میخائیل گۆرباچۆڤ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
میکایل گۆربەچۆڤ

لەدایکبوون (1931-03-02) 2ی ئازاری 1931
مەرگ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢(٢٠٢٢-٠٨-٣٠) (٩١ ساڵ ژیاوە)
پیشەپارێزەر (یاساناس)
کارمیکایل گۆربەچۆڤ
حیزبی سیاسیکۆمۆنیستی ڕووسیا، پارتی سەربەخۆیی دیموکراسی ڕووسیا
بزاڤکۆمەنیست
ھاوسەرڕایسیا گۆرباچۆڤ تا ١٩٩٠
مناڵ(ەکان)ئیرینا
وێبگەhttp://www.gorby.ru/en/
واژوو

میخایل گۆرباچیڤ (بە ڕووسی: Михаи́л Серге́евич Горбачёв) (لەدایکبووی ٢ی ئازاری ١٩٣١ - مردووی ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢) دوایین سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت بووە لە ساڵی ١٩٨٥ دەستی بە فەرمانڕەوایی وڵات کرد تا ١٩٩١ وایە تا ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتەکە، میخایل یەکێک بوو لە تێکۆشەران کە ھەوڵی بۆ لەناوبردنی جەنگی سارد کردبوو، بەھۆی کارەکانییەوە میخایل لە ساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی نۆبێل لە ئاشتی دا پێبەخشرا.

ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری[دەستکاری]

شامەبەستی گۆرباچۆڤ بریتی بوو لە ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی لە جڤاتی سۆڤیەتدا. سیستەمی سۆڤیەتیی ئەو دەم لە دوو ھەرەمی لاتەریبی مەزن پێک ھاتبوو: حیزب و دەوڵەت. بە نۆڕینی باو دەبا پارتی کۆمیونیست دەست پێشخەری بکات بەڵام دەوڵەت دەسەڵاتی دەستوور دانان و بەجێھێنەر و دادپرسیی ھەبێت.

گۆرباچۆڤ دەیویست پەیوەندیی نێوان حیزب و دەوڵەت بگۆڕێت. حیزب بەپێی نۆڕینی باو دەبا پێشەنگ بێت و دەستی لە گشت بوارەکانی کۆمەڵگەدا ھەبیت. ئەم ڕەوتە بەلای گۆرباچۆڤەوە نیشانەی داڕمان بوو.

لە ڕاستیدا ڕیفۆرمی ئابووریی گۆرباچۆڤ ھیچ شتێکی ئەوتۆی لێ شین نەبوو. لە ماوەی حوکومڕانیی گۆرباچۆڤدا، بەردەوام ئابووریی سۆڤیەت خراپتر دەبوو. بەرھەمھێنان کەم دەبۆوە، کەمیی شتومەکی نێو بازاڕ خراپتر دەبوو، بازاڕی ڕەشیش گەرمتر دەبوو. لە نێو گەلدا پلەی خۆشویستنی گۆرباچۆڤ تەواو دابەزی. بەڵام لە دەرەوەی سۆڤیەت پتر خۆشەویست دەبوو چونکە سەرکەوتووانە گرژیی سیاسیی نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای ڕەواندەوە و ڕێگەی دا وەڵاتانی ڕۆژاوای سۆڤیەت ڕێگەی خۆیان بگرنە بەر و لە پەیوەندی یەکییەتیی سۆڤیەت ڕزگار بن.

لەو ڕیفۆرمانەی گۆرباچۆڤ بەتەمایان بوو تەنیا بەشێکی کەمیان جێبەجێ کران. سەرلەبەری ئەو سیستەمەی ئەو نیازی بوو نوێکاری تێدا بکات، وەھا وشک و ڕزیوو بوو بەرگەی گۆڕانکاری بنەڕەتی نەدەگرت. لە زۆر لاوە بە توندی بەربەرەکانێی بیروڕایەکانی ئەم دەکرا، خۆیشی لە دەمەو کۆتای ماوەی حوکومڕانیی خۆیدا ھەتا دەھات پتر ڕاڕا و دوودڵ دەبوو.

پێرێسترۆیکا، گلاسنۆست و دێمۆکراتاندن[دەستکاری]

گۆرباچۆڤ بیری سیاسی خۆی لە کتێبی «پێرێسترۆیکا» Perestrojka دا، ساڵی ١٩٨٧ داڕشت، ئەم کتێبە کاتی خۆی جێی مشتومڕێکی بەرفرەوان بوو. پێرێسترۆیکا بووە ھۆکارێکی کارا لە پرۆسەی ھەرە گەورەی گۆڕانکاریی مێژووی نوێ.

یەکەم لایەنی بیری سیاسی گۆرباچۆڤ بریتییە لە «گلاسنۆست» Glasnost، کراوەیی. یەکییەتیی سۆڤیەت بە دەیان ساڵ لەژێر دیکتایۆرییەتی بێدەنگیدا دەژیا. تەنیا دەنگی فەرمی و پەسندکراو بۆیان ھەبوو بەربیست بن.

گۆرباچۆڤ بەرامبەر ئەو دۆخە، لە ڕوانگەیەکی ڕۆشنگەرییەوە دەیگوت: ئەگەر وشە ئازاد بکرێ، ڕاستیش بەربیست دەبێت و خەڵکی بە زانینی ڕاستی، چاکە و خراپە لەیەک جودا دەکەنەوە.

جگە لە گلاسنۆست و پێرێسترۆیکا گۆرباچۆڤ جەختی لەسەر پرۆسەی «دێمۆکراتاندن» Demokratizatsiya دەکرد و دەیگوت: «پێرێسترۆیکا شۆڕشێکە لە سەرەوە»، واتە گۆڕانکارییەکە دەستەی دەسەڵاتداران خستوویانەتە گەڕ.

بیرۆکەی «دێمۆکراتیی ڕاستەوخۆ» کە ڕیشەی لە نەرێتێکی ڕادیکالانەدا ھەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ڕوسو و شۆڕشی فرانسی، تێکەڵ بە «سەنتراڵیزمی دێمۆکراتیانە»ی لێنین کراوە. مەبەستیش ئەوە نەبوو پشت بکەنە چەمکی «سەنتراڵیزمی دێمۆکراتیانە»، بە پێچەوانە. دەبا «ببوژێنرێتەوە و پەرەی پێ بدرێ». گۆرباچۆڤ دەیگوت زووتر ئەم چەمکە شێوێنرابوو، کرابوو بە «سەنتراڵیزمی بیرۆکراتیانە».

یەلتسین و کۆتایی سۆڤێت[دەستکاری]

گۆرباچۆڤ لە ٢٠١٠دا.

باڵی کۆنەواری پارتی کۆمیونیستی سۆڤیەتی، کودەتایەکی بێسەروبەری سەرنەگرتووی لە ئەوگوستی ساڵی ١٩٩١ دا، دژ بە گۆرباچۆڤ ساز کرد و بەوەش پەلەیان لە کەوتنی خۆی و ڕمانی ھەموو یەکییەتیی سۆڤیەت کرد. ئەو کۆدەتایە بۆریس یەلتسین Bori ی کۆنە دوژمنی گۆرباچۆڤی کردە قارەمان. یەلتسین پاش سەری ساڵی ١٩٩١–١٩٩٢ بە کردەوە گۆرباچۆڤی لابرد و یەکییەتیی سۆڤیەتیشی ھەڵوەشاندەوە. گۆرباچۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕای گەیاند کە کارەساتی چێرنۆبڵ یەکێک بوو لە گەورەترین ھۆکارەکانی ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت.[١]

لەلایەن ڕۆژاوای یەکییەتیی سۆڤیەتەوە، گۆرباچۆڤ بە قارەمان دادەنرا چونکە بێ ئەوەی دەست بەرز بکاتەوە ڕێی دا دەوڵەتانی نێوەند و ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا ڕێگە خۆیان بگرنە بەر. ھەر چەندە ئێستلاند و لێتلاند و لیتوانیا، لە سەردەمی ستالیندا بە تاڵانی شەڕ داگیرکران، بەڵام گۆرباچۆڤ بەرەنگاری بزاڤی ڕزگاری خوازی ئەو دەوڵەتانەی بەڵتیک بۆوە. لەوانەیە ئەمەیان گەورەترین ھەڵەی گۆرباچۆڤ بووبێ.

بووژانەوەی ناسیۆنالیزم[دەستکاری]

ئەم پرۆسەی نوێکارییە ھێزێکی دیکەی بووژاندەوە، گۆرباچۆڤ لێی بێئاگا بوو، ئەویش ناسیۆنالیزمە. ئەو مۆزاییکە مەزنەی کۆمار و گەلانی ھەمەجۆری یەکییەتیی سۆڤیەت نێزیکەی حەفتا ساڵ بە توندی خرابوونە ژێر سیستەمێکەوە ڕووی لە یەکڕەنگی و یەکییەتی بوو. ئەو ئازادیی دەربڕین و کردەوە پەرەسێنەی ڕۆژگاری گۆرباچۆڤ لە زۆر لاوە بە مەبەستی سەرفرازیی میللی سوودی لێ وەرگیرا. ناسیۆنالیزمی تا ئەو دەمە خامۆش و خاو دەرفەتی وەرگرت و ئازادانە کەوتە گەڕ و ھەر زووش ئەفسانە و بۆچوونی چەوتی میللیی بەرفرەوانی لەگەڵ خۆی ھێنا.

مردن[دەستکاری]

میخائیل گۆرباچۆڤ لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢ لە تەمەنی ٩١ ساڵی دا بەھۆی نەخۆشی گران و درێژخایەن لە نەخۆشخانەی ناوەندی مۆسکۆدا کۆچی دوایی کرد. گۆرباچۆڤ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە بەردەوام لەژێر چاودێری پزیشکەکاندابووە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Chernobyl: How Gorbachev claimed disaster was REAL reason behind Soviet Union's collapse". Express. Retrieved 12ی Juneی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)
  2. ^ "Mikhail Gorbachev, who steered Soviet breakup, dead at 91". AP NEWS (بە ئینگلیزی).

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

The Gorbachev Foundation