زانکۆی کۆیە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
زانکۆی کۆیە
ئاڕمی زانکۆ
بە لاتینی: Koya University
دروشمenabling a brighter future
دروشم بە کوردیبەرجەستەکردنی داھاتوویەکی ڕۆشنتر
دامەزراندن٢٠٠٣
جۆرحکومی
سەرۆکی زانکۆپ.ی.د. محمد حەسیب زەنگەنە
خوێندکاران٥ ھەزار خوێندکار
شوێنکۆیە (قەزا), ھەولێر
کامپبناری چیای ھەیبەت سوڵتان
ماڵپەڕwww.koyauniversity.org

زانکۆی کۆیە دەکەوێتە شاری کۆیەی نزیک شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان بە دووری ٧٠ کیلۆمەتر. لە ڕێکەوتی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣ بەردی بناغەی لە لایەن سەرۆککۆماری پێشووی عێراق مام جەلال داندراوە. بە فەرمانی ژمارە (٢١٨)ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٤ لەدوای لکاندنی ھەردوو کۆلێژی پەروەردە، شەریعە، و یاسا، وەکوو چوارەم زانکۆ لە ھەرێمی کوردستان و یەکەم زانکۆ لە دەرەوەی پارێزگاکان دامەزراوە. زانکۆی کۆیە لە ماوەیەکی کەمدا گەشەیەکی فراوانی بە خۆیەوە بینیوە بە کردنەوەی کۆلێژەکانی ئەندازیاری، پزیشکی، زانست، زانستە مرۆڤایەتییەکان، وەرزش و زمان لە چوارچێوەی کەمپەسی زانکۆدا.

ھەرلەو کاتەدا و دوای ئەوەی کۆلێژی زمان لە قەڵادزێ و کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان و پاشانیش کۆلێژی بنیات و پەرستاریش لە ڕانیە کرانەوە و بوون بە بەشێک لەو زانکۆیە، سەرجەم کۆلێژەکان پاش ڕێکخستنەوە گەیشتە ١١ کۆلێژ و ٣٣ بەشی زانستی، لە ڕێکەوتی ٢٠ی تەممووزی ٢٠٠٦ لە ئاھەنگی یەکەمین خولی دەرچووانی زانکۆکە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەخشرایە ١١٨ خوێندکار. زانکۆی کۆیە بە بەرنامەیەکی داڕێژراوەوە توانیویەتی ئاستی زانستی خۆی بەرز بکاتەوە و ببێت بە ئەندام لە ڕێکخراوی زانکۆکانی جیھانی و ڕێکخراوی یونسکۆی نێودەوڵەتی، لە ھەمان کاتدا لە ڕێگای ھاوکاری و پەیوەندی دوو قۆڵییەوە لەگەڵ چەند زانکۆی بەناوبانگی جیھانی و کردنەوەی خوێندنی باڵا و ھاوبەش لەگەڵ ئەو زانکۆیانەدا ڕۆڵی دیاریکراوی ھەیە.

ئەم زانکۆیە جگە لە پێگەیاندنی نەوەکان و پێشکەوتن و پەرەپێدانی زانستی، بۆتە مایەی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەو مەڵبەندەدا، ھەر ئەوەش وایکرد کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بیر لە دامەزراندنی چەند زانکۆی دیکە بکاتەوە لە دەرەوەی پارێزگاکان، کە یەکێکیان زانکۆی (ڕاپەڕین) بوو لە ساڵی ٢٠١٠دا بەلکاندنی کۆلێژەکانی سەر بە زانکۆی کۆیە لە ڕانیە و قەڵادزێ بەو زانکۆیەوە. لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٦وە بیرۆکەی گۆڕینی سیستەمی کۆلێژەکان بۆ (فاکەڵتی) لە زانکۆی کۆیە گەڵاڵە بوو، وەکو چۆن لە زانکۆکانی دنیای پێشکەوتوودا پێڕەوی لێدەکرێت و بەم کارە، بەشە ھاوبەشەکان دەتوانن پێکەوە کاری لێکۆڵینەوەی ھاوبەش ئەنجام بدەن و لە پەتای بیرۆکراتییەتی کارگێڕیش کەم بکەنەوە، ھەر بۆیە ئێستا لە زانکۆی کۆیە بە سیستەمی فاکەڵتی کاردەکرێت وەکو یەکەمین زانکۆ لە ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەم سیستەمەی خستۆتە بواری کارپێکردن و پراکتیکەوە. زانکۆی کۆیە فاکەڵتیەکانی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان، پەروەردە، ئەندازیاری، زانست و تەندروستی و سکوڵی پزیشکی و سکوڵی پەروەردەی وەرزشی و ٢٧ بەشی زانستی لە خۆدەگرێت.

فەکەڵتیەکانی زانکۆی کۆیە[دەستکاری]

فەکەڵتی ئەندازیاری[دەستکاری]

فەکەڵتی ئەندازیاری لە زانکۆی کۆیەدا شوینێکی نمونەییە بۆ دەستخستنی زانست و زانیاری. فەکەڵتی ئەندازیاری ناوەندێکی نمونەیی دابینکردنی خوێندن و توێژینەوەی پێشکەوتووە لەبوارە جیاوازەکانی ئەندازیاریدا. ئەم فەکەڵتیە لە حەوت بەش پێکھاتووە کە ئەوانیش بریتین لە: بەشی ئەندازیاری شارستانی، بەشی ئەندازیاری جیۆتەکنیکی، بەشی ئەندازیاری تەلارسازی، بەشی ئەندازیاری نەوت، بەشی ئەندازیاری کیمیایی، بەشی ئەندازیاری درووستکردن و بەشی ئەندازیاری سۆفت وێر. جگە لەمانەش، فاکەلتی ئەندازیاری سەنتەری توێژینەوە و نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەندازیاری و یەکەی کاروباری زانیاری و خوێندنی باڵا و یەکەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و یەکەی دڵنیایی جۆری و یەکەی تاقیگەکان و یەکەی تەکنەلۆژیای زانیاری و یەکەی تەندروستی و سەلامەتی و یەکەی ژمێریاری و یەکەی وۆرکشۆپیش لە خۆدەگرێت.[١]

فەکەڵتی پەروەردە[دەستکاری]

فەکەڵتی پەروەردە فەکەڵتییەکی چالاک و کارایە لە برەودان بەخوێندن وەکو پڕاکتیزەکردنێکی پڕۆفیشناڵانە، لەبواری لێکۆڵینەوەی زانستی لە ڕێگەی وانەوتنەوە و توێژینەوە و خزمەتگوزاری کۆمەڵگا بە شێوەیەکی نموونەیی، کە ئەمانەش ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی و شکۆی مرۆڤایەتی دەستەبەر دەکەن. فەکەڵتی پەروەردە ھەوڵی بەرەوپێش بردنی جۆری خوێندن و دابینکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی دەدات لەڕێگەی وانەوتنەوەی جۆری و توێژینەوە و برەوپێدانی پیشەیی.[٢]

فەکەڵتی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان[دەستکاری]

لە فەکەڵتی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە سەبارەت بە پرسە قانوونی و سیاسی و کۆمەڵایەتیە گرنگ و ھاوچەرخەکانی ئەمڕۆمان ئەنجام دەدرێت. جەخت کردنەوە و گرینگیدان بە وانەوتنەوە، فێربوون و توێژینەوەی نموونەیی دەرچووانی شارەزا و کارامە بەرھەم دەھێنێت کە بتوانن گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا ئەنجام بدەن.[٣]

فەکەڵتی زانست و تەندروستی[دەستکاری]

فەکەڵتی زانست و تەندروستی شوێنێکی نمونەییە بۆ دابینکردنی خوێندن و توێژینەوەی پێشکەوتوو لەبوارە جیاوازەکانی تەندروستی و تاقیگەیی و زانستە بنچینەیی و جێبەجێکراوەکان وەکو بایۆلۆجی، کیمیا، بیرکاری، فیزیا، دەرونناسی پزیشکی و مایکڕۆبایۆلۆجی پزیشکی.[٤]

سکوڵی پزیشکی[٥]

بەشەکانی زانکۆی کۆیە[دەستکاری]

فەکەڵتی ئەندازیاری[دەستکاری]

  1. ئەندازیاری تەلارسازی[٦]
  2. ئەندازیاری جیۆتەکنیک[٧]
  3. ئەندازیاری نەوت[٨]
  4. ئەندازیاری کیمیاوی[٩]
  5. ئەندازیاری سۆفت وێر[١٠]
  6. ئەندازیاری دروستکردن ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  7. ئەندازیاری شارستانی[١١]

بەشەکانی فەکەڵتی پەروەردە[دەستکاری]

  1. زمانی کوردی[١٢]
  2. زمانی عەرەبی[١٣]
  3. زمانی ئینگلیزی
  4. سکوڵی پەروەردەی وەرزش ٣ی ئابی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. بەشی جوگرافیا[١٤]
  6. بەشی مێژوو[١٥]
  7. بەشی پەروەردەی بنەڕەتی[١٦]
  8. بەشی خوێندنی ئایینی[١٧]
  9. بەشی باخچەی ساوایان ٣ی ئابی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەشەکانی فەکەڵتی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان[دەستکاری]

  1. بەشی یاسا[١٨]
  2. بەشی کارگێری و ئابووری ١٩ی شوباتی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. بەشی زمانی ئینگلیزی[١٩]
  4. بەشی ژمێریاری

بەشەکانی فەکەڵتی زانست و تەندروستی[دەستکاری]

  1. بایۆلۆجی[٢٠]
  2. کیمیا[٢١]
  3. فیزیا[٢٢]
  4. کلینیکەڵ سایکۆلۆجی]٥ی ئازاری ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

5- مێدیکەڵ مایکرۆبایۆلۆجی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

  1. بیرکای[٢٣]

سەنتەرەکانی توێژینەوە[دەستکاری]

سەنتەری توێژینەوەی زانستی و تەندروستی[دەستکاری]

ئەم سەنتەرە لە ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە، سەر بە فەکەڵتی زانست و تەندروستی یە. سەنتەری توێژینەوەی زانستی و تەندروستی پێک دێت لە نۆ (٩)تاقیگەی زانستی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو بە نوێترین تەکنیک و ئامێری زانستی، سەنتەرەکە یەکێکە لە پێشکەتووترین ناوەندەکانی توێژینەوە لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق و ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و خاوەنی چەندەھا توێژینەوەی زانستی ئاست بەرزە کە ژمارەیەک لەوانە لە لیستی داھێنانەکانی وڵاتانی ئەوروپا تۆمارکراون. تاقیگەکانی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و تەندروستی تایبەتمەندکراون لە بوارەکانی (Biotechnology, Molecular Biology, Microbiology, Cell Culture, Environmental & Analytical Chemistry, Biochemistry)

سەنتەری توێژینەوەی فەکەڵتی ئەندازیاری[دەستکاری]

ئەم سەنتەرە لە مانگی ٢ ی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە، بە مەبەستی پاڵپشتی کردنی ستافی توێژەران و خوێندکاران بۆ برەو پێدان بە چالاکیە زانستیەکانیان، بە تایبەتی بۆ توێژینەوە مەیدانیەکان بە ئامانجی بەرەو پێش بردنی کوردستان و بەتایبەت شاری کۆیە، ھەروەھا بۆ بەشداریکردن لە پێشخستنی سەرچاوە زانستیەکان لە سەرانسەری جیھان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری و پشکنینەکان لەگەڵ ئەو سەنتەرە توێژینەوانەی کە ھەمان ڕێگا و ھەڵوێستیان ھەیە لە جیھاندا. خەون و ئامانجی ئەم سەنتەرە ئەوەیە کە بگاتە ئەو ئامانجانەی کە کورت کراونەتەوە و دامەزرێنراون ئەویش بە دروستکردنی پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لە نێوان فاکەڵتی و کۆمپانیا پیشەسازیەکان و دەزگا حکومیەکان و کەرتی تایبەت، و کارکردن لەسەر ئەو پرۆژانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر لایەنەکانی کۆمەڵگە وەک چارەسەرکردنی ئاوی ژێرزەوی لە شاری کۆیە و دەوروبەری، ھەروەھا پاراستنی ژینگەی ناوچەکە بە تایبەتی پیس بوونی ئاو و خۆڵ و ھەوا بەو پاشماوانەی کە کەرتی پیشەسازی نەوت و گاز بەرھەمی دەھێنێت، ئەمە جگە لە توێژینەوە لە بوارەکانی بەرھەم ھێنانی سوتەمەنی بایۆدیزڵ و بەرھەم ھێنانی کارەبا بە وزەی خۆر.

سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوەی زانستی[دەستکاری]

ئەم سەنتەرە بۆ توێژینەوەی کۆمەڵگەی کوردیییە، لە رووی دیرۆکی و کولتوری و ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە. وەک پێویستییەکی زانستی بۆ شرۆڤەکردنی دۆخی کۆمەڵی کوردی لە لایەن زانکۆی کۆیەوە دامەزراوە، سەنتەری مەلای گەورە بەناوی زانا و چاکسازی دینی – کۆمەڵایەتی و کەسایەتی ناسراوی کۆیە و کوردستان مەلای گەورەی کۆیەوە ناونراوە. دیدی سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوە بەرھەمھێنانی پلاتفۆرمێکی زانستییە بۆ لێکۆڵینەوە و پەیڕەوکردنی میتۆدی زانستییە لە خوێندنەوەی دیاردەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی، سەنتەری مەلای گەورە بەشێکی گەورەی پانتایی کاری توێژینەوەی خۆی تەرخان کردووە بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە ڕوانگەی کوردانە بۆ ئایین و توێژینەوەکردن لە پێکەوەژیانی ئایینەکان لە ناوچەکە.

بڵاوکراوە زانستییەکان[دەستکاری]

گۆڤاری ئارۆ[٢٤][دەستکاری]

ئارۆ (واتە ئەمڕۆ لەشێوەزاری ھەورامیدا) گۆڤارێکی زانستییە لەلایەن زانکۆی کۆیەوە بەکۆدی ISSN 2307-549X بڵاودەکرێتەوە. ئارۆ گۆڤارێکە بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بنچینەیی و ھەواڵی جیھانی و لێدوان و ڕوونکردنەوە. گۆڤاری زانستیی ئارۆ لەلایەن کەسانی شارەزا لەو بوارەدا چاوپێداخشاندنەوەی بۆ دەکرێت، گۆڤارێکی سەرھێڵی (ئەلیکترۆنی) کراوەیە بۆ خوێنەران، ئەم گۆڤارە وتار و تویژینەوەی بنچینەیی بڵاودەکاتەوە و پێداچوونەوە بۆ وتارەکان لەھەموو بوارە زانستییەکاندا دەکات.

ئەم گۆڤارە زانستییە سەکۆیەکی ئەکادیمی باوەڕپێکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لەبواری زانستی ھەمەجۆردا. ھەموو ژمارە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری ئارۆ لەسەر ماڵپەڕی ئینتەرنێت ئەرشیف دەکرێن و دەتوانرێت بەدوا گەڕانیان بۆ بکرێت، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە. دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئارۆ بە خۆشحاڵیەوە بانگھێشتی کەسانی شارەزا و پسپۆر لەم بوارەدا دەکات بۆ بەشداریکردن لەگۆڤارەکە لە ڕێگای ناردنی توێژینەوەی زانستی لەشێوەی توێژینەوەی ئۆرجینال. زمانی فەرمی گۆڤارەکە زمانی ئینگلیزییە. توێژینەوە و نوسراوەکان بابەتی کورت و درێژ لەخۆ دەگرن لەگەڵ ھەبوونی ڕێنمایی ڕوون و ئاشکرا بۆ نووسەران لەسەر ماڵپەڕی گۆڤارەکە. ئارۆ تاکە گۆڤارە لە کوردستان و عێراق کە تۆمارکراوە (Index) لە لیستی دامەزراوەی (Thomson Ruters). ٢٦ی شوباتی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. ئارۆ تاوەکو ئێستا (پێنج) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.

گۆڤاری زانکۆی کۆیە[دەستکاری]

ئەم گۆڤارە یەکێکە لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکانی زانکۆی کۆیە کە توێژینەوەی ڕەسەن و ئاست بەرز بڵاو دەکاتەوە لە بوارەکانی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، ئامانجی گۆڤاری زانکۆی کۆیە ھاندان و پشتیوانیکردنی توێژەرانە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز. گۆڤاری زانکۆی کۆیە پەیرەوی لە سیستمی ھارڤارد دەکات بۆ نوسینی پەراوێز جگە لە شێوازە نوێیەکانی توێژینەوەکردن، ھەروەھا توێژینەوەکانی ئەم گۆڤارە لە لایەن پسپۆری لێھاتوو و شارەزا ھەڵدەسەنگێنرێ بەر لە بڵاوکردنەوە. گۆڤاری زانکۆی کۆیە تاوەکو ئێستا (٣٨) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە. [٢٥]

کتێبخانەی ناوەندیی[دەستکاری]

کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی کۆیە لە ژێر دروشمی کرانەوە بە ڕووی جیھاندا کار دەکات، کتێبخانەکە پەیڕەوی ستانداردە جیھانییەکان دەکات بۆ پۆلێن کردن و رێکخستنی پەرتووک. پرۆژەی کارکردن لە سەر بە ئەلکترۆنی کردنی کتێبخانە بەردەوامە بۆ کردارەکانی وەکو خواستن و گەڕاندنەوەی پەرتووک، تۆمارکردن و پۆلێن و رێکخستنی ھەڵگری کتێبەکان. بۆ ئەم مەبەستەش سیستەمی پەرتووکخانەی ئەلکترۆنی کۆھا (KOHA) بەکار دەھێنرێت، کە ئەم سیستەمە لە لایەن چەندین زانکۆی پێشەکەوتووی ئەمەریکی و ئەوروپی بەکار دەھێنرێت. ئەم سیستەمە توانایەکی سەرسوڕھێنەری ھەیە بۆ ڕاپەراندنی کاروباری ڕۆژانەی کتێبخانە. لە ئێستا زیاتر لە ٧٠ ھەزار پەرتوکی کتێبخانەکە بە ئەلیکترۆنی کراون. زانکۆی کۆیە ھەر وەک پێشەنگ بووە لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون، کتێبخانەکەشی جیاواز لە زۆربەی کتێبخانەکانیتر لە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانیەوە تاوەکو ٥ ئێوارە کراوەیە بە ڕووی فێرخواز و مامۆستایاندا. ھاوکات ئامانجی کتێبخانەی ناوەندی کۆیە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە بە خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران بە بەردەوامی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بە رێگەی ئۆنلاین.

ئەندازیاریی دروستکردن[دەستکاری]

ئەم بەشە لە ساڵی ٢٠١٣ لە زانکۆی کۆیە کراوەتەوە خوێندن لەم بەشە بۆماوەی چوار ساڵە و بەزمانی ئینگلیزیە، جیاوازی ئەم بەشە ئەوەیە تاکە بەشە لە کوردستان و ساڵانە خوێندکارێکی کەم وەردەگرێت بەراورد بە بەشەکانی تر، قوتابیان بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێ دەدرێت، ئەم بەشە لینکێکە لە نێوان ئەندازیاری میکانیک و ئەندازایاری کیمیاوی و ئەندازیاری کۆمپیتەر.[٢٦]

کاری ئەندازیاری دروستکردن[دەستکاری]

بەشێوەی گشتی ئەرکی ئەندازیاری دروستکردن بریتییە لە چاودێری کردنی پرۆسەی درووستکردن و دیزاین کردنی کاڵای بەرھەمھێنەر، ھەروەھا بەکارھێنانی ئامێرەکانی درووستکردن بە باشترین شێوە و دیزاین و بەرھەمھێنانی کاڵا بە کوالێتی باش و دانانی پلان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی درووستکردن و بەرێوەبردنی،و ھەروەھا زانیاری تەواو لەسەر کوالیتی بەرھەم ھێنان. بە کورتی زۆربەی ئەو کەرەستانەی کە ڕۆژانە بەکار دەھێنرێت ئەرکی درووست کردن و دیزاینکەی لەلایەن دەرچووانی ئەم بەشەوەیە.[٢٧]

بوارەکانی کارکردنی ئەندازیاری دروستکردن[دەستکاری]

ئەندازیاری درووستکردن وەک بڕبڕەی کەرتی پیشەسازی دادەنرێت، دەرچووانی ئەم بەشە چانسێکی فراوانی کارکردنیان هەیە لە کەرتی پیشەسازی بە گشتی، بۆ نموونە پیشەسازی خواردن و پێداویستیەکانی ناوماڵ و پیشەسازی کیمیای، بوارەکانی نەوت، پیشەسازی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە، پیشەسازی وزە، کارگەی بەرھەمھێنانی ئاسن، کارگەی دەرمان، کوالێتی کۆنترۆلی مەرزەکان، ھەروەھا دەتوانی لە چەندی شوێنیتر کار بکەیت.


بوارەکانی کارکردنی ئەندازیاری دروستکردن لە کوردستان:

دیارە لە دە ساڵی ڕابردودا لە کوردستان بواری پیشەسازی تا ڕادەیەك پێشکەوتنی بە خۆوە بینی بەو هۆوە کۆمەڵێک کارگە دروست کران، ئەو بوارانەی کە لە ئێستادا ئەندازیاری دروستکردن ئەتوانێ کاری تێدا بکات بریتین لە کارگەکانی ئاسن و کارگەکانی پلاستیك و کارگەکانی دروستکردنی پێداویستی بیناسازی و کارگەکانی خواردن و ئاو و خواردنەوە، هەروەها بواری نەوت و بەرهەمهێنانی کارەبا و چەندەها بواری تر.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ http://www.koyauniversity.org/node/19 ١٧ی تەممووزی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "KOU-FEDU". fedu.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  3. ^ "KOU-FHSS". fhss.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  4. ^ "KOU-FSCH". fsch.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  5. ^ "KOU-SMED". smed.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  6. ^ "KOU-FENG - DARE". feng.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  7. ^ "KOU-FENG - DGEN". feng.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  8. ^ "KOU-FENG - DPTE". feng.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  9. ^ "KOU-FENG - DCHE". feng.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  10. ^ "KOU-FENG - DSWE". feng.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  11. ^ "KOU-FENG - DCEN". feng.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  12. ^ "KOU-FEDU - DKUR". fedu.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  13. ^ "KOU-FEDU - DARB". fedu.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  14. ^ "KOU-FEDU - DGEO". fedu.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  15. ^ "KOU-FEDU - DHIS". fedu.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  16. ^ "DBED-Evening Program - Faculty of Education". web.archive.org. 17ی تەممووزی 2015. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |date= (help)
  17. ^ "KOU-FEDU - DRLE". fedu.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  18. ^ "KOU-FHSS - DLAW". fhss.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  19. ^ "KOU-FHSS - DENG". fhss.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  20. ^ "KOU-FSCH - DBIO". fsch.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  21. ^ "DCHE - Faculty of Science and Health". web.archive.org. 31ی ئازاری 2016. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |date= (help)
  22. ^ "KOU-FSCH - DPHY". fsch.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  23. ^ "KOU-FSCH - DMAT". fsch.koyauniversity.org. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help)
  24. ^ Fadhil, Basim (2014). "Assessment of Ballistic Performance for Transparent Material". ARO, The Scientific Journal of Koya University. 2 (1): 12–15. doi:10.14500/aro.10018. ISSN 2307-549X.
  25. ^ https://web.archive.org/web/20160825210709/http://gzk.koyauniversity.org/. Retrieved 19ی Januaryی 2022. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help); Missing or empty |title= (help)
  26. ^ "ئەندازیاری دروستکردن - فاکەڵتی ئەندازیاری". sites.google.com. Retrieved 2021-10-03. ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  27. ^ "ئەندازیاری دروستکردن - فاکەڵتی ئەندازیاری". sites.google.com. Retrieved 2021-10-03. ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

خوێندنەوەی زیاتر[دەستکاری]

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]