دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو
وتاری ھەڵبژێردراو ١
دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/١
کەبیر (بە ھیندی: कबीर، بە پەنجابی: ਕਬੀਰ، بە ئوردوو: کبیر) شاعیر و خواناسی ناسراوی خەڵکی ھیندستان بوو. لە دەوروبەری ساڵی ١٤٤٠دا لە شاری بەنارەس لە دایک بووە. باوک و دایکی کەبیر موسڵمان بوون و ناوی کەبیریان (کە یەکێک لە ناوەکانی خودای موسوڵمانانە) لە سەر منداڵەکەیان ناوە. کەبیر لە لای ڕاماناندای ھێندوو شاگردی کردووە و زانینی زۆری ئەو کاریگەری زۆری لە سەر کەبیر کردووە. ھەروەھا ھۆنراوەنووسانی فارسی وەکوو مەولانای ڕۆمی تا ڕادەیەک لە سەر بیروڕا و ھۆنراوەی کەبیر کاریگەر بوون. کەبیر شاعیرێکی شەفاھی بووەو زۆربەی ھۆنراوەکانی سینە بە سینە لە ناو خەڵکدا ھاتوە یان موریدەکانی نووسیویانەتەوە. ناوەرۆکی شیعرەکانی بە زۆری عیرفانین و زۆر ڕەخنەی لە دوژمنایەتیی ئایینی گرتووە. ھەروەھا ڕەخنەی لە ڕەواڵەت پەرستی، ڕیا و ھەندێک لە دابونەریتەکانی کۆمەڵگای ھیندی گرتوە. لە سەر بزووتنەوەی بھەکتی و ئایینی سیکیزم کاریگەریی بووە و لە ھیند و وڵاتانی دەور و بەریدا شوێنکەوتوانێکی زۆری ھەیە. شوێنکەوتوانی کەبیر، ڕێبازی کەبیریان داناوە کە لە ئێستەدا نزیکی ١٠ ملیۆن شوێنکەوتووی لە باکوور و ناوەڕاستی ھینددا ھەیە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕابیندرانات تاگۆر خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ لە کتێبی چریکەکانی کەبیردا سەد شیعری کەبیری بە ھاوکاریی ئێڤلین ئاندەرھیڵ وەرگێڕایە سەر ئینگلیزی و ئەم شاعیرەی زیاتر بە دنیا ناساند.
وتاری ھەڵبژێردراو ٢
دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/٢
نزار تۆفیق قەبانی (بە عەرەبی: نزار توفیق قبانی) (٢١ی ئازاری ١٩٢٣ - ٣٠ نیسانی ١٩٩٨) سیاسەتوان و شاعیری خەڵکی سووریایە. شعرەکانی ئەو زۆرتر سەبارەتن بە ئەڤین و دڵداری، ناسییۆنالیزمی عەرەبی، ئیسلام و فێمینیزم. قەبانی یەکێکە لە بە ڕێزترین شاعیرانی عەرەب لە ناو خەڵکی عەرەبدا. نزار بەشاعیری نەتەوەیی لەسوریا دادەنرێت. نزار قەبانی لەشاری دەمیشق، لەخێزانێکی بازرگانی کەلەچینی ناوەند لەدایکبوو. لەساڵانی ١٩٣ تاکوو ١٩٤١، لە کۆلێژی زانستی نەتەوەیی خوێندوویەتی کە قوتابخانەیەکبووە لەلایەن ھاوڕێیەکی باوکی بەناوی ئەحمەد مونیف ئەلعیدییەوە بەڕێوەدەبرا. دواتر نزار چووە زانکۆی دیمەشق کەتاکوو ساڵی ١٩٥٨ پێی دەگوترا زانکۆی سوریا. نزار لەساڵی ١٩٤٥، بڕواننامەی لەیاسا وەرگرت. لەوکاتەی قوتابی بووە لەزانکۆ، کۆکراوەی شیعرەکان لەژێر ناونیشانی ئەسمەرەکە پێی گوتم (قالت لی السمراء) بڵاوکردەوە. ئەم بەرھەمە کۆکراوەیەکی دڵداری بوو و لەچەند شوێنێک ئاماژەی بەجەستەی ئافرەتدابوو ئەمەش بووە شۆکێک بۆنێو کۆمەڵگەی کۆنەپەرستی لە دیمەشق. بۆئەوەی ئەم بەرھەمە قبووڵبکرێت، قەبانی کۆکراوە شیعرەکەی پشانی وەزیری پەروەردە مونیر عەجلانی دا. مونیریش یەکێکبوو لەدۆستەکانی باوکی نزار. کە سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیزمی سوریای دەکرد. عەجلانی بەرھەمەی نزاری زۆر پەسەندبوو وە پێشەکییەکیشی بۆ نزار نووسی بۆبڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبی.
وتاری ھەڵبژێردراو ٣
دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/٣
ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسۆن (بە ئینگلیزی: Emily Elizabeth Dickinson) ناسراو بە ئێمیلی دیکینسۆن یان ئێمیلی دیکینسن (١٨٣٠–١٨٨٦) یەکێ لە بەناوبانگترین ھۆزانڤانانی ئەمریکی و زمانی ئینگلیزییە. ئێمیلی لە ساڵی ١٨٣٠دا لە ئەمھێرستی ماساچووسیتسدا لەدایک بووە و ھەر لەوێش ماوەتەوە و کۆچی دوایی کردووە. ھیچ کات ژیانی ھاوبەشی پێک نەھێناوە و ھەتا کۆتایی ژیانی ھەر لە ماڵی باوکیدا ژیاوە. ھۆنراوەکانی جگە لە باری وێژەیی، نوێخوازانە و لە پێش سەردەمی خۆیەوە بوون، بۆیە بە یەکێ لە پێشەنگانی نوێخوازانی ھۆنراوەی ئەمریکی دادەنرێت. ھۆنراوەکانی کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر ھۆزانڤانانی دوای خۆی داناوە، بۆیە ئێمیلی دیکینسۆن بە یەکێ لە گرنگترین ھەڵبەستوانانی ئەمریکا و زمانی ئینگلیزی دادەنرێت. جگە لە ھۆنراوەکانی، شێوازی ژیانی، تەنیا مانەوەی و دووری لە خەڵک لە کۆتایی ژیانیدا ناوبانگێکی زۆریان بۆ درووست کردووە. لە ماوەی ژیانیدا، جگە لە چەن تاکە ھۆنراوەیەک، ھیچ کارە ھۆنراوەییەکی بڵاو نەکردەوە و ھۆنراوەکانی لە دوای مەرگی لە چاپ دران.
وتاری ھەڵبژێردراو ٤
دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/٤
پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە ھۆزانڤان و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایکبووە و لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە ھەر وەکوو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردۆتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرھەمی وێژەیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب و ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی و ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین.
وتاری ھەڵبژێردراو ٥
دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/٥
ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٧) شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەی کورد بووە. ئەحمەدی خانی لە یەکەم کەسانێک دادەنن کە لەسەر کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کوردی نووسیویەتی. بەناوبانگترین بەرھەمی کتێبی شیعری مەم و زینە کە چیرۆکێکی دڵدارانە دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی ١٦٩٢ بە شێوەزاری کورمانجی نووسراوە. خانی، گرنگییەکی زۆری بە زمانی کوردیی داوە و کاتێک بە زمانی کوردی شیعری نووسیەوە تەنھا ھەر بۆ ئەوە نەبووە کە بەو زمانە بنووسێت بەڵکو بە کوردیی نووسینی، وەکو ھەڵوێسەیەک لە دژی دەستەڵادارن و زمانەکەیان بەکار ھێناوە. ھاوکات وەکو ڕەخنەیەکیش لە کوردەکان خۆیان، چونکە خانی پێی وابووە کە زوو خۆیان دەدەن دەست، ئاغا و دەستەڵادارە بێگانەکان. کوردەکان ئازا و دلێر بوون، شاسووار، وەفادار، جێیمتمانە بوون، بەڵام ئەوە بەدەردی چی دەخوات، کاتێک خۆیان پەرش و بڵاو بن و نەتوانن یەکبگرن تا خۆیان کەیخودای خۆیان بن؟ زمانی نووسین دەتوانێت ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھەست بکەن کە ئەوانیش نەتەوەیەکن وەھەروەھا ھانی کوردانی داوە بۆ ڕوو بەڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەران.
وتاری ھەڵبژێردراو ٦
دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/٦
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە ھەژار (١٣ی نیسانی ١٩٢١، مەھاباد – ٢١ی شوباتی ١٩٩١، کەرەج) یەکێکە لە نووسەرە ھەرە گەورەکان، ھەڵبەستوان، و وەرگێڕێکی کورد بووە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبیی پڕ پیتە. ھەژار برای گەورەی سادق شەرەفکەندی سکرتێریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی داوە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ. ک. بووە چون لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستاندا دەوری ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لە لایەن کۆمارەوە بە «ھۆنراوەوانی نەتەوەیی کوردستان» دەناسرێن. دوای تێکچوونی کۆماری مەھاباد لە ئازاری ١٩٤٧دا مەجبوور بە جێھێشتنی وڵاتی ئەبێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پایزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق، پاشان جارێکی تر لە حکومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سوریا ڕادەکات، و ماوەیەک لە سووریا دەمێنێتەوە دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦١دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە.
وتاری ھەڵبژێردراو ٧
دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/٧
یوونس ڕەئووف (١٩١٨- ١٩٤٨) ناسراو بە دڵدار، شاعیر و پارێزەر و چالاکی سیاسیی کورد بوو. بەناوبانگترین شیعری دڵدار، ئەی ڕەقیبە کە لە تەمەنی ٢٨ ساڵییدا و ٢ ساڵ پێش مردنی، کرا بە سروودی نیشتمانیی کۆماری مەھاباد و تا ئێستاش ھەر لە لایەن زۆربەی کوردەکانەوە وەک سروودی نیشتمانی دەناسرێتەوە. دڵدار، کوڕی مەلا ڕەئوف کوڕی مەحموود کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیە و لە ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ١٩١٨ لە شاری کۆیە لە دایک بووە. پاش ماوەیەک باوکی دەکرێت بە فەرمانبەری سەرژمێریی ڕانیە و بە بنەماڵەوە دەچن بۆ ئەوێ. دڵدار لە بارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: «ھەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم ھەر لەلا خۆش بوو، بە تایبەتی سەوداسەری قوللە بووم. ھەر کاتێ چاک بووبامایەوە، مەلەم لە ڕووبارەکە و لە بن دار بییەکان ڕاوەچۆلەکەم دەکرد.» لە تەمەنی دە ساڵیدا دڵدار دەخرێتە قوتابخانەوە و پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە ڕانیە تەواو کردووە. دڵدار، یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی ١٩٣٥دا داناوە و لە ژمارەی ٢ی ساڵی ١٩٣٥ی گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوی کردووتەوە.
وتاری ھەڵبژێردراو ٨
دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/٨
محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێ) شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو. ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەکرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.
ھێمن لە رۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.
لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلفوبێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلفوبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. زیاتر...