عەبدولمەلەکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عەبدولمەلەکی ئێڵێکی کوردە کە بە شێوەزاری ھەورامی دەئاخیڤێنێت. ڕەچەڵەکی عەبدولمەلەکییەکان بە باکووری پارێزگای کرماشان، باشووری پارێزگای کوردستان و ڕۆژاوای پارێزگای ھەمەدان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵدەگرێتەوە. جگە لە عەبدولمەلەکییەکانی ئەو سێ پارێزگایە، جەماوەرێکیشیان لە پارێزگای مازەندەرانی باکووری ئێران دەژێت کە ھێشتا بە زمانی ھەورامی قسە دەکات.

عەبدولمەلەکییەکان لە سەردەمی سەفەوییەکان ھەتا دەستپێکی حکوومەتی زەندەکان لە ناوچەی سەلاس (تووسرکان، مەلایێر، ناوەن) دەسەڵاتدار بوون، بەڵام کەریم خانی زەند بۆ قایمکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەی فارس جەماوەرێک لەوانەی کۆچ دا بۆ شیرازی پایتەختی ئەوکات و بەم ھۆکارە بەدوای ڕۆخانی حکوومەتی زەندەکان لەلایەن قاجارەکان پەڵامار دران و کۆچی زۆرەملی دران بۆ ناوچەکانی جۆراوجۆری ئێران و بۆیە ناوچەی سەلاس دیتر لە دەسەڵاتی عەبدولمەلەکییەکان نەما.

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

دیار نییە کە ناوی عەبدولمەلەکی ئاماژە بە چە کەسایەتییەک دەکات. ھەندێک سەرچاوە وایان زانیوە کە عەبدولمەلەک ناوی دامەزرێنەر و بەرەبابی ئێڵەکە بووە. ھەندێک کەسیش پێیان وابووە کە عەبدولمەلەک ئاماژە بە ئایینی ئێزیدی دەکات کە لەتێدا مەلەک تاووس فریشتەیەکی زۆر پیرۆزە و ئەو ناوە ئاماژە بە ناوی ئەو فریشتەیە دەکات.

زمان[دەستکاری]

عەبدولمەلەکییەکان بە بنزاراوەی تایبەت بە خۆیان لە شێوەزاری ھەورامی قسە دەکەن.

ئایین[دەستکاری]

ئەمڕۆکە ھەموو عەبدولمەلەکییەکان سەر بە ئایینی ئیسلامی شیعەن.

عەبدولمەلەکییەکانی مازەندەران[دەستکاری]

بەشێک لە ئێڵی عەبدولمەلەکی کە لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێرانەوە دەژێت لە چوار ھۆز پێکدێت: فەھروەند، زەینەوەند، شێخاوەند و کاڵوەند. ھۆزی فەھروەند کە لە زاغەمەرز نیشتەجێیە لە دوو تیرەی سوورخاب و چواربنیچە پێکھاتووە. سوورخابەکان لە ٦ تایفە (سێ تایفە شاقولی و سێ تایفە پاشاکەلایی) و چواربنیچەش لە ٦ تایفە (سێ تایفە یاسم و سێ تایفە وتی) پێکھاتوونەتەوە.[١]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ عسگری، علی بابا، اشرف البلاد، ناشر مولف، تاران، ۱۳٥٠[=١٩٧١]، پ ۳۱٦.