ویکیپیدیا:ویکیپیدیا چی نییە

پەڕەی semi-protected
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ویکیپیدیا زانستنامەیەکی سەرھێڵە و ھەروەک لە ناوەکەی دیارە، جەماوەرێکی سەرھێڵ پێکەوە بە ڕێزلێنان لە بنەمای ھاوبەشی، دەیانەوێ زانستنامەیەکی ڕێکوپێک پێکبێنن. ھەربۆیە چەن شت ھەن کە بە تەواوی لە ناوەڕۆکی ویکیپیدیا دوورن.

شێواز و ڕواڵەت

ویکیپیدیا زانستنامەیەکی لەچاپدراو نییە

ویکیپیدیا زانستنامەیەکی لەچاپدراو نییە. بۆیە ھیچ سنوورێکی دیاریکراو نییە بۆ ژمارەی بابەتەکان یان قەبارەی وتارەکان و تەنھا مەرجی ھەر نووسراوێک ڕاستاندنیبوون و ئەو چەن خاڵەی دیکەیە کە لەم پەڕەدا باس دەکرێت.

ڕاگرتنی قەبارەی وتارەکانی ویکیپیدیا بە شێوەیەکی گونجاو بۆ دەستپێگەیشتنی ویکیپیدیا گرینگە؛ بەتایبەت بۆ بەکارھێنەرانی دیاڵ-ئاپ و وێبگەڕانی مۆبایل. چون ئەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ماوەی داگرتن و بینینی پەڕەکە؛ چاوبکە لە قەبارەی وتار. چەن بەشکردنی وتارە درێژەکان بە شێوەیەک کە ھەر وتار لەسەر بابەتێک بێت و پوختەی زانیارییە پێویستەکانی ئەو باسەی تێدابێت، یارمەتییەکی باشە بۆ گەشەی ویکیپیدیا.

لە زانستنامە لەچاپدراوەکاندا زانیارییەکان کورت و نەگۆڕن، بەڵام لە ویکیپیدیادا وتارەکان ھەرڕۆژە دەتوانن نوێ بکرێنەوە و لەسەر ھەر بابەتێک تا پێویست بێ دەکڕی بنووسرێ؛ ھەروا بە دانانی بەستەر و پەڕگەی نوێ دەکرێ سوودمەندیی وتارەکە زیاتر بکرێت. بۆ بینینی زیاتری جیاوازییەکانی ویکیپیدیا لەگەڵ لەچاپدراوەکاندا، تکایە ویکیپیدیا:شێواز ببینە.

ناوەڕۆک

لە ھەر زانستنامەیەکدا، دوو مەرجی ڕاستبوونی زانیارییەکان و بەسوودبوونیان دەبێ پێکەوە ببن و ھەریەکە بێ ئەوی تر، سوودی نابێت. بۆ ڕاگرتنی ئەم دوو مەرجە لە ویکیپیدیا، لەسەر ئەمانەی لەخوارەوە ھاتوون ڕێکەوتن کراوە.

ویکیپیدیا فەرھەنگۆک نییە

ویکیپیدیا فەرھەنگۆک، شێوەنامە یا ئاشکراکەری وشە نھێنییەکان نییە. وتارەکانی ویکیپیدیا نابێت وەک ئەمانەی خوارەوە بنووسرێن:

١. شیکردنەوە. دەستپێکی وتارەکان پێویستە شیکردنەوە یان پێناسەیەکی گونجاوی بۆ بکرێت، بەڵام نابێت ھەر بەوە کۆتایی بێت و لە درێژەی وتاردا دەبێت جۆرەکانی دیکەی زانیاری لەسەری بدرێت، ئەگەر نەتوانرا شیکردنەوەیەکی گونجاوی بۆ بکرێت، ویکیپیدیا شوێنێکی گونجاو نییە بۆ وتارەکە، لە ھەنێک حاڵەتادا پێناسەی وشە لەوانەیە بابەتێکی ئینکلۆپیدیایی بێت، وەک پێناسەیەکی ھەسارە، بۆ فەرھەنگ تکایە سەردانی ویکی-فەرھەنگ بکە کە یەکێکە لە خوشکە پرۆژەکانی ویکیپیدیا و ئێستا بە زمانی کوردی باکووری بەردەستە و لەناویدا کوردی سۆرانیش بەردەستە.
٢. ناوەڕۆکی فەرھەنگۆکی. وتارەکانی زانستنامە زیاتر سەبارەت بە کەسایەتی، گرووپ، شوێن، ڕووداو، بیرۆکە یان شتێک. لەھەنێک حاڵەتدا، وشە یان دەستەواژە خودی خۆیان دەتوانن ببنە بابەتی ئینکلۆپیدیایی؛ وەک "مەقدونییە(وشەناسی)" یان "ڕاستی". بۆیە بە دەگمەن وتارێک پەیدادەبێ کە چەن شیکردنەوە و لێکدانەوەی جیاوازی تێدابێت سەبارەت بە بابەتی وتارەکە. وتارەکان سەبارەت بە نیشانەی بیرکاری یان فەرھەنگییەکانی ژمارەکان گونجاوە.
٣. شێوەنامەی بەکارھێنانی دەستەواژەکان. ڕێنوێنی بۆ شێوەی بەکارھێنانی وشەکان یا دەستەواژەکان لە زمانەکاندا گونجاو نییە. ھێندێ جار پێویستە بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتێک شێوەی بەکارھێنانی وشەیەک لە فەرھەنگە جیاوازەکاندا لێکدرێتەوە؛ ئەمە گونجاوە.

ویکیپیدیا بڵاوکەرەوەی بیرۆکە نوێکان نییە

ویکیپیدیا شوێنی بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و بۆچوونە تاکەکەسی و زانیارییە نوێکان نییە. بەگوێرەی سیاسەتەکانی لێکۆلینەوەی سەرەتایی تکایە ویکیپیدیا بۆ ئەمانەی خوارەوە بەکارمەھێنن:

  1. لێکۆڵینەوە نوێ و تاکەکەسییەکان، وەک پێشکەشکردنی تیۆرییەکان و چارەسەرەکان، بیرۆکە نوێکان و ھتد. ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتت ھەیە لەسەر بابەتێک بۆ خۆت و ویکیپیدیا باشترە لە شوێنێکی دیکە کە تایبەتی ئەو کارە بێت، وەک شوێنی بەردەستخستنی لێکۆڵینەوەکان یا گۆڤارە زانستییەکان، بڵاوی بکەیتەوە. ئەگەر زانیارییەکی نوێت ھەیە ویکیپیدیا شوێنی بڵاوکردنەوەی ئەوە نییە؛ لەوانەیە لە داھاتوودا، کاتێ سەلمێندرا، بێتە ڕیزی وتارەکانی ویکیپیدیا یان وەک سەرچاوەی زانیاری بەکاربێت.
  2. داھێنراوەکان. ئەگەر (خۆت یان ناسیاوێکت) ئامێرێکی نوێ، وشەیەکی نوێ، یارییەکی نوێ، دەنسێکی نوێ یان ھەڵپەڕینێکی نوێت داھێناوە، ئەوە بەقەد پێویست بایەخدار نییە تا بێتە ناو ویکیپیدیا. ویکیپیدیا شوێنی ئەو شتانەی نییە لە ڕۆژێکدا داھێنراون. ئەگەر بابەتەکە بایەخداربێت دڵنیابە کەسێکی دیکە باسی دەکا.
  3. ڕوانگە تاکەکەسییەکان. ئەگەرچی ئامانجی ویکیپیدیا بەردەستخستنی زانیارییەکانە بەڵام ھیچ پیلانێکی نییە بۆ تێکەڵکردنی ڕوانگە تاکەکەسییاکان لەگەڵ زانستدا. لە ھەلومەرجی تایبەتدا کە ڕوانگەکە بایەخدار و شایانی باس بێت، باشتر وایە کەسێکی بێ پەیوەندی لەگەڵ خاوەن ئەو ڕوانگە باسی بکات. ڕوانگە تاکەکەسییەکان لە بواری پێشبردنی ویکیپیدیا لە شوێن-ناوی بەکارھێنەریدا بە خۆشحاڵییەوە وەردەگیرێت. چاوبکە لە پڕۆژەی ویکیزانیاری.
  4. وتووێژ و لێدوان. تکایە لەسەر ھەڵوێستی پێکھێنانی زانستنامە بمێننەوە. دەتوانن لەگەڵ بەکارھێنەرانی دیکە سەبارەت بە ھەرشتێک لە پەڕی تایبەتی وتووێژی بەکارھێنەریدا بدوێن، یان سەبارەت بە وتار لە پەڕەی وتووێژی وتارەکە لێدوان بکەن؛ بەڵام تکایە لێدوانەکان مەھێننە ناو وتارەکانەوە. لەیادتان بێت پەڕەی وتووێژی وتارەکان بۆ لێدوان بۆ باشترکردنی وتارەکەیە؛ شوێنی لێدوانی گشتی سەبارەت بە بابەتی وتار یان ئاڵوگۆڕی زانیاریی تەکنیکیی کار لەگەڵ ویکیپیدیا نییە. ئەگەر پرسیارێکت ھەیە لەسەر بابەتی وتارەکان دەتوانی لە ویکیپیدیا:مێزی زانیاری وەڵامی بۆ وەربگریت. ھەروا بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەتوانی IRC بەکاربێنیت.
  5. نووسراوە ڕۆژنامەوانییەکان. ویکیپیدیا نابێ بۆ بڵاوکردنەوە یان سەرچاوەی وەرگرتنی ھەواڵە نوێکان بەکاربێت. پڕۆژە خوشکی ویکیھەواڵ ڕاست بۆ ئەو مەبەستە دانراوە. لە ویکیپیدیا ژمارەیەکی زۆر وتار لە ھەموو بابەتەکاندا ھەیە، کاتێ ڕاستی ئەو ھەواڵانە سەلمێندرا، دەکرێ بۆ نوێکردنەوەی زانیاریی وتارەکان بەکاربێت.

ویکیپیدیا شوێنی ڕیکلام و ڕاگەیاندن نییە

ویکیپیدیا شوێنی ڕاگەیاندن، پاڵپشتی و لایەنگری، لێدوان لەسەر ناکۆکییەکان، ڕیکلام و پڕووپاگەندا نییە؛ لە وتارەکان، پۆلەکان، داڕێژەکان، پەڕەکانی وتووێژ و پەڕەکانی بەکارھێنەری، ئەم یاسایە پێویستە جێبەجێ بکرێت. بەشدارییەکان لە ویکیپیدیا نابێ بۆ ئەمانەی خوارەوە بێت:

١. لایەنگری، پرووپاگەندا و بەکارگرتن بۆ مەبەستی ڕامیاری، سیاسی، زانستی، ئاینی، نەتەوەیی، بازرگانی، یان ھەر مەبەستێکی دیکە. وتارێک دەتوانێت دەربارەی ئەمانە بنوسرێت تا ئەوکاتەی ڕوانگەیەکی بێلایەنانە لە بابەتەکە پەیڕەو بکات و مەبەستی لێکدوانەی بێت، گونجاوە. ئەگەر دەتەوەێ ڕوانگەیەک پەرەبدەی باشتروایە بەشداریی مەکۆیەک بکەی یان بلاگێک دامەزرێنیت.
٢. بڵاوکردنەوە یان پەرەپێدانی چیرۆکەکان و بیستراوەکان. زیادکردنی ئەو بەشە لە زانیارییەکان وا بە «دەڵێن…» یان «بیستراوە کە…» دەستپێدەکات، بە وتارەکان بە تایبەت ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان قەدەغەیە.
٣. خۆھەڵکێشان، نووسین سەبارەت بە خۆدی خۆت یا شتێکی پەیوەندیدار. لەیادتان بێت لە سەرجەم وتارەکانی ویکیپیدیا دەبێ مەرجەکانی زانستنامەییبوون و بێلایەنانەبوونی ڕابگیرێت؛ کاتێ سەبارەت بە خۆت دەنووسیت ڕاگرتی ئەو مەرجانە زۆر دژوار دەبێت و زۆربەی کاتەکان دەبەزێندرێت. چاوبکە لە خۆژیاننامە، ویکیپیدیا:بایەخداری و ویکیپیدیا:دژایەتی خواستەکان.
٤. ڕیکلامی بازرگانی. دانانی وتار سەبارەت بە بەرھەمەکان یان کۆمپانیا بازرگانییەکان تەنھا کاتێ گونجاوە کە زانستنامەیی بێت و بۆ ڕیکلامکردن نەبێت؛ ھەروا بابەت دەبێ بایەخدار بێت. وتار سەبارەت بە کۆمپانییەکی بچووکی تازە پێکھێنراو گونجاو نییە. بەستەری دەرەکی بۆ ڕێکخراوێکی بازرگانی تەنھا کاتێ گونجاوە کە زانیاریی بەسوودی تێدا دەستکەوێت سەبارەت بە بابەتەکە.

ویکیپیدیا کۆگای بەستەرەکان و پەڕگەکان نییە

ویکیپیدیا ئاوێنە یان کۆگای بەستەرەکان، وێنەکان یان پەڕگەکان نییە. وتارەکانی ویکیپیدیا نابێ وەک ئەمانەی خوارەوە بەکاربێن:

١. کۆگای بەستەرە دەرەکییەکان. دانانی یەک یا چەن بەستەری دەرەکی یارمەتی خوێنەر دەدات؛ بەڵام ژمارەی زۆری بەستەرە دەرەکییەکان لە وتاردا دەبێتە ھۆی نزمبوونەوەی ئاستی زانستنامەییبوونی وتارەکان. تکایە ویکیپیدیا:بەستەرە دەرەکییەکان ببینە…
٢. کۆگای بەستەرە ناوەکییەکان. وتارەکان نابێ تەنھا پڕبن لە بەستەرە ناوەکییەکان. مەگەر ئەوەی پەڕەی ڕوونکردنەوە بن یان بۆ یارمەتیدانی ڕێدۆزی بێت. چاوبکە لە …
٣. کۆگای ژێدەرەکان. وتارەکانی ویکیپیدیا نابێ بۆ بڵاوکردنەوەی سەرچاوەکان وەک دەقی کتێب، ژێدەرکۆدی نەرمامێرەکان، دۆکیومێنتی مێژوویی، نامەکان و ھتد بەکاربێت. دانانی ئەو جۆرە ناوەڕۆکانە دەتوانێ لە پڕۆژەخوشکی ویکیسەرچاوە دەتوانێ بەسوود بێت.
٤. کۆگای وێنە و پەڕگەکان. ئەگەرچی وێنە و پەڕگەکانی دیکە دەتوانن یارمەتی وتار بدەن، بەڵام دانانی تەنھا وێنە لە وتاردا گونجاو نییە؛ ئەگەر مەبەستت بڵاوکردنەوەی وێنەیە دەتوانی سوود وەرگری لە کامانز و وێنەی لەناو بەرزبکەیتەوە، بۆ زانیاری چۆنییەتی بەکارھێنان بڕوانە یارمەتی:پەڕگەکان.

ویکیپیدیا پیشکەشکەری خزمەتگوزارییە سەرھێڵەکان نییە

ویکیپیدیا ماڵپەڕی چالاکی و ڕایەڵە کۆمەڵگایییەکان وەک «مای سپەیس» و «فەیسبووک» نییە؛ ویکیپیدیا ھەروا پێشکەشکەری شوێنی سەر ئینتەرنەت نییە و نابێ وەک ماڵپەڕی تاکەکەسی بەکاربھێندرێت. ویکیپیدیا ئەمانە نییە:

١. ماڵپەڕی تاکەکەسی. بەکارھێنانی ویکیپیدیا وەک پەڕەی تاکەکەسی قەدەغەیە. ئەگەر دەتەوێ ویکیپیدیا وەک بلاگی خۆت بەکاربێنیت باشتر وایە لە یەکێک لە خزمەتگوزارییە خۆڕایییەکانی سەرھێڵ سوودوەربگریت. ویکیپیدیاوانەکان پەڕەی بەکارھێنەریی تایبەتی خۆیان ھەیە بەڵام نابێ ئەو بۆ مەبەستی بڵاوکردنەوی زانیارییە تاکەکەسییەکان بەکاربێنن؛ پەڕەکانی بەکارھێنەری دەبێ بۆ مەبەستی ناسین و ناساندن بۆ باشترکردنی ویکیپیدیا بەکاربێت.
٢. شوێنی پاشەکەوتکردنی پەڕگەکان. تکایە تەنھا ئەو پەڕگانەی لە ویکیپیدیا بەکاردێن (ئێستا یا داھاتوو) باربکەنە سەر ویکیپیدیا؛ ھەرشتێکی غەیری ئەوە، بەخێرایی دەسڕێتەوە. ئەگەر دەتەوەێ پەڕگەکەت لە پڕۆژەکانی دیکەی میدیاویکی بەکاربێت، باریبکە سەر کامانز.
٣. خزمەتگوزاریی یەکتربینین. ویکیپیدیا بەھیچ شێوە نابێ بۆ مەبەستی یەکترناسین و یەکتربینین بەکاربێت و ئەوجۆرە بەکارھێنانە تەنانەت لە پەڕەکانی بەکارھێنەریشدا بە توندی قەدەغەیە.
٤. یادکردن. ویکیپیدیا شوێنی یادی ڕەفیقان، ڕووداوەکان و ڕابردوو نییە. وتارەکانی ویکیپیدیا (لە شوێن ناوی سەرەکی ویکیپیدیا) دەبێ لەگەڵ پێوەری بایەخداری ڕێک بکەوێت.

ویکیپیدیا پێرست نییە

ویکیپیدیا پێرستێک نییە لە ھەموو ئەو شتانەی ھەن یان کاتی خۆی بوون. وتارەکانی ویکیپیدیا ئەمانەی خوارەوە نیین:

١. لیستی وتەکانی کەسایەتییەناودارەکان (ڕاستقینە یان ناوچیرۆک). ئەگەر دەتەوێ وتەکانی کەسایەتییەکی ناودار کۆبکەیتەوە، دەتوانی بۆ ئەوە پڕۆژەخوشکی ویکیوتە بەکاربێنیت. ھەڵبەت جاری وایە ھێنانی وتەیەکی بەناوبانگ دەتوانێ تا ڕادەیەکی زۆر سوودی ھەبێت بۆ وتار. چاوبکە…
٢. زنجیرەی بنەماڵەیی. ژیاننامەکان دەبێ سەبارەت بە کەسایەتییەک بێت کە بە شێوەیەک بایەخداربێت. ئاماژە بە ناوی کەسایەتییەک کە زۆر ناودار نییە، کێشە نییە، بەڵام ئەو کەسایەتییە ناتوانێ ببێتە بابەتی وتارێک.
٣. پەڕەکانی زانیاریی پەیوەندی. وەک ژمارە تەلەفوون، فاکس، ناونیشانەکان، ئیمەیل؛ ئەمانە بەھیچ شێوەی زانستنامەیی نین.
٤. یارمەتی و ڕێنوێنی. وتارەکانی ویکیپیدیا نابێ بۆ مەبەستی ڕێنوێنی و یارمەتیدان بەکاربێن.
٥. کاتالۆگی بەرھەمەکان. وتارەکانی ویکیپیدیا نابێ وەک ڕێکلام و بۆ ناساندنی بەرھەمە بازرگانییەکان بەکاربێن. تەنانەت ئەماژەکردنی پێیان دەبێ تەنھا کاتێ بێت کە بەڕاستی پێویست بێت و سوودی ھەبێ بۆ وتارەکە. ھەروا وتارەکانی ویکیپیدیا نابێ بۆ ڕاگەیاندنی نرخی بەرھەمەکان یا ناساندنی بەرھەمە نوێکان بەکاربێن.
٦. کۆگای سەرجەم زانیارییەکان سەبارەت بە بابەتێک. بەم جۆرە ھەموو وتارەکان دەبنە خاوەن قەبارەیەکی وەھا کە نە خوێنەر سوودی لێوەردەگرێ نە بۆ زانستنامە گونجاوە؛ باشتروایە وتارەکان پوختەی بەسوودترین زانیارییەکان لەخۆبگرن لە ھەر بابەتدا.

ویکیپیدیا نامیلکە، شێوەنامە یا گۆڤاری زانستی نییە

ویکیپیدیا سەرچاوەیەکی زانستنامەیییە و شێوەنامە و کتێبی ڕێنوێنیی بەکارھێنانی ئامرازەکان نییە. وتارەکانی ویکیپیدیا نابێ وەک ئەمانەی خوارەوە بخوێندرێنەوە:

١. نامیلکەی ڕێنوێنی. ئەو جۆرە نووسراوانە زۆربەی کات بە "چۆن …" دەستپێدەکەن؛ ویکیپیدیا زانستنامەیە و نابێ وەک نامیلکەی ڕێنوێنی بەکاربێت. ئەگەر دەتەوێ ئەو جۆرە نووسراوانە بڵاوبکەیتەوە لەوانەیە بتوانی لە پڕۆژە خوشکی ویکیچۆن وەربگریت.
٢. ڕێنوینی گەشتیاری. وتارێک سەبارەت بە شاری پاریس ھەمووجۆرە زانیارییەک سەبارەت بەو شارە لەخۆ دەگرێت؛ شوێنە گرینگەکانی، شوێنە مێژوویییەکانی و ھتد. بەڵام دانانی ژامارە تەلەفوونی ھۆتێڵی دڵخوازت لەو شارە یان نرخی قاوە لە کافەیەکدا لە شەقامی شانزەلیزە، زانستنامەیی نییە و بایەخدار نییە بۆیە گونجاوی ویکیپیدیا نییە. لەوانە پڕۆژەی ویکیگەشت بۆ ئەو مەبەستە باشتر بێت.
٣. ڕێنوێنی ئینتەرنەت و ماڵپەڕەکان. وتارەکانی ویکیپیدیا نابێ تەنھا بە مەبەستی ناوبردن و ناساندنی ماڵپەڕەکان بەکاربێن. ئەم وتارانە دەبێ زانیاریی زیاتر و بەسوود بەدەستەوە بدەن لەو خزمەتگوزارییە.
٤. پەرتوک، گۆڤاری زانستی یان لێکۆڵینەوە. ویکیپیدیا سەرچاوەیەکی زانستنامەیییە نەک پەرتوک. ئامانجی ویکیپیدیا بەردەستخستنی زانستەکانە، نەک فێرکردنی بابەتەکان، پرسیار و وەڵام و لێکۆڵینەوە. نووسراوەکان دەبێ بە زمانێکی ساکار نووسراوبێت بە شێوەیەک ھەموان بتوانن سوودی لێوەربگرن. ویکیپیدیا شوێنی بڵاوکردنەوەی نووسراوە پسپۆڕانەیییەکان نییە.

ویکیپیدیا گۆی نیشاندەری داھاتوو نییە

ویکیپیدیا شوێنی بڵاوکردنەوەی زانیارییە نەڕاستاندراوەکان نییە. ھەموو ئەو شتانەی لە وتارێک لە ویکیپیدیا بڵاو دەکرێنەوە دەبێ بۆ ھەموان بێت، واتە بایەخداربێت و خاوەن مەرجی ڕاستاندنیبوون بێت. نووسین سەبارەت بەو ڕووداوانەی ھێشتا ڕوویان نەداوە و ئەو بەرھەمانەی لە داھاتوودا دروست دەکرێن دەبێ زۆر بە وریایی بکرێت، ڕیکلام یا چیرۆکاوی نەبێت. بە تایبەت:

١. نووسین سەبارەت بەو ڕووداوەکانی داھاتوو تەنھا بەو مەرجەی گونجاوە کە لە ڕوودانیان دڵنیابیت و بابەتەکە بایەخداربێت. سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە لە داھاتووی دووردا گومان دەکرێ ڕوودەدەن و بەڵگەی تەواو نییە لەبەردەستدا بۆ سەلماندنی زانیارییەکانی، نووسین گونجاو نییە. بۆ نموونە (ئێستا ساڵی ٢٠١٠) نووسین سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١ دەتوانێ بەسوودبێت بەڵام نووسین سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠، نە بوسوود دەبێت و نە زانستنامەیی. نووسینی وتار بە بابەتی وەک «بوومەلەرزی ٢٠١٥ی ھایتی»، سەبارەت بە ڕووداوێکە لەوانەیە ھێج کات ڕوونەدات، زانستنامەیی نییە، بنەمای ڕاستیی نییە و زانیارییەکانی ناسەلمێندرێت بۆیە قەدەغەیە.
٢. نووسین سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆمەڵگا دەبێ زۆر بە ئاگادرییەوە بێت. وتار سەبارەت بە «شەڕی جیھانی یەکەم» بەسوود دەبێت، بەڵام «شەڕی جیھانی سێھەم» ناتوانێ ببێتە وتار. ئەم جۆرە نووسراوانە زانستنامەیی نین؛ چون زانیارییەکانیان لەسەر بنەمای ڕاستی نییە و سەبارەت بە ڕووداوێکە کە لە ڕوودانی دڵنیانین.
٣. بڵاوکردنەوەی ڕوانگە زانستییەکان. ھێندێ لە ڕوانگەکان کە بڵاودەکرێنە دوای ماوەیەک لەلایەن شارەزایانی ئەو بوارە ڕەت دەکرێتەوە. بۆیە ھەتا ڕوانگەیەک لەلایەن شارەزایانی بوارەکە وەرنەگیراوە، بە ھیوای وەرگیرانی لە داھاتوودا، نابێ بێتە ناو ویکیپیدیا.

ویکیپیدیا شوێنی بڵاوکردنەوەی زانیارییە بێلایەنەکان نییە

ھەروەک لە زۆربەی ڕێبازەکانی ویکیپیدیا باسکراوە، ڕاستیبوون و تەنانەت ڕاستاندنیبوونی زانیارییەک نابێتە ھۆی ئەوەی بێتە ناو زانستنامەوە. وتارەکانی ویکیپیدیا نابێ بۆ ئەم مەبەستانەی خوارەوە بەکاربێن:

١. شیکردنەوەی چیرۆکە ئەفسانەیییەکان. ویکیپیدیا لەگەڵ ئەفسانە و چیرۆکەکان بە شێوەی زنستنامەیی ھەڵسوکەوت دەکات. وتار نابێ گێرانەوەی چیرۆک بێت، بابەت دەبێ بایەخدار بێت. ھەرجۆرە وتارێک لەم بوارەدا دەبێ لەسەر ئەو بنەمایە دابنرێت.
٢. بەردەستخستنی دەقی گۆرانییەکان. لە ئێستادا زۆربەی بەرھەمە ھونەرییەکان خاوەن مافی پارێزراوی بڵاوکردنەوەن و بڵاوکردنەوەی ھەرجۆرە کەرستەیەکیان بێ وەرگرتنی ماف، قەدەغەیە؛ ئەو یاسا دەقی گۆرانییەکانیش لەخۆ دەگرێت. بە ھیچ شێوە لە وتارەکان بەستەر دامەنێن بۆ شوێنێک کە ئەو مافەی شکاندووە؛ ئەوەش ھەر شکاندنی یاسایە. ئەو بەرھەمانەی خاوەن مافی بەکارھێنانی گشتین، دەکرێ دەقەکەیان بڵاوبکرێنەوە بەڵام ویکیپیدیا شوێنی ئەوە نییە. دەتوانی لە ویکیسەرچاوە سوود وەربگریت.
٣. 'بەردەستخستنی ئاماری خاو. ئەگەرچی لە برێک لە وتارەکان دانانی ئامارەکان دەبێتە ھۆی ڕوونبوونەوەی بابەتەکە و یارمەتی خوێنەر دەدات، بەڵام ئەگەر وتار تەنھا لە ئاماری خاو پێکھاتبێت و زانیاری زیادەی لەگەڵ نەبێت، یان وتارەکە خاوەن ژمارەیەکی زۆر ئاماربێت، زیان دەگەیەنێت بە ئاستی وتارەکە.
٤. پرسیار و وەڵام. ئەو نووسراوەنەی بە شێوەی پرسیار و وڵام نووسراون و بۆ ڕێنوێنی و یارمەتی دانراون وەک "پرسیارە دووپاتکراوەکان FAQ" ناتوانن ببنە وتار.

ویکیپیدیا سانسۆڕکراو نییە

لەوانەیە ویکیپیدیا خاوەن کرستەیەک بێت کە لەلایەن ھێندێ لە خوێنەرانەوە پەسند نەکرێت. دەبێ ئاگاداربیت کە ویکیپیدیا کراوەیە و ھەموان دەتوانن دەستکاری بکەن و لەوانەیە ھەموو ئەو دەستکارییانە دڵخوازی سەجەم بەکارھێنەران نەبێت و لەگەڵ پێوەرەکانی ئەوان لە بواری ڕامیاری، ئایینی یان فەرەھەنگی کۆک نەبێت.

دەستکارییەکان ھێندێ جار خراپکارین؛ زیادکردنی ڕوانگەی تاکەکەسی، لایەنگری و دەستکاریی نەگەنجاوی ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان و دژایەتی لەگەڵ یاساکانی ئەیاڵەتی فلۆریدای (شوێنی ڕاژەکاری ویکیپیدیا)، لەمانەن کە بە خێرایی چاکسازی دەکرێن. ئەمە بەو مانا نییە کە دڵخوازی ھەموو بەکارھێنەران جێبەجێ دەکرێت و چاکسازی ھەمیشە بە واتای سڕینەوە نییە.

کۆمەڵگا

ئەوانەی تا ئێستا لەم ڕێبازەدا باسکراون بۆ کەرستە و ناوەڕۆکی نووسراوەکانی ویکیپیدیا بوو؛ لە درێژەدا ڕێبازەکانی کۆنترۆڵ و چالاکی لە ویکیپیدیا باس دەکرێت.

ویکیپیدیا دیموکراسی نییە

ویکیپیدیا دادگا نییە و بە کتێبی یاسا کاروباری جێبەجێ ناکرێت. یاساکان ئامانجی ویکیپیدیا نین بەڵکوو تەنھا بۆ ئاسان کردنەوە و باشترکردنی بەشداریکردن و بەڕێوەبردن بەکاردێن.

ئەگەر چی دەبێت ڕێز لە یاسا و ڕێساکان بگیرێت، بەڵام لەوانەیە ھەندێک جار یاساکان ببنە ھۆی سەرلێشێواندن و ڕێگری لە چاکسازی. تکایە دەقی یاساکان ڕستەڕستە مەخوێننەوە، بەڵکوو بەشێوەیەکی گشتی لە سەرجەم یاساکان تێبگە و بنەمای گشتیی ڕێبازەکە لەبەرچاو بگرە نەک ڕستە بە ڕستە. ھەر لەکوێ بینیت یاسایەک ڕێگرە لە باشترکردنی ویکیپیدیا، دەتوانیت یاساکە پشتگوێ بخەیت.

کێشە و ناکۆکییەکان بە ڕێککەوتن چارەسەر دەکرێن. دەنگدان و ڕاپرسی تەنھا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەکاردێت و نابێ ببێتە شێوەی گەیشتن بە ئاکام. ئەم ڕێبازە ھەر بە ڕێککەوتن سازبووە و بە ڕێککەوتنیش دەکرێ بگۆڕێت.

ویکیپیدیا مەیدانی شەڕ نییە

ویکیپیدیا شوێنی ڕیخستنی کێشە و ناخۆشی و قینەبەرایەتی و تۆڵەساندنەوە و چەسپاندنی ڕوانگە تاکەکەسییەکان نییە. بەڕێخستنی ھەرجۆرە باس و ناکۆکییەک کە لەدرەوەی بابەتی ویکیپیدیا بێت، بە ڕوونی یاساکانی ویکیپیدیا دەشکێنێت.

تکایە ھەمووان لەگەڵ یەکتر بە ھێمنی و شارستانییەتی ھەڵسوکەوت بکەن و لە لێدوانەکان بنەمای ھاوبەش لەپێش چاوبگرن. ئەگەر کەسێک دژایەتی تۆی کرد، بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە دژایەتی لەگەڵ مەکە، خراپ لەگەڵی مەدوێ، ئازاری مەدە و ھەوڵ مەدە بیترسێنیت؛ دەتوانی دەستپێکەری وتووێژێکی ھێمن بیت و بەم جۆرە بە دڵنیایییەوە ئەنجامی باشترت دەست دەکەوێت. ئەگەر کەسێک نەگونجاو قسەی لەگەڵ کردی ئەو ڕێگاخۆشکەر نەبێت تۆش ھەمان کار دووپات بکەیتەوە؛ لەکاتی وەھا یەک لەمانە بکە: ١. وتە نەگونجاوەکانی لەبەرچاو مەگرە و تەنھا بایەخ بدە پرسیار یان ڕوانگەکانی ٢. پەیوەندی بگرە لەگەل بەڕێوەبەڕێک یان بەکارھێنەرێکی شارەزا.

ئەگەر ناکۆکییەک درێژەی پەیداکرد و بووە ھۆی ئازاری ھەموان، دەتوانی داوا ویکیپیدیا:چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بکەی تا کێشەکە چارەسەربکەن. ھەمیشە ھەن بەکارھێنەرانێک کە ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کێشانە.

ویکیپیدیا شوێنی گێرەشێوێنی نییە

ویکیپیدیا شوێنێکی ئازاد و کراوەیە بەڵام ئەم ئازادییە بە مانەوە لە چوارچێوەی ئامانجەکانی ویکیپیدیا سنووردارکراوە. بۆیە ویکیپیدیا نابێ ببێتە مەکۆی لێدوانەکان کە ھەموو قسەیەکی نائاسایی تێدادەکرێ. ھیچ یەک لەو ڕاستیانەی ویکیپیدیا ئازادە و سەربەخۆیە، بەو مانا نییە کە ببێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی ئاژاوەگێڕی.

ویکیپیدیا فەرمانگە یان ئەرک نییە

ویکیپیدیا کۆمەڵگەیەکی خۆبەخشانەیە، و داوا لە ویکیپیدیاوانەکان ناکات زیاتر لە ویستی خۆیان بمێنەوە و کات و کۆششی پێ بدەن ویکیپیدیاوانەکان سەربەستن لەوەی ھەرکاتێک بیانەوێت پشوو وەربگرن یان ویکیپیدیا جێبێڵن.

پەڕەکانی بەکارھێنەری

زۆربەی ئەو ڕێبازانەی لە سەرەوە باسکراوە، پەڕەکانی بەکارھێنەریش لەخۆ دەگرن. پەڕەی بەکارھێنەری ماڵپەڕی تاکەکەسی یان بلاگی تۆ نین. لەوانە گرینگتر، پەڕەی بەکارھێنەریی تۆ، ھیتۆ نییە؛ ئەوە بەشێکە لە ویکیپیدیا کە تەرخانکراوە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی بەکارھێنەران بۆ بەشداری بەسوودتر لە ویکیپیدیا.

کاتێ سەرت سووڕما کە چی بکەی

کاتێ سەرت سووڕما و نەتزانی لە وتارێکدا چی دەبێ بکە و چی نەکەی، لەخۆت بپرسە خوێنەرێک لە زانستنامەدا لەژێر ئەم بابەتە دەیەوێ چ زانیارییەکی دەست بکەوێ. ویکیپیدیا:وتارەکان بۆ سڕینەوە، بەشێک لە ڕێبازە فەرمییەکان نییە، بەڵام دەتوانێ بەسوود بێت چاولێکردنی.

ئەگەر لە وتارێکدا ھەستت کرد یەکێک لە یاساکانی ئەم وتارە پێشێلکراوە، یەک لەمانە بکە:

  • گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی وتار بکە (گۆرانکاری ئاسایی)
  • پەڕەکە بکە بە ڕەوانەکەر
  • پێشنیاری بکە بۆ سڕینەوەی خێرا (ھەروەھا بڕوانە وپ:سس)
  • بە ڕێککەوتن پێوەرەکانی ئەم ڕێبازە بگۆڕن

لە کۆتاییدا

ھەموو ئەو بابەتانەی لێرەدا باسکراوە، ڕوویداوە. بەو مانای ھەموو ئەوانەی باسکراون کە ویکیپیدیا نییە، بەکارھێنەران، ویکیپیدیایان وەک ئەوە بەکارھێناوە. ئەم ڕێبازە بۆ ئەوەی دانراوە ویکیپیدیا لە ئامانجەکانی خۆی دوورنەکەوێتەوە.