میرزا حوسێنی برای کە دە ساڵێک لە خۆی گەورەتر بووە، توانی وەک بەرپرس و نوێنەری ھونەریی ئەو بنەماڵەیە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ، مەقام و گۆرانی کوردی برەو و ڕەواج پێبدا. حامیدی کاکیلی یەکێک لە نیزیکترین دۆستانی محەمەدی ماملێ لەو بارەیەوە دەڵێ:

ناکرێ بڵێین بنەماڵەی ماملێ لە چ کاتێکەوە و لە کوێوە دەستیان پێکردووە. ئەوانە ژن و پیاویان دەنگخۆش بووە وەک ماسی وابوون ھەر وەختێکی دە ئاو ھاویشتراون مەلەزان بوون. محەمەدیش ھەروەتر ناتوانین بڵێین بە چ ئاھەنگێک و لە کوێوە دەستی پێکردووە. تەنانەت بەشێک لەو بنەماڵە کە لە کوردستانی عێراق نیشتەجێن دەنگیان خۆشە. بە گشتی ئەو بنەماڵەیە، لە مام عەلی و مام سەعید ڕا بگرە ھەتا میرزا حوسێن و محەمەد و ئەوانی تر بە ھۆی دەنگەکەیانەوە دەگەڵ ھەموو بەزم و خۆشی و دانیشتنەکی ئەو شارە و ئەو ناوچەیە تێکەڵاو بوون بەتایبەت ئەودەم کە وەک ئێستا مەحدودییەت نەبوو.

زۆر کەس لە سەر ئەو باوەڕەن کە ماملێ بێجگە لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی خۆی، ھونەرمەندێکی ڕەسەن و خاوەن قوتابخانەیە. سەبارەت بە ماملێ دەیانگوت: "زۆر بەجێ و ڕێ گۆرانی دەڵێ". ڕاستە، دەنگخۆشیی بەھرەیەکی دایکزایی‌یە، بەڵام با بزانین چ ھۆکارێک محەمەدی ماملێی بەو پلەیە گەیاند و نێویان لە سەر چڵەپۆپەی ھونەری مەقام و گۆرانی کوردیی نەخشاند.

ژیانی تایبەت[دەستکاری]

ماملێ ھەر لە سەردەمی لاوییەوە وەک ھونەرمەندێکی ئازادیخواز و خەڵک‌خۆشەویست، دەرکەوتووە و بە پێی ئەرکی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی، خۆی پێگەیاندووە. لەگەڵ ھیچ دارودەستە و تاقمێکی سەرەڕۆ و زۆردار دانووی نەکوڵاوە و لە ئەستەمترین قۆناخەکانی ژیاندا، وەک بولبولێکی خوشخوێن، سەری لە ھەموو ھەوار و کوێستانەکانی کوردستان داوە و مزگێنی شادی و ئازادی بۆ ڕێڕەوانی ئەوین ھێناوە. لە ڕۆژانی خۆشی‌دا بە بەستە و گۆرانی، بەزم و کۆڕی ھاوقەتارانی ڕازاندۆتەوە و لە ڕۆژانی تەنگانەشدا بە قەتار و لایلایە خەڵکی لاواندۆتەوە. ماملێ بێجگە لە کوردایەتی، سەربازی ھیچ ڕێبازێکی ئیدەئۆلۆژی نەبوو؛ ئەو تەنیا گیانبازی گەلەکەی بوو.

لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی سیاسی لە دەست تاقمێکی خۆبەخودازانی ھیچنەزان دایە، زۆر بە ‌دەگمەن ھەڵدەکەوێ کە ھونەرمەند بتوانێ لەنگەری خۆی لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا ڕابگرێ و بە پووڵ و پارە ھەڵنەفریوێ و ھەڵە نەڕوات؛ ماملێ چ وەک کەسایەتی کۆمەڵایەتی و چ وەک کەسایەتی ھونەری، ھەم لە ڕێژیمی پاشایەتی (ڕەزاخان ١٩٢٥ـ١٩٤١ و محەممەدڕەزا پەھلەوی ١٩٤١ـ١٩٧٩) دا و ھەم لە ڕێژیمی مەلایەتی (١٩٧٩ـ...؟) دا، توانی بە شێوەیەکی گونجاو، نە تەنیا ئەو لەنگەرە ڕابگرێ، بەڵکوو وەک ھونەرمەندێکی ئازادیخواز و گەلنەواز لە ساڵی ١٣٤٧(١٩٦٨) لە بەندیخانە بکرێت. بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کە ماملێ لە بارودۆخێکی زۆر تایبەتیی کوردستاندا، وەک ھێمای نواندنی بەشێک لە فەرھەنگی خۆڕاگری و سەرزیندوویی گەلی کورد کە لە زۆربەی گۆارانییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ھەمیشە چقڵێک بووە لە چاوی نەیاران و دژبەرانی گەلەکەی. ھەربۆیەش، ھەر بەستە و گۆرانییەکی کە ماملێ دەیگوت و دەیخوێند، بۆ ئەوەی بزانرێ چ مەبەست و ڕەمز و ڕازێک لە گۆرانییەکانیدا حەشاردراوە، لە لایەن ساواکی مەھابادەوە، بە وردی سەرنجی دەدرایە. ھەڵبەت ماملێش ئەو کەسە نەبوو کە لە خۆڕا بیانوو بداتە دەست ساواک، زۆر عاقڵانە و ھونەرمەندانە ھەڵسوکەوتی دەکرد و بە شێوەیەکی زۆر مەنتیقی تەقییەی ھونەریی بەکاردەبرد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

به‌سته‌ر بۆ گۆرانیه‌کانی مامۆستا ماملێ[دەستکاری]