بۆ ناوەڕۆک بازبدە

یەکێتیی سۆڤیەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە یەکیەتی سۆڤیەتەوە ڕەوانە کراوە)
یەکێتیی سۆڤییەت
زانیاریی گشتی
پایتەخت مۆسکۆ
زمانی فەڕمی زمانی ڕووسی
جۆری حوکم کۆمۆنیزم
مێژووی دامەزراندن ١٩١٧
مێژووی ڕوخان ١٩٩٢
دوایین سەرۆک ڤلادمیر ڤیلانشکۆ
ڕووبەر 22,402,200 km2
دانیشتووان ٢٩٣٬٠٤٧٬٥٧١
نەخشە لەدوای جەنگی جیھانی دووەم

یەکێتیی سۆڤیەت (بە ڕووسی: Советский Союз)، بە فەرمی یەکێتیی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت (بە ڕووسی: Сою́з Сове́тских Социалисти́ческих Респу́блик)، دەوڵەتێکی سۆشیالیستی[١] زلھێز بوو لە ئاسیا و ئەورووپا، کە لە ساڵی ١٩٢٢دا دامەزرا تاکو ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ ھەڵوەشایەوە و ئەو دەوڵەتانەی پێکیان دەهێنا جیا بونەوە. یەکێتیی سۆڤیەت دەوڵەتێکی تاک-پارتی بوو[٢] لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت حوکم دەکرا[٣][٤] لە دامەزراندییەوە ھەتا ھەڵوەشانی لە کۆتایییەکانی ١٩٩١.[٥] مۆسکۆ گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەبوو، لەدوای ئەو چەند پێگە و شارێکی دیکە جێی بایەخ بوون لەوانە لێنینگراد (ئەمڕۆ سەنت پیتەرزبورگکیێڤ (ئوکراینا)، مینسک (بیلاڕووس)، تاشکەند (ئوزبەکستان)، ئالماتی (کازاخستان)، نۆڤۆسیبرسک (ڕووسیا). یەکێتیی سۆڤیەت گەورەترین وڵاتی جیھان بوو بەڕووبەری ٢٢٬٤٠٢٬٢٠٠ مەتر چوارگۆشە کە ١١ ناوچەی کاتی جیاوازی لەخۆ گرتبوو. زیندە ھەرێمەکانی وشکانییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بریتی بوون لە تەندرا، تایگا، گژوگیا، بیابان و چیاکان. دانیشتووانی وڵاتەکە بەگشتی پێیان دەوترا خەڵکی سۆڤیەت.

ڕەگ و ڕیشەی یەکێتیی سۆڤیەت لە شۆڕشی تشرینی یەکەمی ١٩١٧ سەری ھەڵدا، کاتێک بۆلشێڤیکییەکان بەڕێبەرایەتی ڤلادمیر لێنین توانیان بەسەر حکوومەتی کاتیی ١٩١٧ی ڕووسیا زاڵبن و دەست بەسەر دەسەڵاتی تاجی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیدا بگرن، لەبەرامبەردا کۆماری سۆڤیەتی ڕووسیایان دامەزراند. لە سەرەتاکاندا شەڕ کەوتە نێوان سوپای سووری بۆلشویکەکان و نەیارەکانیان لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووس کە لە بەناوبانگترین لەو ھێزانەش ھێزی بزووتنەوەی سپی بوو. لە ئەنجامدا، سوپای سوور لەڕێی ھاوکارییەکانی بۆلشویکەکان توانی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت و سۆڤیەت دابمەزرێنن، ھەروەھا لەڕێی دەزگای تیرۆری سوور نەیارە سیاسییەکانیان دوورخستەوە و بێدەنگکران. لە ساڵی ١٩٢٢، بۆلشویکییەکان سەرکەوتنی خۆیان ڕاگەیاند بە دامەزراندنی یەکێتیی سۆڤیەت کە لەپاڵ ڕووسیا ئەوا وڵاتانی قەوقازی باشوور، ئوکراینا و بیلارووسیاش وەک کۆمارێکی سۆسیالیستی ھاتنە پاڵ یەکێتیی سۆڤیەت. دواتر ڕێنمایی سیستمی ئابووری نوێ لەلایەن لێنینەوە دەرکرا، کە ڕێگەی بە بازاڕی ئازاد و خاوەندارییەتی تایبەتی دەکرد بە شێوەی سنووردار؛ ئەمەش وای کرد کە ئابووری بۆ وڵاتەکە بگەڕێتەوە.

لە ساڵی ١٩٢٤ و دوای مردنی لێنین، جۆزێف ستالین ھاتە دەسەڵات. ستالین ھەموو ھێزە بەرھەڵەستیکار و ئۆپۆزسیۆنەکانی لەناوبرد کە لەناو حیزبی کۆمۆنیست ھەبوون. ستالین تەواوی دەسەڵاتی ئابووری وڵاتی گەڕاندەوە بۆ وڵات. لە ئەنجامدا وڵات کەوتە دۆخی بەرھەمھێنان و بەپیشەسازیی بوون، لەم ڕێیەوە ئابووری گەشەی سەند بەڵام ھاوکات لە ساڵانی ١٩٣٢–١٩٣٣ برسێتییەکی زۆر سەری ھەڵدا کە وای کرد چەند ملیۆن کەسێک بمرن. لە سەردەمی ستالین، پاکسازیی گەورە کرا لەدژی نەیارانی دەسەڵاتەکەی، ھەر لە ناو حیزبی کۆمۆنیستەوە تاکوو خەڵکی ئاسایی. بەشێک لەو کەسانە برانە کەمپی کارکردنی زۆرەملێ و بەشێکی دیکەش سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندرا.

لە ٢٣ی ئابی ١٩٣٩، دوای ئەوەی سۆڤیەت لەگەڵ وڵاتانی زلھێزی ڕۆژاوا نەگەیشتە ڕێککەوتنێک دەربارەی بەرەی دژە نازی، ئەوا سۆڤیەت ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەڵمانیای نازی واژوو کرد. لەدوای دەستپێکردنی جەنگی جیھانیی دووەم، ئەوا بەشێک لە خاکی سۆڤیەت لە ڕۆژھەڵاتی پۆلەندا و وڵاتانی بەلتیک لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکران. لە حوزەیرانی ١٩٤١، خوێناویترین جەنگ لە مێژوودا ڕوویدا لە نێوان ئەڵمان و سۆڤیەت. قوربانییەکانی سۆڤیەت ڕێژەیەکی زۆر بەرزتربوو بۆ دووبارە گەیشتنەوەیان بە ناوچە داگیرکراوەکانیان، بەتایبەتیش لە جەنگی ستالینگراد دا. لە ڕۆژی ٩ی ئایاری ١٩٤٥، ھێزەکانی سۆڤیەت توانیان بەرلین داگیر بکەن و ببنە براوەی جەنگی جیھانیی دووەم لە ئەورووپا. ئەو خاکەی کە سۆڤیەت داگیری کرد لەم جەنگەدا، بوونە پاشکۆی دەوڵەتانی بلۆکی ڕۆژھەڵات. دوای جەنگ، ئەوا جەنگی سارد سەری ھەڵدا ئەمەش بەتایبەت لەدوای ئەوەبوو کە پێگەی جوگرافیای سۆڤیەت فراوانتر بوو ھەروەھا بلۆکی ڕۆژاوا یەکیان گرت لە ڕێکخراوی ناتۆ لە ساڵی ١٩٤٩.

دوای مردنی جۆزێف ستالین لە ساڵی ١٩٥٣، قۆناغی بەناستالینکردنی سۆڤیەت لەلایەن نیکیتا خروشچۆڤ دەستی پێکرد. بەھۆی ئەم قۆناغەوە ئەوا وڵاتەکە زیاتر گەشەی سەند، ملیۆنان کەس لە جووتیار و ڕەجنبەران چوونە شارە پیشەسازییەکان بۆ ئەوەی لە کارگەکان کاربکەن. سۆڤیەت لە پێشبڕکێی وڵاتی جیھان توانی بێتە لووتکە لەڕێی ناردنی سپوتنیک-١ بۆ بۆشایی ئاسمان، ھەروەھا ناردنی یەکەم مرۆڤ (یووری گاگارین) بۆ بۆشایی ئاسمان، ھەروەھا توانیان یەکەم ئامێر بەسەرکەوتووی بگەیەننە ھەسارەیەکی دیکە، کە ھەسارەی ڤینۆس بوو. لە ساڵانی حەفتاکان، سۆڤیەت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتە دۆسایەتی و دانووستاندن، بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩ ھێزەکانی سۆڤیەت چوونە ناو خاکی ئەفغانستان ئەوا گرژییەکانی نێوانیان دووبارە دەستی پێکردەوە. لە جەنگەکەدا، ئەمریکا ھاوکاری موجاھیدە ئیسلامییەکانی کرد. دوای نۆ ساڵ، سەرەنجامی جەنگەکە بووە ھۆی وشکبوونی ئابووری سۆڤیەت و کشانەوەی ھێزەکانیان لە ئەفغانستان.

مێژووی دامەزراندن

[دەستکاری]

لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩١٧ بە بڕیارو پلانێکی نەخشە بۆداڕێژراوی پێشوەختی ڤلادیمیر لێنین[٦]و زۆرایەتی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی حزبی سۆسیال دیموکراتی کرێکاری ڕووسیابەلشەڤی و بە فەرماندەیی لیۆن ترۆتسکی،[٧] کرێکاران و سەربازان و جووتیاران و ژنان و لاوانی ڕێکخراو لە حزبی بەلشەفی و شوراکاندا لە ھەموو لایەکەوە ھێرشیان بردە سەر حکوومەتی کرنیسکی کادیت و ھاوکارەکانی لە سۆسیال شۆڕشگێڕەکان و مەنشەفییەکان و لە ماوەیەکی کەمدا و بە کەمترین زیانی گیانی، کە لە ژمارەی پەنجەکانی مرۆڤێک تێپەڕی نەدەکرد. دەستیان بەسەر کۆشکی زستانەی حکوومەت لە پێترۆسبورگدا گرت و زۆربەی سەرانی حکوومەتیان دەست بەسەر کرد. ئەمەش بووە سەرەتای چەخماخەیەک بۆ ھێرش بردنە سەر زۆربەی ھەرە زۆری دامودەزگاکانی حکوومەتی کرنیسکی لە سەراسەری ڕووسیا بەم شێوە لە کەمترین ماوەدا حزبی بۆلشەڤی بۆ یەکجاری کۆتایی بەدەسەڵاتی چەند سەدەی ئیمپراتۆری تزاری و ھەشت مانگەی حکوومەتی بۆرژوایی کرنیسکی ھێنا و لە جێگای دا دەسەڵات و حکوومەتی کۆماری شورایی کرێکاران و جووتیاران و سەربازان، کە ڕێکخراو بوون لە شوراکان و ئەرتەشی سووردا، ڕاگەیاند.

جوگرافیا

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٩١ کە ئەوکات یەکێتیی سۆڤیەت لە گەورەترین ڕووبەری دا بووە لەمێژووی وڵاتەکە ئەوا ئەوکات ڕووبەرەکەی زۆرتر بووە لە ٢٢ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە کە گەورترین وڵاتی ئەوکات بووە لەڕووی ڕووبەرەوە و شەشەمین وڵاتیش بووە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە.

کۆمارە پێکھێنەرەکان

[دەستکاری]

پێڕستی کۆمارەکانی سۆڤیەت لەمانە پێکھاتبوون کە لەدوای ١٩٩١ زۆرینەیان لەم یەک دەوڵەتییە جیابوونەوە.

  1. ڕووسیا
  2. بیلاڕووس
  3. ئوکراینا
  4. مۆلدۆڤا
  5. گورجستان
  6. ئەرمەنستان
  7. ئازەربایجان
  8. کازاخستان
  9. ئوزبەکستان
  10. تورکمانستان
  11. قرغیزستان
  12. تاجیکستان
  13. ئەستۆنیا
  14. لیتوانیا
  15. لاتڤیا
١٥ کۆمارەکەی سۆڤیەتی پێش ھەڵوەشاندنەوە

سەرکردەکانی یەکێتیی سۆڤیەت

[دەستکاری]
  1. ڤلادیمیر لێنین
  2. جۆزێف ستالین
  3. نیکیتا خرۆشچوڤ
  4. لیۆنید برێژنێڤ
  5. یووری ئەندرۆپۆڤ
  6. کۆنستانتین چیرنینکۆ
  7. میخائیل گۆرباچۆڤ

ڕۆژانی پشوو لە یەکێتیی سۆڤیەت

[دەستکاری]

ڕۆژانی پشوو لە یەکێتیی سۆڤیەت ئەمانەی خوارەوە بوون[٨]

  • ١ی کانوونی دووەم بەبۆنەی سەری ساڵی تازە
  • ٨ی ئازار بەبۆنەی ڕۆژی ژنان
  • ١و٢ی ئایار ڕۆژی جیھانی کرێکاران
  • ٩ی ئایاری ڕۆژی ڤیکتۆری ھاوکاتیش ڕۆژی سەرکەوتنیان لە جەنگ بەرامبەر ئەڵمانیای نازی
  • ١٧ی تشرینی یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەت
  • ٧ی تشرینی دووەم ڕۆژی گەورەترین شۆڕشی سۆشیالیستی ناسراو بە شۆڕشی تشرینی یەکەم

ھەڵوەشانەوەی سۆڤیەتی ساڵی ١٩٩١

[دەستکاری]
  • لە ساڵی ١٩٨٧ز یەکییەتی سۆڤێت پلانی ترۆشکای پەسەند کرد کە ناوەڕۆکی پلانەکە ئەوە بوو کە کۆمپانیا پیشەسازییەکان خۆیان بەرھەمەکان دروست بکەن لە بازاڕدا ساغی بکەنەوە کە لە پێشدا لەسەر داوای دەوڵەت کاڵاکانیان دروست دەکرد، بەڵام کۆمپانیا و کارگەکان ئامادە نەبون بۆ ئەم جۆرە بەرھەمھێنانە کە وای کرد پیشەسازی زۆر دوابکەوێت
  • دابەزینی نرخی نەوت کە ئابووری یەکێتیی سۆڤیەت پشتی پێوە دەبەست بەھۆی ئەوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ڕێژەی دەرھێنانی نەوتیان زیاد کرد بەتایبەت سعودیە کە سێ ئەوەندە نەوتی زیاتر دەرھێنا، ھەر ئەم ھۆکارەش بوو بووە ھۆی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە و پاشان شەڕی گەردەلولی بیابان
  • نەبوونی پیشەسازی پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ وەکو جل و بەرگ و پێڵاو… کە یەکێتیی سۆڤیەت زۆربەی ھاوردە دەکرد و خەڵکی ڕیزی زۆر درێژیان بۆ دەگرت
  • نەبوونی خۆراکی پێویست لە وڵاتدا بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٩٠و١٩٩١ لەوکاتەدا یەکێتیی سۆڤیەت داوای یارمەتی لە چەند وڵاتێک دەکرد وەکو:سوریا…

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ http://www.thefreedictionary.com/Union+of+Soviet+Socialist+Republics
  2. ^ سیستەمی تاک پارتی لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت، http://www.historylearningsite.co.uk/party_systems.htm
  3. ^ http://en.wikipedia.org/wiki/Communist_Party_of_the_Soviet_Union
  4. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٦ی ئابی ٢٠١٣ ھێنراوە. ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٦ی ئابی ٢٠١٣ ھێنراوە. ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٤ی تەممووزی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٦ی ئابی ٢٠١٣ ھێنراوە. ٤ی تەممووزی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  7. ^ ڕۆڵی تڕۆتسکی لە شۆڕشی تشرینی یەکەم، http://www.trotsky.net/russian_revolution.html
  8. ^ پێڕستی ڕۆژانی پشوو لە یەکێتیی سۆڤیەت، http://en.wikipedia.org/wiki/Public_holidays_in_the_Soviet_Union

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]