ئەمە وتارێکی باشە. بۆ زانیاریی زۆرتر کرتەی لەسەر بکە.

ئێمیلی دیکینسۆن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئێمیلی دیکینسۆن
تەنیا وێنەی بە جێ ماوی بڕوا پێکراو لە ئێمیلی دیکینسۆن کە لە کۆتاکانی ساڵی ١٨٤٦ یان سەرەتای ١٨٤٧دا گیراوە.[١]
لەدایکبوون ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسۆن
(١٨٣٠-١٢-١٠) ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٨٣٠
ئەمھێرست، ماساچووسیتس, ئەمریکا.
مردن ١٥ی ئایاری ١٨٨٦(١٨٨٦-ھەڵەی دەربڕین: پیتێکی نەناسراو ھەیە "�"-١٥) (٥٥ ساڵ ژیاوە)
ئەمھێرست، ماساچووسیتس، ئەمریکا.
پیشە شاعیر
فێرگە مۆنت ھاڵیۆک

ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسۆن (بە ئینگلیزی: Emily Elizabeth Dickinson) ناسراو بە ئێمیلی دیکینسۆن یان ئێمیلی دیکینسن (١٨٣٠–١٨٨٦) یەکێ لە بەناوبانگترین شاعیرانی ئەمریکی و زمانی ئینگلیزییە. ئێمیلی لە ساڵی ١٨٣٠دا لە ئەمھێرستی ماساچووسیتسدا لەدایک بووە و ھەر لەوێش ماوەتەوە و کۆچی دوایی کردووە. ھیچ کات ژیانی ھاوبەشی پێک نەھێناوە و ھەتا کۆتایی ژیانی ھەر لە ماڵی باوکیدا ژیاوە. ھۆنراوەکانی جگە لە باری وێژەیی، نوێخوازانە و لە پێش سەردەمی خۆیەوە بوون، بۆیە بە یەکێ لە پێشەنگانی نوێخوازانی شێعری ئەمریکی دادەنرێت. ھۆنراوەکانی کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر شاعیرانی دوای خۆی داناوە، بۆیە ئێمیلی دیکینسۆن بە یەکێ لە گرنگترین شاعیرانی ئەمریکا و زمانی ئینگلیزی دادەنرێت.[٢][٣] جگە لە ھۆنراوەکانی، شێوازی ژیانی، تەنیا مانەوەی و دووری لە خەڵک لە کۆتایی ژیانیدا ناوبانگێکی زۆریان بۆ دروست کردووە. لە ماوەی ژیانیدا، جگە لە چەن تاکە شێعرێک، ھیچ کارە شێعرییەکی بڵاو نەکردەوە و ھۆنراوەکانی لە دوای مەرگی لە چاپ دران.

ژیان[دەستکاری]

مناڵی و تازەلاوی[دەستکاری]

پۆرترەیەک لە مناڵیی ئێمیلی دیکینسۆن لەگەڵ ئاستین و لاڤینیا

لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٣٠دا لە ئەمھێرستی ماساچووسێتسدا لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ناوداردا لە دایک بوو. ئێدوارد دیکینسۆنی باوکی پیاوێکی مەسیحیی وشک بوو. ئێدوارد لە سەردەمی خۆیدا یەکێ لە پیاوە بەناوبانگەکانی ئەمھێرست بوو. پیشەی سەرەکیی بریکاری بوو، بەڵام بۆ جارێک بوو بە نوێنەری ئەمھێرست لە کۆنگرێسی ئەمریکادا. ئێدوارد جگە لە ئێمیلی دوو مناڵی تریشی ھەبوو: ئاستین و لاڤینیا. ئاستین لە ئێمیلی گەورەتر بوو و لاڤینیا لەو گەنجتر. ئێمیلی لەگەڵ لاڤینیای خوشکیدا بۆ خوێندن ڕووی لە ئاکادیمیای ئەمھێرست کردووە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەوێدا خوێندوویەتی. لە ئەکادیمیای ئەمھێرستدا نزیکەی حەوت ساڵ خوێندوویەتی و زانستی ئەو سەردەمە، وەکوو ڕوەکناسی، مێژوو، وێژەی ئینگلیزی و لاتین فێر بووە. جگە لەوە بۆ ماوەیەکی کەمیش، واتە نزیکەی ساڵێک، لە قوتابخانەی مۆنت ھاڵیۆک وانەی ئاینیی خوێندووە. لەوانەیە لە تەمەنی لاویدا ئێمیلی حەزی لە لاوێکی بریکار بە ناوی نیوتۆن کردبێت. نیوتۆن وەکوو ھاوکارێکی باوکی ئێمیلی، ڕێزێکی زۆری لە ئێمیلی گرتووە. ئەوی بۆ نووسینی ھۆنراوە ھان داوە و لەگەڵ کاری نووسەرە ھاوچەرخەکاندا (بۆ نموونە ڕالف والدۆ ئێمەرسۆن و وادزوۆرس) ئاشنای کردووە.[٤] باپیری ئێمیلی، ساموێل دیکنسۆن، زۆر بە ئاسانی توانیوێتی کۆلێژی ئەمھێرست دابمەزرێنێت، لە ساڵی ١٨١٣ش دا کۆشکێکی گەورەی دروست کرد لەسەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەکەیان.

ئێمیلی لە تەمەنی لاوێتیشدا کچێکی ھێمن و بە ڕەوشت بوو. لەکاتێکدا کە خێزانەکەی سەردانی مانسنیان کرد، ئێمیلی تەنھا دوو ساڵ بوو. کەچی پووری بە «زۆر باش و دڵخۆش» وەسفی کرد و وتی کە ئێمیلی «منداڵێکی زۆر باشە و کێشەی کەمە». دواتر پوورکی ھەروەھا ئاماژەی بە تواناکانی ئێمیلی کردووە لە ڕووی مۆسیقییەوە لەگەڵ شارەزاییەکەی لە ئامێری پیانۆدا.[٣] وەک پێشتر وترا، لە ٧ی ئەیلوولی ١٨٤٠دا، ئێمیلی و خوشکەکەی، لاڤینیا، بەیەکەوە دەستیان بە خوێندن کرد لە ئەکادیمیای ئەمھێرستدا. شیاوی باسە کە ئەو خوێندنگەیە لە پێشوودا تایبەت بوو بە کوڕان، بەڵام ھەر دوای دوو ساڵ پێشوازیان لە قوتابییە مێینەکانیش کرد.

پێگەیشتوویی و پیری[دەستکاری]

یەکێ لەو وێنانەی کە دەوترێت لەوانەیە ھی ئێمیلی دیکینسۆن بێت، بەڵام بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئێمیلی زۆربەی ژیانی لە ئەمھێرستدا بەسەر برد و جگە لە چەند گەشتێک، کە یەکێکیان بۆ فیلادێلفیا بوو، لە زێدەکەی دوور نەکەوتەوە. یەکێ لەو دوورکەوتنەوانە لە ساڵی ١٨٥٥دا ڕووی دا، کە ئێمیلی لەگەڵ لاڤینیا و دایکیدا ڕووی لە شاری واشینگتن کرد. ئەم سەفەرە لەبەر ئەوە بوو کە باوکی لەوێدا نوێنەری کۆنگرە بوو. ئەمە یەکێک لە دوور و درێژترین سەفەرەکانی ژیانی ئێمیلی بوو و پێش ئەمە ئەو بە دەگمەن لە ئەمھێرست دوور کەوتبوەوە. لە دوای سێ حەفتە واشینگتنیان بە جێ ھێشت و بۆ دیتنی ئاشنا و خزمەکانیان ڕوویان لە فیلادێلفیا کرد. یەکێ لە بەرھەمەکانی ئەم گەشتە ئاشنا بوونی ئێمیلی بوو لەگەڵ چارڵز وادزوۆرسدا، چارڵز قەشەیەکی بەناوبانگ بوو لە فیلادێلفیادا. دۆستایەتیی ئەو و ئێمیلی، کە وا دیارە ڕۆمانتیکیش بووبێت، ھەتاکوو ساڵی ١٨٨٢ درێژەی بوو و بە مردنی چارڵز کۆتایی پێ ھات. ئێمیلی لە بڕێک لە نووسراوەکانیدا ئاماژەی بە ئەو کردووە و بە نازناوگەلێک وەکوو "فیلادێلفیای من" یان "ئازیزترین ھاوڕێ خاکییەکەم" ناوی بردووە.[٥] شیاوە بوترێت کە چارڵز وادزوۆرس ھاوسەری ھەبوو.

ساڵانی دوایی و مردن[دەستکاری]

ئێمیلی لە ساڵە دوایینەکانی ژیانیدا گۆشەگیر و بێدەنگ بووە و حەزی بە میوان و ناو خەڵک نەبووە. ھیچ کاتێکیش ھاوسەرگیریی نەکردووە. ژمارەیەکی کەم ھاوڕێ و ناسراوی ھەبوو و لەگەڵ ئەوانیش زۆر جار بە نامە گۆڕینەوە قسەی کردووە. دیارە لە دەست چوونی ئەو ژمارە کەمەی ئازیزانی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئێمیلی دیکینسۆن ھەبوو. دەھەی ١٨٨٠ بۆ بنەماڵەی دیکینسۆن پڕ لە ئێش و ئازار بوو. جگە لە مردنی قازی لۆرد و چارڵز وادزوۆرس کە دوو ھاوڕێی ئازیزی بنەماڵەی دیکینسۆن و ئێمیلی بوون، لەم ساڵانەدا پەیوەندیی نێوان ئاستین و سووزانی ژنی بەرەو ساردی چوو. ئاستین بنەماڵەکەی بە جێ ھێشت و سووزانی ژنبرای ئێمیلی لە خەفەتدا تووشی نەخۆشین بوو. دایکی ئێمیلیش لە دوای ساڵانێکی زۆر نەخۆشی لە ساڵی ١٨٨٢دا کۆچی دوایی کرد. ھەمووی ئەم ڕووداوانە زیاتر و زیاتر ئێمیلی دیکینسۆنیان ژاکاند. لە پاییزی ساڵی ١٨٨٤دا ئێمیلی دەنووسێت:

«ئەم مردنانە بۆ من زۆر قورس بوون، پێش ئەوەی کە بتوانم دڵم لە ژێر باری یەکێکیاندا دەر بھێنم، یەکێکی تریان ھاتووە.»

لە ڕۆژێکی ھاوینی ساڵی ١٨٨٤دا ئازارێک ھات بە جەستەی ئێمیلیدا کە تووشی گەشکەی کرد و تا نیوەی شەو بێھۆشی خست. دواتر کە ھاتەوە بە ھۆشدا کەوتە ناو جێگەوە. دوای ئەوە بە زۆری نەخۆش و لە ناو جێگەدا بوو، بەڵام لە بەھاری ١٨٨٦دا توانیی بڕێک نامە بۆ ھاوڕێکانی بنێرێت. دوایین نامەیەک کە ناردی دوو ڕۆژ بەر لە مردنی بوو، کە تێیدا خەبەری مەرگی خۆی دا بە کچە پوورەکانی.[٦] ئەو لە ساڵی ١٨٨٦دا ماڵئاوایی لە دنیا کرد و لە تابووتێکی سپیدا لە زێدەکەی خۆی ئەمھێرست نێژرا.[٧]

ھۆنراوە[دەستکاری]

بەرگی یەکەم کتێبی چاپکراوی ھۆنراوەی ئێمیلی دیکینسۆن، ئەم کتێبە لە ١٨٩٠دا چاپ کراوە

ژمارەیەکی ھەرە کەم لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی لە سەردەمی ژیانیدا بڵاو کرانەوە. ئەو ژمارە کەمەش لە لایەن ئەو کەسانەوە کە چاپ دەکران گۆڕانکاریی زۆریان تێدا دەکرا. ئەو خۆی ڕقی لە ئەو دەستکارییانە بوو؛ ئەمە ڕەنگە یەکێ لە ئەو ھۆکارانە بووبێت کە ھیچ کات شێعرەکانی بە جۆرێکی بەرفراوان بڵاو نەکردەوە. لە یەکێ لە ھۆنراوەکانیدا چاپی ھۆنراوە بە مەزات و تاڵانی ھەستی شاعیر لە قەڵەم دەدات. بۆیە ھەڵبەستەکانی لەسەر لاپەڕەی بچووک نووسیبوو و دووریبوونییەوە بە یەکەوە و کتێبێ لە ھەڵبەستی لە دۆڵابەکەیدا شاردبووەوە. ھەم جانسۆن و ھەم فرانکلین یەکەم ھۆنراوەی دۆزراوەی ئێمیلی دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی ١٨٥٠. ئێمیلی زۆربەی ھەڵبەستەکانی و باشترینەکانی لە ماوەی ساڵەکانی ١٨٦١ تا ١٨٦٥دا نووسیوە. بە جۆرێک کە ئەگەر شێعرەکانی بکەین بە سێ بەشەوە تا ساڵی ١٨٦٥ دوو بەشی نووسیبوو. وەک تێد ھیووز شاعیری بەناوبانگی ئینگلیز جەختی لەسەر دەکاتەوە لە سەرەتای ئەم ساڵانەدا ڕووداوێکی گرنگ ژیانی ئێمیلی دەگۆڕێت، کە چەند بیردۆزە و گریمانەیەک لەسەری ھەیە.[٨] شیاوی باسە کە ئێمیلی دیکینسۆن وەسێتی کردبوو کە ھەمووی نامەکانی لە دوای مردنی بسووتێنن، بۆیە لاڤینیای خوشکی ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرت و زۆربەی نامەکانی سووتاند، بەڵام دواتر کە کتێبی ھۆنراوەکانی دۆزییەوە، ناردی بۆ ھیگینسۆن، چوونکە ئێمیلی لە وەسێتەکەیدا باسی ھۆنراوەکانی نەکردبوو. بۆیە، یەکەمین کتێبی ھۆنراوەی چوار ساڵ لە دوای مردنی، لە ساڵی ١٨٩٠دا، بە لێکدانەوەی ھیگینسۆن و مەیبڵ لوومیس تاد لە چاپ درا، ئەگەرچی ئەو دوو کەسەش گۆڕانکاریی زۆریان لە شێعرەکاندا کردبوو. لە ساڵی ١٩٥٥دا بۆ یەکەم جار کۆبەرھەمی نەگۆڕدراوی شێعرەکانی ئێمیلی دیکینسۆن لە لایەن توماس جانسۆنەوە بڵاو کرایەوە. دواتر لە نەوەدەکاندا فرانکلینیش کاری لەسەر دەستنووسەکانی ئێمیلی کرد و بڕێک ھۆنراوەی تازەی لێ دۆزییەوە و لە چاپی دان. ھۆنراوەکانی بە زمانی ئینگلیزین، بە زۆری کورتن، زۆر بە دەگمەن ناوی تایبەتیی خۆیان ھەیە و لە کتێبەکاندا بە ژمارە پیشان دەدرێن. ئەو ھۆنراوانەی کە لە ئێمیلی بە جێ ماون کەم نین، ژمارەیان دەگاتە نزیکی ١٨٠٠ شێعر. بڕێک لە ھۆنراوەکانی ڕەنگی ڕۆمانتیسیزمیان ھەیە، لە بڕێکیشیاندا ھەست بە ترانسێندێنتاڵیزم دەکەین، بە تایبەت کە ئێمیلی خۆی شێعری ئێمەرسۆنی خوێندووەتەوە و بە دڵی بووە. ھەرچەند ڕەنگە ئێمیلی دیکینسۆن بە تەواوی نەخرێتە ڕیزی ھیچ قوتابخانەیەکی ئەو سەردەمەوە. ناوەرۆکی ھۆنراوەکانی وەک وترا بەربڵاون. ناوەرۆکی شێعرەکانی بە زۆری بریتین لە ژیان، مردن، ژن و مافی ژن، سروشت، ئایین، ئەوین و عیرفان.[٩][١٠]

ئێمیلی دیکینسۆن بە کوردی[دەستکاری]

کۆمەڵێک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆن لە ساڵی ٢٠١٦دا وەرگێڕدراونەتە سەر کوردی[١١] . ئەم کۆمەڵە شێعرەی ئێمیلی بە وەرگێڕانی مادێح پیریۆنسی لە ژێر ناوی شاژنی وەنەوشە شەرمنەکاندا لە ئێران چاپ بووە.[١٢][١١]

نموونەی ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

نموونەی ھۆنراوەیەکی دەستنووسی ئێمیلی دیکینسۆن

ھۆنراوەکانی ئێمیلی ناویان نییە و بە ژمارە دیاری دەکرێن و چون دەقەکەی جانسۆن یەکەمین دەقێکە کە بێ گۆڕانکاری شێعرەکانی ئەوی تێدا لە چاپ دراوە، ژمارەی ھۆنراوەکانی بە پێی ئەو دەقە دەنووسرێن.

(١٧٦٥)

ئەوەی کە عەشق ھەموو شتێکە
تەواوی ئەو شتەیە کە ئێمە لە عەشقی دەزانین
ئەمەمان بەسە، چونکە جامێک
دەبێ ئەوەندەی تێکرێ کە دەیگرێ[١٣]

(٢١٤)

من شەرابێک دەخۆمەوە کە دەستکردی دەستێک نییە
لە پەرداخێکدا کە بە جامی مرواری پڕ دەبێت
ھەموو خومرەکانی لێوارەی ڕاین
مەیی وەھایان تیا نییە

من لە بۆنی ھەوا مەستم
لەگەڵ ئاونگ پەیمانی عەشق دەبەستم
لە ڕۆژانی بێکۆتایی ھاویندا مەست و شێواو
بە کاروانسەراکانی ئاسماندا تێدەپەڕم

کاتێک کە خاوەن باخەکان ھەنگە مەست و سەرخۆشەکان
لە سەر خوانی کاسەگوڵەکان دەر دەکەن
ئەو کاتەی کە پەپوولەکان، لەبەر مەستی، دەست ھەڵدەگرن لەجامەکان
من ھەر زیاتر دەخۆمەوە

تا فریشتەکان، کڵاوە بەفرینەکانیان ڕادەوەشێنن
تا قیددیسەکان بەرەو پەنجەرەکان ھێرش بێنن
کە وردی ئەم مەیکەشە بچووکە ببنەوە
کە بە مەستی لە پێش تاودا ڕاکشاوە.[١٤][١٥]

(١٣٧٧)

میوەی قەدەغە کراو چێژێکی ھەیە
کە گاڵتە بە باخستانە حەڵاڵەکان دەکا
چ شیرین و شەھوانی تۆو لە دڵی تۆودانێک ڕاکشاوە
کە بە قفڵی وەزیفە داخراوە[١٦]

میرات[دەستکاری]

پوولی نامەیەک (ستامپ) کە لە وڵاتی ئەمریکا بۆ ڕێز گرتن لە ئێمیلی دیکینسۆن لە ساڵی ١٩٧١دا چاپ کراوە.

ماڵەکەی دیکینسۆنەکان لە ئەمھێرست کراوە بە مۆزەخانە. لە ساڵی ١٩٧١دا، لە وڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا پوولی نامە بۆ ڕێزگرتن لە ئێمیلی چاپ کراوە. لە ساڵی ٢٠١٦دا فیلمێکی ئەمریکی-ئینگلیزی بە ناوی سۆزێکی بێدەنگ سەبارەت بە ژیانی ئێمیلی دیکینسۆن دەرچوو[١٧] ھەروەھا چەندین ڕۆمان و کتێبی جۆراوجۆر لەسەر ژیان و شێعرەکانی ئێمیلی دیکینسۆن نووسراوە. کتێبەکانی جێرۆم چەرن لە نموونەی ئەو کتێبە فیکشنانەن کە دەربارەی ئێمیلی نووسراون.[١٨] لە ساڵی ٢٠١٧دا پیشانگایەکی تایبەت بە ئێمیلی دیکینسۆن لە کتێبخانە و مۆزەخانەی مۆرگەن لە نیویۆرکدا دانرا. پیشانگاکە بریتی بوو لە ھۆنراوەکان، دەستنووسەکان، فلۆراکان و جلەکان و ھەمووی ئاسەوارەکانی ئەو شاعیرە.[١٩]

ژمارەیەک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی کراون بە گۆرانی و گۆرانیبێژان خوێندوویانەتەوە. ھەروەھا ھۆنراوەکانی ئێمیلی بەشێکی گرنگی ئەدەبی ئەمریکایە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا. ئەو کەسانەی کە ستایشی شێعری ئێمیلییان کردووە یا نووسراوەکانی ئێمیلی لە سەریان کاریگەریی ھەبووە کەم نین. تێد ھیووز شاعیری ئینگلیز، ئێمیل جۆران نووسەری ڕۆمانیایی و کامی پالیا ڕەخنەگری ئەمریکی ڕەنگە لە بەرچاوترین نموونەکانیان بن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "تاق وەسان؛ کورتەیەک لە ژیانی ئێمیلی دیکیسنۆن و چەن شێعرێکی؛ وەرگێڕانی سەید مادێح پیریۆنسی". 
  2. ^ "بێدەنگی؛ وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەی سەید مادێح پیریۆنسی، گۆڤاری ڕامان، ژمارەی ٢١١،، ھەولێر، ساڵی ٢٠١٤." (PDF). 
  3. ^ a b *بەشداربووانی ویکیپیدیا، ««Emily Dickinson»»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٧.
  4. ^ "شاژنی وەنەوشە شەرمنەکان:گوڵچنێک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆن". 
  5. ^ "شاژنی وەنەوشە شەرمنەکان:گوڵچنێک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆن". 
  6. ^ Wolff, Cynthia Griffin. 1986. Emily Dickinson. New York. Alfred A. Knopf. ISBN 0-394-54418-8.
  7. ^ "شاژنی وەنەوشە شەرمنەکان:گوڵچنێک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆن". 
  8. ^ "چاپەمەنیی مانگ؛ شاژنی وەنەوشە شەرمنەکان". 
  9. ^ "لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانی سەید مادێح پیریۆنسی، گۆڤاری ڕامان، ژمارەی ٢١١،، ھەولێر، ساڵی ٢٠١٤." (PDF). 
  10. ^ The Poems of Emily Dickinson, The Electronic Classics Series, Jim Manis, Editor, PSU-Hazleton, Hazleton, PA, 2003.
  11. ^ a b "Why a civil engineer is translating Emily Dickinson into Kurdish". 
  12. ^ "چاپەمەنیی مانگ؛ شاژنی وەنەوشە شەرمنەکان". 
  13. ^ "وەرگێڕانی سەید مادێح پیریۆنسی، گۆڤاری ڕامان، ژمارەی ٢١١،، ھەولێر، ساڵی ٢٠١٤." (PDF). 
  14. ^ "وەرگێڕانی سەید مادێح پیریۆنسی، گۆڤاری ڕامان، ژمارەی ٢١١،، ھەولێر، ساڵی ٢٠١٤." (PDF). 
  15. ^ "شاژنی وەنەوشە شەرمنەکان:گوڵچنێک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆن". 
  16. ^ "تاق وەسان؛ کورتەیەک لە ژیانی ئێمیلی دیکیسنۆن و چەن شێعرێکی؛ وەرگێڕانی سەید مادێح پیریۆنسی". 
  17. ^ "سۆزێکی بێدەنگ لە ماڵپەڕی ئای ئێم دی بی". 
  18. ^ "The New York Times:The Rose Did Caper on Her Cheek". 
  19. ^ "I’m Nobody! Who are you? The Life and Poetry of Emily Dickinson".