شەبەک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شەبەک پێکهاتەیەکن لە عێراق و کوردستانی باشوور. دانیشتووی دەوروبەری بەرتلە و قەرەقۆش (حەمدانیە)ی رۆژھەڵاتی شاری مووسڵن کە سەر بە پارێزگای نەینەوایە لە باکووری‌ عێراق. مێژووی پەیدابوونیان لەم دەڤەرەدا دەگەرێتەوە بۆ سەدەکانی دوای دامەزرانی دەوڵەتی سەفەوی لە ئێران و ھەڵمەتەکانیان بۆ سەر خاکی کوردستان و عیڕاق کە ئەوسا بەشێک بوون لە دەوڵەتی عوسمانی. بەلای ھەندێک لە میژوناسان شەبەک‌ بەشێکن لە کوردی‌ گۆران لە ھەمان رۆژگاری پەیدابوونی زەنگەنە و رۆژبەیانی و لەک لە مووسڵ ئاکنجی بوونە. ووردتر لە دەورانی حوکمڕانی نادر شای ئەفشار لە سەدەی ھەژدەمی زاییندا.

زمانی شەبەک[دەستکاری]

زمانی شەبەکەکان لە بنەرەت دا زاراوایەکی ھەورامیە، کە لە دەرەوەی کوردستان دا بە گۆرانی دەناسرێ. بەڵام ئەم زاراوە گەلێک لێکچوونی لەگەڵ زاراوای سۆرانی ھەیە. دوایین بەرھەمی تایبەت بە شێوەزاری شەبەک و باجەلان لە دوو توێی کتێبێکدا بڵاوکراوە بە ناوی (فەرھەنگی شەبەک) بەرھەمی ئامادەکراوی توێژەر (ھەردەوێل کاکەیی) و چاپکراوی پرۆژەی ئنستیتیوتی کەلەپووری کوردییە٢٠١٢.[١]

فه‌رهه‌نگى شه‌به‌ك 2012

پێکھاتەی شەبەک[دەستکاری]

زۆربەی شەبەک لەو ھۆزە کوردانە پکھاتوون کە بە پەرتەوازەیی لە دەڤەری بەردەڕەشی نزیک‌ ئاکرێ (ناوچەی گۆران نشین) و ھە‌ولێر و کەرکووک و گەرمیاندا بڵاو بونە. گرینگترینیان: زەنگەنە‌ ، باجەلان ، رۆژبەیانی، داودە‌، لەک، ئۆمەربل و زراری. ئاخاوتی ئەم ھۆزانە بە گشتی شێوەزارێکی گۆرانە و کاریگەری کرمانجی و عەرەبی وتورکی پێوەدیارە. بە حوکمی ھاوسێیەتیان لەگەڵ کوردی بادینان و ھۆزە عەرەب و تورکمانەکانی مووسڵ. ‌

ئاینی شەبەک[دەستکاری]

شەبەک موسڵمانن، بەشێکیان سوننەی شافعین و بەشە زۆرەکەشیان شیعەن و خاوەن بیروباوەڕی تایبەتن.[٢] کە نزیکە لە بیروباوەڕی یارسانەکانی کوردستانی رۆژھەڵات و ھەمەدان. جیاوازی مەزھەبی شەبەک لە موسڵمانەکانی دەوروبەر جۆرێک لە دابڕانی کۆمەڵایەتی خوڵقاندووەکە بە تێپەربوونی کات بووەتە ھۆکاری گۆشەگیربوونیان لە ناو جغزێکی تەسکدا. خۆ دوورە پەرێزگرتنیان لە ھاوسێکانیان کاریگەری لە سەر شێوەی بیرکردنەوەیان ھەبووە. بۆچوونی مەزھەبی زاڵتر بووەو ھۆشیاریی نەتەوەیی کز کردووە. نووسراوێکی ئایینیی بە ناوی بویروقە و کە بە شێوەزاری ئازەری یا زمانی تورکەمانی نووسراوەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەویکانی ئێران.

مێژوو[دەستکاری]

شەبەک لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عوسمانی و حاکمانی مووسڵ ھەمیشە بە چاوی نۆکەری بێگانە سەیر دەکران، ئەم روانینە ھەمیشە ناوبرێکی درووستکردبوو لە نێوان ئەوان و دەسەڵاتدارانی ناو مووسڵ کە بە گشتی سوننە مەزھەب‌ بوون. ھەمیشە داپڵۆسینێکی مەزھەبی و نەتەوەیی لە سەر گوندنشینانی شەبەکدا ھەبووەو خاکەکیان بە سەر موڵکدارانی موسڵ دابەشکراوەو دانیشتووان کراون بە وەرزێر. کە دەوڵەتی عیڕاق دامەزرا بارودۆخەکە باشتر نەبوو. لە سەرژمێریە یەک لە دوایەکە‌کاندا دووچاری ستەم و پەراوێزکردن ‌بوونەوە. ساڵی ١٩٨٧ پاش دەرچوونی بڕیارەکانی بە عەرەبکردن زۆر لە شەبەک لە خاکی خۆیان ئاوارە کران بە مەھانەی ئەوەی کە خۆیان بە کورد داناوە[٣]‌‌.ئێستا زیاتر لە ٦٠،٠٠٠ شەبەک لە شاری موسڵ و ٣٥ گوندی دەوروبەری دا دەژین. لە سەردەمی بەعسییەکان دا شەبەکەکانیش وەکوو ھەموو کوردەکانی دیکە ئەشکەنجە دران. رەژیمی بەعس بە شوێنی ئەوە بوو کە ناسنامەی کوردەواری شەبەکەکان بسڕێتەوە و ئەوان وەکوو عەرەب بناسێنێ. ھەر وەسا کە زەلامێکی شەبەک وتیوە «ئەگەر ئێمە کورد نەبووین، بۆ بەعسییەکان ئێمەیان لە ماڵەکان و شوێنەکانمان کردە دەر؟!». لە ئاخرین بزاوکە دا، شەبەکەکان بە گشتی داخوازیان لەوە کرد کە شوێنەکانیان بێتە تێکەڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. لە پاش روخانی رژێمی سەددام ٢٠٠٣ دووبارە دوچاری داپڵۆسین بوونەوە ئەم ئەمجارە لەلایەن توندڕەوەکانی القاعیدە. یەک نوێنەریان لە پەرلەمانی عیڕاقدا ھەیە بە ھەڵبژاردنی کۆتا.

شەبەک و پلانی خۆ بە کەمینە ناساندن‌[دەستکاری]

بە ھۆی بە سیاسەتکردنی شەبەک و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری جوگرافیای دانیشتوانانی کورد لە موسڵ، پلانێکی بەکار ھەیە بۆ ناساندنی شەبەک وەک کەمینیەیکی نەتەویی جیا لە کورد. بۆ ئەم مەبەستە حزبی سیاسی ودارایی و پشتگیری سیاسی ناوخۆ و دەرەکی (بە تایبەت لە ھەندێک ناوەندی شۆفینی لە ناو تورکیا) بۆ تەرخانکراوە. ‌

‌گوندەکانی شەبەک[دەستکاری]

فۆلکلۆری ناوچەی شەبەک[دەستکاری]

ژێدەرەکان[دەستکاری]