دەروازە:شیعر/وتاری ھەڵبژێردراو/٨

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێ) شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو. ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەکرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

ھێمن لە رۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف‌وبێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف‌وبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. زیاتر...